۱۳۹۱ بهمن ۲۷, جمعه

مام برایمی فه‌همی سه‌رۆکی ئیداره‌ی کولی گومرگاتی کوردستان

مام برایمی فه‌همی سه‌رۆکی " ئیداره‌ی کولی گومرگاتی کوردستان"      

کوردستان، ژماره‌ 28، شه‌مۆ، 7ی خاکه‌لێوه‌ی 1325/ 27ی مارسی 1946

ئاگاداری

به‌ دووای ئاگاداری ژماره‌ 1828 به‌رواری 8-12- 24 به‌ ته‌واوی ئه‌هالی خۆشه‌ویست ڕاده‌گه‌ێندرێت ایداره‌ی گومرگی مه‌هاباد به‌ سه‌رۆکییه‌ی ئیبراهیم فه‌همی له‌ خانووبه‌ره‌ی ئیداره‌ی تووتنی داندراوه‌ و له‌وڕۆ ڕا به‌ ڕه‌سمی خه‌ریکی کارن. پێویسته‌ که‌سانێکی کاری گومرگیان بێت به‌وێ موڕاجه‌عه‌ بفه‌رموون. – س

کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان


کوردستان، ژماره‌ی 40 ، شه‌مۆ ، 7ی بانه‌مه‌ڕێ 1325/ 27ی ئاوریلی 1946

ئاگاداری

ژماره‌ 172                 4- 2 – 25

به‌ ته‌واوی مالیکینی دێهاتی خۆشه‌ویست ڕاده‌گه‌ێندرێ له‌ به‌رواری ئه‌و ئاگادارییه‌وه‌ تا یه‌ک هه‌فته‌ی دی هه‌ر که‌س قه‌ند و سه‌کری مه‌وجوودی هه‌یه‌ پێویسته‌ ڕیزی به‌ ئیداره‌ی گومرک بدت. له‌ کاتێکدا هه‌ر که‌س به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ ڕه‌فتار بکا موتابیقی موقه‌ڕه‌ڕات معامه‌له‌ی قانوونی ده‌گه‌ڵ ده‌کرێ.

سه‌رۆکی ئیداره‌ی کولی گومرکاتی کوردستان

  فه‌همی

کوردستان، ژماره‌ 60، چوارشه‌مۆ 29ی جۆزه‌ردانی 1325/ 20 ژوه‌نی 1946
پێ ڕاگه‌یشتن
رۆژی 23/ 3 / 25 ئاغای ئیبراهیمی فه‌همی مودیری کولی گومرگات بپ پێ ڕاگه‌یشتن به‌ ئوموراتی گومرگاتی نه‌غه‌ده‌، شنو، خانه‌، پۆستی باڵانیش چووه‌ و له‌ئیقداماتی ئاغای سه‌ید ئه‌حمه‌دی گه‌یلانی سه‌رۆکی کۆمیته‌ی محه‌لی نه‌غه‌ده‌ و مه‌جید میرئاخوڕی سه‌رۆکی گومرگ بۆ وسووڵی ماڵیاتی گومرگی له‌ ده‌وروبه‌ری ڕادانه‌،بازاڕی مه‌حمه‌دیار، سه‌رپردی نه‌غه‌ده‌ ئیزهاری ڕه‌زایه‌ت و قه‌درزانی کردووه‌.

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ دیواری ماڵی کاک عه‌بدوڵای سه‌مه‌دی  له‌ فه‌یس بووک وه‌رگیراوه‌. و پێستریش لە یەکێک لە کتێبەکانی هێژا سەیید محەمەدی سەمەدی دا بڵاو کراوەتەوە. وا دیاره‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی بەڕێز برایمی فه‌همی ئی ساڵانی دوای هه‌ڵوه‌شانی کۆماری کوردستانه‌..



۱۳۹۱ بهمن ۲۵, چهارشنبه

میرزا محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌ یه‌کێک له‌ تاجره‌کانی مه‌هابادی له‌ سه‌رده‌می کۆمار دا



وێنه‌ی تاجری سابڵاغی میرزا (حاجی) محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌ له‌ گه‌:ڵ سێ له‌ منداڵه‌کانی خۆی و میوانێکی ئازه‌ربایجانی و کوڕه‌که‌ی  که‌ جلوبه‌رگی کوردی یان ده‌به‌ر کردووه‌...، ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ جۆزه‌ردانی 1325ی هه‌تاوی له‌ کاتی ده‌سته‌ڵاتی کۆمار، له‌ مه‌هاباد هه‌ڵگیراوه‌، وێنه‌ی یه‌که‌م 1- کوڕی میوانی ته‌ورێزی ده‌به‌رگی کوردی دا. 2- میرزا محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌.، 3- تاجری ئازه‌ربایجانی. منداڵه‌کان له‌ ڕاسته‌وه‌ هاجه‌ر، مارف و سوغرای سۆفی زاده‌..، دایکی ئه‌و منداڵانه‌ خانمی خه‌جیجی که‌ریمی خوشکی  میرزا مه‌نافی که‌ریمی بووه‌، وێنه‌ی دووه‌م: 1- کوڕی ئازه‌ربایجانی، 2- باوکی ، 3- خانه‌خوێ میرزا محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌.، منداڵه‌کان له‌ ڕاسته‌وه‌ سوغرا، مارف و هاجه‌ری سۆفی زاده‌.
پێشتر سه‌نه‌دی زه‌واجی چه‌نده‌مینی میرزا محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌ له‌ گه‌ڵ یای حه‌بیبه‌ی مه‌وله‌وی له‌ سه‌رده‌می کۆمار، له‌م پێگه‌یه‌ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. . میرزا محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌ [حاجی دواتر] له‌ سه‌رده‌می کۆمار دا له‌ گه‌ڵ ته‌ورێزسات و سەودای کردووه‌ و ته‌جاڕه‌تخانه‌که‌ی له‌ مه‌هاباد له‌ سه‌رای که‌ریم خان به‌نێوبانگ بووه‌.

تێبینی: ئه‌و وێنانه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ دیواری ماڵی کاک ساکاری سۆفی زاده‌ نه‌وه‌ی حاجی محه‌مه‌دی سۆفی زاده‌ له‌ فه‌یس بووک وه‌رگیراوه‌..

۱۳۹۱ بهمن ۲۳, دوشنبه

کاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولوودی له‌ باکۆ

وێنه‌یه‌کی دیکه‌ی کاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولوودی که‌ ده‌بێ هه‌ر له‌ هه‌مان بۆنه‌ی وێنه‌ی پێشوو دا هه‌ڵگیرابێ.

تێبێنی: سپاس بۆ کاک ووریای ماملێ بۆناردنی ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ "وێنه‌ی کۆماری کوردستان"

۱۳۹۱ بهمن ۲۲, یکشنبه

کاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولوودی

کاپیتان محه‌مه‌دی مه‌لوودی (حه‌مه‌دی مه‌ولووده‌ چرچی) له‌ ئه‌فسه‌رانی کۆماری کوردستان له‌ جه‌بهه‌ی سه‌قز و سه‌رده‌شت.


نووسینێکی کاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولوودی له‌ ڕۆژنامه‌ی 'کوردستان ' دا

ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 85، 21ی خه‌رمانانی 1325ی هه‌تاوی / 12ی سێپتامبری 1946

له‌میره‌ دێ وه‌
سوپاس
ئه‌من محه‌مه‌دی مه‌ولوودی به‌ خۆم و پێشمه‌رگه‌کانمه‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک بوو له‌ گوندی به‌ڵه‌جه‌ڕ کارمان پێ ئه‌سپێردرابوو، ئاغایانی به‌ڵه‌جه‌ڕ مامه‌ند ئاغا و فارس ئاغا و برایانی مامه‌ند ئاغا هه‌میشه‌ به‌ بوونی ئێمه‌ شاد و خۆشحاڵ بوون و هه‌موو ڕۆژێ دیده‌نیان لێ ده‌کردین و ده‌یانگوت ئێمه‌ به‌ نۆبه‌ی خۆمان له‌ هیچ جووره‌ خۆ ده‌پێناونانێک کۆتایی  ناکه‌ین و ئاماده‌ین به‌ ماڵ و گیان ده‌ ڕێی ئازادی و پاراستنی ئاڵای موقه‌ده‌س و به‌ دوژمنایه‌تی ئیرتیجاع گیانبازی بکه‌ین.دیسان ڕۆژی جێژنی ڕه‌مه‌زان ته‌واوی پێشمه‌رگه‌کانی به‌ڵه‌جه‌ڕیان دیده‌ن کرد و جێژنه‌ پیرۆزه‌یان لێ کردین.
 له‌ به‌رواری 9-6-25 له‌ لایه‌ن جه‌نابی پۆت پۆلکۆڤنیک مسته‌فا خۆشناو به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا که‌ پۆستی به‌ڵه‌جه‌ڕ بگوێزیینه‌وه‌ بۆ میره‌ دێ. ئاغایانی به‌ڵه‌جه‌ڕ به‌ گوێزینه‌وه‌ی ئێمه‌ زۆر غه‌مناک بوون و تا میره‌ دێ  ده‌گه‌ڵمان هاتن و به‌ڕێیان کردین.
که‌ چووینه‌ پۆستی میره‌دێ ئاغای ڕه‌سووڵ ئاغای جه‌وانمه‌ردی هات به‌ پیرمانه‌وه‌ و له‌ پۆستی میره‌دێش دیده‌نی لێ کردین و له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتان که‌ له‌ کنمان دانیشتن ڕه‌سووڵ ئاغا به‌ قورئانی مه‌جید سوێندی خوارد  که‌ ئه‌من به‌ نۆبه‌ی خۆم ئاماده‌م ده‌ ڕێی ئازادی و پاراستنی خاکی کوردستان و ئاژینی ده‌ستووری پێشه‌وای مه‌حبووب دا له‌ هیچ جۆره‌ خۆده‌پێناونانێک ڕوو وه‌رنه‌گێڕم، پاشان ده‌ستی له‌ ناو ده‌ستی هه‌مووان نا و زۆر به‌ دڵخۆشی و شادمانی به‌ جێی هێشتین.
ئێمه‌ ئه‌و ئاغایانه‌: ڕه‌سووڵ ئاغا، مامه‌ند ئاغا، فارس و ساییرین به‌ کوردی نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌زانین و زۆریان سوپاس و قه‌درزانی لێده‌که‌ین.
کاپیتان محه‌مه‌دی مه‌ولوودی

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ دیواری فه‌یس بووکی به‌ڕێز عه‌بدوڵای سه‌مه‌دی وه‌رگیراوه‌ و بۆ یه‌که‌مجار له‌ کتێبی 'نگاهی بتاریخ مهاباد ' له‌ نووسینی سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی دا چاپ کراوه‌. ئه‌م وێنه‌یه‌ ئی سه‌ر ده‌می کۆمار نییه‌ و ئی ساڵانی دوایی ژیانی نه‌مر حه‌مه‌دی مه‌ولوودیی یه‌ له‌ باکۆیه‌.