۱۳۹۵ اسفند ۲۴, سه‌شنبه

مەجید خانی حەمەڕەشیدخان قادر خانزادە ، فەرماندەی پێشمەرگە لە قەباغلووی بۆکان لە سەردەمی جمهووری دا


تێبینی: لە شوێنەوارە سێ بەرگییەی کتێبە بەنرخەکەی نەمر مەحموود مەلا عێزەت دا : " دەوڵەتی جمهووری کوردستان، نامە و دۆکومێنت " چەندین نامەی مەجید خان هەیە کە ئەوەی سەرەوەیان لە لاپەڕەی ٥٥٥ ی بەرگی دووهەم وەرگیراوە. وێنەی مەجید خان لە ئینترنێت وەرگیراوە!

۱۳۹۵ اسفند ۱۸, چهارشنبه

میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی ڕووناکبیری دووربینی سەردەمی جمهووری


میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی  ڕووناکبیری دووربینی سەردەمی جمهووری

بەڕێز سدیق ساڵح لەو پێشەکییەی دا کە بۆ چاپکردنەوەی بەشێکی زۆر لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی ' کوردستان' ی نووسیوە میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی ئاوا ناساندووە.
' کوڕی ئەحمەد کوڕی فەقێ برایم کوڕی مەلا یووسفە.فەقێ برایمی باپیری ،کاتی خۆی لە دێی ( سوێناس) ی ناو عەشیرەتی گەورک دانیشتووە. باوکی، بە هۆی کێشەیەکی عەشایەرییەوە ناچار بووە بچێتە ناو عەشیرەتی مەنگوڕ لە دیوی کوردستانی عێڕاق ، لەدێی ( زوودان ) جێگیر بووە . هەر لەوێ " گوڵێی کچی فەقێ وەیس "ی هێناوە . لەوەوە ناسناوی مەنگوڕی بە سەر بنەماڵەکەیدا بڕاوە.
میرزا محەمەدئەمین ١٩١٠ لە قەڵادزێ لە دایک بووە. بە مناڵی لای مەلا حەمەدەمینی ماڵخۆبزنی خراوەتە بەر خوێندن، بەڵام لە بەر ئەوەی حەزی لە خوێندن نەکردووە ، دەرکراوە. کە ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی ئینگلیز، دووبارە خراوەتەوە حوجرە، لە لای مەلا مەحموود ناوێک دەرسی دینیی وەرگرتووە. کە بە هۆی بازرگانی تووتنەوە لەگەڵ باوکیدا کەوتووەتە باشووری عێڕاق ، لە ( سوارییە) پۆلەکانی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایی تەواو کردووە . دوایی دەستی داوەتە  کاسبی و سەرکەوتنی تێدا بە دەست نەهێناوە بۆیە بووە بە میرزا لە لای مامەندئاغای سەرخێڵی ئاکۆ و ناوی میرزای لەو کاتەوە لێ نراوە.
١٩٣٢ دامەزراوە بە قۆڵچیی دائیرەی ئیستهلاک، مانگێ بە ٥٥ ڕووپییە ، پاش ماوەیەک دەرکراوە. هەمان ساڵ لە ٢٣ی ئابدا خولێکی سێ مانگەی پۆلیسیی دیوە، ئەمجا خراوەتە خولێکی سێ مانگەی موخابەرەی هیلیۆگڕافی مۆرس ؛ بوە بە موخابەرەچی و نێردراوە بۆ گڵەزەردە و ماوەت. کە هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی ، لە ١٩٣٤ دا خوتبەیەکی بە شێعر لە بەر دەم ' مەلیک غازی " دا داوە خەتێکی پۆلیسیی دراوەتێ. ئەو سەر وەختە، لەگەڵ چەند پۆلیسێکی تر دا کۆمەڵێکیان بە ناوی (حیزبی خوێنرێژی) یەوە  پێک هێناوە. ١٢ پۆلیسیان بۆ هەڵسووڕاندنی کارو باری خۆیان هەڵبژاردووە بۆ بڵاو کردنەوەی بیری نیشتمانی و کوردایەتی. ئەوانە پاشتر چوونەتە ناو حیزبی برایەتی.


ئەو ماوەیە یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی ( هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن) ەوە داناوە و لە سەری دراوەتە دادگا، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی زیانبەخش ، حوکمی شەش مانگ زیندان دراوە، سەرباری ساڵێک چاوەدێری و دەرکران لە وەزیفە و زەوتکرانی کتێبەکەی. ماوەیەک لە بەندیخانەی سلێمانی هێڵراوەتەوە، دواتر براوە بۆ کەرکووک. کە بەڕەڵا کراوە، دیسان تێ هەڵچووەتەوە، لە ناو ' برایەتی ' دا کەوتووەتە کار. بەڵام سەر لە نوێ گیراوەتەوە و لە زیندان توند کراوە چونکە هیچ بەڵگەیەکی لە سەر نەبووە، بەر دراوە.
وەزیفەکەی گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی چوارتا. لەوێ لە بەر کێشەیەک گیراوە و براوەتە بەندیخانە، حوکمەکەی تەواو کردووە . دوا ڕۆژەکانی ١٩٤٥ ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ٤ / ١ / ١٩٤٦گەیشتووەتە دێی' تورکومان کەندی '. ٥ / ٣ / ١٩٤٦ نێردراوەتە سەرا و سەرچاوەی ناوچەی سەقز کراوەتە میرزا ( کاتب ) لە لای حەمە ڕەشید خانی بانە و سەرۆکی لکی سەقز و بۆکانی یەکەتیی جەوانانی دێمۆکڕاتی کوردستان. کە حەمە ڕەشید خان لە ٣/ ٨ / ١٩٤٦ [ ئەو تاریخە هەڵەیە ، بە پێی نووسینی مەنگوڕی  ٢٤ / ٨ / ١٩٤٦ دروستە . ڕوونکدنەوەی ح.ق ] گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێڕاق، ئەم گیراوە و خراوەتە زیندان، کە هیچی لە سەر ساغ نەبووەتەوە، بەڕەڵا کراوە. بە خۆ وەشێری  لەو دیو [ ڕۆژهەڵات ] لای ' حەماغای عەلی ئاغای جەوانمەردی ' ی سەرخێڵی گەورکی سەقز ماوەتەوە.
تشرینی دووەمی ١٩٤٨ بە ماڵەوە گەیشتووەتەوە سلێمانی، هەژاری پەرێشانی کردووە. لە دائیرەی ئاو و کارەبای سلێمانی دامەزرێنراوە، بە ڕۆژانە ٥٠٠ فلس. ١٩٥٠ " بەهێی محێدین شەریف " ی هاوسەری کە لە ١٩٣٣ دا هێنابووی ، مردووە. پاشان حەلاوە خانی کچی زێوەری شاعیری هێناوە . لەبەر ئەوەی مووچەکەی کەم کراوەتەوە دەستی لە وەزیفە هەڵگرتووە چووەتە ڕانیە لەوێ سێیەم ژنی هێناوە. دامەزراوەتەوە بە کاتبی لێژنەی ئاو و کارەبای ڕانیە بە مانگانەی ٢٠ دینار.
سەرەتای سەردەمی کۆماری [ لە عێڕاق] ، چالاکیی ئەدەبیی زیاتر و بە شێعر و چیرۆک بەشداری کۆڕ و ئاهەنگەکان بووە. ١٩٦١ بووە بە ئەندامی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان. مایسی ١٩٧١ لە سەر کتێبی ( گەشتی ئەستێرەی مەریخ ) لە بەر گوایە بێ دینی و کافر بوون، دوچاری کێشە بووە لە ڕانیە و قەستی کوشتنی کراوە. لە سەر ئەوە وەک ژمێریار و سنووقدار گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی تەوێڵە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. ٢٧ / ٣ / ١٩٧٥ چووەتەوە سەر وەزیفەی ژمێریاری لە شارەوانیی تەوێڵە. ١ / ١ / ١٩٧٦  خۆی خانە نشین کردووە. ١٩٨١ چاوی داویەتە کزی. سەعاتی یەکونیوی شەوی ١٣ / ١ / ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە.  ١٩ / ٦ / ١٩٩٢ لە سەر وەسێتی خۆی، تەرمەکەی بەڕێوڕەسمێکی جەماوەری براوەتە سەر چیای کێوەڕەش و لە ( گۆڕ مریەم )  بە خاک سپێردراوەتەوە. ئەم بەرهەمانەی میرزا مەنگوڕی لە چاپ دراوە:
١-هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن ، چاپخانەی بەلەدیە – سلێمانی، ١٩٣٨
٢-چیرۆکی ماهراکۆ، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی ، ١٩٧١
٣- چیرۆکی زێرینا ئامێدی ، چاپخانەی الغری – نەجەف ، ١٩٧١
٤-بووکێکی ناکام، چاپخانەی النعمان – نەجەف ، ١٩٧١
٥-گەشتی ئەستێرەی مەریخ ، چاپخانەی العنان – نەجەف ، ١٩٧١
٦-فەیرووز خانی پشکۆ ، چاپخانەی القضاء – نەجەف، ١٩٧١
٧-کورد و ئەرمەن ، ١٩٩٧
٨-کورد و ئاسووری، ١٩٩٧
٩-بەسەرهاتی سیاسی کورد ، بەشی یەکەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سوێد ، ١٩٩٩
١٠-بەسەرهاتی سیاسی کورد ، بەشی دووەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سلێمانی ، ٢٠٠١
١١-کۆنگرێسی دوڕندە و ئاژەڵ ،١٩٩٣
١٢-بەسەرهاتی مەنگوڕی ، ( بە دە ئەلقە لە ڕۆژنامەی ' کوردستانی نوێ ' دا بڵاو کراوەتەوە،  ١٩٩٥
١٣-دیوانی بەهەشتی دڵداری ، ٢٠٠٦
١٤-حەقایقی بەسەرهاتی شێخ مەحموود لە پەنای ئیستیقلالی کورد دا ، ٢٠٠٣  '





نەمر مەحموود مەلا عێزەت لە ساڵی ١٩٩٩ بەشی یەکەمی ' بەسەرهاتی سیاسی کورد' ی لە سوێد چاپ کرد و ئەمن شانازی ئەوەم پێ بڕا یارمەتی بکەم بۆ چاپی کتێبەکە . بەرگی دووەمی 'بەسەرهاتی سیاسی کورد ؛ کە هەمووی تەرخان کراوە بۆ باسی شکانی جمهووری کوردستان و محاکەمەی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی جمهووری لە ساڵی ٢٠٠١ لە سلێمانی چاپ کراوە و نەمر مەحموود مەلا عێزەت سەرەتایەکی بە نرخی بۆ ئەو بەشە نووسیوە و لەوانە دەنووسێ:
" بایەخی بەرهەمەکە هەر لەوە دا نییە کە چەند لاپەڕەیەکی شاردراوەی مێژووی سەردەمێکی زێڕین لە ژیانی سیاسیی کورد و دەسەڵاتی خۆماڵیی جەمهوورییەتی کوردستانە کە میرزا مەنگوڕی تۆماری کرد و نەیهێشت وەک زۆری تر لەو بیرەوەریی و زانیارییانە بکەونە ناو بازنەی لە بیر چوونەوە ، بەڵکوو گرنگتر لەوانە ئەوەیە کە وا میرزا هەر وا بە ڕاگوزاریی ڕووداوەکانی تۆمار نەکردووە، هەر وا ڕوخساری کۆمەڵگەکە و گۆڕانە ڕووکەشەکانی نەبینیوە، بەڵکوو باسە گرنگەکانی ناو هەناوی گۆڕان و ناکۆکییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی و دەزگاکانی کۆمار و ڕەفتاری نائاسایی هەندێ ناوەندی دەسەڵاتی بە سەر کردۆتەوە، ئەو لایەنانەی خستۆتە بەر ڕووناکیی کە مەگەر هەر لێکۆڵەر بایەخەکانیان بزانێت، چونکە دەتوانرێت باس و توێژینەوەی هەمە لایەنەی چین و بەشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەی لێهەڵبهێنجێت تا ئەو ئاستەی کە ببێتە سەرچاوەیەکی تری مێژووی ڕاستەقینەی جەمهووریەتی کوردستان ... سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ مێژووی سەردەمەکە کە دەرس و پەندی باشیشیان لێوەربگیرێت. ....
یەکێک لە کارەساتەکان کە سەرەنجامی ڕووخانی جەمهووییەتی کوردستان بوو لە سێدارە دانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانی بوو، دیسان ڕووداوەکانی هاوپێوەند بە لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی هاوبەش لە خەباتی پیرۆزی کوردایەتی و جەمهوورییەتی کوردستاندا باسدەکات و لەگەڵ زۆر لە باسوخواسیی تری گرنگدا.
ئەوانە چەند نموونەیەکی گرنگی ناوبیرەوەرییەکانی ئەم بەرگی دووهەمەی " بەسەرهاتی سیاسیی کورد " ە ، کە بایەخی مێژوویی بەرهەمەکە و ڕۆڵی باشی میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی دەردەخات، چ وەک هاوکار و نووسەر لە فەرماندەییەکەی جەنەڕاڵ حەمەڕيشید خان و دارێژەری نووسین و نامەکانی خان، و چ وەک نووسەر و بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکان لە ناو بیرەوەریی و یادداشتەکانیدا.. ئەم بەرگی دووهەمە وەک تەواو کردنی بەرگی یەکەم جێگەی خۆی لە ناو سەرچاوەکانی کۆمار ناسیدا ئەگرێت و کەلێنێکی بۆشاییەکانی ناو کتێبخانەی کوردی پڕ دەکاتەوە.




گڵکۆی پیرۆزی میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی لە سەر چیای " کێوەڕەش " لە گٶر مریەم کە دەڕوانێتە شاری ڕانیە

تێبینی
 وێنەی میرزا حەمەدەمین مەنگوڕی بە جلوبەرگی کوردی و وێنەی گڵکۆکەی بە سپاسەوە لە لاپەڕەی کاک ' موحیب مەهابادی ' لە فەیس بووک وەرگیراوە. ئەو وێنەیەی میرزا محەمەد ئەمین پێشتر لە پێشەکی کۆکراوەی  ڕۆژنامەی کوردستان، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح، سدیق ساڵح، ساڵی ٢٠٠٧ دا چاپ کراوە. وێنەکەی بە جلوبەرگی فەڕەنگییەوە لە ئینترنێت وەرگیراوە و دەستخەتیشی لە بەرگی سێیەمی کتێبی ' دەوڵەتی جمهوری کوردستان'  نامە و دوکومێنت، کۆ کردنەوە و ڕێک خستنی مەحمود مەلا عززەت ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٧ وەرگیراوە. دیارە زۆربەی هەرە زۆری نامەکانی ژەنەڕاڵ حەمەڕەشیدخان خانزادە ئەو سەردەمەی کە فەرماندەی ' هێزی بۆکان و مەنتەقە 'بووە لە ' سەرا ' بە دەستخەتی میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی نووسراون و هەر ئەویش ئاڕشیوی نامەکانی بۆ حەمەڕەشیدخان پاراستووە .
بە پێی نووسینی ووردی مەنگوڕی، حەمە ڕەشیدخان لە ١ / ٥ / ١٣٢٥-ی هەتاوی ( ٢٣ -ی ژووییەی ١٩٤٦ ) نامەی دەست لەکاركێشانەوەی بۆ وەزاڕەتی هێزی میللی کوردستان ناردووە و ژەنەڕاڵ سەیف قازی دوو ڕۆژ دواتر واتە لە٣ / ٥ / ١٣٢٥ ( ٢٥ / ٧/ ١٩٤٦) ئەو ئیستیعفایەی لێ قەبووڵ کردووە و خان لە ٢ / ٦ / ١٣٢٥ ( ٢٤/ ٨ / ١٩٤٦) گەڕاوەتەوە کوردستانی عێڕاق و نامەکانی لەگەڵ خۆی بردووە! ٢٧ ساڵ دواتر واتە لە سەرەتای مانگی مارسی ساڵی ١٩٧٣ ئەو نامە و بەڵگانەی داوە بەمەحموود مەلا عێزەت و بەو پێیە بەشێکی گەورە لە مێژووی جمهووری کوردستان لە فەوتان ڕزگاری بووە.

۱۳۹۵ اسفند ۱۵, یکشنبه

هێندێک لە کاربەدەستانی جمهووری لە زیندانی ورمێ



ریزی پێشەوە لە ڕاستەوە :  سەید محەمەد تەها زادە ( ئەیووبیان)، ئەحمەد ئیلاهی ، محەمەد سەعید زادە.
ریزی ناوەڕاست لە ڕاستەوە : غەنی خوسرەوی ، مەناف کەریمی
ریزی پشتەوە لە ڕاستەوە:  حوسێن فەتاحی قازی ، سەید پیرە نیزامی ، حەمەدەمین شەڕەفی


تێبینی : ئەم وێنەیە لە دووچاپی کتێبی ' تاریخ مهاباد ' ی نووسینی بەڕێز سەید محەمەد سەمەدی دا بڵاو کراوەتەوە و ئەو شەرحەی ژێر وێنەکەش هەر لەوێدا هاتووە. هەر لەگەڵ ئەو وێنەیە وێنەیەکی دیکەش هەڵگیراوە کە پێشتر لە ' وێنەی کۆماری کوردستان ' دا بڵاو مان کردەوە. بەرواری وێنە هەڵگرتنەکە بە ساڵنامەی زایینی دەبێ بە 20- ی ئووتی  1948

۱۳۹۵ اسفند ۱۳, جمعه

چەند ساڵ بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری، نامەی فەرمانداری مەهاباد بۆ سەدری قازی



شمارە ٢٧١٠                                                                                                 بتاریخ ٢٦ / ٩  / ١٣٢١
ضمیمە -               
 وزارت کشور
استان چهارم
فرمانداری مهاباد
جناب آقای صدر قاضی
از قرار اطلاعاتی کە میرسد بین پیران و منگور گفتگوی ملکی منجر بجنگ گردید، طرفین در لاهیجان سوار جمع  کردەاند کە زدوخورد نمایند. اولا در اینموقع کە این آتش گرفتە اگر این جنگ واقع شود حوزە مهاباد آرامشی را کە مرهون مراقبت ‌آقایان روسای عشایر است  از دست خواهد داد بعلاوە مرتکبین در پیشگاە دولت مورد بازخواست  خواهند بود خاصە در موقعی کە آقایان حاجی قرنی آقا امیر العشایر و حاجی حمزە آقا قادری در لاهیجان ‌حضور دارند بهیچوجە انتظار نمیرود چنین جنگی بین طایفە منگور و پیران واقع شود علیهذا جنابعالی را زحمت میدهم فورا بە لاهیجان تشریف بردە آقایان روسای مامش را ملاقات و بعدا با آقایان روسای منگور و پیران مذاکرە و آنها را نصیحت  فرمودە در هر صورت از وقوع جنگ جلوگیری فرمائید موضوع گفتگوی ملکی بهیچوجە مستلزم جنگ نیست بعداز آنکە آقایان سوارهای خود را متفرق کردند و جنگ موقوف شد در مورد گفتگوی ملکی بهر وسیلە کە صلاح بدانند بررسی و اصلاح خواهد شد -  فرماندار شهرستان مهاباد

سریع القلم

وەرگێڕانی کوردی
ژمارە ٢٧١٠
بەروار: ٢٦ / ٩ /  ١٣٢١    [١٧ / ١٢ /١٩٤٢ ]
پەیوەست –
وەزاڕەتی ناوخۆ
ئەستانی چوارەم
فەرمانداریی مەهاباد
جەنابی ئاغای سەدری قازی
بە پێی ئەو زانیارییانەی هاتوون لە سەر کێشەی موڵکی لە نێوان پیران و مەنگوڕ دا شەڕ قەوماوە. هەر دووک لا لە ' لاجان'  سوارەیان کۆ کردووەتەوە کە تێک هەڵچن. یەکەم کە ئێستا ئەو ئاورە کەوتووەتەوە ئەگەر ئەو شەڕە بقەومێ مەڵبەندی مەهاباد ئەو ئارامییەی کە لە بەر چاوەدێری ئاغایانی سەرۆک عەشیرەتەکان وەدەستی هێناوە  لە دەست دەدا و لەوەش زیاتر بکەران دەبێ لای دەوڵەت ووڵامی کردەوەکانیان بدەنەوە بەتایبەتی ئێستا کە ئاغایانی حاجی قەرەنی ئاغای ئەمیرولعەشاییر و حاجی هەمزاغای قادری تەشریفیان لە لاجانە  بەهیچجۆر چاوەڕوان ناکرێ شەڕێکی ئاوا لە نێوان تایفەی مەنگوڕ و پیران رووبدا، لەگەڵ ئەوەشدا زەحمەت دەدەم بە جەنابی بەرزتان دەستبەجێ تەشریف بەرن بۆ لاجان چاوتان بە ئاغایانی مامەش بکەوێ و دوایە لەگەڵ سەرۆکانی مەنگوڕ و پیران قسە بکەن و نەسیحەتیان بفەرموون هەرچۆنێک بێ پێش بە قەومانی شەڕ بگرن کێشە لە سەر موڵک بە هیچجۆر نابێ ببێتە هۆی  شەڕ دوای ئەوەی ئاغایان بڵاوەیان کرد بە سوارەکانی خۆیان لەوێندەرێ و شەڕ ڕاگیرا سەبارەت بە گفتگۆ لە سەر کێشەی موڵکی هەر چۆنێکی بە سەڵاحی بزانن لێی دەکۆڵدرێتەوە و چاک دەکرێ –
فەرمانداری شارستێنی مەهاباد
سەریعولقەلەم

ئورکوارت کۆنسوولی بریتانیا ئاوا باسی سەریعولقەلەم دەکا


کۆنسوولی بریتانیا لە تەورێز لە 'یادداشتی دیدارێک لە مەهاباد ' کەلە ١٣ – ی مانگی ئۆکتۆبری ١٩٤٢  چووەتە ئەوێ و دوو ڕۆژ لەوێ ماوەتەوە بە دوورو درێژی باسی فەرماندار ' سەریعولقەلەم'  و بێ دەسەڵات بوونی دەکا " ... هەر کە گەیشتمە مەهاباد دەستبەجێ چاوم بە فەرماندار ،سەریعولقەلەم ، کەوت کە نێوبانگی ئەوەی هەبوو  خێراترین نووسەر بێ لە ئێران، بەڵام ئیشتیای لە تریاک بوو. .... فەرماندار گوتی  بارو دۆخ لە مەهاباد زۆر تاریکە،حکوومەت چ دەستەڵاتێکی نییە و ، عەشیرەتەکان بە بیانووی پاراستنی هێمنی بە هەموو شێوەیەک بە ڕووتاندنەوە و جاڕز کردنی خەڵکەوە خەریکن، یەک لەوانە زیندوو کردنەوەی داوای کۆن و تازە کردنەوەی مامڵە و حیسابی کۆنە. مامەشەکان سندووس دەدۆدۆشن، مەنگوڕەکان مەهاباد، دێبۆکرییەکان بۆکان ، پژدەرییەکان سەردەشت و، ئێستا بە پێشنیازی ئوستاندار لە تەورێز ، سوارەیەکی تێکەڵاو لە مەنگوڕ، گەورک و مامەش چوونەتە ' میاندواو ' بۆ ئەوەی " هێمنی " ئەوێ " بپارێزن"  فەرماندار زۆر بە توندی دژی ئەو کارەیە و ، پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی کێشە ساز بوون لەگەڵ دێبۆکرییەکان .... [ وەرگێرانی ئەو یادداشتە هەمووی لە لایەن ئەم قەڵەمەوە لە پێشدا لە گۆواری گزینگ و دواتر لە کتێبی  ' ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزاڕەتی دەرەوەی بریتانیا دا، ئەنوەر سوڵتانی، بنکەی ژین، ٢٠٠٥'  بڵاو بووەتەوە 
تێبینی : ئەم نا
ەیە لە ئارشیوی بنەماڵە دا  بووە، ڕاگوێستنی بە شەرتی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە

۱۳۹۵ اسفند ۱۱, چهارشنبه

کاپیتان حەمەدی ڕاتبی (حەمەدی مەولوودە چرچی)



کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ( حەمەدی مەولوودە چرچی)


کاپیتان حەمەدی ڕاتبی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا.
دوای ڕووخانی جمهووری کاک حەمەد و هێندێک پێشمەرگەی دیکەی ڕۆژهەڵات خۆیان بە دەستەوە نەدا و تا ئەو جێی توانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوە. کاپیتان ڕاتبی دواتر پەنای بردە لای شێخ لەتیفی حەفید کە ماڵەکەی داڵدەی هەموو ئەو غەوارانە بوو کە لە سنووری دەستکرد پەڕیبوونەوە.
حەمەدی مەولوودی دواتر لە ساڵی 1951-2 لە کوردستانی عێڕاقەوە چووە ئازەربایجانی شووڕەوی و ماوەیەک لە زیندان دا بوو لە زەمانی خۆڕۆشچۆف دا بەر درا و لە دەور و بەری باکۆ خەریکی باغەوانی بوو. پێوەندیی بەو تێکۆشەرە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە باشوور دەژیان پاراستبوو و زۆر جار لەگەڵ ڕەحمەتی ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی) نامەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كاک حەمەد  لەجەنگەی خەباتی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دا نەخۆش کەوت و بەداخەوە لە ٢٨-ی ژووەنی ساڵی ١٩٧٨  لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە تاراوگەی ئازەربایجان چاوی وێک نا.
کاک حەمەد لە مەهاباد چوار منداڵی بە جێهێشتبوو کە وەک زۆر منداڵی دیکەی کورد بێ باب گەورە بوون و بە ئاواتەوە بوون چاویان بە بابیان بکەوێتەوە ، ئامینی ڕاتبی ( مامڵێ) یەک لەو منداڵانەیە. هاوسەری ڕەحمەتی خورشید ڕەهبەر لە نەبوونی کاک حەمەد دا منداڵەکانی گەورە کرد و هەتا مرد هەر بە هیوای دیتنەوەی بوو . حەمەد لە تاراوگەی ئازەربایجانیش بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە نا و کچێکی هەیە کە وەک لەم وێنەی سەرەوە دا دەبینین ئەو کێلەی بۆ گۆڕی پیرۆزی بابی دروست کردووە. لە سەر کارنامەی ژیانی کاپیتان حەمەدی ڕاتبی دەبێ زۆر لەوە درێژتر بنووسرێ. هەژار لە ' چێشتی مچیور ' دا باسی هێندێک بیرەوەری خۆی لەگەڵ وی دەگێڕێتەوە.
سەبارەت بە سەردەمی چالاکی وی لە کۆمەڵەی ژیانی کورد و جمهووری دا  دەنووسێ: " لە دامەزرانی  " ژ- ک " دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی زۆر بە بڕشت و موخلیس بوو . " ژ – ک " کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بەکارەکان بوو ، لە شەڕی  ' مەکڵاوێ ' ی دەوری سەردەشت ، و لە ئەتڕافی سەقز ناوی دەر کرد . پڵنگێک بوو لە بەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست "

تێبینی : ئەو وێنەیە کە وێدەچێ یەک لە دوایین وێنەکانی کاک حەمەد بێ و وێنەی مەزارەکەی بە سپاسەوە بەڕێز ووریا مامڵێ نەوەی کاپیتان ڕاتبی بۆ ' وێنەی کۆماری کوردستان ' ناردووە. لە سەر کێلەکە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە: " کورد محەمەدی کوڕی مەولوود ، لە دایکبووی 
1908 ، کۆچکردوو لە  1978.06.28 ، بیرەوەرییەک لەلایەن كچەکەیەوە.
دیسان بڵاو کردنەوەی وێنەکان و شەڕحەکەیان بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!