۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۳, شنبه

نامەی خەلیل فەهیمی وەزیری موشاویر لە کابینەی بەیات سەبارەت بە پێویستی لا کردنەوەی دەوڵەت لە بارودۆخی پەروەردە لە کوردستان



ئێبلم

تاج ، شێر ، شمشێر و خورشید

دەفتەری سەرۆکوەزیر

ژمارەی گشتی  ١٨٣٩٣

بەرواری ئاستە ٣ / ١١ / ١٣٢٣  [ ٢٤ / ١٢ /  ١٩٤٤ ]

وەزاڕەتی فەرهەنگ    لە ناو ئەو بابەتانەی دا کە لە سەفەری دوایی دا بۆ کوردستان سەرنجی منی ڕاكێشا یەکیان کەموکووڕییە فەرهەنگییەکانی مەهاباد و مەڵبەندەکەی بوو. بەو مانایە کە لەم ناوچە هەراوە دا بە هەڵکەوتێکی تایبەتی کە هەیەتی و بە لەبەر چاوگرتنی پێویستی بڵاو کردنەوەی زمانی فارسی و ڕاکێشانی باری سەرنجی خەڵکی ئەو دەوەرە بەرەو مەرکەز نەک هەر تەشەکیلاتێکی فەرهەنگی قابیل بوونی نییە کە بتوانێ ئەو ئەرکە گرینگە جێ بە جێ بکا بەڵکوو بەداخەوە دەبێ بگوترێ کە لە جێدا تەشکیلاتی فەرهەنگی هەر نییە .
وەزعی فەرهەنگیی سەقزیش سەرەڕای تێکۆشانێکی کە لە لایەن مەئموورە بەرپرسەکانیشەوە دەکرێ  لەگەڵ ئەوەشدا بەداخەوە نەبوونی کەلوپەلی پێویست و سەرنج نەدانی [...] مەرکەز هێندە جێی ڕەزامەندی نییە و ئێستا بە لەدوو دانی بابەتێک کە بە ئیمزای بەڕێوەبەری دەبستانی پەروەرش بە ناونیشانی من هاتووە ئەو بابەتە بۆتان دەنێردرێ.
سەردانی من لە دەبستانی پەروەرش و ئەو تاقیکردنەوانەی لە قوتابییەکانی ئەوێ کرا گشتی چیرۆکی ئیستیعدادی یەکجار زۆری ئەوان و سەرنجدانیان بە خوێندن و هۆگری مودیرەی دەبستانی ناوبراوی بەیان دەکرد و ئەو بیرۆکەیەی کەسەرنجدان بە پەروەردەکردن و ئیستیعداد و بارهێنانی وەچەی داهاتووی ئەو ناوچەیە دەبێ لە گرینگترین ئەو مەسەلانە بێ کە وەزاڕەتی فەرهەنگ سەرنجیان دەداتێ و ئاکامی مەنتقی چاوەدێرییەکانی من ئەوە بوو بەتایبەتی ئەوەی کە سیاسەتی دەوڵەت وا ئیجیاب دەکا کە فەرهەنگی مەهاباد و ناوچەی کوردستان وەزاڕەتی فەرهەنگ ڕاستەوڕاست بیخاتە ژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی خۆی و بە دیاریکردنی سەرۆکێکی لێوەشاوە و ئامۆژگاری ئەوتۆی کە بە باشی لە پێداویستییەکانی هەنووکە ئاگادار بن و بتوانن ئەرکی دەرس گوتنەوە و تەبلیغی سیاسەتی دەوڵەت ڕاپەڕێنن و کۆتایی بێنن بەو بارودۆخەی هەنووکەی  ئەو ناوچەیە هەر وەها بە پێویست دێتە بەرچاو کە وەزعی فەرهەنگی سەقزیش سەرنجی تایبەتی بدرێتێ . هەڵبەت جەنابی ئاغای وەزیری فەرهەنگ ئاگادارن لە مەبەستی سەرەکی کە بە زارەکی زۆرجار قسەی لە سەر کراوە بۆیە تکا دەکەم بە شێوەی تایبەتی سەرنج بدەنە سەر ئەو بابەتە و هەتا زووە بڕیارێک بدەن کە کاریگەر و بە سوود بێ و بتوانێ مەبەستی سەرەوە پێک بێنی

وەزیری ڕاوێژکار  [ خەلیل فەهیمی ]



تێبینی : خەلیل فەهیمی ( ١٨٧٦ – ١٩٥٣ ) ڕەنگە لە زومرەی دەگمەن سیاسەتمەدارانی ئێڕانی لە دوای ڕووخانی ڕێزیمی ڕەزا شا بێ کە لە ئاست دۆزی کورد هەڵوێستێکی دۆستانەی هەبووە. لە زۆر کابینەی ئێران دا پۆستی وەزاڕەتی هەبوو . لە کابینەی مورتەزا قوڵی بەیات ( ٣٠ خەزەڵوەری ١٣٢٣ – ٢٨-ی خاکەلێوەی ١٣٢٤)  وەزیری موشاویر بوو و سەردانی کوردستانی کرد و ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلی  سەبارەت بەو سەفەرە پێشکێشی مەجلیسی شووڕای میللی کرد. هەر بە پێشنیاری وی بوو [ هەر وەک لەم سەنەدە دا دەخوێنینەەەوە] کە ئیدارەی فەرهەنگی مەهاباد لە ڕەزائییە (ورمێ)  جوێ کرایەوە و ڕاستەوڕاست لە تاران گرێ درا. کاتی سەردانی پێشەوا قازیی محەمەد و هەیئەتی جمهووری کوردستان بۆ تاران و دیدار لەگەڵ قەواموسەلتەنە (کۆتایی ژووەنی ١٩٤٦)  فەهیمی لە ماڵی خۆی میوانداری لێ کرد و ساڵانی پێشتریش لە مەجلیس وەک دۆستی شەخسی و جیێ باوەڕ باس لە قازیی محەمەد دەکا. ح. ق

هیچ نظری موجود نیست: