۱۳۹۱ اسفند ۲۰, یکشنبه

یای مینای قازی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی یایانی کوردستان له‌ سه‌رده‌می کۆمار

له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ: مریه‌می قازی، مینای قازی و سوهه‌یلای قازی



کوردستان، ژماره‌ی 27. دووشه‌مۆ  5ی خاکه‌لێوه‌ی 1325ی هه‌تاوی / 25ی مارسی 1946

جێژنی سه‌ربه‌خۆئی و ناساندنی پێشه‌وای کوردستان له‌ لایه‌ن ئامۆژگارانی مه‌دره‌سه‌ی کچان
به‌ بۆنه‌ی پێک هاتنی ئاره‌زووی چه‌ندین ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناساندنی پێشه‌وا  و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕۆژی چوارشه‌مۆ 10-12-1324 [ی هه‌تاوی]  له‌ لایه‌ن ئامۆژگارانی مه‌دره‌سه‌ی کچان ساتی 2-ی پاش نیوه‌ڕۆ له‌ ساڵۆنی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ جێژنێکی زۆر جوان ساز کرا. ئائ پێشه‌وای کوردستان و ژمارێکی زۆر له‌ یایه‌کانی ئه‌ندامه‌کانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و گشت ته‌به‌قاتی شاری مه‌هاباد له‌م جێژنه‌ دا بوون.
یای پێشه‌وای کوردستان پاش نوتقێک له‌ بابه‌ت پێشکه‌وتن و ڕه‌هنمائی ژنانی کوردستان و سوپاس له‌ یایه‌ ئامۆژگاره‌کان جووتێک گواره‌ی زێڕی به‌ مودیری مه‌دره‌سه‌ی کچان به‌ خه‌ڵات به‌خشی و گه‌لێک له‌ یایان و شاگردانی مه‌دره‌سه‌ی کچان به‌ پێی نووسراوی ژێره‌وه‌ نوتق و خیتابه‌یان خوێنده‌وه‌:
ئه‌لف: خولاسه‌ی نوتقی یای پێشه‌وای کوردستان
ئه‌و یایانه‌ی که‌ له‌م جێژنه‌ دا ته‌شریفیان حازره‌ ده‌بێ بزانن که‌ ئه‌وڕۆ چ ڕۆژێکی مباره‌ک و گه‌وره‌یه‌. پێویسته‌ ژن و پیاو پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ن و ته‌ماشای هه‌وڵ دان و کارزانی ژنانی هه‌نده‌ران بکه‌ین که‌ له‌و شه‌ڕه‌ گه‌وره‌ دا کۆمه‌گی گه‌وره‌ی مێردی خۆیان بوون.نابێ هه‌ر چاوه‌ نۆری پووڵ و لیباس و زێڕ بین له‌ مێردی خۆمان. ئێمه‌ ده‌بێ تێ گه‌یشتن، کارزانی، کار کردن له‌ ڕێی ئازادیی کورد و کوردستان دا له‌ خۆمان نیشان بده‌ین. یایانی خۆشه‌ویست  منداڵانی خۆتان له‌ چواردیواری ماڵێ دا به‌دبه‌خت مه‌که‌ن و بیاننێرنه‌ مه‌دره‌سه‌  که‌ وه‌کوو پیاو  و ژنه‌ نه‌خووێنده‌واره‌کانیان به‌ سه‌ر نه‌ییت و بتوانن دیفاع له‌ حقووقی میللی خۆیان  بکه‌ن و به‌ تایبه‌تی ژنانی کورد له‌ ڕیزه‌ی ژنانی خارجه‌ی موته‌مه‌دین دا ڕاوه‌ستن.

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی یای مینای قازی  ئی ساڵانی دوای هه‌ڵوه‌شانی کۆماری کوردستانه‌ و ده‌کرێ له‌ ساڵی 1959 هه‌ڵگیرابێ

هیچ نظری موجود نیست: