۱۳۹۱ اسفند ۲۰, یکشنبه

خیتابه‌ی شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی له‌ کۆنفڕانسی سوخه‌نڕانی یایان

یای شا سوڵتانی فه‌تتاحی قازی له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ری خه‌لیلی فه‌تتاحی قازی که‌ له‌ سه‌رده‌می کۆمار دا سه‌رۆکی ئیداره‌ی دوخانییه‌ی مه‌هاباد بوو.


ڕۆژنامه‌ی کوردستان، دووشه‌مۆ 2-ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 22ی ئاوریلی 1946
ز- خیتابه‌ی شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی
خوشکه‌کانی خۆشه‌ویست. ساڵها کورد له‌ژێر ده‌ستی دوژمنان دا زه‌لیل و هه‌میشه‌ چاو له‌ ده‌ست و هه‌ناسه‌ سارد بوون، حه‌تتا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کیان زوڵم و سه‌ختگیری لێ ده‌کردین که‌ نه‌مان ده‌توانی به‌ ئاشکرایی بڵێین کوردین، ئه‌مما خودا روحمێکی وای به‌ مه‌ کرد که‌ ده‌وڵه‌تی ئێران بۆمب باردمان کرا و دوژمنان له‌ سه‌ر مڵک و ماڵی ئێمه‌ لاچوون  و ته‌می به‌دبه‌ختی  له‌ سه‌ر شانی کوردان ڕه‌وی  و غه‌م و نه‌گبه‌تییان له‌ سه‌ر خه‌ڵاس بوو.
خوشکانی خۆشه‌ویست له‌ ساڵی بۆمب باردمانێوه‌ هه‌تا ئه‌وڕۆ پێنج ساڵه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌مووتان ئیتیلاعوو هه‌یه‌  که‌ پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردستان  ده‌ عه‌رزی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی دا به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ خۆراک لێ هه‌ڵگیراو بوو  بۆ ئێمه‌، خه‌ریکی ئه‌وه‌ی بوون که‌ برایان و خوشکانی خۆی له‌ ژێر ده‌ستی زاڵمان بێنێته‌ ده‌رێ . له‌ سایه‌ی هیممه‌تی خودایه‌وه‌ و زه‌حمه‌تی پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردان له‌و زه‌لاله‌ته‌ ڕزگارییان هات  و ڕۆژی ڕه‌شیان وه‌ رووناکی که‌وت. ئه‌لعانه‌که‌ هه‌رچه‌ند به‌ده‌ور و پشتی خۆمانه‌وه‌ ده‌ڕوانین هیچ ڕۆژێکیان له‌و ڕۆژه‌ی خۆشتر چاو پێ نه‌که‌وتووه‌ که‌ ده‌بینین ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردان له‌ ئاسمانێ ده‌لارێته‌وه‌ و کوردستانی گه‌وره‌ به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی زینده‌گانی ده‌کا و هیچ مه‌نزه‌رێکوو خۆشتر و جوانتر چاو پێ که‌وتووه‌  که‌ هه‌موو ڕۆژێ پێشمه‌رگه‌ی ڕه‌شیدی کورد هه‌زار هه‌زار له‌و سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری خیابانێ سه‌ف ده‌کێشن. خوشکه‌کانی خۆشه‌ویست ده‌زانن ئه‌و هه‌موو خۆشی وبه‌شاره‌ته‌ له‌ ژێر سایه‌ی چییه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ ژێر سایه‌ی سێبه‌ری پێشه‌وای موعه‌زه‌م دا به‌و ڕۆژه‌ گه‌یشتوون. ئه‌لعانیش که‌ خودا ئه‌و ڕوحمه‌ی به‌ ئێنگۆ کردووه‌  ته‌مه‌ناو لێ ده‌که‌م نابێ هیچ وه‌خت له‌ ئه‌ولادانی خۆتان غافڵ بن، ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو ده‌زانن که‌ ڕاگرتنی وه‌ته‌ن به‌ خوێندن و ته‌علیم و ته‌ربییه‌ت  ده‌بێ و ئه‌ولادانی خۆتان ناز په‌روه‌ر فێر مه‌که‌ن ، چون دونیا جێگای لێ قه‌وماو نییه‌ و دونیا جێگه‌ی ته‌نبه‌ڵی و بێکاران نییه‌ هه‌تا وه‌ختێکی خودای نه‌خواسته‌ لێیان قه‌وما  بتوانن ده‌ست بکه‌نه‌وه‌، له‌ به‌ر وه‌ته‌نی خۆیان روحی خۆیان فیدا بکه‌ن و دوژمن به‌ سه‌ر ئه‌وان دا غاڵب نه‌بێ و ته‌ماع ده‌ ماڵ و نامووسی وان نه‌توانێ بکا.
هه‌ڵکراو بێ هه‌تا ئه‌به‌د  په‌رچه‌می موقه‌ده‌سی کوردستان
به‌رقه‌رار و پایه‌دار بێ پێشه‌وای موعه‌زه‌م

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی یای شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی و هاوسه‌ری میرزا خه‌لیلی فه‌تتاحی قازی ئی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانه‌ له‌ مه‌هاباد.

هیچ نظری موجود نیست: