۱۳۹۱ اسفند ۲۰, یکشنبه

یای خانمۆڵی نانه‌وا (ئیمامی)، هاوسه‌ری عه‌بدولڕه‌حمانی ئیمامی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.


له‌لای چه‌پ یای خانمۆڵی نانه‌وا (ئیمامی)

ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 39، چوارشه‌مۆ  4 – ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 24ی ئاوریلی 1946

ماوه‌ی سوخه‌نڕانی یایان
یه‌: خیتابه‌ی یای خانمۆڵی ئیمامی
به‌ موناسه‌به‌تی جێژنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و  ئینتیخابی جه‌نابی قازیی معه‌مه‌د به‌ پێشه‌وای کوردستان ته‌واوی کوردستان له‌ زستانی ئه‌وساڵ دا به‌ شادی و شایی لۆغانی ئه‌و جێژنه‌ گه‌وره‌یه‌ دڵ و مێشکیان ڕوون بووه‌وه‌. ئیحتیڕام و ئیفتیخاری ئه‌و جێژنه‌ گه‌وره‌یه‌ قه‌ڵه‌م له‌ نووسینی و زمان له‌ کوتنی کوند و ڵاڵه‌ و هه‌تا دنیا هه‌یه‌ تاریخ ئه‌و ئیفتیخاره‌ی بۆ کورد و کوردستان سابیت ده‌کا و له‌ ته‌واوی کوردستان  دا شاری مه‌هاباد که‌ مه‌رکه‌زی حکوومه‌تی کوردستانه‌ ئیفتیخارانی جمهوورییه‌تی کوردی به‌ خۆی گرت، ئه‌فڕاد و دانیشتووی ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ ژن و پیاو سه‌ربڵیند بوون و هه‌تا نه‌ته‌وه‌ی کورد زیندووه‌ لیباسی ئیفتیخار و شادییان ده‌به‌ر کردووه‌ که‌ ناتوانم لێره‌ دا شه‌ڕحی بده‌م.
خوشکه‌ خۆشه‌ویسته‌کانم. ئه‌وڕۆ له‌ ژێر سێبه‌ری کوردستان و پێشه‌وای به‌رز دا سه‌ربه‌خۆ ده‌ژین و حیزبی یایان مان ته‌شکیل داوه‌ و ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ دیاریی کراون و له‌ ژێر ده‌ستی سه‌رۆکی حیزب که‌ یای پێشه‌وای کوردستانه‌ کارو باری ئه‌و حیزبه‌ هه‌ڵده‌سووڕێ . ئێمه‌ش موه‌زه‌فین بۆ پێشکه‌وتنی لاری کوردستان له‌و حیزبه‌ دا شیرکه‌ت  بکه‌ین و له‌ کاتێک دا که‌ ئینشائه‌ڵلا کوردستان ساحێبی کارخانه‌جات بێت ده‌ لیباسی کارگه‌ران دا وه‌کوو برووسکه‌ کار بکه‌ین و حیزبی ئێمه‌ش ده‌بێ دارای چاپخانه‌ و مه‌تبووعاتێکی زۆر باش بێ که‌ به‌ وه‌سیله‌ی نووسین و مه‌جه‌لات و زانست و عیلم و ته‌مه‌دونی ژنی کورد به‌ عاله‌م بکوترێ و ساییری میله‌تی بێگانه‌ له‌ عیلم و زانستی ژنی کورد بێ خه‌به‌ر نه‌بن. خولاسه‌ چونکوو ئه‌وڕۆ جێژنی شادییه‌ پێویستم نه‌زانی له‌ ته‌مه‌دونی ژن هیچ باسێکی بکه‌م.
بۆخۆتان ده‌زانن ژن له‌ عاله‌م دا حه‌قی ژیانی هه‌یه‌. ئینشائه‌ڵه‌ له‌ جه‌له‌سه‌ی حزبی یایان دا به‌ درێژی عه‌رزوو ده‌که‌م.
 تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسی زۆره‌وه‌ له‌ دیواری ماڵی کاک سه‌ید عه‌بدوڵای سه‌مه‌دی،نووسه‌ر و لێکۆله‌ره‌وه‌ی کورد له‌ فه‌یس بووک وه‌رگیراوه‌. به‌ڕێز سه‌مه‌دی له‌ شه‌رحی ئه‌م وێنه‌یه‌ دا نووسیویه‌:"دوو ئامۆزای بنه‌ماڵه‌ی نانه‌وازاده‌ له‌ مه‌هاباد.شازده‌ و خانمۆڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ ده‌بێ له‌ نێوان ساڵانی 1325 تا 30یه‌وه‌[1946-1951] له‌ لایه‌ن ڕه‌وانشاد (سه‌دیقی ژیان)ه‌وه‌ کێشرابێ. ئه‌وه‌ی له‌‌م وێنه‌یه‌دا گرینگه‌، جلوبه‌رگی کچانه‌ی دوو نه‌سل له‌مه‌وبه‌ری مه‌هاباده‌، که‌ بریتییه‌ له‌: کراسی زه‌ڕی مسقاڵی؛ که‌وای مه‌خمه‌ر؛ ده‌سماڵ؛ پێش‌ده‌سماڵ؛ پشتێندی شه‌ده‌؛ کڵاوی شه‌ده‌ و گێلگێله‌؛ قه‌تاره‌؛ ژێرچه‌نه‌؛ گوڵ(به‌ لاجانگی شه‌ده‌وه‌)؛ گواره‌؛ به‌رموور؛ ئه‌نگوستیله‌.




هیچ نظری موجود نیست: