وێنه‌ی عه‌بدوڵای برایم شه‌مزینی ئاکتۆری سه‌ره‌کی دایکی نیشتمان
شانۆی دایکی نیشتمان
به ڕیوایه‌تی مه‌نافی که‌ریمی
هاوینی ساڵی 1324ی هه‌تاوی / 1945ی زایینی
هێشتا نازانم نووسه‌ری شانۆی دایکی نیشتمان چ که‌سێک یان که‌سانێک بوون. ئه‌و شته‌ی له‌و و له‌مم بیستووه ئه‌وه‌یه هێندێک له جه‌وانانی مهابادی له دوای ڕووخان و تێک ته‌پینی حکوومه‌تی ڕه‌زا خان له ساڵی 1320ی هه‌تاوی [ ئووتی ساڵی 1941ی زایینی] به هه‌بوونی ئازادییه‌کی ڕێژه‌یی، جار‌و بار له ده‌وری یه‌کتری کۆ ده‌بوونه‌وه و به زمانی کوردی ڕاهێنانیان له سه‌ر شانۆی دایکی نیشتمان ده‌کرد و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
دایکی نیشتمان به شیوه‌یه‌کی دڵتاوێن له کاتێک دا ده‌ست و پل و لاقی له کۆت و زنجیر دابوو و نوشتابووه‌وه‌و ههڵدهرزی و تاقه‌تی ڕۆیشتنی نه‌بوو ده‌هاته سه‌ر شانۆ و بینه‌ران به دیتنی ئه‌و وه‌زعه دڵتاوێنه‌ی دایکی نیشتمان خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆر دایده‌گرتن و به تایبه‌تی به بیستنی هاواری دڵته‌زێنی منداڵه‌کانی، فرمێسک ده‌چاویان ده‌تزا و دیتنی ئه‌و شانۆ په‌ژاره‌نگێزه شوێنێکی قووڵی ده‌کرده سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی بینه‌ران. ئه‌سڵی شانۆکه له 5 به‌یت شێعری شاعیری
به نێوبانگی کورد عه‌بدولره‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی ( هه‌ژار) ئیلهامی وه‌رگرتبوو:
جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان *
ڕاوکه‌ری به‌دخوو، خوێن رێژی خوێن خۆر/ ئه‌تۆ بی و خودا ،به‌سیه زوڵم وزۆر
ئه‌مجارش بم ده مۆڵه‌ت و مه‌ودا/ ڕۆڵه‌ی شیرینم له شیرین خه‌ودا
له ژێر باڵم دا ، ڕای مه‌په‌ڕێنه /هێلانه‌که‌مان لێ مه‌ڕووخێنه
له خوێنی خۆم دڵ، ئه‌ندێشێ ناکا/ به‌ڵام ده‌ترسم تیرت خه‌تا کا
نه‌درێ له من ، وه‌ڕۆڵه‌م که‌وێ /جه‌رگه‌که‌م ببڕێ له شیرین خه‌وێ
دندووکی شووشی، شووشه‌ی گیانمه/ خه‌ت و خاڵه‌که‌ی، خه‌تی گیانمه
تۆ باخه‌به‌ر نی له ئێش و ده‌ردم /دڵ ده‌برژێنێ هه‌ناسه‌ی سه‌ردم
له دایکت پرسه، پێت ده‌ڵێ حاڵم /ئینجا تام ده‌که‌ی ژیانی تاڵم
پێم خۆشه بمرم نه‌ک جووجه‌ڵه‌که‌م /بڕه‌نجێ و بپسێ به‌ندی دڵه‌که‌م
هه‌ژار جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان ئه‌تۆی/ وه‌های خۆش ده‌وێی به‌وه‌فابی بۆی
شاعیر ئاوا ده‌گێڕێته‌وه که مه‌لێک له نێو لک و پۆپی دارێک دا هێلانه‌یه‌ک بۆ خۆی و جووجه‌ڵه‌کانی پێکه‌وه ده‌نێ تا له‌و هێلانه‌یه دا به خه‌یاڵی ئاسووده منداڵه‌کانی به‌خێو کا. جووجه‌ڵه‌کانی ورده ورده بازه‌ڵه ده‌بن و وه‌جموجووڵ ده‌که‌ون و دایکیان به ڕه‌نج و کوێره‌وه‌رییه‌کی زۆر دان و ئاوی ڕۆژانه‌یان بۆ په‌یدا ده‌کا و ئاگای لێیان ده‌بێ.
له پڕ له دووره‌وه سێ ڕاوکه‌ری لێ په‌یدا ده‌بن هه‌ر یه‌که‌ی له لایه‌که‌وه به‌ره‌و هێلانه‌که‌ی دێن. دایک هه‌ست ده‌کا ڕاوکه‌ره‌کان زۆر بێ به‌زه و دڵره‌قن، و ببێ و نه‌بێ ده‌یانه‌وێ ڕاویان که‌ن. ڕاوکه‌ره‌کان به چاوی قوشقی ته‌ماشای ئه‌ملاولای خۆیان ده‌که‌ن تا ده‌گه‌نه بن ئه‌و داره‌ی مه‌له‌که و جووجه‌ڵه‌کانی هێلانه‌یان لێ داناوه. دایکه‌که زۆر په‌شێوه و له‌سوێی منداڵه‌کانی نازانێ چ بکا. یه‌کێک له ڕاوکه‌ره‌کان خه‌ریکه سێره‌یان لێ بگرێ. دایک به هات و هاوار و پڕمه‌ی گریانه‌وه به سه‌ر ڕاوکه‌ره‌که دا ده‌قیژێنێ : ئه‌ی ڕاوکه‌ری خوێن خۆر ده‌زانم به ته‌مای ڕاوی ئێمه هاتووی . ئێمه بۆخۆمان له سووچێکی ئه‌م لێڕه‌واره هێلانه‌یه‌که‌مان پێکه‌وه ناوه لێمان مه‌ڕووخێنه، له ژێر باڵم دا جووجه‌ڵه نازداره‌کانم نوستوون ،له خه‌ویان ڕامه‌په‌ڕێنه. ئێمه ئه‌م هێلانه پچکۆڵانه‌یه‌مان به‌خوێنی دڵ دروست کردووه لێمان تێک مه‌ده.دندووکی شووشی جووجه‌ڵه‌کانم شووشه‌ی گیانمه، خه‌ت و خاڵی په‌ڕ و باڵیان نیشانه‌ی گیانمه. ئه‌من له مه‌رگی خۆم نا‌ترسێم ، به‌ڵام ترسم له‌وه‌یه ئه‌و تیره‌ی تێن هه‌ڵده‌که‌ی سه‌ر بکا و وه‌به‌ر ڕۆله‌کانم که‌وێ، له شیرن خه‌و ڕایان په‌ڕێنێ و به‌ندی جه‌رگ و دڵم بپسێنێ.
ئه‌وکه‌سه‌ی ده‌وری دایکی نیشتمان ی ده‌گێڕا عه‌بدوڵای نه‌هری بوو که له ساڵی 1360ی هه‌تاوی کۆچی دوایی کرد. ئه‌و له جلوبه‌رگی دایک دا به ده‌نگی خۆش و دڵنشینی خۆی به ئاهه‌نگێکی خه‌فه‌تاوی ڕووه‌و ڕاوکه‌ره‌کان ئه‌و شێعرانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌خوێنده‌وه و ده‌گریا. عوبه‌یدیلای ئه‌یووبیان و سیرووسی حه‌بیبی ده‌وری منداڵه‌کانیان ده‌گێڕا و ئه‌و ده‌می هه‌ر دووکیان مێردمنداڵ و له ته‌مه‌نی 13 – 14 ساڵی دابوون. سیرووسی حه‌بیبی لاوێکی وێچوو و به‌وه‌ج بوو و ده‌نگی زۆر خۆش بوو و کاری له سه‌ر دڵی بیسته‌ر ده‌کرد . ئه‌و کراسێکی سپی ده‌به‌ر دابوو و چووبوو ده‌قالبی په‌پووله‌یه‌که‌وه،ده‌سته باریک و شووشه‌کانی ڕووه‌و ئاسمان هه‌ڵده‌هێنا و یه‌ک له شێعره به نێوبانگه‌کانی حاجی قادری کۆیی ده‌خوێنده‌وه که له په‌سنی خودا دایه .
ئه‌ی بێ نه‌زیر و هاوتا، هه‌ر تۆی که به‌رقه‌راری / بێ دار و بێ دیاری، بێ‌دار وپایه‌داری
به زمانی منداڵانه له کاتێکدا کوڵی گریانی له ئه‌وكی دا بوو له خودا ده‌پاڕاوه دایکی بپارێزێ و له چنگ ڕاوکه‌رانی ڕزگار کا. ناڵه و نزای مندالانه‌ی ئه‌وه‌نده دڵتاوێن بوو دڵی هه‌موو بیسته‌رێکی ده‌خسته ئۆف و ژانه‌وه.
له‌وحاڵه دا بینه‌ران بێ ئه‌وه‌ی بتوانن پێشی خۆیان بگرن زۆڕ زۆڕ ده‌گریان. شانۆیه‌که له حه‌وشه‌ی ماڵێک پێشکێش ده‌کرا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێش لێی بێ به‌ش نه‌بن. ئه‌و ژن و کچانه‌ی شانۆکه‌یان له پشت په‌نجه‌ران، له سه‌ر دیواران و له سه‌ر سه‌ربانانه‌وه ده‌دی ، نه‌یان ده‌توانی پێشی گریانی خۆیان بگرن و گۆڕ گوڕ فرمێسک له چاویان ده‌هاته خوارێ وهیچ بینه‌رێک نه‌بوو ئه‌و شانۆیه کاری له سه‌ر نه‌کا و به دیتنی غه‌م داینه‌گرێ.له شانۆکه دا، دواجارمنداڵان بن پیلی دایکیان ده‌گرن و هه‌لیده‌ستێنێن و ماچی ده‌که‌ن و دڵی ده‌ده‌نه‌وه تا ئه‌وه‌ی که له سایه‌ی پێکێشی و وره‌ی ئه‌واندا، دایکی نیشتمان له مردن و یه‌خسیری وله چنگ ڕاوکه‌ره‌کان ڕزگاری ده‌بێ. ئه‌وشانۆیه له شاره‌کانی مهاباد، نه‌غه‌ده، شنۆ و بۆکان پێشان درا و خه‌ڵک به گه‌رمی پێشوازییان لێکرد."
سه‌رچاوه : " پیشوای بیداری ، خاطرات سعید همایون ، به کوشش هاشم سلیمی ،موءسسه چاپ و نشر آراس، هولر، 2004. ل 38،39
* به داخه‌وه ئه‌م شێعره‌ی هه‌ژار له‌و کتێبه‌ی سه‌ره‌وه دا به که‌مو کوڕی و ئاڵوگۆڕه‌وه چاپ کراوه، بۆیه شێعره‌که‌مان له ڕووی نوسخه‌ی چاپکراوی که له ژماره‌ی 5ی نیشتمان ڕێبه‌ندانی 1323ی هه‌تاوی، لاپه‌ڕه 20 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه نووسییه‌وه.
سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی له کتێبه‌که‌یدا " نگاهی به تاریخ مهاباد" وێنه‌یه‌کی عه‌بدوڵای نه‌هری چاپ کردووه که له شانۆی دایکی نیشتمان دا ده‌وری دایکی گێڕاوه و ده‌نووسێ:
" بیریی زیندوو بێ " عه‌بدوڵای نه‌هری" ناسراو به " عه‌بدوڵای برایم شه‌مزینی" له ئۆپێڕای دایکی نیشتمان دا ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌بوو.ئه‌و شانۆیه له مانگی مارسی 1945 [خاکه لێوه‌ی 1324 ] له سابڵاغێ پێشکێش کرا. ده‌نگخۆشی عه‌بدوڵای نه‌هری له هه‌موو کوێیه‌ک ده‌نگی دابووه‌وه.له‌پاییزی ساڵی 1360ی هه‌تاوی دا کۆچی دوایی کرد.ڕوحی شاد بێ.سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی له وت‌و وێژێکدا ده‌ڵێ عه‌بدوڵای نه‌هری هه‌تا مردنیشی خه‌ڵک هه‌ر به " دایکی نیشتمان" نێویان هه‌لداوه.
هونه‌رمه‌ندی شانۆ برایمی فه‌رشی سه‌باره‌ت به دایکی نیشتمان ڕیوایه‌تێکی دیکه‌ی درێژتری له سه‌ر بنه‌مای وتووێژ له گه‌ڵ غه‌نی بلووریان نووسیوه، ده‌کرێ لێره بیخوێننه‌وه.
http://www.rojhalat.de/laparakan/nuseran/Braym/dayki%20nishtman.pdf
تێبینی : وێنه‌ی سه‌ره‌وه به سپاسه‌وه له کتێبی " نگاهی به تاریخ مهاباد" سید محمد صمدی" وه‌رگیراوه.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر