۱۳۸۷ اردیبهشت ۱, یکشنبه

سه‌دیقی حه‌یده‌ری فارووقی له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری ژێکاف، له‌ دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و وه‌زیری ته‌بلیغات و ئینتیشاراتی کۆمار



ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ کاتی سه‌ردانی دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان، مودیری نامه‌ی هه‌فته‌یی کووهستان له‌ مهاباد هه‌ڵگیراوه‌. به‌ پێی ڕۆژنامه‌ی کوردستان دوکتور ئه‌رده‌ڵان له‌ حه‌وتووی کۆتایی مانگی خه‌رمانانی 1325ی هه‌تاوی گه‌یشتووه‌ته‌ مهاباد و حه‌وتوویه‌ک له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌.
له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ : برایمی نادری سه‌رۆکی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی مهاباد،سه‌دیقی حه‌یده‌ری ،سه‌ربه‌رز [کاپیتان] محه‌مه‌د مه‌حموود، سه‌رپۆلی 2 مسته‌فا خۆشناو. دانیشتوو: دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان مودیری نامه‌ی هه‌فته‌یی کووهستان.
تێبینی : ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ ئاڕشیڤی تایبه‌تی لیکۆله‌ره‌وه‌ی کورد به‌ڕیز سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی وه‌رگیراوه‌،


نووسینێکی سه‌دیقی حه‌یده‌ری له‌ گۆواری نیشتمان دا

نیشتمان ژماره‌ی 3و4 ساڵی یه‌که‌م ، سه‌رماوه‌ز _ ڕێبه‌ندانی 1322 [ی هه‌تاوی]

ژنێکی بوێژی کورد آ.ل.ب م. ح.لاو – 10

حه‌یران خانمی دونبلی

حه‌یران خانم کچی که‌ریم خانی کوردی دونبلی یه‌ که‌ له‌ (نه‌خجه‌وان)ی قه‌فقاز ڕا هاتوونه‌ ده‌ورو به‌ری شاری (ورمێ) ، و دانیشتوون.
حه‌یران وه‌کوو زۆر بوێژانی کورد به‌ کوردی شێعری هه‌ڵنه‌به‌ستووه‌ یا ئه‌گه‌ر هه‌ڵی به‌ستبێ وه‌ده‌ست نه‌که‌وتووه‌. ده‌رباره‌ی ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌م ژنه‌ بوێژه‌ که‌ هه‌ڵبه‌سته‌کانی له‌ پله‌یێکی به‌رزی ئه‌ده‌بیدا جێگایان بۆ کراوه‌ته‌وه‌، زانیارێکی وا نییه‌ که‌ بینووسم.ئه‌وا له‌ خواره‌وه‌ غه‌زه‌لێکی فارسی ئه‌خه‌مه‌ به‌رچاو له‌ دواییشدا ئه‌گه‌ر شتێکی تازه‌م ده‌رباره‌ی حه‌یران وه‌گیر که‌وت له‌ نیشتمانا ده‌رجی ئه‌که‌م.
میان جمله‌ مه‌ رویان، توئی سردفتر خوبان
رخت چون گوی خور باشد،بود زلف کجت چوگان
جمال تو بود گلشن، چه‌ گلشن؟ گلشن خوبی
چه‌ خوبی؟ خوبی یوسف ، چه‌ یوسف؟ یوسف کنعان
دو چشم مست تو ظالم، چه‌ ظالم؟ ظالم کافر
چه‌کافر؟ کافر رهزن، چه‌ رهزن؟ رهزن ایمان
لب لعلت بود غنچه‌، چه‌ غنچه‌؟ غنچه‌ء روضه‌
چه‌ روضه‌؟ روضه‌ء جنت؛ چه‌ جنت؟ جنت رضوان
بود خال لبت هندو، چه‌ هندو؟ هندوی ساحر
چه‌ ساحر؟ ساحر فتنه‌، چه‌ فتنه‌؟ فتنه‌ء دوران
زبان تو بود بلبل، دهان تو بود چشمه‌
چه‌ بلبل؟ بلبل خوش گو، چه‌ چشمه‌؟ چشمه‌ء حیوان
بود حیران ترا عاشق، چه‌ عاشق؟ عاشق بیدل
چه‌ بیدل؟ بیدل واله‌، چه‌ واله‌؟ واله‌ء حیران

نیشتمان – بوێژه‌کانمان ئه‌م غه‌زه‌له‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر کوردی، بۆمان بنێرن هه‌رچی باشتر بێت چاپی ئه‌که‌ین.

*( آ.ل.ب) نیشانه‌ی نێوی نهێنی شاری مهاباد بووه‌ له‌ ژێ.کاف دا و ( م. ح . لاو- 10) نێوی نهێنی سه‌دیقی حه‌یده‌ری بووه‌.



وتاری سه‌دیقی حه‌یده‌ری له‌ ڕۆژی 2ی ڕێبه‌ندانی 1324ی هه‌تاوی،ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان

کوردستان، ژماره‌ 12، شه‌مۆ 20ی ڕێبه‌ندانی 1324 / 9ی فێورییه‌ی 1946

خیتابه‌ی ئاغای سه‌دیقی حه‌یده‌ری

ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویست! ئه‌ی قاره‌مانان و شێرمه‌ردانی کورده‌واری!
ئه‌من یه‌ک نه‌فه‌ر پێشمه‌رگه‌ی کورد هێندێک قسه‌ی چکۆڵه‌ هه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ به‌ عه‌رزی حوزاری موحته‌ڕه‌می بگه‌یێنم:
1- سپاس و ستایش بۆ خودای ته‌باره‌ک و ته‌عالا و گه‌وره‌یی بۆ حه‌زره‌تی سه‌یدی کائینات.
2- پێویستی شه‌رافه‌تی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ سه‌ربه‌خۆییه.
3- سه‌ربه‌خۆیی میلله‌ت فه‌قه‌ت به‌ زانایی و ئه‌خلاقی چاک ڕاده‌گیرێ.
4- ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر میلله‌تێکی به‌ ئازایی و قاره‌مانی ئه‌و میله‌ته‌یه‌.
5- به‌ بێ حه‌قیقه‌ت داخڵ بوون بۆ مه‌ڕامی موقه‌ده‌سی ئازادی مومکین نابێ.
6- هه‌ر میلله‌تی بییه‌وێ ئازاد بێ، ده‌بێ حه‌قیقه‌ت و سه‌داقه‌ت بکاته‌ ڕه‌وشتی خۆی.
7- هیچ میله‌تێک ناتوانێ به‌ بێ مه‌عاریف و فه‌رهه‌نگ ئازادیی خۆی ڕابگرێ.
8- ده‌ ڕێگای ژینی شه‌ڕافه‌تمه‌ندانه‌ دا له‌ گیان و ماڵ ببوورن.
9- بژی ئه‌و میله‌ته‌ی که‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئازادی ژیانی خۆش ناوێ.
10- ئازادی ، پێویستی وه‌ک یه‌ک بوونه‌، و له‌ به‌رامبه‌ر قانوون هه‌موو وه‌ک یه‌کین.
11- هیچ نه‌وعه‌ ئازادێک ئیجازه‌ نادا هه‌تا ئاخر و ئۆخری عومر هه‌ر خه‌تاکار بین.
12- عه‌تری گوڵاوی چاک، عه‌تری به‌ده‌ڵ و جه‌عل ده‌شێوێنێ.پێویسته‌ ئێمه‌ عه‌تری ئازادی ده‌ مه‌مله‌که‌تی خۆمان دا بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ تا جه‌عل و ئیستیبداد له‌ نێو هه‌ڵگیرێ.
13- ئازادیی عه‌قیده‌ی به‌ سه‌ر هه‌موو سیاسه‌تێکی دا حاکمه‌.
14- هه‌رچه‌نده‌ ئێوه‌ ئازادیخوا بن، هه‌ن جه‌ماعه‌تێکی دی له‌ ئێوه‌ ئازادیخواترن.
15- کوردستان ده‌بێ به‌ ده‌ستی کورد ئازاد بکرێ.
16- ده‌ عه‌ینی ئازادی دا ده‌بێ موقه‌یه‌د بن.
17- روحی میلله‌ت فیدای هیچ که‌س نییه‌، ئه‌رواحی خادمینی میلله‌ت ده‌بێ فیدای میلله‌ت بن.
18- ئێمه‌ ده‌بێ ئینشائه‌ڵاه بێهداری کوردستان ڕاجیع به‌ پاک و خاوێنی که‌ لازم نییه‌ ئه‌من لێره‌ شه‌رحی بده‌م بگه‌یێنینه‌ ئه‌و مه‌قامه‌ی که‌ سه‌یدی کائینات به‌ سوننه‌تی ده‌زانێ.
له‌ ئاخری عه‌رایزی خۆم دا به‌ ده‌نگێکی به‌رز ده‌ڵێم بژی به‌ ژیانێکی ئه‌به‌د پێشه‌وای کوردستان حه‌زره‌تی قازی محه‌مه‌د. بژی قاره‌مانانی کورد.
[ ئه‌م برا پێشمه‌رگه‌ به‌رزه‌ پاش قوتار بوونی وتاره‌که‌ی ئێحساساتێکی بێ ئه‌ندازه‌ی له‌ نێو گوێدێره‌کانی ئیجاد کردبوو و چه‌ند برای خوێن پاکی دیکه‌ش له‌ سه‌ر شانی خۆیان دانابوو و بڵیندیان کردبوو و به‌ نه‌عره‌ته‌ و شریخه‌یه‌کی شێرانه‌ ده‌یان کوت جێژنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له‌ هه‌موو کوردان مباره‌ک بێ و هه‌تا دنیا هه‌یه‌ جێژن و سه‌ربه‌خۆیی کورد هه‌تا هه‌تابێ.
[کۆکه‌ره‌وه‌: سه‌ید محه‌مه‌دی حه‌میدی]

هیچ نظری موجود نیست: