ئه‌م وێنه‌یه‌ش له کاتی سه‌ردانی دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان مودیری نامه‌ی هه‌فته‌یی کووهستان له مهاباد هه‌ڵگیراوه. ڕۆژنامه‌ی کوردستان ڕێپۆرتاژێکی درێژی له‌مه‌ڕ ئه‌و دیداره بڵاو کردووته‌وه.
دانیشتووان له ڕاستهوهبۆ چه‌پ : 1. ئه‌حمه‌دی ئیلاهی [ مام ئه‌حمه‌دی حاجی ئه‌ڵای] وه‌زیری ئابووری، هێمن شاعیری میللی و نووسه‌ری هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میللی کوردستان 3. مه‌نافی که‌ریمی له ڕێبه‌رانی کۆمار و وه‌زیری فه‌رهه‌نگ،4. دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان، مودیری نامه‌ی هه‌فته یی کووهستان و مامۆستای زانکۆ له تاران، 5. سه‌دیقی حه‌یده‌ری له ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی مه‌رکه‌زی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و وه‌زیری ته‌بلیغات، 6. سه‌ید محه‌مه‌دی ئه‌یووبیانی تههازادهی مه‌رکه‌زی له ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی مه‌رکه‌زی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و وه‌زیری له‌شساغی، 7. سه‌رپۆلی 2 مسته‌فا خۆشناو فه‌رمانده‌ی لکی 1ی هێزی بارزانی‌یان له جه‌بهه‌ی سه‌قز. ڕاوه‌ستاوان له ڕاسته‌وه بۆچه‌پ : 1. ڕه‌حیمی له‌شکری ڕه‌ئیسی ده‌فته‌ری پێشه‌وا،2. نه‌ناسراوه، 3.نه‌ناسراوه، 4. عه‌بدولباقی حه‌یده‌ری فارووقی،5. نه‌ناسراوه، 6. سه‌عیدی هومایوون، ئاجودانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و ئه‌ندامی ده‌فته‌ری پێشه‌وا. 7. دڵشادی ڕه‌سووڵی ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی مه‌رکه‌زی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و موعاونی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ،8.سه‌ید ئه‌حمه‌دی سه‌ید ته‌ها فه‌رمانداری کۆمار له نه‌غه‌ده ،9. عه‌لی خوسره‌وی یه‌ک له کادره هه‌ره هه‌ڵسووڕاوه‌کانی کۆمار و سه‌رۆکی سازمانی جه‌وانان،10. سه‌رپۆلی 2 عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد بۆ وت‌و وێژ له گه‌ڵ سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئارا له سه‌قز، 11. ڕه‌حیمی جه‌وانمه‌ردی قازی ئاجودانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و ئه‌ندامی ده‌فته‌ری پێشه‌وا، 12. ڕه‌حمانی ئوه‌یسی ،13.سه‌ربه‌رز [ کاپیتان] خه‌یروڵا عه‌بدولکه‌ریم، 14. نه ناسراوه.
تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه له ئا‌ڕشیڤی تایبه‌تی نه‌مر مه‌نافی که‌ریمی دا بووه و ئێمه به سپاسه‌وه له سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی مان وه‌رگرتووه.
کوردستان ژماره‌ی 85، پێنجشه‌مۆ 21ی خه‌رمانانی 1325 [ی هه‌تاوی]/ 12ی سێپتامبری 1946
كوردێکی به نرخ ئاغای دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان مودیری دانشمه‌ندی نامه‌ی ههفتهگی کووهستان
له ژماره‌ی پێشوو دا خه‌به‌ری هاتنی جه‌نابی ئاغای دوکتور ئیسماعلی ئه‌رده‌ڵان مان نووسی و به‌ڵێنی مان دا که له ژماره‌ی دواییدا ته‌فسیلی هاتن و چه‌ند که‌لیمه‌یه‌ک راجع به شه‌خسییه‌تی ئه‌و زاته و نامه‌ی ههفتهگی یه‌که‌یان بنووسین. ئاغای دوکتور ئه‌رده‌ڵان به ئاره‌زووی سه‌ردان له خاکه پڕ پیت و جوانه‌که‌ی کوردستان و به شه‌وقی چاوپێکه‌وتنی ئازادیخوایانی کورده‌واری مانگێکه له تاران وه‌ده‌رکه‌وتووه. له پێشدا چووبووه محاڵی کولیایی، ماوه‌ت پازده ڕۆژ له دێهاتی کولیایی سه‌قز ڕای بواردووه و له‌وێڕا چووه‌ته شاری سنه، هه‌فته‌یه‌کیش له‌وێ بووه، له‌وێش ده‌گه‌ڵ ئاغای عه‌بباسی ئازادپوور نوێنه‌ری نامه‌ی کوهستان له سنه هاتوونه شاری سه‌قز، هه‌فته‌یه‌کیش له‌وێ ڕاوه‌ستاوه، پاشان ئاغای ئازادپووری له سه‌قز به‌جێ هێشت و بۆخۆی ده‌گه‌ڵ جه‌نابی ئاغای سه‌دری قازی نومایه‌نده‌ی مه‌حبووب و خۆشه‌ویستی مهاباد و ئاغای مه‌نافی که‌ریمی نوێنه‌ری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هاتۆته میاندواو.بۆ ئیحتیرام ئاغای سه‌دیقی حه‌یده‌ری نومایه‌نده‌ی نامه‌ی کوهستان و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ژماره‌یه‌کی دیکه له ئهعزاء و کاربه‌ده‌ستانی حیزب تا میاندواو به پێشوازه‌وه چوون، له وه‌ختی دیتن و موسافه‌حه دا ئاغای سه‌دیقی حه‌یده‌ری نیسبه‌ت به ئاغای سه‌دری قازی و ئاغای ئه‌رده‌ڵان محهبهتێکی له‌ئه‌ندازه به‌ده‌ری هه‌یه و به ڕێکه‌وت کوڕێکی 3 ساڵه‌ی خۆی ده‌گه‌ڵ بوو و کوتی: لێره ته‌نیا ئه‌و کوڕه جگه‌ر گۆشه‌م حازره ئه‌گه‌ر ئیجازه ده‌فه‌رموون به ئیحتیڕامی ئێوه بیکه‌م به قوربانی. ئه‌وانیش زۆر به محهبهتهوه وه‌ڵامیان داوه و سوپاسیان لێکرد.جه‌نابی ئاغای سه‌دری قازی به ڕێگای ئازه‌ربایجاندا گه‌ڕاوه بۆ تاران و ئاغای دوکتور ئه‌رده‌ڵان ده‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌کانی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی به‌ره‌و مهاباد هاتبوون. ئاغای دوکتور هه‌ر که گه‌یشتبووه قه‌راخ شاری ژماره‌یێکی زۆر له کاربه‌ده‌ستان و روئه‌سای ئیدارات و خه‌ڵکی مهاباد به پیریه‌وه چوون و زۆربه ئیحتیڕام واردی عیماره‌تی ده‌فته‌ری پێشهوائیان کرد و له سه‌عات 18 وه تا سه‌عاتی 20 ده‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌کانی حیزب خه‌ریکی گفتوگۆ بوون.پاشان بۆ په‌زیرایی و ئیستیراحه‌ت چووه مه‌نزڵی ئاغای سه‌دیقی حه‌یده‌ری و ئێمه‌ش سه‌عات 30، 21 که هاتنی ئاغای دوکتورمان زانی بێ ئیختیار بۆ مه‌نزڵی ئاغای حه‌یده‌ری چووین و میوانی خۆشه‌ویست و مهحبووبمان که زۆر له مێژ بوو ئاره‌زوومان ده‌کرد زیاره‌ت کرد و ماوه‌ی دووسه‌عات له خسووس ڕۆژنامهنگاری و ئه‌ده‌بییاتی کوردییه‌وه گفتوگۆیان بوو. به‌یانی جه‌نابی ئاغای سه‌یفی قازی فه‌رمانداری مهاباد و ئه‌ندامه‌کانی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی و ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانی و روئه‌سای ئیدارات و ته‌به‌قاتی ئه‌هالی دهیدهنییان لێ کرد.
جه‌نابی ئاغای دوکتور ئیسماعیلی ئه‌رده‌ڵان پیاوێکی موته‌وازیع و موئه‌ده‌ب و ویقاره.له قسه کردندا مه‌تین و ئارامه، له لوغهز زۆر خۆی ده‌پارێزێ.فازل و دانشمهنده له ته‌مه‌نی 33 ساڵیدایه. شه‌ش ساڵ و نیو له پاریس پایته‌ختی فه‌ڕانسه خوێندوویه‌تی و ئێستا خاوه‌نی ئیمتیاز و مودیری مه‌سئوولی نامه‌ی ههفتهگی کوهستانه و له دانشکه‌ده‌ی دام پزشکی تاران دا سیمهتی ئوستادی هه‌یه. ئاغای دوکتور وه‌ک قه‌ڵه‌می شیرینه بۆ خۆشی له‌به‌ردڵان و خۆشه‌ویسته. کاتێ له 7ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1323 دا هه‌وه‌ڵ ژماره‌ی نامه‌ی کوهستانی بڵاو کرده‌وه خۆی و مه‌قامی هه‌ڵکه‌وتووی به هه‌موو کوردێک ناساند و خۆشه‌ویستی خۆی له دڵی هه‌موو کوردێک دا جێ کرده‌وه. نامه‌ی کوهستان شۆڕشێکی سه‌ر لێ سوڕماوی خسته دڵی کوردانه‌وه و تا شه‌ش مانگ بێ وچان له لایه‌ن پیاوان و یایانی نوقاتی کوردستانه‌وه چه‌ند سه‌د به‌ڵکوو چه‌ند هه‌زار نامه‌ی پیرۆزبایی به ده‌فته‌ری نامه‌ی کوهستان گه‌یشت.لاپه‌ڕه‌کانی شه‌ش مانگه‌ی هه‌وه‌ڵی کوهستان شایه‌دی ئه‌م ئیدیعایهمانه. نامه‌ی کوهستان پاش ساڵه‌ها بێهۆشی و بێده‌نگی له ده‌مێکدا که تاران کانوونی ئیرتیجاع بوو ، نێوی کوردی زیندوو کرده‌وه‌له وه‌ختێکدا که له تاران نێوی کورد به زمان دا هێنان گوناهێکی نه‌به‌خشراو بوو، نێوی کوردستانی به‌رز کرده‌وه.
کوهستان هه‌ر که بڵاو بووه‌وه له گه‌ڵ بتی ئیرتیجاع له کوردستاندا ده‌ستی کرد به شه‌ڕ کردن و توانی یه‌کێ له‌و بتانه‌ی که داوای خوداوه‌ندی کوردستانی ده‌کرد و خوێنهای ڕشت، ماڵانی کاول کرد له به‌رامبه‌ر گه‌وره‌یی گیانی کوردان‌دا به سوجده‌ی دا خست و له کوردستانی پاک کرده‌وه. ئاغای ئه‌رده‌ڵان به هۆی نامه‌ی کوهستانهوه خزمه‌تێکی زۆری به کورد و کوردستان کردووه و تیشکی نامه به‌رزه‌که‌ی ڕۆژبه‌ڕۆژ ڕووناکتر و به تین تر ده‌بێ، و هه‌موو کوردێک له قووڵایی دڵه‌وه خۆی و نامه‌که‌ی خۆش ده‌وێ.
قه‌رار وایه هه‌فته‌یه‌ک له مهاباد ته‌شریفیان بمێنێ.پیرۆزی ئاغای دوکتور ئه‌رده‌ڵان و پێشڕه‌فت و سه‌رکه‌وتنی نامه‌ی ههفتهگی کوهستان له ژێر مودیرییه‌تی مه‌حبووبی دا له خودای به‌رز و بێ هاواڵ داوا ده‌که‌ین.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر