سه‌ید پیره‌ی نیزامی سه‌رۆکی شاره‌وانی [پۆلیس] ناوه‌ندی کۆماری کوردستان
له ڕاسته‌وه بۆچه‌پ : سه‌ید خدری [ پیره] نیزامی ، سه‌ید خدری قوڕه‌یشی ، مه‌ولوودی ویقاری [مه‌ولوودی حه‌مامچی]، ، محه‌مه‌د ڕه‌سووڵی ناڵبه‌ندی، سه‌ید ڕه‌حیمی نیزامی ، ساڵی 1322 ی هه‌تاوی
تێبینی : وێنه‌ی یه‌که‌م به سپاسه‌وه له یه‌کێک له کاره‌کانی لێکۆله‌ره‌وه‌ی کورد سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی . وێنه‌ی دووه‌م به سپاسه‌وه له لاپه‌ڕه‌ی که‌ونه نیشتمانی گۆواری "مهاباد" که له لایه‌ن فه‌ره‌یدوونی حه‌کیم زاده‌وه ئاماده ده‌کرێ ، ژماره‌ی 84 ، مارسی 2008 وه‌رگیراوه. سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دیش که‌ئه‌و وێنه‌یه‌ی بڵاو کردووه‌ته‌وه ده‌نووسێ" ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌ید پیره له گه‌ڵ هێندێک له دۆستانی به‌ر له مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1320ی هه‌تاوی هه‌ڵگیراوه. به پێی ئاگادارییه‌ک که گۆواری مهاباد له ژێر وێنه‌که‌ی نووسیوه سه‌ید پیره‌ی نیزامی له به‌فرانباری ساڵی 1352ی هه‌تاوی له ته‌مه‌نی 60 ساڵی دا له مهاباد ماڵاوایی له ژیان کردووه.
ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره 22 ، دووشه‌مۆ 13ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324 [ی هه‌تاوی]/ 4ی مارسی 1946ی زایینی
شاره‌وانی
شاره‌وانی ئیدارێکه ڕاگری ئاسووده‌یی خه‌ڵکی و ئه‌منییه‌تی نێو شاره. ماڵ و نامووسی خه‌ڵکی ده‌ده‌ست شاره‌وانیدایه یانی شاره‌وانی پێی ئه‌سپێردراوه که به ڕۆژ ئه‌م دوو گه‌وهه‌ری ژیانی خه‌ڵکییه له ده‌ستدرێژی ده‌ست درێژان و تهبههکاران و به شه‌و له پارێزی دزان و نا بهکاران بپارێزێ، له کاتێکدا ماڵ و منداڵی خه‌ڵکی ده تاریکایی شه‌وێدا ده خه‌وی خۆش ڕۆده‌چن پاسه‌وانی شاره‌وانی ده کووچه و کۆڵان و قوژبناندا له دزان و نائههلان هه‌ست ڕاده‌گرێ، به هومێدی پاسه‌وانی شاره‌وانییه شه‌وێ که خه‌ڵک ده‌نوون ماڵی خۆیان بێ سه‌رپه‌رست به جێ دێڵن. کاربه‌ده‌ست و پاسه‌وانی شاره‌وانی وه‌کوو له دونیای موته‌مه‌دین دا دابه ده‌بێ له پاکان و دینخاوێنانی مه‌ردوم هه‌ڵده‌بژێردێن و زۆر به گه‌وره ته‌ماشا بکرێن.
ڕۆژی 10-12-1324 ئه‌من که نووسه‌ری ئه‌م وتاره‌م بۆ سه‌ردان چوومه ئیداره‌ی شاره‌وانی کوردستان که ئیدارێکی تازه دانراوه، ویستم له چلۆنایه‌تی ئه‌م ئیداره که نیگه‌هبانی ماڵ و نامووسی هه‌موو که‌سه ئیتیلاعات وه چه‌نگ بێنم، ده‌رو ژووری هه‌موو وهتاغهکان گه‌ڕام، له‌م کاته‌دا تاڵان و بڕۆی عه‌سری پیاوی خوێنخۆر و خوێنمژ و خوێنڕێژم وه‌بیرهاته‌وه که ده‌و ده‌وره دا کۆمه‌ڵێک له تریاک کێشان و ئاره‌ق خۆران و دز و جه‌ردان کۆ ده‌بوونه‌وه چه‌ند وه‌تاغ به ئه‌نواعی زینه‌ت که هه‌مووی خوێنی خه‌ڵکی بوو دارودیواری ڕهنگاندبوو ، ڕازابوونه‌وه و نائههلان و ڕێگران به نێوت کاربه‌ده‌ست تێیدا دانیشتبوون و گه‌لێک له ده‌ڵاڵان و خهڵکناسانی بوومی که له وان زۆر خه‌راپتر بوون ده‌وره‌یان دابوون، له هه‌ر وهتاغێکدا کاغه‌ز و په‌روه‌نده و پووشه به تۆن هه‌ڵدرابووه‌وه پۆل پۆل توجاڕ، که‌سه‌به، ڕوحانیان، مه‌زنانی کوردستانیان بۆ ئه‌و قه‌سابخانه ڕاده‌کێشا تووشی جه‌ریمه،لێدان، سووکایه‌تییان ده‌کردن. بۆچی وا بوو ؟
چونکوو له‌و عه‌سره نامبارهکه دا له شا ڕابگره تا وه‌زیر و له وه‌زیر ڕا تا کاربه‌ده‌ستێکی چکۆڵه هه‌موو بۆ قازانجی خۆیان کاریان ده‌کرد و هه‌موو ده‌مێ له پارێز دابوون که چلۆن که‌سێک وه‌چه‌نگ بێنن و درۆیه‌کی بۆ هه‌ڵبه‌ستن و یا به نێوێکی دی بیگرن. تێکڕا شه‌ریکی دز و ڕه‌فیقی قافله بوون. پیاوی زۆر گوناهکار به پووڵێکی که‌م خه‌ڵاسی ده‌هات، ئه‌گه‌ر به ڕێکه‌وت به‌ندی گوناهکارێکیان توند کردبایه بۆ ئه‌وه بوو پووڵیان پێوه شک ده‌برد و ده‌یانه‌ویست تا بگونجێ پتری لێ بستێنن.
ده‌گه‌ڵ بوونی ئیداره‌ی شاره‌وانی و ئه‌منییه و هه‌نگ که ڕووی هه‌م نیزیکه‌ی چوارهه‌زار نه‌فه‌ر خاوه‌ن ئه‌سله‌حه که گشت ته‌نیا بۆ ڕاگرتنی ئه‌منییه‌ت و پاسه‌وانی میلله‌ت ڕاگیرابوون دیسان نه‌یان ده‌توانی ده خودی شاریش دا پێش به دزی و ماڵ بڕین بگرن، چونکوو خوو و ڕه‌وشیان به جارێ فاسد ببوو ، باوه‌ڕیان به ته‌واوه‌تی له سه‌ر دزین و تریاک کێشان و ئاره‌ق خواردنه‌وه کۆ ببووه‌وه، شه‌رافه‌ت، دین و ئینسانییه‌ت له‌م بێ شهرهفانهدا به جارێ باری کردبوو و پووڵپهرهستییان به دهرجێک بوو که له پهنابادێکیش گیر بوون و ئه‌نجامی وه‌زیفه ده‌و عه‌سره گڵاوه دا ته‌نیا کاغهزپهڕین و کاغه‌زبازی بۆ چکۆڵه‌ترین کاری به قازانجی جامیعه و فه‌رد به جێ نه‌ده‌هات.میلله‌ت به ته‌واوی په‌رێشان و سه‌رلێشێواو بوو، ڕێی ڕزگاری بۆ جێگایه‌ک نه‌ده‌برد و هێندێک سه‌ری ناهومێدیان به‌ردابۆوه و ته‌سلیمی قه‌زا و قه‌ده‌ر بوون و بڕێکیش له به‌یندا مابوونه‌وه و چاوه‌نۆری کولاوکهیهکی ده‌رفه‌ت بوون که لێرا ڕزگار بن.
له شاره‌وانی کوردستان چم دیت ؟
ده‌ر و ژووری شاره‌وانیم ده غایه‌تی نهزافهت و سادهگی دا دیت و کاربه‌ده‌سته‌کان و پاسه‌وانه‌کان بێ فه‌رق و جودایه‌تی به وه‌خت و بێ وه‌خت خه‌ریکی کارن. دیسیپلین به ته‌واوی مانا به‌رقه‌راره. له وهتاغهکان دا چه‌ند مێز دانرابوون و هه‌ر یه‌که بێجگه‌له ده‌وات و قه‌ڵه‌م یه‌ک دوو په‌روه‌نده‌یان له سه‌ر بوو. له ماوه‌ی نیو سات دانیشتن‌دا دوو سێ که‌س هاتنه ئیداره دیاربوو کاریان بووه و شاره‌وانی بۆی پێک هێناون.کاره‌کان گه‌لێکیش موهیم بوون که له ده‌وره‌ی تاریکیدا یا جێبه‌جێ نه ده‌بوون یا پاش پێنج ساڵ هاتوو چوو و دوو موقابیل خه‌رج پێک ده‌هات.
وا دیاری ده‌دا که له‌م ئیداره دا بێجگه‌له کاری زه‌رووری کاغه‌زبازی نه‌بووته داب، کاری زل زۆر به هاسانی جێ به جێ ده‌بێ، چونکوو هه‌موو شتێ له ڕووی حه‌ق و حه‌قیقه‌ته‌وه یه، که‌س گله‌یی نییه و هه‌موو که‌س بۆ ئه‌وان فه‌رمانبه‌رداره. سه‌رۆکی شاره‌وانی ئاغای سه‌ید خزر ( سه‌ید پیره ) یه. ئه‌م ئاغایه سێ ساڵه کاربه‌ده‌ستی ئه‌منییه‌تی مهاباده و له ده‌وره‌ی چه‌ند ساڵ کاربه‌ده‌ستی وی‌دا کاری ناحه‌ز نه‌قه‌وماوه. و ئێستاش خۆی و ته‌واوی هاوکاره‌کانی له ڕووی وه‌زیفه ناسییه‌وه به شه‌و و ڕۆژ بێجگه‌له ساتی خه‌و و ئیستراحه‌ت بێ وچان خه‌ریکی پێک هێنانی کار‌و باری خه‌ڵکین و هه‌موو شایسته‌ی قه‌درزانین. له حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ده‌خوازین له لابردنی ناته‌واوی ئه‌م ئیداره که سه‌رچاوه‌ی ژیانی خه‌ڵکییه له‌وه‌ی زیاتر چاوه‌نۆڕی بفه‌رموون و کاربه‌ده‌ستانی شاره‌وانیش له پێشکه‌وتنی کاروباری ئیداری، ئینتیزامات، پێک هێنانی کاری خه‌ڵکی له ڕووی ڕاستی و حه‌قانییه‌ت، ڕاگرتنی ئه‌منییه‌ت، حوسنی ئه‌خلاق، ڕێ‌و شوێنی چاک، موراعاتی ئینتیزامات و دیسیپلین له‌وه‌ی که هه‌یه زیاتر ته‌وه‌جوه بکه‌ن و بزانن : که به‌شه‌ر گیاندارێکی موعجیزه‌یه و ده‌توانێ له هه‌موو کارێک دا ئیعجاز بنوێنێ و له هه‌موو لکه‌کانی شاره‌وانی کوردستانیشمان ده‌وێ که ڕه‌فتار و کرداری شاره‌وانی ناوه‌ندی بکه‌نه سه‌رمه‌شقی بزووتنه‌وه و کار‌و باری خۆیان.
سه‌یید محه‌مه‌د حه‌میدی
ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ی 24، چوارشه‌مۆ 22ی ڕيشهمهی 1324ی هه‌تاوی/ 13ی مارسی 1946
نامه‌ی سه‌ید پیره‌ی نیزامی سه‌رۆکی شاره‌وانی [ پۆلیس ] کوردستان
" مودیری خۆشه‌ویستی ڕۆژنامه‌ی کوردستان
ڕۆژنامه‌ی کوردستان که ئه‌ستێره‌ی خۆشبه‌ختی و ڕۆژی هاتی نه‌ته‌وه‌ی کورده و بۆته مایه‌ی ڕووناکی بیری نیشتمانپه‌روه‌رانی کوردستان و برووسکه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره و ڕووناکی ئه‌و ڕۆژه ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت ڕاپه‌ڕاندووه و بۆ داوای حه‌قی میللی خۆیان به وه‌سیله‌ی ئه‌و ڕۆژنامه به‌ڕێزه مله ده‌که‌ن به تایبه‌تی که چاومان به ژماره 22ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان که‌وت که به درێژی باسی له پێک هێنانی کاری شاره‌وانی و چاکی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ئیداره کردووه سوپاستان لێده‌که‌ین. هه‌ڵبه‌ته ته‌واوی ئه‌فرادی کورد له هه‌موو کاتێکدا بۆ پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی ئارمانی میللی تا سنووری ئیمکان تێده‌کۆشین و کاربه‌ده‌ستانی شاره‌وانی ئه‌نجامی کاریان لا وایه وهزیفێکی ویجدانی و میللی یه بۆ پێک هێنانی ئه‌و کاره وه ئه‌منییه‌تی ناو شار وه ڕێک و پێک کردنی هه‌ڵسووڕانی کاری کوردستان به گیان و دڵ حازرن له ژێر سێبه‌ری پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردستاندا چاکتر هه‌ڵسووڕێ. ههویامان وایه ئه‌و نووسراوه‌ی که له جوابی ژماره 22 به‌رواری 24.12.13 دا نووسراوه له ڕۆژنامه‌ی به‌رز دا چاپی بفه‌رموون و له خاتمه‌ی ئه‌و نووسراوه دا ده‌ڵێم، بژی به ژیانێکی ئه‌به‌د سه‌رۆکی کورد و کوردستانی مه‌زن.
سه‌رۆکی شاره‌وانی کوردستان _ نیزامی
ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ی 59، دووشه‌مۆ 27ی جۆزه‌ردانی 1325 [ی هه‌تاوی ] / 18ی ژوه‌نی 1946
" پێ ڕاگه‌یشتن به شاره‌وانی
چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر حه‌زره‌تی پێشه‌وای کوردستان پێش نیوه‌ڕو ته‌شریفی بۆ پێڕاگه‌یشتن چوو بووه ئیداره‌ی شاره‌وانی له کاتێکدا که هه‌موو کارمه‌نده‌کان له سه‌ر کار ده‌بن ئاغای ڕه‌سووڵی کوردپوور به پێشوازه‌وه دێ و چلۆنه‌تی شاره‌وانی عه‌رز ده‌کا و له خدمهتیدا هه‌موو وهتاغهکان ده‌گه‌ڕێ و به دوستاخانه و دوستاخان ڕاده‌گا و ئه‌مری ئازادی شه‌ش که‌س له دوستاخهکان سادر ده‌فه‌رموێت، له کاتێکدا که ئاساری خۆشحاڵی له نێو چاوانی ده‌بیندرا موراجه‌عه‌تی فه‌رموو.
به‌شێک له قسه‌کانی میرزا محه‌مه‌دئه‌مینی مه‌نگوڕی سه‌باره‌ت به زیندانی شاره‌وانی حکوومه‌تی کوردستان
"..... جا له‌و کاته‌ی که من چوومه زیندان [50] به‌ندی له زیندانه‌که‌دا بوون له تاوانه‌کانم پرسین 38 که‌سیان وه‌ڵامیان دایه‌وه و وتیان ئێمه ژنمان هه‌ڵگرتووه، له سه‌ر ژن هه‌ڵگرتن گیراوین. چونکه " پێمان له کلکی گوێره‌که" ناوه. به مانا یاسا و ده‌ستووری حاجی بابه شێخ مان شکاندووه.
10 نه‌فه‌ریش وتیان له سه‌ر ڕاپۆرتی ..... گیراوین. گوایا هه‌رکه‌سێ له عێراقه‌وه بێته سابڵا‌غ ته‌رجه‌مه‌ی حاڵی ئه‌و که‌سه له کاک.... ئه‌پرسن. ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌ی گوت ئه‌یان ناسم پیاوی باشن، ئه‌وا ئهگیرێو له زیندان ئه‌مێننه‌وه هه‌تا ئه‌نووسرێ بۆ عێراق و له عێراقه‌وه ڕاپۆری خاوێنییان دێ بۆ سابڵا‌غ ئه‌و حه‌له به‌ره‌ڵا ئه‌کرێن.
جا ئێمه له‌و که‌سانه‌ین که ...... نامان ناسێ. 2 نه‌فه‌ریشیان له سه‌ر قه‌رز به‌ندی کرابوون.
زۆربه‌ی به‌ندییه‌کان مانه‌وه‌یان له 4 و 5 مانگ تێپه‌ڕی کردبوو، داد و داخوازیان به هیچ لایێ ڕا نه‌گه‌یی و له‌و مه‌ودایه‌شدا که‌س هیچی لێ نهپرسیبوون.
سه‌ید پیره‌ی مودیری زیندان ڕۆژێ نه‌فه‌ری یه‌ک تومانی جیره‌به‌ندی ئه‌دانێ. هه‌موو خواردن و ڕابواردنێکیان برێتی بوو له‌و تومانه، جا به کاڵی یا به کوڵاوی ،هه‌ر ئه‌و تومه‌نه بوو که 50 فلسی عێراقی ئه‌گرێته‌وه .....
جا له مه‌ودای ئه‌و 16 ڕۆژه دا سکاڵام بۆ 38 نه‌فه‌ری ژن هه‌ڵگرتوو نووسی. به زۆر وێنه‌ی قانوون و عورف و ده‌ستوور سکاڵاکانم ئهڕازاندهوهو به هۆی سه‌ید پیره ڕه‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تی ئه‌کران.خۆشبه‌ختانه نه‌سه‌قی داواکان ئه‌که‌وتنه به‌ر چاوی لێپرسه‌کانی شه‌رع و دادستێن، هه‌ر 38 که‌سیان به‌ره‌ڵا کران، به‌ڵام تا ئه‌و ماوه‌یه ده‌ستووره‌که‌ی حاجی بابه‌شێخیش نه‌ختێ سارد بوبووه‌وه. پتر ئه‌وه بوو به هۆی به‌ربوونیان نه‌ک هه‌ر ته‌نیا نووسینه‌کانی من.
به‌ڵام 10 نه‌فه‌ره‌که‌ی که له لایه‌ن ...... گیرابوون هیچیانم بۆ به‌ره‌ڵا نه‌کران چونکه به توهمه‌تی سیخوڕی و سیاسه‌ت گیرابوون و له حیزبی ' پارت و تهحهڕوڕ' پرسیان بۆ کرا بوو.مانه‌وه‌یان له سه‌ر وه‌ڵامی حیزبه‌کان ئاوا دوا که‌وتبوو ..." " به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له 1914وه هه‌تا 1958، به‌شی یه‌که‌م، سوید 1999" لاپه‌ڕه‌ی 141، 142، 143
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر