۱۳۸۷ فروردین ۲۹, پنجشنبه

سه‌رپۆلی2 عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز وچاوپێکه‌وتنی سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئاڕا دوای سه‌رکه‌وتنی هێزی کوردستان له‌ شه‌ڕی قاره‌وا



سه‌رپۆلی2 عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز
" ڕۆژنامه‌ی كوڕدستان ژماره‌ی 53، دووشه‌مۆ 13ی جۆزه‌ردانی 1325[ی هه‌تاوی]/ 4ی ژووه‌نی 1946

نوێنه‌ره‌کانی کوردستان و تاران له‌ سه‌قز


رۆژی یه‌کشه‌مۆ 5 – 3 – 25 هه‌یئه‌تی نومایه‌نده‌گانی حکوومه‌تی کوردستان گه‌یینه‌ سه‌قز. لای ڕۆژئاوا سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئاراش له‌ گه‌ڵ سێ نه‌فه‌ر نومایه‌نده‌گانی ئازه‌ربایجان: 1- ئاغای جه‌وده‌ت وه‌زیری کار 2- ئاغای عه‌لی خاده‌ موفه‌تیشی مه‌خسووسی جه‌نابی پیشه‌وه‌ری3- ئاغای ئازه‌رپادگان فه‌رمانداری مه‌راغه‌ له‌ تارانه‌وه‌ واردی سه‌قز بوون، سه‌عاتێک له‌ شه‌و چووبوو جه‌له‌سه‌ له‌ مه‌نزڵی سه‌رتیپ هومایوونی ته‌شکیل بوو، موزاکه‌ره‌ تا سێ سه‌عات و نیو توولی کێشا:
1- سه‌رهه‌نگ 2 عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز بۆ کردنه‌وه‌ی جه‌له‌سه‌ به‌ زمانی کوردی به‌یاناتێکی زۆر باشی کرد که‌ جومله‌ به‌ جومله‌ به‌ زمانی فارسی ته‌رجومه‌ ده‌کرا.بینای ئه‌و به‌یاناته‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ زۆر جێی خۆشوه‌ختییه‌ له‌گه‌ڵ برایانی ئازه‌ربایجانی دا دۆستێکی مه‌حکه‌م و برایه‌تێکی ته‌واومان بۆ حاسڵ بووه‌ و له‌م جه‌له‌سه‌ش دا وا دیاره‌ که‌ برایانی فارس مه‌یلیان له‌ سه‌ر حوسنی ته‌فاهومه‌ که‌ ته‌قازایان کردووه‌ ئه‌مه‌ بێینه‌ سه‌قز و ئاغای سه‌رله‌شکریش بۆ موزاکه‌رات له‌ تارانه‌وه‌ هاتۆته‌ ئێره‌.تائێستا که‌ دوو برای ئازه‌ربایجانی و کورد ده‌ستیان پێک دابوو،هه‌ویامان هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ برایانی فارسیش دا له‌ سه‌ر ئه‌سڵی برایه‌تی مووافه‌قه‌ت حاسڵ ببێ و ببینه‌ سێ برا.
2- ئاغای سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئارا له‌ پاش به‌یاناتی برای خۆشه‌ویست کاک عێزه‌ت مه‌نزووری جه‌له‌سه‌ی به‌یان کرد که‌ چونکوو به‌م زووانه‌ دووباره‌ موزاکه‌راتی به‌ینی ده‌وڵوتی مه‌رکه‌زی تاران و نومایه‌نده‌گانی ئازه‌ربایجان و کوردستان ده‌ست پێده‌کرێته‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ که‌ موزاکه‌ره‌ له‌ سه‌ر ئه‌سڵی حوسنی ته‌فاهوم سه‌ر بگرێ وا به‌چاک زانرا که‌ ئه‌م مه‌جلیسه‌ لێره‌ ته‌شکیل ببێ و کارێکی قا بکه‌ین له‌ ته‌واوی جه‌بهه‌ دا تا دوایی موزاکه‌ره‌ ئارامی به‌رقه‌رار بێت.
3- سه‌رهه‌نگ 2 کاک عێزه‌ت جوابی داوه‌ که‌ ئه‌سڵی هاتنت ئێمه‌ له‌ سه‌ر ئیعتیبارنامه‌یه‌که‌ به‌ ئه‌مه‌ دراوه‌ و ئه‌وه‌یه‌ که‌ سابیت بکرێ شه‌ڕی قاره‌وا، به‌رواری ( 9ی بانه‌مه‌ڕ ) هه‌وه‌ڵ جار حه‌مله‌ له‌ ته‌ڕه‌ف کێوه‌ بووه‌، جا له‌ سه‌ر ئه‌م ئه‌سڵه‌ چه‌ندین ده‌لیلی به‌یان کرد له‌وانه‌ یه‌کێک ئه‌وه‌ بوو : به‌ هه‌موو قاعیدێکی حه‌ڕبی هه‌میشه‌ ته‌له‌فات له‌ عیده‌ی موهاجیم زیاتر ده‌بێ، چون له‌ عیده‌ی نیزامی ئێران له‌و شه‌ڕه‌ دا ته‌له‌فاتێکی زۆر بووه‌ و له‌ عیده‌ی ئه‌مه‌ یه‌کێک خوێن له‌ قامکی نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ خۆی ده‌لیله‌ که‌ عیده‌ی نیزامی ئێران حه‌مله‌ی کردووه‌ بۆیه‌ لێیان ته‌له‌ف بووه‌، ئه‌مما هی ئێمه‌ چون له‌ سه‌نگه‌ری خۆیان دا بوون گولله‌ نه‌یگرتوون. ده‌لیلێکی دی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌سیرانی خۆتان که‌ له‌ مهاباد و ته‌ورێزن بپرسن تا لێتان مه‌علووم بێت که‌ نیزامی ئێران حه‌مله‌ی کردووه‌.
سه‌رتیپ هومایوونی کوتی: من عیده‌یه‌کم بۆ شیمالی سه‌قز ناردبوو ئه‌مما نه‌چووبوونه‌ خاکی مهاباده‌وه‌، له‌و سووڕه‌ته‌ دا ئه‌وه‌ به‌ حه‌مله‌ مه‌حسووب نییه‌.
سه‌رهه‌نگ 2 کاک عێزه‌ت له‌ جوابی دا وتی: سه‌قز و مهاباد له‌ یه‌ک جوێ نین، هه‌ر دووک خاکی کوردستانن،هه‌ر کوێ کوردی لێیه‌ ئێمه‌ به‌ هی کوردی ده‌زانین. له‌و به‌ینه‌ دا برای خۆشه‌ویست کاپیتان سه‌عیدزاده‌ له‌ سه‌ر دوو سێ مه‌تڵه‌بی دی له‌ قه‌بیلی فڕینی ته‌ییاره‌ و هێند شتی دی پیله‌ی به‌ سه‌رتیپ هومایوونی گرت، چون سه‌رتیپ هومایوونی ده‌لیلی حه‌قی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو ناچار له‌ مه‌جلیس وه‌ده‌ر که‌وت، ئیدی نه‌هاته‌وه‌.له‌ ئاخر دا ئاغای سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئارا ئیقراری کرد که‌ له‌وه‌ دا عیده‌یه‌ک له‌ سه‌قزه‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ سه‌ر عیده‌ی کوردستان هیچ قسه‌ی تێدا نییه‌، مه‌وزووعی حه‌مله‌ به‌و جۆره‌ له‌ جه‌له‌سه‌ی ڕه‌سمی دا مه‌علووم بوو که‌ خه‌تای نیرووی ئێران بووه‌.
4- مه‌وزووعی به‌رقه‌راری ئارامی له‌ جه‌بهه‌ دا له‌ پاش گفتوگۆیه‌کی زۆر و موتاله‌عه‌ی نه‌خشه‌جاتی نیزامی ئێران به‌ ئیتیفاقی ئاراء قه‌رار کرا تا ته‌واو بوونی موزاکه‌ره‌ هیچ لایه‌ک حه‌قیان نییه‌ بچنه‌ پێشه‌وه‌، ده‌بێ هه‌ر که‌س له‌ هه‌ر جێیه‌ک هه‌یه‌ ڕابوه‌ستێ و هیچ لاش حه‌قیان نییه‌ ته‌قه‌ بکه‌ن.زیمنه‌ن سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئارا ته‌قازای کرد که‌ هێزی کوردستان چوار هه‌زار گه‌ز له‌ ده‌وره‌ی سه‌قز دووره‌وه‌ که‌ون و سێ هه‌زار گه‌زیش له‌ سه‌ر جاده‌ی به‌ینی بانه‌ و سه‌قز بکشێنه‌وه‌ و بۆ لای خۆراوا، تا نیزامیانی ئێران بتوانن به‌ ئازادی بۆ عیده‌ی بانه‌ و میره‌دێ ئازوخه‌ به‌ڕێ بکه‌ن و له‌ موقابیل دا ئیمزایان دا که‌ ته‌ییاراتی ئه‌وان هه‌ر به‌ سه‌ر جاده‌ دا حه‌قی حه‌ره‌که‌تی ببێ و عه‌لاوه‌ سێ نه‌فه‌ر نومایه‌نده‌ی خۆمان هه‌میشه‌ له‌ سه‌قز و بانه‌ و سه‌رده‌شت دا هه‌بێ و نازری کاری ئه‌وان بن که‌ عیده‌ و موهیمات بۆ ئه‌و سێ نوخته‌ له‌ ته‌ڕه‌ف ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ به‌ڕێ نه‌کرێ، ئه‌مما ئه‌گه‌ر عیده‌یان بۆ عه‌وه‌زکردنی نه‌فه‌راتێک که‌ واده‌ی خزمه‌تیان ته‌واو بووه‌ بێت مانیع نه‌بن. ئه‌و مه‌وزووعه‌ به‌ مه‌قاماتی به‌رزی مه‌رکه‌زی خۆمان عه‌رز کرا له‌ جواب دا فه‌رموویان که‌ له‌ سه‌ر ئه‌سڵی ئیحتیڕامی دوو ته‌ڕه‌فی ئێمه‌ هه‌رچه‌ند بکشێینه‌وه‌ دواوه‌، نیزامیانی ئێرانیش هه‌ر به‌و قه‌راره‌ ده‌بێ بکشێنه‌وه‌ دواوه‌،ده‌نا غه‌یره‌ مومکینه‌ و هه‌ر جێیه‌ک که‌ ئیشغاڵمان کردووه‌ هه‌ر له‌ ده‌ست ئێمه‌ دا ده‌بێ و جاده‌ش به‌ جێ ناهێڵین.هه‌ر به‌و جۆره‌ له‌ جه‌له‌سه‌ی ڕه‌سمی دا به‌ ئاغای سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئارا جواب دراوه‌.
5- له‌ موده‌تی 38 سه‌عات که‌ ئێمه‌ له‌ سه‌قز بووین فه‌رمانده‌ی نیزامیانی ئێران چه‌ند جار هاواری بۆ ئێمه‌ نارد که‌ ئه‌وا له‌ میره‌دێ شه‌ڕه‌ وه‌رن مه‌هێڵن، ئه‌وا جاده‌ی به‌ینی سه‌قز و سنه‌ هێزی کوردستان داگیری کرد بچن بیان گێڕنه‌وه‌.تا وابوو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵن ته‌قه‌ بکرێ نوێنه‌ره‌کانی کوردستان له‌ ماشێن دا که‌ به‌یداغی شه‌هامه‌تی کوردستانی له‌ سه‌ر ده‌له‌راوه‌ له‌ سه‌قزه‌وه‌ به‌ سه‌ر جاده‌ی بانه‌ دا هاتینه‌ حه‌ڕه‌که‌ت و له‌ پشت سه‌ری ئه‌وانه‌وه‌ ماشێنی نیزامیانی ئێران که‌ یه‌کێک له‌ نقمایه‌نده‌گانی و دوو سه‌رهه‌نگی تێدا بوو له‌ ژێر په‌ناه و حیمایه‌تی به‌یداغی به‌رزی کوردستان دا هێواش هێواش به‌ دوای ئێمه‌ دا ده‌هات، له‌ ئاییچی، له‌ ته‌مووغه‌، له‌ به‌له‌جه‌ڕ و له‌ ئه‌غڵه‌بی کێو به‌ چاوی خۆیان عیده‌ی مونه‌زه‌می پێشمه‌رگان و سه‌رکردانی کوردیان ده‌دی که‌ چۆن له‌ که‌ماڵی شه‌هامه‌ت و بێ باکی دا ئه‌و جێیانه‌یان داگیر کردووه‌ و مونته‌زرین به‌ مه‌حزی سادربوونی فه‌رمان قه‌لبی دوژمن هه‌ڵدڕن.
یه‌کێک له‌ نوێنه‌ره‌کان، ئیبراهیمی سه‌لاح
تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ زۆر سه‌رچاوه‌ی سه‌باره‌ت به‌ میژووی کۆماری کوردستان بڵاو کراوه‌ته‌وه‌

هیچ نظری موجود نیست: