سه‌فه‌ری قازی محه‌مه‌د بۆ تاران بۆ دیدار له گه‌ڵ قه‌واموسه‌لته‌نه
پووشپه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی ڕێوایه‌تی دووه‌م، دوکتور هاشمی شیرازی
" دیداری قازی محه‌مه‌د له گه‌ڵ ئیحسان نووری پاشا
قازی محه‌مه‌د له سه‌ر بانگهێشتنی قه‌واموسه‌لته‌نه له ڕۆژی پێنجه‌می پووشپه‌ڕی 1325 [ 27ی ژوه‌نی 1946ی زایینی] هاته تاران. له ویلای ژماره پێنجی هۆتێل ده‌ربه‌ند میوانداری له به‌ڕێزیان کرا.هه‌ر ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه چوومه دیداری. له‌وه‌ی که به‌ر له هه‌موو که‌سی دیکه چوومه‌ته دیداری زۆری پێ خۆش بوو. فه‌رمووی له گه‌ڵ ڕه‌ئیسی ده‌وڵه‌ت وتووێژمان ده‌بێ. به بۆچوونی ئێوه چ جۆره پێداویستی فه‌رهه‌نگی ده‌بێ پێش بخرێ و پێویسته له‌گه‌ڵی بهێندرێته گۆڕێ؟ گوتم به‌یانی بیروڕای خۆم له سه‌ر کاغه‌ز ده‌نووسم و پێشکێشی ده‌که‌م. پرسیارم لێکرد له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی که له تارانن گه‌لۆ به سه‌ڵاح نازانن دیدارێکتان له گه‌ڵ ژه‌نه‌ڕاڵ[!]ئیحسان نووری پاشا دا هه‌بێ؟ پێشوازی له‌و پێشنیاره‌ی من کرد و فه‌رمووی هه‌ر ئێستا بچۆ و له گه‌ڵ گه‌یاندنی سڵاوی من بڵێ قازی محه‌مه‌د ده‌یه‌وێ بێته دیده‌نی ئێوه. هه‌ستام گوتم په‌یامه‌که ده‌گه‌یێنم به‌ڵام دڵنیام ئه‌و [ ئیحسان نووری] دێته خزمه‌ت ئێوه. کات دیاری بفه‌رموون که بیهێنمه خزمه‌تتان. بۆ به‌یانی ئه‌و ڕۆژه سه‌عات 9ی به‌یانی ڕێگه‌یان دا که ئیحسان نووری ببینن.
بۆ به‌یانی سه‌ری سه‌عات چووینه خزمه‌تیان. ئاغای مسته‌فای سوڵتانیان له‌و وتووێژه دا به‌شدار بوو . به پێی ده‌ستوور قاوه‌یان بۆ هێناین. ئه‌من زووتر له‌وان قاوه‌که‌م به گه‌رمی فڕ کرد. هه‌ستم کرد قازی محه‌مه‌د له‌و هه‌لسوکه‌وته دوور له نهزاکهتهی من زۆر ناره‌حه‌ت و تووڕه بووه.هه‌ڵبه‌ت نه‌ک له به‌ر قاوه خواردنه‌وه به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌کا ئێحسان نووری پێی وابێ خه‌ڵکی خوێنده‌وار و ده‌وروبه‌ری قازی محه‌مه‌د تا ئه‌و ڕاده‌یه بێ پرێستیژ و بێ ئه‌ده‌بن که جه‌وانێک له حوزووری دوو که‌س له گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه‌یی دا نه‌ریتی گه‌وره و چکۆڵه‌یی به جێ نه‌هێناوه . قاوه‌که‌م ته‌واو کرد هه‌ستام، قازی محه‌مه‌د له‌و په‌ڕی تووڕه‌یی دا که زۆری هه‌وڵ ده‌دا وه‌سه‌ره خۆی نه‌هێنێ به ده‌نگی به‌رز لێی پرسیم بۆ کوێ ؟ گوتم له به‌ر ئه‌و بێ ئه‌ده‌بییه‌ی که کردم و قاوه‌که‌م به‌ر له ئێوه و ئه‌ویش به گه‌رمی خوارده‌وه له گه‌ڵ ئاغای سوڵتانیان له خزمه‌ت مه‌ره‌خه‌س ده‌بین تا ئێوه دوو ئینسانی گه‌وره به ڕاحه‌تی بتوانن به‌یه‌که‌وه بدوێن. ئه‌و قسه‌یه‌ی من بووه هۆی ئارام بوونه‌وه‌ی وبێ له‌به‌رچاوگرتنی پله‌و پایه‌ی خۆی له خۆشیان به‌ره‌و لای من هات تا به‌ڕێم بکا. ئیحسان نووری گوتی: بۆ کوێ ده‌چی ئه‌تۆ وه‌ک ئه‌ولادی ئێمه وای دانیشه.قازی محه‌مه‌د که گه‌یشتبووه نزیک من له به‌ر ئیحسان نووری ده‌ستی له سه‌ر شانی دانام و له سه‌ر جێگای خۆم داینیشاندمه‌وه و به خه‌یاڵی ئاسووده و ڕووی کراوه‌وه له گه‌ڵ ئیحسان نووری ده‌ستی به قسان کرد.ئیحسان نووری ڕووه‌و قازی محه‌مه‌د گوتی: دووشاری ورمێ و میاندواو شاری کورد نشین بوون و تا سه‌رده‌مێکی نه‌هێنده دوور جگه له کورد و ژماره‌یه‌کی که‌می هه‌رمه‌نی نه‌بێ که‌سی دیکه‌یان تێدا نه‌ژیاوه.
پاشان گوتی له جه‌نابی قازی تکا ده‌که‌م کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن به‌ر له‌وه‌ی هه‌موو کاره‌کانی دروست بوونی خانووبه‌ره‌که‌مان ته‌واو ببێ گه‌لی کورد له سه‌ر ڕه‌نگی دیواری ژووره‌کان ده‌گیانی یه‌کدی ڕۆ نه‌یێن.
و لێ زیاد کرد: به بۆچوونی من ئه‌گه‌ر له به‌ڕێوه بردنی کاروباری کوردستان دا له تاکوته‌رای لێوه‌شاوه‌ی شاره‌کانی سنه، کرماشان، سه‌قز، پاوه، بۆکان ، قه‌سری شیرن، مه‌ریوان، سه‌رده‌شت و بانه که‌لک وه‌ربگیرێ فایده‌یه‌کی زۆری ده‌بێ چونکوو کوردستان ته‌نێ هه‌ر مهاباد نییه.
نزیک نێوه‌ڕۆ ماڵاوایی‌مان کرد و جه‌نابی قازی مان به ته‌نێ له هۆتێل به جێ هێشت. له کاتی ڕۆیشتندا ئه‌وه‌ی پێشتر داوای لێکردبووم و پێشتریش ئیحسان نووریم لێ ئاگادار کردبوو له نێو زه‌رفێک دا پێشکێش کرد.
داوخوازه‌کان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه بوون:
1- زمانی کوردی له شه‌ش ساڵی سه‌ره‌تای خوێندن له هه‌موو ناوچه کوردنشینه‌کان بکوترێته‌وه.
2- مهاباد که له‌ڕابردوو دا نێوه‌ندی والی نشین بووه وه‌کوو سنه دیسان ببێته‌وه به نێوه‌ندی ئه‌ستانی موکریان ،ئه‌و به‌ش و شارستانانه‌ی لێی جودا کراونه‌ته‌وه دیسان بخرێنه‌وه سه‌ر ئه‌وێ.
3- ئه‌ستاندار، سه‌رۆکی داییرهکان و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت خه‌ڵکی خۆجێیی و هه‌موویان له کوردان بن.
4- له هه‌موو شاره گه‌وره کوردنشینه‌کان زانکۆ دابمه‌زرێ.
5- فێرگه‌ی پیشه‌یی، دانیشسه‌رای سه‌ره‌تایی و به‌رز بۆ په‌روه‌رده کردنی مامۆستای خوێنده‌واری خۆجێیی
دابمه‌زرێندرێ.
6- ڕیگه‌ی ئاسنی سه‌رتاسه‌ری بگاته شاره گه‌وره‌کانی کوردستان.
7- نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره و ته‌یار و چه‌ندین ده‌رمانگه دروست بکرێن.
8- پێوه‌ندی پۆست و تێلگراف و ته‌له‌فۆن له هه‌موو کوردستان دا په‌ره پێبدرێ.
9- له شاره گه‌وره کورد نشینه‌کان فڕگه دروست بکرێ.
10- هه‌موو ڕێگه‌کان که له ناوچه دا شوێنان به یه‌ک ده‌به‌ستنه‌وه چاک بکرێنه‌وه و قیله‌تاو بکرێن.
دیداری قازی محه‌مه‌د له گه‌ڵ سه‌فیری ئینگلیستان
له‌و کاته‌ی دا که قازی محه‌مه‌د به پێی بانگهێشتنی قه‌واموسه‌لته‌نه له تاران بوو، سالار سه‌عیدی سه‌نه‌نده‌جی نوێنه‌ری خه‌ڵکی شاری سنه له مه‌جلیسی شووڕای میللی به عه‌بدوڵای ئێلخانیزاده ده‌ڵێ:
سه‌فیری ئینگلیستان ده‌یه‌وێ چاوی به قازی محه‌مه‌د بکه‌وێ ئێوه ئه‌و دیداره ڕێک بخه‌ن. ئێلخانیزاده ئه‌و داوخوازه له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د ده‌هێنێته گۆڕێ و ئاماده‌ی ده‌کا بچێ بۆ دیداری سه‌فیر بهوشهرهتهی عه‌وڵا ئآغا بۆ خۆشی له گه‌ڵی بچێ.
ئه‌و دیداره له سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئینگلیستان به‌ڕیوه چوو. سه‌فیر له‌وه‌ی که کورده‌کان خۆیان ئهسپاردووته ده‌ست شووڕه‌وی و به سازی ئه‌وان هه‌ڵده‌په‌ڕن گله‌یی و گازند له قازی محه‌مه‌د ده‌کا.
قازی له وڵام دا پێی ده‌ڵێ حه‌ق وایه ئه‌من گله‌یی له ئێوه بکه‌م.له شه‌ڕی یه‌که‌می نێونه‌ته‌وه‌یی دا ده‌وڵه‌تی ئێوه بووه هۆی ئه‌وه خاکی وڵاتی ئێمه له نێوان پێنج وڵاتان دا دابه‌ش بکرێ و له هه‌ر پێنج وڵاتان دا گه‌لی کورد بکه‌وێته به‌ر سووکایه‌تی، بێ مێهری و هه‌موو چه‌شنه زوڵم و زۆردارییه‌ک. ئه‌مڕۆ گه‌لی ئێمه وشیار بووه‌ته‌وه و ده‌زانێ چۆن مافه‌کانی پێشێل کراوه. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه به ساڵانه گله‌یی و گازندی له ده‌وڵه‌تی ئێوه هه‌یه چونکوو سیاسه‌تی دووبه‌ره‌کی سازکردنی ده‌وڵه‌تی ئێوه کاری گه‌یاندووته ئه‌و جێیه‌ی که ئه‌و خه‌ڵکه غه‌درلێکراو و سته‌م چێژتووه بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافه پێشێلکراوه‌کانی خۆی باوێته نێو هه‌موو ئاو و ئاگرێکه‌وه و ته‌نانه‌ت به سازی ده‌وڵه‌تێک هه‌ڵپه‌ڕێ که هیچ جۆره باوه‌ڕییه‌ک به به‌ڵێن و سۆزه‌کانی ناکرێ. تا که‌نگێ ده‌تانه‌وێ نه‌ته‌وه‌یه‌کی 20 میلیۆنی زۆرلێکراو له‌و هه‌لومه‌رجه نائینسانییه دا ڕابگرن؟ ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی ئێوه ده‌بێ تۆڵه‌ی ئه‌و ڕابردووه بکاته‌وه و قه‌ره‌بوومان بداته‌وه و بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی ئێمه له‌و بارودۆخه خه‌فه‌تاوییه فکرێکی جیدی بکاته‌وه و به کرده‌وه هه‌نگاو هه‌ڵهێنێته‌وه.
سه‌فیر گوتی ئێمه هه‌نووکه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێ ئه‌وه‌یه به‌ڕێگه‌ی وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی خۆمان داوا له شای ئێران بکه‌ین ڕێگه بدا خه‌ڵکی کورد تا پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی به زمانی کوردی ده‌رس بخوێنن و کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی و مه‌ده‌نی به‌گشتی له نێو کوردان خۆیان دابندرێن. قازی محه‌مه‌د پێشوازی له‌و پێشنیاره کرد.
دیداری قازی محه‌مه‌د و قه‌واموسه‌لته‌نه سه‌رۆکوه‌زیری ئه‌و کاتی ئێران
سه‌باره‌ت به دیداری قازی محه‌مه‌د و قه‌واموسه‌لته‌نه له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستم وه سه‌نه‌د و به‌ڵگان ڕانه‌ده‌گه‌یشت ده‌سته‌و داوێنی ئاغای دوکتور عاقڵی نووسه‌ری کتێبی میرزا ئه‌حمه‌دی قهواموسولتهنه
بووم. به‌ڕێزیان ورده‌ڕیشاڵی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی له ده لاپه‌ڕه دا نووسی و له به‌ر ده‌ستی نام.
ئێستا بۆ ئاگاداری خوێنه‌ره‌وان ماکی ئه‌و شتانه‌ی به‌ڕێزیان نووسیویه لێره دا چاپ ده‌که‌م.
قه‌واموسه‌لته‌نه ڕۆژی 6ی ڕێبه‌ندانی 1324 [ 26ی ژانوییه‌ی 1946 ی زایینی ] کرا به سه‌رۆکوه‌زیر.له ڕۆژانی به‌رایی ده‌ست به‌کار کردنی دا تووشی به تووشی گیر و گرفتی گه‌وره‌وه ببوو.سه‌فه‌رێکی کرد بۆ شووڕه‌وی ڕۆژی 15ی خاکه‌لێوه‌ی 1325 په‌یماننامه‌یه‌کی له گه‌ڵ سادچیکۆف واژۆ کرد که نێوه‌رۆکه گرینگه‌که‌ی بریتی بوو له ده‌رکه‌وتنی هێزی شووڕه‌وی له ئێران و دانی ئیمتیازی ده‌رهێنانی نه‌وتی باکوور به کۆمپانییه‌کی تێکه‌ڵاوی ئێران و شووره‌وی و جێ به‌جێ کردنی ئاشتییانه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئازه‌ربایجان و له‌و تاریخه‌وه گه‌مه سیاسییه‌کانی قه‌وام ده‌ستی پێ‌کرد.یه‌کێک له ئامانجه‌کانی وی ئه‌وه‌بوو نه‌هێڵێ قازی محه‌مه‌د و ژێ.کاف له گه‌ڵ پیشه‌وه‌ری و فیرقه‌ی دێمۆکڕات پێوه‌ندی دۆستی و نزیکایه‌تی دامه‌زرێنن، به‌و مه‌به‌سته هێندێک ناوبهینکاری دیاریی کرد بۆ پێوه‌ندی له گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د و فه‌رمانی پێویستی دابوونێ.تا ئه‌وه‌ی که بۆ خۆی به شه‌خسه چاوی به قازی محه‌مه‌د که‌وت و له ڕۆژی چواره‌می مانگی پووشپه‌ڕی 1325 بانگهێشتنی کرد بێته تاران بۆ ئه‌وه‌ی بیبینێ.
قازی محه‌مه‌د به سه‌رۆکایه‌تی شاندێک ڕۆژی پێنجه‌می پووشپه‌ڕ گه‌یشته تاران و ڕۆژی شه‌شه‌می پووشپه‌ڕ له سه‌عات 2ی دوای نیوڕۆ ئه‌و دیداره له شوێنی هاوینه‌ی سهروکوهزیرایهتی که پێشتر سه‌فاڕه‌تخانه‌ی ئاڵمان بوو به‌ڕێوه چوو. ئه‌وه‌ی که له ڕیوایه‌تی جێی باوه‌ڕ بیستم له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که نزیکه‌ی سه‌عاتێکی خایاند لایه‌نی گرینگی دیدار و وتووێژه‌کان له مه‌ڕ یه‌ک نه‌گرتن له گه‌ڵ پیشه‌وه‌ری بووه و قه‌وام له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د پێداگری کرد قه‌ت نه‌چێته ژێر باری ئه‌و یه‌کگرتن و هاوبه‌ندییه و به هه‌موو هێزه‌وه له به‌رانبه‌ر دێمۆکڕاتهکاندا ڕاوه‌ستێ.قه‌وام له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو ئه‌گه‌ر دێمۆکڕاته‌کانی ئازه‌ربایجان پێیان بگاته کوردستان بێگومان کوردستانیش هه‌ر تووشی چاره‌نووسی ئازه‌ربایجان دێ.
له‌و دیداره دا قه‌واموسه‌لته‌نه پێداگری کرد که فیرقه‌ی دێمۆکڕات چاره‌نووسێکی دڵته‌زێنی له پێشه و به‌دڵنیاییه‌وه به‌ر له کۆتایی ساڵی 1325 ته‌کلیفیان ڕوون ده‌بێته‌وه.قه‌وام له‌و دیداره دا جه‌ختی کرده‌وه نابێ هیچکه‌س له نێوه‌رۆکی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د ئاگادا بێ. دوای ته‌واو بوونی ئه‌و دیداره یه‌ک سه‌عاته‌یه قازی محه‌مه‌د له کۆشکی سه‌رۆکوه‌زیرایه‌تی چاوی به سه‌رتیپ سهففاری سه‌رۆکی شاره‌وانی که‌وت که له که‌سانی نزیکی قه‌وام بوو و داوخوازه‌کانی خۆی هێنایه گۆڕێ."
سه‌رچاوه: "خاطرات دکتر هاشم شیرازی، از فعالان سیاسی کردستان، به کوشش هاشم سلیمی، انتشارات توکلی، 1380 "
ل. 123 ، 124 ، 125 ، 126 و 127
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر