۱۳۹۱ فروردین ۱۹, شنبه

حوسێنی زێڕینگه‌ران (فرووهه‌ر) و منداڵانی بێ سه‌رپه‌رست


لەم وێنەیە دا حوسێنی زێڕینگەران (فڕووهەر) لە گەڵ ئەو منداڵانە دەبینین کە کۆ کراونەتەوە و دەبەر خوێندن نراون. هەر وەک لە بڕیاری هەیئەتی فەرهەنگی کوردستان دا دەخوێنینەوە. حوسێنی زێڕینگەران کە ئەندامی کۆمیتەی شاری مه‌هابادی حدک بوو لە گەڵ مەنافی کەریمی پێیان ئەسپێردرا بوو منداڵانی بێ سەرپەرست کۆ کەنەوە و مشوور لە ژیان و خوێندنیان بخۆن.

ڕۆژنامەی کوردستان، ژمارەی ١ ، پێنجشەمۆ ٢٠-١٠-١٣٢٤ی هەتاوی / ١١ی ژانڤییەی ١٩٤٦
کۆبوونەوەی هەیئەتی فەرهەنگی کوردستان ژمارە ٣٢
ڕۆژی چوارشەمۆیە ١٢-١٠-١٣٢٤ [ ٢ی ژانڤییەی ١٩٤٦] جەلەسەی هەیئەتی فەرهەنگی کوردستان ساتی دوو پێش نیوەڕۆ [پاش نیوەڕۆ!] گیرا لە بابەت مەکتەب و دانانی دوو نەفەر پشکنێر بۆ مەکتەبەکان گفتگۆی لازم کرا. ئاغایانی عەلی خوسرەوی و ڕەحیمی لەشکری بۆ پشکنێری هەڵبژێردران و حوکمیان سادر کرا.
وە قەرار درا ئەو منداڵانەی کە بێ کەسن و بە سواڵ مەشغووڵم، کۆ بکرێنەوە لە ناو میللەت دا بەش بکرێن و ڕۆژانە لە مەکتەبی گەلاوێژ بخوێنن و بۆ خڕکردنەوەی ئەم هەژار و بێ کەسانە بە شارەوانی [ئیدارەی پۆلیس] ئەمر درا خڕیان کاتەوە و بیان داتە دەست ئاغایانی حوسێنی فڕوهەر و مەنافی کەریمی و ئەوانیش بە نێو میللەت دا بەشیان کەن.
٢-بە ئەکسەرییەتی ئاڕاء پەسند کرا ئاغایانی فرووهەر و کەریمی خەڵکی بێسەواد حازر کەن کە شەوانە لە مەکتەبدا بە زمانی کوردی بخوێنن.
٣-پەسند کرا هەموو نیشانە (تابڵۆ) ی ئیداران و مەکتەب و تەجاڕەتخانان و عیماڕەتان بگۆڕن و بە کوردی بنووسرێ.
٤-پەسند کرا کە ئەو منداڵانەی کۆ دەکرێنەوە تەمەنیان لە شەش تا چاردە ساڵان زیاتر نەبێ.
٥-لە ئاخری جەلەسە دا پەسند کرا کە جەلەسەی دیکە جووری لیباسی [بەرگی] شاگرد مەکتەبەکەن مەعلووم کرێ.

تێبینی: ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی کوردستان فۆتۆس- ئۆرگ وه‌رگیراوه‌ و ئه‌وانیش له‌ ئاڕشیوی به‌ڕێز عه‌لیی قازی یان وه‌رگرتووه‌. ئێمه‌ به‌ یارمه‌تی ئه‌م نووسینه‌ی ڕۆژنامه‌ی " کوردستان" و به‌راوه‌رد کردنی چه‌ندین وێنه‌ی نه‌مر حوسێنی زێڕینگه‌ران توانیمان وێنه‌ی وی و ئه‌و بۆنه‌یه‌ ساخ که‌ینه‌وه‌. وێنه‌که‌ ده‌بێ دوای جێبه‌جێکردنی ڕاسپارده‌ی هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی له‌ مانگی به‌فرانباری ١٣٢٤ی هه‌تاوی و به‌ڕاییه‌کانی ژانڤییه‌ی ١٩٤٦ی زایینی دا هه‌ڵگیرابێ.