۱۳۹۱ اسفند ۲۰, یکشنبه

خیتابه‌ی شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی له‌ کۆنفڕانسی سوخه‌نڕانی یایان

یای شا سوڵتانی فه‌تتاحی قازی له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ری خه‌لیلی فه‌تتاحی قازی که‌ له‌ سه‌رده‌می کۆمار دا سه‌رۆکی ئیداره‌ی دوخانییه‌ی مه‌هاباد بوو.


ڕۆژنامه‌ی کوردستان، دووشه‌مۆ 2-ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 22ی ئاوریلی 1946
ز- خیتابه‌ی شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی
خوشکه‌کانی خۆشه‌ویست. ساڵها کورد له‌ژێر ده‌ستی دوژمنان دا زه‌لیل و هه‌میشه‌ چاو له‌ ده‌ست و هه‌ناسه‌ سارد بوون، حه‌تتا به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کیان زوڵم و سه‌ختگیری لێ ده‌کردین که‌ نه‌مان ده‌توانی به‌ ئاشکرایی بڵێین کوردین، ئه‌مما خودا روحمێکی وای به‌ مه‌ کرد که‌ ده‌وڵه‌تی ئێران بۆمب باردمان کرا و دوژمنان له‌ سه‌ر مڵک و ماڵی ئێمه‌ لاچوون  و ته‌می به‌دبه‌ختی  له‌ سه‌ر شانی کوردان ڕه‌وی  و غه‌م و نه‌گبه‌تییان له‌ سه‌ر خه‌ڵاس بوو.
خوشکانی خۆشه‌ویست له‌ ساڵی بۆمب باردمانێوه‌ هه‌تا ئه‌وڕۆ پێنج ساڵه‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌مووتان ئیتیلاعوو هه‌یه‌  که‌ پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردستان  ده‌ عه‌رزی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی دا به‌ شه‌و و به‌ ڕۆژ خۆراک لێ هه‌ڵگیراو بوو  بۆ ئێمه‌، خه‌ریکی ئه‌وه‌ی بوون که‌ برایان و خوشکانی خۆی له‌ ژێر ده‌ستی زاڵمان بێنێته‌ ده‌رێ . له‌ سایه‌ی هیممه‌تی خودایه‌وه‌ و زه‌حمه‌تی پێشه‌وای موعه‌زه‌می کوردان له‌و زه‌لاله‌ته‌ ڕزگارییان هات  و ڕۆژی ڕه‌شیان وه‌ رووناکی که‌وت. ئه‌لعانه‌که‌ هه‌رچه‌ند به‌ده‌ور و پشتی خۆمانه‌وه‌ ده‌ڕوانین هیچ ڕۆژێکیان له‌و ڕۆژه‌ی خۆشتر چاو پێ نه‌که‌وتووه‌ که‌ ده‌بینین ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردان له‌ ئاسمانێ ده‌لارێته‌وه‌ و کوردستانی گه‌وره‌ به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی زینده‌گانی ده‌کا و هیچ مه‌نزه‌رێکوو خۆشتر و جوانتر چاو پێ که‌وتووه‌  که‌ هه‌موو ڕۆژێ پێشمه‌رگه‌ی ڕه‌شیدی کورد هه‌زار هه‌زار له‌و سه‌ر تا ئه‌و سه‌ری خیابانێ سه‌ف ده‌کێشن. خوشکه‌کانی خۆشه‌ویست ده‌زانن ئه‌و هه‌موو خۆشی وبه‌شاره‌ته‌ له‌ ژێر سایه‌ی چییه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ ژێر سایه‌ی سێبه‌ری پێشه‌وای موعه‌زه‌م دا به‌و ڕۆژه‌ گه‌یشتوون. ئه‌لعانیش که‌ خودا ئه‌و ڕوحمه‌ی به‌ ئێنگۆ کردووه‌  ته‌مه‌ناو لێ ده‌که‌م نابێ هیچ وه‌خت له‌ ئه‌ولادانی خۆتان غافڵ بن، ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو ده‌زانن که‌ ڕاگرتنی وه‌ته‌ن به‌ خوێندن و ته‌علیم و ته‌ربییه‌ت  ده‌بێ و ئه‌ولادانی خۆتان ناز په‌روه‌ر فێر مه‌که‌ن ، چون دونیا جێگای لێ قه‌وماو نییه‌ و دونیا جێگه‌ی ته‌نبه‌ڵی و بێکاران نییه‌ هه‌تا وه‌ختێکی خودای نه‌خواسته‌ لێیان قه‌وما  بتوانن ده‌ست بکه‌نه‌وه‌، له‌ به‌ر وه‌ته‌نی خۆیان روحی خۆیان فیدا بکه‌ن و دوژمن به‌ سه‌ر ئه‌وان دا غاڵب نه‌بێ و ته‌ماع ده‌ ماڵ و نامووسی وان نه‌توانێ بکا.
هه‌ڵکراو بێ هه‌تا ئه‌به‌د  په‌رچه‌می موقه‌ده‌سی کوردستان
به‌رقه‌رار و پایه‌دار بێ پێشه‌وای موعه‌زه‌م

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی یای شاسوڵتانی فه‌تتاحی قازی و هاوسه‌ری میرزا خه‌لیلی فه‌تتاحی قازی ئی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستانه‌ له‌ مه‌هاباد.

وێنه‌ی یه‌کی دیکه‌ی یای مینای قازی و دوو له‌ کچه‌کانی

له‌ لای ڕاسته‌وه‌ عیسمه‌تی قازی، یای مینای قازی و عیفه‌تی قازی


ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 37، شه‌مۆ 31ی خاکه‌لێوه‌ی 1325ی هه‌تاوی/ 20 ئاوریلی 1946
کۆنفڕانسی سوخه‌نڕانی یایان
ڕۆژی جومعه‌ 17ی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324 [ی هه‌تاوی] مه‌جلیسی سوخه‌نڕانی یایان و کیژانی مه‌هاباد له‌ خانه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردستان گیرا. له‌ پێشدا له‌ لایه‌ن یای پێشه‌وا مه‌جلیس ئیفتیتاح کرا و به‌یاناتێکی چاکی ڕاجیع به‌ عیلمو فه‌رهه‌نگ و ته‌ڕه‌قییاتی ده‌وڵه‌تی ئیتیحادی جه‌ماهیری شووڕه‌وی ئیراد فه‌رموو و چه‌ند نه‌فه‌ر له‌ کیژان و یایانی موحته‌ڕه‌م خیتابه‌یان خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ ژێره‌وه‌ ده‌هێندرێته‌ به‌رچاو:
ئه‌لف: خولاسه‌ی به‌یاناتی یای پێشه‌وای کوردستان:
یایان و کیژانی خۆشه‌ویست، بزانن که‌ ژنان له‌ ده‌وڵه‌تی ئیتیحادی جه‌ماهیری شووڕه‌وی دا پێشڕه‌فتێکی  سه‌ر لێ سوڕماویان کردووه‌ و له‌ زانست و فه‌رهه‌نگ دا کامیله‌ن شان به‌ شانی پیاوان ده‌چنه‌ پێش. ئه‌م ڕۆژانه‌ ده‌بینم که‌ باوکان و دایکان له‌ بابه‌ت ناردنی کوڕ و کچیان بۆ مه‌داریس شه‌وقێکی قابیلیته‌قدیر ده‌نوێنن. هومێدم وایه‌ له‌و کۆششه‌ دا قه‌ده‌مێکی توندتر هه‌ڵێنین که‌ به‌ڵکوو به‌ یارمه‌تی خودای به‌رز وته‌وه‌جوهاتی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌ ماوێکی که‌م دا پیاو و ژنی بێ سه‌واد له‌ کوردستان دا نه‌مێنێ...
----------
ب – خیتابه‌ی کیژ، عیفه‌تی قازی
خانمه‌کان گه‌وره‌ مه‌سه‌لێکی مه‌شهوور  شێر چ نێر چ مێ. کورد خۆ به‌ شه‌هاده‌تی هه‌موو دونیایه‌ له‌ هه‌موو که‌س ئازاتره‌، ئه‌دی چۆن ده‌بێ به‌ خسووس ده‌ دنیای ئه‌وڕۆ دا که‌ له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێکی پیاو و ژن پێکه‌وه‌ کاری ووڵاتی خۆیان ئیداره‌ ده‌که‌ن و بۆ ئیداره‌ی ووڵاتیش خوێندن و سه‌واد لازمه‌ و به‌ڵکوو  کابانی و خانه‌داری و منداڵ به‌خێوکردنیش. هه‌رچی عیلم و سه‌واد زیاتر بێ و له‌ گه‌ڵ قومقومه‌ی سیری و لایی لایی لانکێ خۆشه‌ویستی و نیشتمان په‌رستنی میللی به‌ منداڵ فێر بکرێ قه‌ت له‌ بیری ناکا. میله‌تێکی ئه‌و نه‌وعه‌ دایکانه‌ی هه‌بێ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ده‌ سه‌رکه‌وتن دایه‌. ده‌ جا وه‌ن به‌ خۆتان و منداڵتانه‌وه‌ بخوێنن و شارێکی وه‌ک شاری مه‌سکه‌و که‌ ئه‌و عکسانه‌ی له‌ پێش چاوانه‌ ساز که‌ین و ووڵاتی خۆمان به‌ عیلم و سه‌نعه‌تی وا بڕازێنینه‌وه‌.

تێبینی : ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ مه‌هاباد، 6 یا 7 ساڵ له‌ دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان له‌ماڵی پێشه‌وا هه‌ڵگیراوه‌


یای خانمۆڵی نانه‌وا (ئیمامی)، هاوسه‌ری عه‌بدولڕه‌حمانی ئیمامی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک.


له‌لای چه‌پ یای خانمۆڵی نانه‌وا (ئیمامی)

ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 39، چوارشه‌مۆ  4 – ی بانه‌مه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/ 24ی ئاوریلی 1946

ماوه‌ی سوخه‌نڕانی یایان
یه‌: خیتابه‌ی یای خانمۆڵی ئیمامی
به‌ موناسه‌به‌تی جێژنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و  ئینتیخابی جه‌نابی قازیی معه‌مه‌د به‌ پێشه‌وای کوردستان ته‌واوی کوردستان له‌ زستانی ئه‌وساڵ دا به‌ شادی و شایی لۆغانی ئه‌و جێژنه‌ گه‌وره‌یه‌ دڵ و مێشکیان ڕوون بووه‌وه‌. ئیحتیڕام و ئیفتیخاری ئه‌و جێژنه‌ گه‌وره‌یه‌ قه‌ڵه‌م له‌ نووسینی و زمان له‌ کوتنی کوند و ڵاڵه‌ و هه‌تا دنیا هه‌یه‌ تاریخ ئه‌و ئیفتیخاره‌ی بۆ کورد و کوردستان سابیت ده‌کا و له‌ ته‌واوی کوردستان  دا شاری مه‌هاباد که‌ مه‌رکه‌زی حکوومه‌تی کوردستانه‌ ئیفتیخارانی جمهوورییه‌تی کوردی به‌ خۆی گرت، ئه‌فڕاد و دانیشتووی ئه‌و مه‌رکه‌زه‌ ژن و پیاو سه‌ربڵیند بوون و هه‌تا نه‌ته‌وه‌ی کورد زیندووه‌ لیباسی ئیفتیخار و شادییان ده‌به‌ر کردووه‌ که‌ ناتوانم لێره‌ دا شه‌ڕحی بده‌م.
خوشکه‌ خۆشه‌ویسته‌کانم. ئه‌وڕۆ له‌ ژێر سێبه‌ری کوردستان و پێشه‌وای به‌رز دا سه‌ربه‌خۆ ده‌ژین و حیزبی یایان مان ته‌شکیل داوه‌ و ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ دیاریی کراون و له‌ ژێر ده‌ستی سه‌رۆکی حیزب که‌ یای پێشه‌وای کوردستانه‌ کارو باری ئه‌و حیزبه‌ هه‌ڵده‌سووڕێ . ئێمه‌ش موه‌زه‌فین بۆ پێشکه‌وتنی لاری کوردستان له‌و حیزبه‌ دا شیرکه‌ت  بکه‌ین و له‌ کاتێک دا که‌ ئینشائه‌ڵلا کوردستان ساحێبی کارخانه‌جات بێت ده‌ لیباسی کارگه‌ران دا وه‌کوو برووسکه‌ کار بکه‌ین و حیزبی ئێمه‌ش ده‌بێ دارای چاپخانه‌ و مه‌تبووعاتێکی زۆر باش بێ که‌ به‌ وه‌سیله‌ی نووسین و مه‌جه‌لات و زانست و عیلم و ته‌مه‌دونی ژنی کورد به‌ عاله‌م بکوترێ و ساییری میله‌تی بێگانه‌ له‌ عیلم و زانستی ژنی کورد بێ خه‌به‌ر نه‌بن. خولاسه‌ چونکوو ئه‌وڕۆ جێژنی شادییه‌ پێویستم نه‌زانی له‌ ته‌مه‌دونی ژن هیچ باسێکی بکه‌م.
بۆخۆتان ده‌زانن ژن له‌ عاله‌م دا حه‌قی ژیانی هه‌یه‌. ئینشائه‌ڵه‌ له‌ جه‌له‌سه‌ی حزبی یایان دا به‌ درێژی عه‌رزوو ده‌که‌م.
 تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسی زۆره‌وه‌ له‌ دیواری ماڵی کاک سه‌ید عه‌بدوڵای سه‌مه‌دی،نووسه‌ر و لێکۆله‌ره‌وه‌ی کورد له‌ فه‌یس بووک وه‌رگیراوه‌. به‌ڕێز سه‌مه‌دی له‌ شه‌رحی ئه‌م وێنه‌یه‌ دا نووسیویه‌:"دوو ئامۆزای بنه‌ماڵه‌ی نانه‌وازاده‌ له‌ مه‌هاباد.شازده‌ و خانمۆڵ ئه‌م وێنه‌یه‌ ده‌بێ له‌ نێوان ساڵانی 1325 تا 30یه‌وه‌[1946-1951] له‌ لایه‌ن ڕه‌وانشاد (سه‌دیقی ژیان)ه‌وه‌ کێشرابێ. ئه‌وه‌ی له‌‌م وێنه‌یه‌دا گرینگه‌، جلوبه‌رگی کچانه‌ی دوو نه‌سل له‌مه‌وبه‌ری مه‌هاباده‌، که‌ بریتییه‌ له‌: کراسی زه‌ڕی مسقاڵی؛ که‌وای مه‌خمه‌ر؛ ده‌سماڵ؛ پێش‌ده‌سماڵ؛ پشتێندی شه‌ده‌؛ کڵاوی شه‌ده‌ و گێلگێله‌؛ قه‌تاره‌؛ ژێرچه‌نه‌؛ گوڵ(به‌ لاجانگی شه‌ده‌وه‌)؛ گواره‌؛ به‌رموور؛ ئه‌نگوستیله‌.




یای عیسمه‌تی قازی کچی گه‌وره‌ی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د

ئه‌م وێنه‌ی عیسمه‌تی قازی ئی سه‌روبه‌ندی دوای هه‌ڵوه‌شانی کۆماری کوردستان ه‌.


کوردستان، ژماره‌ی 27. دووشه‌مۆ  5ی خاکه‌لێوه‌ی 1325ی هه‌تاوی / 25ی مارسی 1946
جێژنی سه‌ربه‌خۆئی و ناساندنی پێشه‌وای کوردستان له‌ لایه‌ن ئامۆژگارانی مه‌دره‌سه‌ی کچان
ج- خیتابه‌ی یای عیسمه‌تی قازی کچی جه‌نابی پێشه‌وای کوردستان
یایانی گه‌وره‌، ؛ه‌وه‌ت که‌ قه‌ده‌مو ڕه‌نجه‌ کردووه‌ و ته‌شریفتان هێناوه‌ به‌خێرهاتنوو حه‌رز ده‌که‌م و هه‌میشه‌ ده‌ جێژن و شادی دا بن. ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ خزم و برایانی مه‌ ده‌ جێژن و بانگهێشتن دان و خۆشی خۆشییانه‌ که‌ میله‌تی کوردی له‌ دیلی  ڕزگاری بووه‌ و به‌ ئازادیی گه‌یشتوون. ئه‌مه‌ش ده‌بوو چه‌ند جێژنمان گرتبا و هه‌موو ڕۆژێ شیرینی خواردنمان با تا هه‌موو دنیا تێ گه‌ییبان که‌ ژنی کوردی له‌ پیاوان ئازادیی پێ خۆشتره‌. ئێستا که‌ له‌وه‌ی وه‌پاش که‌وتوون پێویسته‌ شتێکی وابکه‌ین که‌ ئه‌مه‌ وه‌پێش که‌ینه‌وه‌ و ڕێگای وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچی ژن و کچه‌ به‌ وورد و درشت ڕوو ده‌ خوێندن و مه‌دره‌سان که‌ین.  بژین ژنانی خوێنده‌وار و ئازادی کورد.

ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 39، چوارشه‌مۆ  4-ی بانه‌مه‌ڕی 1325 ی هه‌تاوی/ 24ی ئاوریلی 1946
ماوه‌ی سوخه‌نڕانی یایان
ی- خیتابه‌ی کیژ عیسمه‌تی قازی
خانمان و خوشکانی خۆشه‌ویست ئه‌مه‌ که‌ ئه‌وڕۆ له‌ ئه‌نجومه‌نی ڕه‌وابیتی فه‌رهه‌نگی کوردستان و شووڕه‌وی وه‌خڕ بووین بپیه‌یه‌ که‌ ته‌ماشای شاری مه‌سکه‌وێ بکه‌ین و بێ بینین که‌ له‌ سایه‌ی عیلم و فه‌رهه‌نگێ ڕا چی لێ هاتووه‌ و چه‌ند گه‌وره‌ بووه‌ و هێنده‌ نفووس و کارخانه‌ زۆر بووه‌ که‌ نۆ خه‌تی ڕێی ئاسنی بۆ دێ، هێشتا به‌شی هات و چۆیه‌ ناکا، له‌ گه‌ڵ پێنج ده‌ریایانیش به‌وسیله‌ی جۆی زۆر گه‌وره‌ که‌ که‌شتی پێدا هاتووچۆیه‌ ده‌کا ڕێی بۆ دروست کراوه‌، به‌ حه‌واش دا ڕۆژێ سه‌دها ته‌ییاره‌ی بۆ دێ و ده‌ڕوا. ته‌ماشای ئه‌و بینا و ساختومانه‌ گه‌ورانه‌ و ئه‌و  هه‌موو کارخانه‌ و کتێبخانه‌ و مووزه‌ و جێی تیاتر وسینه‌ما و مه‌دره‌سه‌ و مه‌یدان و ته‌ڕه‌قییاته‌ی بکه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ سایه‌ی خوێندنێ دان. چ ده‌بێ ئه‌مه‌ش بخوێنین و به‌ هۆی زانست و خوێندن دنیا و هه‌وای موسه‌خه‌ر بکه‌ین و میله‌تی خۆمان سه‌ربه‌رز  که‌یه‌ن و له‌و ژیانی که‌ له‌ جێیان حه‌یواناتیش وا ناژین خۆمان نه‌جات بده‌ین. تا که‌نگێ خانووی گڵین و کووچه‌ به‌ به‌هاران پڕ له‌ قوڕ و به‌ با هاتنی پڕ له‌ تۆز ئه‌و حه‌مام و ئاوانی پڕ له‌ که‌سافه‌ت و ڕێگایانی پڕ پێچ و خه‌م و میله‌تی ڕووت و بێ کارخانه‌ و چاو له‌ده‌ست؟!  بخوێنن بخوێنن.

یای مینای قازی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی یایانی کوردستان له‌ سه‌رده‌می کۆمار

له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ: مریه‌می قازی، مینای قازی و سوهه‌یلای قازی



کوردستان، ژماره‌ی 27. دووشه‌مۆ  5ی خاکه‌لێوه‌ی 1325ی هه‌تاوی / 25ی مارسی 1946

جێژنی سه‌ربه‌خۆئی و ناساندنی پێشه‌وای کوردستان له‌ لایه‌ن ئامۆژگارانی مه‌دره‌سه‌ی کچان
به‌ بۆنه‌ی پێک هاتنی ئاره‌زووی چه‌ندین ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناساندنی پێشه‌وا  و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕۆژی چوارشه‌مۆ 10-12-1324 [ی هه‌تاوی]  له‌ لایه‌ن ئامۆژگارانی مه‌دره‌سه‌ی کچان ساتی 2-ی پاش نیوه‌ڕۆ له‌ ساڵۆنی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ جێژنێکی زۆر جوان ساز کرا. ئائ پێشه‌وای کوردستان و ژمارێکی زۆر له‌ یایه‌کانی ئه‌ندامه‌کانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و گشت ته‌به‌قاتی شاری مه‌هاباد له‌م جێژنه‌ دا بوون.
یای پێشه‌وای کوردستان پاش نوتقێک له‌ بابه‌ت پێشکه‌وتن و ڕه‌هنمائی ژنانی کوردستان و سوپاس له‌ یایه‌ ئامۆژگاره‌کان جووتێک گواره‌ی زێڕی به‌ مودیری مه‌دره‌سه‌ی کچان به‌ خه‌ڵات به‌خشی و گه‌لێک له‌ یایان و شاگردانی مه‌دره‌سه‌ی کچان به‌ پێی نووسراوی ژێره‌وه‌ نوتق و خیتابه‌یان خوێنده‌وه‌:
ئه‌لف: خولاسه‌ی نوتقی یای پێشه‌وای کوردستان
ئه‌و یایانه‌ی که‌ له‌م جێژنه‌ دا ته‌شریفیان حازره‌ ده‌بێ بزانن که‌ ئه‌وڕۆ چ ڕۆژێکی مباره‌ک و گه‌وره‌یه‌. پێویسته‌ ژن و پیاو پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ن و ته‌ماشای هه‌وڵ دان و کارزانی ژنانی هه‌نده‌ران بکه‌ین که‌ له‌و شه‌ڕه‌ گه‌وره‌ دا کۆمه‌گی گه‌وره‌ی مێردی خۆیان بوون.نابێ هه‌ر چاوه‌ نۆری پووڵ و لیباس و زێڕ بین له‌ مێردی خۆمان. ئێمه‌ ده‌بێ تێ گه‌یشتن، کارزانی، کار کردن له‌ ڕێی ئازادیی کورد و کوردستان دا له‌ خۆمان نیشان بده‌ین. یایانی خۆشه‌ویست  منداڵانی خۆتان له‌ چواردیواری ماڵێ دا به‌دبه‌خت مه‌که‌ن و بیاننێرنه‌ مه‌دره‌سه‌  که‌ وه‌کوو پیاو  و ژنه‌ نه‌خووێنده‌واره‌کانیان به‌ سه‌ر نه‌ییت و بتوانن دیفاع له‌ حقووقی میللی خۆیان  بکه‌ن و به‌ تایبه‌تی ژنانی کورد له‌ ڕیزه‌ی ژنانی خارجه‌ی موته‌مه‌دین دا ڕاوه‌ستن.

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی یای مینای قازی  ئی ساڵانی دوای هه‌ڵوه‌شانی کۆماری کوردستانه‌ و ده‌کرێ له‌ ساڵی 1959 هه‌ڵگیرابێ