۱۳۸۹ دی ۶, دوشنبه

سەرپۆلی ٢ حوسێنی زێڕینگەران (فرووهەر)



سەرپۆلی ٢ حوسێنی زێڕینگەران (فرووهەر) لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا ئەندامی کۆمیتەی شاری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بووە لە مەهابادێ. وەک بە تەواوی ساغ کراوەتەوە نەمر حوسێنی زیڕینگەران ئەندامی ژمارە ١ی کۆمەڵەی ژ.ك. و نێوی ڕێکخراوەیی لە ژێکاف دا کاوە- ١ بووە، بەڵام وەک دەبینین لە بن ئەم وێنەیە دا کە لە ئارشیڤی نەمر عوبەیدیلای ئەییووبیان وەرگیراوە نووسراوە "نەریمان" و دیارە ئەوەش تاق و جووت کردنی نێوی وی واتە کاوە - ١ لە گەڵ کەسێکی دیکەیە . وەک لە چاپەمەنییەکانی سەردەمی کۆمار دا دەردەکەوێ حوسێنی زێڕینگەران دەورێکی سەرەکی گێڕاوە لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە زۆر شوێن. لە کتێبی ئەلەمووتی دا " فصولی از تاریخ مبارزات سیاسی و اجتماعی ایران و جنبشهیای چپ. شرکت انتشارات چاپخش، ١٣٧٠ تهران" دا باسی ئەو سەفەرەی کراوە کە دوکتور سەلاموڵای جاوید کردوویە بۆ نەغەدە بۆ جێ بەجێ کردنی کێشەیەک کە لەوێ لە ئارا دابووە و لەوێ حوسێنی زێڕینگەران نوێنەرایەتی کۆماری کوردستانی کردووە. ئەلەمووتی دەنووسێ : "...بەهەر حاڵ وەزیری نێوخۆ لە گەڵ ئاغای شەکیبا بەرەو نەغەدە وەرێ کەوتن. ئامادە کردنی وەسیلەی سەفەر پێ کردن زەحمەت بوو، بەڵام دوای ماوەیەک ژمارەیەک قەرەپەپاغی چەکداریان لێ پەیدا بوون و بە وڵاغەکانی وان بەرەو نەغەدە چوون. لەوێ لە نەغەدە خێڵی قەرەپەپاغ هاتنە پێشوازیان و زۆر لە کوردەکان کۆبوونەوە و لە سەرکردە کوردەکان حوسێنی زێڕینگەران لەوێ بوو و خیلافەکە جێ بە جێ کرا...."

تێبینی : ئەم وێنەیەش بە سپاسەوە لە کتێبی ساوجبلاغ مکری (مهاباد) وەرگیراوە و وەک لە ژێر وێنەکە دا نووسراوە لە ئارشیڤی سەیید عوبەیدیلای ئەیووبیان وەرگیراوە

۱۳۸۹ دی ۵, یکشنبه

مەدرەسەی گەلاوێژ، پۆلی ساوایان



لە مەڕ وێنەی مامۆستا عوبەیدی ئەییووبیان و شاگردەکانی لە پۆلی ساوایان دا، بە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک پرسیارم لە بەڕێز کەریمی دانشیار کرد کە لەو وێنەیە دا دەیبینین.بەسپاسەوە بەڕێزیان، دوای زیاتر لە ٦٤ ساڵ لە ڕێکەوتی هەڵگرتنی ئەم وێنەیە لە ٢٣-١٢-٢٠١٠ دا ئەم شەرحەی خوارەوەی نووسیووە.


کاک حسن گیان ـ سڵاوێکی گه‌رم و هیوای سه‌رکه‌وتنت. زۆر باشم له‌‌بیره‌ ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ ئه‌و عه‌سکه‌یان کێشاین. ئه‌و عه‌کسه‌ له‌ حه‌ساره‌ گه‌وره‌که‌ی تجاره‌تخانه‌ی سه‌ید عه‌لی حسێنی کێشرا. پێموایه‌ هه‌ر ئه‌و تاهرپووره‌ کێشای که‌ هه‌تا ماوه‌یه‌کی زۆر ته‌نیا عه‌کاسی مه‌هاباد بوو.
زه‌مانێک بۆمان لوا ئه‌و عه‌کسه‌ بکێشین ، که‌ ئێمه‌ی پۆلی ساوایان ، ڕۆژێک پێشتر له‌ ده‌فته‌ری سه‌رۆک کۆماری دا چووینه‌ زیا‌ره‌تی پێشه‌وای گه‌وره‌مان. سرودی پۆلی ساوایانمان بۆ خوێنده‌وه‌. پێشه‌وا به‌ ئیحتیرامی منداڵانی پۆلی ساوایان له‌ پشت مێزه‌که‌ی به‌ سه‌ر پێوه‌ ڕاوه‌ستا. له‌ نیوه‌ی سرووده‌که‌ دا بووین که‌ فرمێسک به‌ سه‌ر ڕوخساری پێشه‌وا دا هاته‌ خوار. دوای خوێندنه‌وه‌ی سرود هاته‌ لامان. ده‌ستی له‌ ناو ده‌ستی ناین و ده‌ستی به‌ سه‌ر دا کێشاین. له‌ کار و باری بابمانی پرسی و که‌مێکیشی قسه‌ بۆ کردین. زه‌نگێک له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ی بوو، قامکی‌ به‌سه‌ر داگرت ، به‌ ده‌نگی زه‌نگه‌که‌ پێشخزمه‌تێک هاته‌ ژوور. پێشه‌وا له‌ سه‌ر کاغه‌زێک دا شتی نووسی و دایه‌ ده‌ستی. دوای خوداحافیزی کردنمان، مامۆستا هێدی (مامۆستا عوبه‌ید)مان که‌ ده‌گه‌ڵ بوو به‌ دوای خزمه‌تکاره‌دا ڕۆیشتین. له‌ ڕیگایه‌ دا مامۆستا هێدی مزگێنی پێداین که‌ پێشه‌وا ئه‌مری فه‌رمووه‌ سه‌ر و ده‌ستێک لیباس و جووتێک چه‌کمه‌ی قایشمان بۆ بکرن، مامۆستا سه‌ید عوبه‌ید که‌ مامۆستا پۆلی ساوایان بوو. سرودی فێر ده‌کردین. ده‌یبردینه‌ سه‌یرانگای قۆپێ مه‌وله‌وی و گۆرانی و سرودی پێده‌گوتین. بۆ سبه‌ینێش مامۆستا سه‌ید عوبه‌ید بردێنیه‌ عه‌کا‌سخانه‌ و ئه‌و عه‌کسه‌یان کێشاین.
من سروده‌که‌ی پۆلی ساوایانم به‌ نیوه‌ چلی له‌بیر ماوه‌. نه‌نکم که‌ له‌ یه‌کێتیی ژنان دا بوو. له‌ گه‌ڕه‌کی قوڵه‌قه‌بران دا یاریده‌ده‌ری زیبا خانمی ئه‌یوبی بوو. نه‌نکم هه‌موو سروده‌کانی ده‌زانی. ته‌نانه‌ت سرودی پۆلی ساوایانیش

ئێمه‌ پۆلی ساوایان
هه‌موو وه‌کوو برایان
له‌ ئامێزی دوبوستان
تاقه‌ گوڵی کوردستان
بژی بۆمان پێشه‌وا
بابی به‌ میهر و وه‌فا
بژین هه‌تاو و هێدی
دڵ ناده‌ین به‌ چ جێی دی
هه‌تاو ( مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵای داودی ـ مه‌لای حه‌جۆکێ)
هێدی ( مامۆستا سه‌یه‌ عوبه‌ید) ـ


دانیشتووان له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ 1 محمد گادانی 2 ...؟... ـ 3 قادر قیت مەڕۆ‌ (دانشیار) 4 مامۆستا سه‌ید عوبه‌یدی ئه‌یوبیان 4 پێموایه‌ جه‌عفه‌ری ئیمامی یه‌. 6 ....؟... 7 ...؟.....
ڕاوه‌ستاوه‌کانی ڕه‌دیفی نێوه‌ڕاست : مامۆستا ابراهیم داودی کوڕی مه‌لای داودی 2 ئه‌میری جه‌وانمه‌ردی قازی 3 ...؟... 4 عه‌به‌ سووری قازی 5 ... ؟ ... 6 ....؟... 7 برایمی ده‌هستانی
ـ8 ـ پێموایه‌ سلێمانی ئه‌حمه‌دخانه‌ 9 ...؟.... 10 پێموایه‌ مامۆستا محمد ته‌وفیق وه‌ردییه‌
ڕاوه‌ستاوانی ڕه‌دیفی ئاخر: 1 ڕه‌شید شێخ الاسلامی 2 عزیز شاروخ 3 ... ؟... 4 کاوه‌یس بخت النصر 5 مجید حسامی 6 ڕه‌حیم ره‌فیقی 7 که‌ریم قیت مەڕۆ (دانشیار). 8 ....؟...

مەدرەسەی گەلاوێژ، پۆلی ساوایان




تێبینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە کتێبی ساوجبلاغ مکری (مهاباد) وەرگیراوە و ئی ئارشیڤی نەمر سەیید عوبەیدیلای ئەییووبیان ە

وتووێژی نوێنەرانی ئازەربایجان و کوردستان لە گەڵ حکوومەتی نێوەندی سەبارەت بە چارەنووسی زەنگان، تیکانتەپەی هەوشار و سەردەشت



نوێنەرانی حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە تاران بۆ وتووێژ لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی زەنگان بە تیکانتەپەی هەوشار و سەردەشت . دانیشتووان لە لای ڕاستەوە ئەوکەسەی دەستی چەپی بۆ زاری بردووە:١- دوکتور سەلاموڵای جاوید وەزیری نێوخۆی حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان ، ئەستانداری ئازەربایجان ٢- حاجی میرزا عەلی شەبوستەری سەرۆکی مەجلیسی نەتەوەیی ئازەربایجان، سەرۆکی مەجلیسی ئەیالەتی ، ٣- ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری کوردستان لە تاران. ٤- ئەو کەسەی لە پشت شەبوستەری ڕاوەستاوە بە ئەگەری زۆر دوکتور ڕەزای ڕادمەنێش سکرتێری گشتی حیزبی توودە ئێران و نوێنەری خولی ١٤ی مەجلیسی شوورای میللی یە.
زیائەدینی ئەلەمووتی لە کتێبی " فصولی از تارخ مبارزات سیاسی و اجتماعی ایران و جنبشهای چپ " ، شرکت انتتشارات چاپخش ١٣٧٠، تاران " لە لاپەڕەی ٥٠١ دا لە بن سەردێڕی مەسەلەی بۆکان [ تیکان تەپەی هەوشار] سەردەشت و بانە دەنووسی: " لە سەفەرێکی دیکە دا لە تەورێزەوە بۆ تاران قازی محەمەد ، سەدری قازی وەک نوێنەری کوردەکان دیاریی کرد و ئەوە بە ئاگاداریی قەوام گەیشت. سەدری قازی بە کردەوە لە کۆمیسیۆنەکاندا بەشداری دەکرد. ئەو مەسەلانەی کێشەیان لە سەر بوو، بریتی بوون لە مەسەلەی بۆکان [ تیکان تەپەی هەوشار دروستە] و بانە و سەردەشت. ڕاست لەو وەختە دا هێزەکانی دەوڵەت لە گەڵ هێزی کوردان لە سەردەشت تێکهەڵچووبوون،بۆ ئاگاداری و پێڕاگەیشتنی ئەو مەسەلەیە سەدری قازی و مورتەزەوی لە لایەن ئازەربایجانەوە و سەرتیپ عەلەوی لە لایەن دەوڵەتەوە دیاریی کران و چوونە سەردەشت. پاش ئەوەی کە سەدری قازی لەو سەفەرە گەڕاوە پێی زانی کە نوێنەرانی ئازەربایجان بە لە دەست دانی زەنگان ڕازی بوون و دەوڵەتیش بۆکان (دەبێ مەبەست تیکانتەپەی هەوشار بێ و بە هەڵە نووسەر نووسیویە بۆکان) و سەدەشت دەداتەوە دەست کوردەکان. سەدری قازی لەو بڕوایە دابوو ئەگەر دەوڵەت زەنگان وەرگرێتەوە ئیتر بانە و تیکانتەپە ناداتەوە و پێکێشی دەکرد دەبێ وتووێژ لە سەر سەردەشت و تیکانتەپە دیسان دەست پێ بکاتەوە. کاتێک وتووێژ دەستی پێکردەوە قەوام بە تووڕەیی گوتی ئەڕتەش ئامادە نییە سەردەشت لە کیس بدا. پاش وتووێژی دوورو درێژ و هێنانە گۆڕی سەنەد و بەڵگە قەوام پێمل بوو و بڕیار درا لە مەڕ سەدەشت و تیکان تەپە بە جیاواز بنووسرێ و بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی سەردەشت لە لایەن فیرقەوە حەسەنی جەودەت و لە لایەن دەوڵەتەوە سەرلەشکر ڕەزم ئارا وەک کۆمیسیۆنی ئاوارتە چوونە سەردەشت. ئەڕتەشی سەر بە دەوڵەت کوردەکان و کوردەکانیش ئەڕتەشیان بە خەتابار دەزانی، هەر چۆنێک بێ مەسەلەکە بە ڕەزایەتی هەر دووک لا جێ بە جێ کراو و نوێنەران گەڕانەوە..."
تێبینی: ئەم وێنەیە بەسپاسەوە لە کتێبی : ساوجبلاغ مکری ( مهاباد ) وەرگیراوە. بەداخەوە ئامادەکاری کتێبەکە باسی سەرچاوەی ئەم وێنەیەی نەکردووە

ڕێژەی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر پێشەوا و ڕێبەرانی دی کۆمار بە ئامادە بوونی ئەفسەرێکی ئێرانی


ڕێژەی هێزی پێشمەرگە لە سابڵاغی بە ئامادە بوونی ئەفسەرێکی ئێرانی

لە کتێبی " از مهاباد خونین تاکرانەهای ارس " دا نەجەفقوڵی پسیان لە زمان سەرهەنگ فیووزی کەلەو "دادگە" نیزامییەی دا کەبۆ پێشەواوهاوڕێیانی لە مەهاباد پێک هێندرا، دادستان بوو دەنووسێ:
"سەرهەنگ فیووزی جگە لە پێشاندانی بەڵگەی پێویست بە دادگە، ئاماژەی بەو گەشتەی خۆی کرد کە لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی قازیی محەمەد دا کرد بووی بۆ مەهاباد و گوتی " " قازی محەمەد نەک تەنێ سووکایەتیی بە ئەڕتەش دەکرد بگرە لە سەردانی ڕۆژی حەوتی گەلاوێژ [ ١٣٢٥] و یەکی ڕەزبەر و بیست و یەکی خەزەڵور دا کە بۆ مەهابادم کرد هەڕەشەی لێکردم و گوتی : " بەم زووانە هێرش دەکەمە سەر هێزی دەوڵەت ، سەقز و سنە و کرماشانیش دەگرم." لە سەردانی ٧ی گەلاوێژ دا لە بەر چاوی من بە بەرگی ژەنەڕالییەوە ڕێژەی بە هێزەکانی خۆی کرد ". بەو قسانە ڕا دەر دەکەوێ کە ئەم وێنەیە لە ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی هەڵگیراوە .بەڵام بە پێچەوانەی قسەی فیووزی پێشەوا بەرگی ژەنەڕاڵی دە بەر دا نییە. خاڵێکی جێی سەرنج لەم وێنەیە دا ئەوەیە کە سەرهەنگ فیووزی بە پێچەوانەی ڕێسای ڕێژەی نێزامی دەستی بە نیشانەی ڕێز بەرز نەکردووەتەوە وبێ ڕێزی کردووە.

تێبینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە کتێبی " : ساوجبلاغی مکری (مهاباد) وەرگیراوە و وەک لەژێر وێنەکەشدا هاتووە لە ئاڕشیڤی نەمر سەید عوبەیدیللای ئەیووبیانی مەرکەزی ( بڕرەک) وەرگیراوە

۱۳۸۹ دی ۴, شنبه

حەمە ڕەسووڵی مکاییلی (م.م. هۆشەنگ ١٦) لە تێکۆشەرانی کۆمەڵەی ژ.ک.


حەمە ڕەسووڵی مکاییلی (م.م. هۆشەنگ ١٦) لە تێکۆشەرانی کۆمەڵەی ژیانی کورد
لە ژمارەی ١ی نیشتمان دا، پووشپەڕی ١٣٢٢ی هەتاوی، ژووییەی ١٩٤٣ چەند چوار خشتەکی وی بڵاو بوونەتەوە و گەڕێنەندەی نیشتمان نووسیویە: "
م.م.هۆشەنگ ئەندامی ژمارە شازدە (١٦) ی کۆمەڵە، لاوێکی خوێندەوار و بوێژ (شاعر) ێکی نیشتمانپەروەرە. ئەم چوارخشتەکیانەی خوارەوە نموونەییکی شێعرە جوانەکانی ئەم لاوە خۆشەویستەن":

تا دەبینم میلەتی کوردی فەقیر و سەر هەژار
بێ زمان و بێ کەس و بێ کۆمەگ و بێ کار و بار
ژێر چەپۆکی میلەتی دی ڕادەبوێرن ڕۆژگار
ئاوی چاوم هەر وەکوو گۆزەی سەرەوژێر دێتە خوار
***
بەش بەحاڵی خۆم ئەمن عومرم دەگەڵ غەم تەوئەمە
موونیس و غەمخۆری قەلبی دەردناکم هەر غەمە
دایما بگریم ئەگەر بۆ کوردی بەستە زمان کەمە
مەنعی من بۆچی دەکەن خەڵکی لە هەر گۆشە و کەنار
***
ئەوڕۆ ڕۆژێکە کە نابێ دابنیشین ڕەنجەڕۆ
یا عەدوو بن بۆ تەماعی ماڵی دونیا خۆ بە خۆ
موتمەئین کەن یەکتری بە قسەی پڕو پووچ و درۆ
ڕۆژی مەیدان و عەمەل بگرن هەموو ڕێگەی فەرار
***
میلەتی دی چی ئەگەر کردی تەڕەقی عیلەتی ؟
بۆچی تێ نافکری کورد ؟ ئاخر ئەتۆش خۆ میلەتی !
شد نفاق تۆ سبب گرتاکنون در ذلتی
بێ وەتەن وەک جوولەکەی دایم هەتیو و سەر هەژار
***
غیرەتی کوردی لە نێو ئاحاد و ئەفرادی میلەل
بۆتە باعیسی سەرئەفرازی دەزانین لائەقەل
ئیتیحادوو بێ وەکوو ئەو غیرەتەی زەربولمەسەل
تا بزانن چۆن دەکەن تەحسیلی ناو و ئیفتیخار
***
مایەیی هەر جۆرە عیز و ئیفتیخارە ئیتیحاد
میلەتی دی بەم تەریقە لادەبەن ڕیشەی فەساد
ئیتیحادوو گەر ببێ جالازمە عیلم و سەواد
چونکە بێ عیلم و هونەر ناکا تەڕەقی هیچ کار
***
هیچ کەس ناژی لەوەی دوا بە بێ عیلم و هونەر
میلەتی عالەم کە دەگرن عالەمێک نییە بێ ئەسەر
گەر نەبێ عیلم و هونەر، حەیوانن ئەبنایی بەشەر
ماییلی دەشتوو دەر و سەحرا و کێو وکێوسار

تێبینی : ئەم وێنەیەش لە کتێبێ ساوجبلاغ مکری (مهاباد) وەرگیراوە، ئەویش لە ئارشیوی ڕەحمەتی سەید عوبەیدیللای ئەیووبیان ( بڕڕەک ) ی وەرگرتووە

وێنەی هێمن کە بە هەڵە وەک وێنەی هەژار لە ڕۆژنامەی آذربایجان دا بڵاو کراوەتەوە


هێمن لە تەورێز!
ڕۆژنامەی آذربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان لە شمارەی ٢٢١ی خۆیدا، ٢شەمۆ ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٢٥ ئەم وێنەیەی هێمنی بەهەڵە لە جیات وێنەی هەژار بڵاو کردووەتەوە. لە نوسخەیەکی ئەم وێنەیە کە پێشتر لێرە دا بڵاو کراوەتەوە و لە سەر بەرکی ژمارە ٧٣ی گۆواری مەهاباد دا بڵاو کراوەتەوەم هێمن ئەو شەرحەی خوارەوەی بە زمانی فارسی نووسیوە کە ڕەنگە ئەو وێنەیەی بۆ بیرەوەری بۆ دۆستێکی خۆی ناردبێ و ئەو شەرحەی لە سەر نووسیبێ:

ئێستا که‌ به‌داخه‌وه‌ مووی سه‌رو ڕووم به‌ره‌و سپی بوون ده‌چن و چرچ و چۆڵێکی زۆر له‌ ڕوخسارم دا په‌یدا بووه‌ هه‌رکاتێک ‌ چاو له‌ووێنه‌یه‌ی خۆم ده‌که‌م که‌ یادگاری تافی لاوێنی و ڕۆژگاری کامرانی منه‌ ، هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشم و ئه‌م شێعره‌ له‌بن لێوان ده‌ڵێمه‌وه‌ : پیر بووم له‌م کۆنه‌ ده‌یره‌ دا ، ئه‌ی لاوه‌تی له‌ کوێی یادت به‌خێر بێ. ئه‌م وێنه‌یه‌م له‌ بانه‌مه‌ڕی ساڵی 1325 له‌ ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵی دا له‌ یه‌کێک له‌ عه‌کاسخانه‌کانی شاری ته‌ورێز کێشاوه‌ ، ئه‌وده‌می هێشتا ژیانی هاوسه‌ریم ده‌ست پێنه‌کردبوو و سه‌ڵت بووم و تاقه‌ یادگاری سه‌رده‌می خۆشبه‌ختی و لاوه‌تی منه‌ - 20/12/1334 محه‌مه‌دئه‌مینی شێخولئیسلامی


مه‌کێشه‌‌ له‌ خۆڕا ئه‌م نه‌خشه‌ نه‌خش ده‌که‌ی ئه‌ی نه‌قاش
خوێن ده‌گری ئه‌گه‌ر سه‌ر له‌ ئه‌حواڵم ده‌ربهێنی
چ پێویست ده‌کا له‌ دوای من ئه‌م تیمساله‌
فه‌له‌ک چی له‌ گه‌ڵ خۆم کرد تا بیکا له‌گه‌ڵ تیمسالم



تێبینی: ئەم نوسخەیە لە کتێبی "ساوجبلاغ مکری (مهاباد) وەرگیراوە کە بە داخەوە لە کتێبی نێوبراو دا نەهاتووە وێنەکە لە چ سەرچاوەیەک وەرگیراوە.

وێنەی هەژار کە وەک وێنەی هێمن لە ڕۆژنامەی آذربایجان دا بڵاو کراوەتەوە


هەژار لەو سەردەمەی دا کە رابیتەی فەرهەنگی شوورەوی لە تەورێز "ئاڵەکۆک " و " لایلای " بۆ چاپ کردووە. ئەو وێنەیەی هەژار وەک وێنەی هێمن لە ژمارەی ٢١٧ی آذربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان، ١٥ی جۆزەردانی ١٣٢٥ی هەتاوی دا بڵاو کراوەتەوە


تێبینی: ئەم وێنەیەش لە کتێبی " ساوجبلاغ مکری" وەرگیراوە. بەداخەوە لە کتێبی باسکراو دا باسی سەرچاوەی ئەم وێنەیە نەکراوە.

فەتاحی حامیدی لە مەدرەسەی نیزامی باکۆ


فەتاحی حامیدی یەک لەو خوێندکارانەی کۆماری کوردستان ناردنی بۆ باکۆ بۆ خوێندنی نیزامی

تێبینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە ، لە کتێبێ : ساوجبلاغ مکری (مهاباد)،گردآوری و تالیف: فریدون حکیم زادە وەرگیراوە. ئەویش لە ئارشیڤی نەمر سەید عوبەیدیللای ئەیوبیانی مەرکەزی (بڕڕەک) ی وەرگرتووە

۱۳۸۹ آذر ۲۸, یکشنبه

پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە تەورێزێ



پێشمەرگەی کۆماری کوردستان لە تەورێزێ

تێبینی " ئەم وێنەیە لە ژمارەی ٢٠٤ی ڕۆژنامەی "آذربایجان"،٣١ی اردیبهشت ١٣٢٥، ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجاندا چاپ کراوە و لە بنی نووسراوە " دیمەنێک لە گەلی کورد لە تەورێزێ " بە ئەگەری زۆر ئەم وێنەیە و وێنەی پێشوو کاتێک هەڵگیراوە کە پۆلێک لە پێشمەرگەی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی ئەڕتەشی سوور چوونە تەورێزێ

دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان



دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کۆماری کوردستان

تێبینی: ئەم وێنەیە لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی " آذربایجان" ،ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان، ژمارەی ٢٠٤، ٣شەمۆ ٣١ اردیبهشت ١٣٢٥ دا چاپ کراوە و لە بنی نووسراوە " یەکێک لە دەستە چەکدارەکانی گەلی قارەمانی کورد "



ئەم وێنەیەی سەرەوەش هەر نوسخەیە ئەو وێنەیەیە کە لە ڕۆژنامەی آذربایجان دا چاپ کراوە و پەلێک لە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان نیشان دەدا کە بۆ بەشداری لە ماڵاوایی کردنی ئەڕتەشی سوور چووبوونە تەورێزێ

تێبینی: ئەو وێنانە لە تۆڕی ئینترنێت وەرگیراوە

۱۳۸۹ آذر ۲۵, پنجشنبه

دیداری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و میر جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری له‌ شاگۆلیی تەورێز



دیداری پێشەوا قازی محەمەد و میر جەعفەری پێشەوەری سەرۆکی فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجان و سەرۆکوەزیری حکوومەتی میللی ئازەربایجان لە شاگۆلی تەورێز.بە پێی خەبەرێک کە لە ژمارەی ١٨٤ی آذربایجان، یەکشەمۆ ٨ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاویدا بڵاو کراوەتەوە، رۆژی ٥ی بانەمەڕ "باش وزیرمیز کرد خلقینن پیشواسی ایلە برابر قوشون تشکیلاتینا باش چکمیشدیر" هەر لەو ڕۆژەدا پێشەوا و پیشەوەری مانۆری تۆپچی یانیان لە شاگۆلی بەسەر کردووەتەوە و ئەم وێنەیەی سەرەوە لەو بۆنەیە دا لە ڕۆژی پێنجشەمۆ ٥ی بانەمەڕی ١٣٢٥ لە شاگۆلی هەڵگیراوە، نەک لە خوجامیر.

تێبینی : ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە ماڵپەڕی ئازەربایجان وەرگیراوە
Azer-online

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری کوردستان



ژمارەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری کوردستان
لە لای ڕاستەوە نەفەری دووەم ڕەحیمی لەشکری سەرۆکی دەفتەری پێشەوایی،نەفەری سێیەم برایم خانی سەلاح ، نەفەری پێنجەم هەژار ؟

تێبئینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە ماڵپەڕی ئازەربایجان وەرگیراوە
Azer-online

۱۳۸۹ مهر ۲۹, پنجشنبه

پێشەوا قازی محەمەد لە دەفتەری کاری


پێشەوا قازی محەمەد لە دەفتەری کاری


تێبێنی : ئەم وێنەیە لە کتێبی :" از مهاباد خونین تا کرانەهای ارس، نووسینی حوسێنقوڵی پسیان وەرگیراوە

۱۳۸۹ شهریور ۲۸, یکشنبه

چه‌ند دیمه‌نی کۆماری کوردستان له‌ فیلمێکی به‌ڵگه‌یی ڕووسی دا


فیلمێکی به‌ڵگه‌یی ڕووسی سه‌باره‌ت به‌ کشانه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌شی سوور له‌ ئازه‌ربایجانی خواروو. له‌م فیلمه‌دا چه‌ند دیمه‌نێکی کۆماری کوردستان ده‌بینین. به‌تایبه‌تی سپاسنامه‌یه‌ک بۆ ئه‌ڕته‌شی سوور


http://www.criticalpast.com/video/65675041187_Parade_women-picking-flowers_newspaper-headlines_women-with-covered-heads

۱۳۸۹ اردیبهشت ۲۹, چهارشنبه

چاردە بەڵگەی کۆماری کوردستان



[بەڵگەی ١]

لاپەڕە ١
نیشانی : ئیدارەی چاپخانەی کوردستان- مەهاباد
ژمارە: ١٤
بەروار: ٢٥/٦/١٥

ئیدارەی شارەوانیی کوردستان
ئەوڕۆ ڕۆژی هەینوو سەعات دوازدە، وەختێکی کارگەران ئیجازەی ڕۆیشتنەوەیان دەدرێتێ "ئەلیاس ئەلیاسی" حڕوفچینی چاپخانە مەعلووم نییە لە ڕووی چ نەزەریەوە لە چاپخانە دا، کە تەواوی ئەسباب بە بێنزین و ماسڵە دەشۆرێ و حەتتا کارگەر لیباسیشیان بێنزیناوییە، عەمدەن کبریتی هەڵدەکا و بە بەرهەڵبێنەی بێنزیناوی ئاغای ڕەحیمی دەبباغییەوەی دەنێ کە بیسووتێنێ، فەورەن گڕ بڵیند دەبێ، ئیسماعیلی فتووحی لاقی دەسووتێ و ئێستا تەحتی معالیجەی دایە و هەم بۆخۆشی ئاور دەگرێ، نیزیک دەبێ بە کوللی چاپخانە و حەڵەبیی بێنزین ئاور بگرێ. ڕجا ئەوەیە فەورەن ئەلیاسی ئەلیاسی دەگرن و تەوزیحاتی لازمەی لێ وەربگیرێ کە ئەو حەڕەکاتە چبوو و بۆچی کردوویەتی و لەو

لاپەڕە ٢

بابەتەوە تەحقیقاتی لازم بفەرموون و نەتیجەی ئێعلام بفەرموون و پەروەندەی ئەمر بە دادگای ئیحالە بکرێ.

- ئیمزا: سەرۆکی چاپخانە[ئیمزاکە ناخوێندرێتەوە، بەڵام ئەودەم سەرۆکی چاپخانە "قادری مودەڕیسی" بووە. -هێدی-]
- ئیمزا: دەفتەری سەبت ....

لە بن نامەکە تێبینیی "دەفتەری شارەوانیی کوردستان" بەو چەشنە نووسراوە: "ئاگاداریی فەوری: ئیقدامی تێدا دەفەرمووی و پەروەندەی بە دادگا حەواڵە دەفەرمووی".
٥- ٥ ئیمزا
- مۆری دەفتەری شارەوانیی کوردستان
بەروار: ٢٥/٦/١٥
ژمارە ٢٤٢١


تێبینیی "هێدی":
- دەو بەڵگەیە دا نێوی "ڕەحیمی دەبباغی" هاتووە؛ دە بەڵگەکانی دیکەی سەردەمی کۆمار دا "عەبدوڵڵای دەبباغی" وەک کارگەری چاپخانە نێوی هەیە.
- ڕێنووسی بەڵگەکان هێنراونە سەر شێوازی ئەوڕۆ.

تێبینی "حەسەنی قازی" :
- لەو بەڵگەیە را دەردەکەوێ کە لە چوار چێوەی ئیدارەی شارەوانی دا بەشی لێکۆڵینەوە هەبووە و بە "ئاگاداریی" ناوی هاتووە. ئەوەش وەرگێڕانێکی ڕاستەوڕاست بووە لە "آگاهی" فارسییەوە.
- له‌ ڕووی زمانه‌وه‌ ئه‌وده‌می "به‌روار" له‌ بری "بتاریخ"، یان "تاریخ" به‌ کار هاتووه‌.
- له‌ جیات وشه‌ی "جومعه‌"، "هه‌ینوو" ده‌کار کراوه‌، له‌ ڕۆژنامه‌ی "کوردستان"یش دا هه‌ر وایه‌.
- ده‌فته‌ری شاره‌وانیی کوردستان، نامه‌ی هاتووی سه‌بت کردووه‌. له‌ مۆره‌که‌ ڕا ده‌رده‌که‌وێ، تا تاریخی ١٣٢٥/٦/١٥
٢٤٢١ نامه‌ له ‌ده‌فته‌ری شاره‌وانیی کوردستان سه‌بت کراون‌.


بەڵگەی ٢


[بەڵگەی ٢]

٢٤٤٤/٨٩
-----------
٦ ٢٥

دادستانی دادسەرای کوردستان
٧ پەڕ پەروەندەی "ئەلیاسی ئەلیاسی"ی کەلیمی، کارگەری چاپخانەی کوردستان، کە لە چاپخانە دا ئیقدامی جینایی و سیاسی کردووە، لە پێوەندیی ئەو نامەیە دا ناردرا و ڕجا وایە نیسبەت بە سدووری قەراری لازم ئیقدام دەفەرموون.

- سەرۆکی شارەوانیی کوردستان- نیزامی
- مۆر و ئیمزا
- ئاغای موستەنسیق
- ڕەسیدەگی و قەراری پێویست سادر بفەرموون
- مودەعییەلعمووم- ئیمزا- ١٧ / ٦ / ١٣٢٥
لە پەراوێزی نامەکەدا:
- دەفتەر ئەلیاس ئەلیاسی و ئیسماعیل فتووحی ئیحزار بکەن
- موستەنتیق ئیبراهیمی قازی
- ئیمزا- ١٨ / ٦ / ١٣٢٥

شیکردنەوەی "حەسەنی قازی": وا دیارە دوای لێکۆڵینەوەی شارەوانی، سەرۆکی شارەوانی سەید خدری نیزامی(سەید پیرە) داوای لە دادستانی دادسەرای مەهاباد کردووە لەو بارەوە بڕیار بدا. مودەعییەلعمووم(دادستان)یش پەروەندەکەی حەواڵەی موستەنتیق (بازپورس) کردووە.

- تێبینیی "حەسەنی قازی":- شێوەی دەستنووسی ئەو نامەیە کە بە ئیمزای سەید پیرەی سەرۆکی شارەوانییە، وە دەستخەتی عەڕەبی- کوردی دەچێ؛ بەو پێیە دەبێ کاتیبی سەید پیرە لە کوردەکانی ئەودیو بووبێ.
- بە پێی ئاگادارییەک کە لە ژمارەی ٨٥ی ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە (٢١ی خەرمانانی ١٣٢٥) دادستانی دادسەرای مەهاباد ناوی " لاهووتی " بووە.

بەڵگەی ٣



[بەڵگەی ٣]


٨٩
------
٢٥/٦/١٦
سەرۆکی بەرزی شارەوانیی کوردستان
عەینی پەروەندەی ئەلیسی ئەلیاسیی کەلیمی لەگەڵ دوو پەڕ پرسیار لەو پێوەندییە دا تەقدیم کراو شەخسی نێوبراو بە کوللی تەکزیبی شکایەتی مودیری چاپخانە دەکا.
ئاگاداری ٢٥/٦/١٦
- ئاگاداری/ تەهییە بفەرمووی
- ئیمزا

بەڵگەی ٤




[بەڵگەی ٤]

پرسیاری ئەلیاسی ئەلیاسی کەلیمی
پ- خۆت مەعڕەفی بکە.
و- نێوم ئەلیاسی ئەلیاسی، کوڕی عەزیز، کەلیمی، شوغڵ کارگەری چاپخانەم. حقوقم سەد تمەن. ئیمزا
پ- چەند مانگە مەشغوڵی؟
و- مانگ و نیوێکە. ئیمزا
پ- سەرۆکی چاپخانە لە ژێر نامەی ژمارە ---- لە تۆ شکایەت دەکا کە بە خەلافی موقەڕەڕات لە چاپخانە دا پەڕۆی بێنزیناویت بە مەنزووری لە بەینبردنی چاپخانە ئاور داوە و لە زیمن دا سمایلی فتووحیش بەو ئاورە ئاورت تێبەرداوە کە ئێستا لە بیمارستاندا کەوتووە. عیلەتی ئەو ئیقدامە چییە؟
و- کراسێکی ڕەفیقی ئێمە کە بۆ کارکردن دەبەری دەکرد لەسەر خوانچەی حڕوفچینی دانراوە. سمایلی فتووحی کوتی دوێنێ کوتم ئەو کراسەی داکەنە و بەرهەڵبێنە دەبەر کە، ئەوە فڕێی نادا. لە ڕقان دەیدەم بەو کوڕە بارزانییە. دای بە کوڕە بارزانی. ئەویش بە واسیتەی شڕی قەبووڵی نەکرد، کبریتی لە گیرفانی من دەرهێنا و ئاوری تێبەردا و دە دەقیقە لە بەر دمی منی ڕاگرت. کوتم بۆسۆی دێ، بیبە دەرێ فڕێی دە! سەدیقی بەکری لە ژوورێ ئیسلاحی ڕۆژنامەی دەکرد. ئەمن مەشغوڵی قسەکردن بووم لەگەڵ ئەو. قاپێکی بێنزینی چووکە کە کارگەران دەستیان تێدا دەشون بە قەدری نیو ئیستیکان بێنزینی تێدا بوو بە سەر کراسەکەی داکردبوو، ئاور دەگرێ. مەوزوع ئەوەیە. ئیمزا
پ- پەس دانی گوزاریشی ئاغای مودەڕیسی لەو مەوزووغە دا درۆیە یان نا؟
و- بێ ئیتلاع بوو، وەئیلا شکایەتی نەدەکرد. ئیمزا
پ- لە سورتێکدا ، تەحقحقی، ئەتۆ شەخسەن باعیسی ئەو کارە بووی. دەڵێی [چی]؟
و- حازرم بۆ هەر موجازاتێکی. ئیمزا
پ- زامنت هەیە؟
و- بەڵێ. ئیمزا
پ- ئیزهاراتی خۆت ئیمزا دەکەی؟
و- بەلێ. ئیمزا
- پرسیار لە ئەلیاسی ئەلیاسیی کەلیمی لە ڕۆژی ٢٥/٦/١٦دا وەرگیرا
- ئیمزا: سەرۆکی ئاگاداری ٢٥/٦/١٦

بەڵگەی ٥ لاپەڕەی ١



[بەڵگەی ٥]

بەرگی وەزاڕتی دادگوستەری کۆماری کوردستان کە نیشانی "شێروخورشید"ی پێوەیە.
لاپەڕە ١
خواهان: دادسەرا و چاپخانە
خواندە: ئەلیاسی ئەلیاسی
خواستە: قەسدی سووتاندن
تاریخ: ١٣٢٥/٦/٢٣

ئاغای عەبدولقادری مودەڕیسی مودیری سابقی چاپخانە بە عینوانی موتەلیع حازر بوو و شەفاهەن تەوزیحی دا کە لەو مودەتە دا ئەو قەزییە واقیع بووە دەلیلێک پەیدا نەبووە کە کاری ئەلیاسی ئەلیاسی موتەهەم عەمدی بووبێ و بە تەوری کە پرسیومە قەزییە غەیری عەمدی و ئیتیفاقی بووە. [ئیمزا: عەبدولقادری مودەڕیسی]

ئەلیاسی موتەهەم بۆ تەحقیقات حازرە و تەبسەرەی مادەی ١٢٥ قانوونی موحاکمات بەوی حاڵی دەکرێ.
س- نێو و شۆرەت و مەحەلی دایمی و مەزهەبی خۆت بەیان کە!
ج- نێوم ئەلیاس کوڕی عەزیز، شۆرەت ئەلیاسی، مەحەلی ئیقامەتی دایم مەهاباد، خانووی پلاک بیست‌وچوار لە محەلەی کەلیمی ومەزهەبم کەلیمی و ئێرانیم. ئیمزا
س- ئەتۆ شوغڵی ڕەسمیت هەیە و لە کێهەا ئیدارە دا کار دەکەی و شوغڵت چییە و حقوقت چییە؟
ج- کارگەری چاپخانە و شوغڵم حڕوفچین و مانگێ حقوقم سەد تمەنە. ئیمزا
س- قەزییەی سووتانی ئیسماعیلی فتووحی چبووە، بەیانی بکە!
ج- کراسێکی کارکردنی ڕەفیقی مە کە زۆر شڕ بوو دای بە کوڕێکی بارزانی، نەیەویست، شەمچەی لە گیرفانی من دەرێنا، شەمچەی لێ دا و تەقریبەن دە دەقیقان لە پێش دمی منی ڕاگرت. لە بەر ئەوە بۆسۆی دەهات کوتم بیبە دەرێ فڕێی دە. ئەمن ئیدی موتەوەجیهی وەی نەبووم، تەماشای ژوورێم دەکرد، بە بێ وەی بزانێ بۆخۆشی ئاور دەگرێ. قاپێکی چکۆڵەی بێنزینمان هەبوو کە کارگەرانی چاپخانە دەستیان تێدا دەشوت. بە قەرا نیو ئیستیکان بێنزینی تێدا مابوو، بە سەر کراسەکەی داکرد، گڕی گرت و کراسەکەی فڕێ دا و لە لاقی هاڵا و لە پڕ لاقی سووتا. ئیمزا
س- تۆ لە سووتانی لاقی ویدا هیچ دەخالەتت نەبووە؟
ج-زەمینەی ئاور، گوزەشت نامەی شاکیش تەقدیم دەکەم.
س- لەو وەقتە دا کە کراسەکە ئاوری تێبەربوو بۆچی نەتکوژاندەوە؟
ج- بە هەموومان کوژاندمانەوە، چونکە دوو نەفەر لە داڵانێ بووین، دوو نەفەری دی سەدیقی بەکری و یۆنسی داود زادە لە ژوورێ بوون، ئیسلاحی ڕۆژنامەیان دەکرد.
س- ئەو دوو نەفەرە ئاگایان لە هەڵکردنی شەمچە و ئاور بوو؟
ج- ئیسماعیل هەڵات بۆ ژوورێ، لە پاشان دەریانکرد بۆ دەرێ، لە دەرێ کوژاندمانەوە، ئاگایان لە هەڵکردنی شەمچە و ئاورەکە نەبوو.
س- بۆچی شەمچەی لە کراسەکە دا مەنزووری چبوو؟

بەڵگەی ٥ لاپەڕەی ٢


بەڵگەی ٥

[لاپەڕە ٢]

ج- کراسەکە خراپ بوو، دای بە کوڕێکی بارزانی، ئەویش نەیەویست، کوتی وەڵڵا هێندە خراپە دەبێ بیسووتێنم. ئیدی سووتاندی. ئیمزا
- قەراری ئازادیی ئەلیاسی ئەلیاسی موتەهەم بە ئیلتیزامی مەبلەغی هەزار تمەن سادر دەبێ کە لە حەوزەی قەزایی و[--؟--] تا خەتمی تەحقیقات لە سووڕەت [--؟--] دەبێ هەزار تمەن بە سندووقی دەوڵەت بدا.
- ئیمزا: موستەنسیقی عەدلییە [ئیبراهیم ] قازی و ئیمزای ئەلیاسی ئەلیاسی
[٣٥]- ٢٥/٧/٢٥ دەبێ ئاقای ئیسماعیلی فتووحی شاکی، بۆ تەکلیفی سوڵح و تەحقیق ئیحزار بکرێ. [ئیمزا: [ئیبراهیم] قازی ]- ئیقدام کرا.
ئیدارەی شارەوانیی کوردستان، عەتف ژمارە [٢٥٠٧]- ٢٧/٦/٢٥ تەحقیق بفەرموون مودەتی موعالیجەی ئیسماعیلی فتووحی عوزوی چاپخانە لە بیست ڕۆژ زیاترە یا کەمترە و تەسدیقی دوکتوری، مەعالیج ئیرساڵ بفەرموون. – ئیمزا: موستەنسیقی عدلییەی مەهاباد قازی - ئیقدام کرا.
بە تاریخی ١٦/٧/٢٥ ئاغایانی ئیسماعیل فتووحی و ئەلیاسی ئەلیاسی لە مەوزوعی موتەعەهیدبوونی خەساڕەتی لاقی ئیسماعیلی فتووحی کە ئەلیاس مولتەزیم ببوو هەرچی بێ بیداتەوە لە سەر مەبلەغی سی‌وپێنج تمەن سوڵحیان کرد و مەبلەغەکەش بە ئیسماعیل گەیشت و کاریان خاتمەی هات. لە بەر ئەوە قەراری بایەگانیکردنی ئەو پەروەندەیە سادر کرا. – ڕەئیسی عەدلییەی مەهاباد: مەجدی- ئێمزا: حوسێنی مەجدی
[دە ئاخریدا سێ ئێمزا لە بن ئەو کاغەزە دراون. یەکیان ناخوێندرێتەوە، دوویەکەی دی یەکیان ئی سمایلی فتووحی و ئەویدی ئی ئەلیاسی ئەلیاسییە.]
- سەبت کرا.
---------------------------
تێبینیی "حەسەنی قازی":

- لەو تاریخە دا، واتە لە خەرمانانی ١٣٢٥، ئیدی عینوانی وەزیر دەکار نەهێندراوە و وەک دەبێنن حوسێنی مەجدی یەکێک لە بەڵگەکانی وەک ڕەئیسی عەدلییەی مهاباد ئیمزا کردووە.


تێبینیی "هێدی":

- سەیر ئەوەیە ئەو کوڕە بارزانییەیان هەر بانگ نەکردووە لێی بپرسنەوە!
- ئەوەش سەرنجڕاکیسە کە هەمیشە بە دوای نێوی ئەلیاسی ئەلیاسی دا ئاماژە بەوەش کراوە کە کەلیمی(جوولەکە)یە! هەرچەند جوولەکە بوون یان نەبوونی ناوبراو دەو ڕووداوە دا هیچ دەورێک ناگێڕێ.

بەڵگەی ٦


[بەڵگەی ٦]

نامەی سمایلی فتووحی بۆ دادسەرای مەهاباد

دادسەرای مەهاباد
ئاغای ئەلیاس ئەلیاسی کە مورتەکیبی سووتانی من بووە ئەوە لە تەقسیر و خەتای وی سەرفی نەزەرم کرد. ڕەجا وایە مەوریدی تەعقیب قەرار نەدرێ و زیمنەن کاغەزی بە ئیمزای خۆی و تەسدیقی مودیری چاپخانە دامێ کە هەر مەخاریج و حەماڵی و دەرمان و هەرگوونە سەدەمەیەک بێ لە عۆهدەیی بیمە دەرێ.
ئیمزا: ئیسماعیلی فتووحی
٢٥/٦/٢١
- ئیمزای ئاغای ئیسماعیلی فتووحی گەواهی دەکرێ
- ئیمزای مودیری چاپخانە- حەمیدی ٢٥/٦/٢٨

بەڵگەی ٧



[بەڵگەی ٧]

نامەی قادری مودەڕیسی بۆ ئیدارەی شارەوانی

ئیدارەی شارەوانی
لەبەر ئەوەی ئاغای ئەلیاسی ئەلیاسی پێویستی چاپخانەیە ئەوشۆ مەرەخەسی بفەرموون تا سبەینێ تەحقیقات بکرێ، خەتا موتەوەجیهی هەرکەس بێ بە پێی موقەڕەڕات موجازات بکرێ.

ئیمزا: [ناخوێندرێتەوە، بەڵام دیارە ئی "قادری مودەڕیسی"یە]
٢٥/٦/١٦
کێشک ئازادی بکە - ٢٥/٦/١٦

بەڵگەی ٨



[بەڵگەی ٨]

٢٥٠٧
٢٥/٦/٢٧
مودیری بەرزی دەفتەری دادگوستەریی مەهاباد
بە هۆی ژمارە [١٩٢٣]-١٨/٦/٢٥ بە ناوبراوان ئیبلاغ و نوسخەی سانەوی بە مسەدقی لە پەیوەست دا تەقدیم کرایەوە- ئەرجومەندی موکری

- ئیمزا: سەرۆکی شارەوانی کوردستان- نیزامی
- [٢٣]٢٥/٦/٢٨

بەڵگەی ٩



[بەڵگەی ٩]

٢٥/٦/١٨
ژمارە: ٢٤٤٤/٨٩/ ٢٥
بەرگی ئیختارییەی وەزاڕەتی دادگوستەری بە نیشانی "شێروخورشید"ەوە
بازپرسی مهاباد
نام اخطار شوندە: آقای الیاس
نام خانودە : الیاسی
محل اقامت: مهاباد
محل حضور: دایرە بازپرسی مهاباد

- لە پاش ٢٤ سەعات ڕۆئیەت حازر بە وەئیللا جەلب دەکرێی.
- ئیمزا: بازپرسی مهاباد: ئیبڕاهیم قازی
- تاریخ تبلیغ: ١٩/٧/١٣٢٥ – رویت شد- محل امضا: ئەلیاسی ئەلیاسی
- محل گواهی مامور: ئیمزای ئەلیاسی تەسدیق دەکەم- نووسەری دەفتەری کەڵانتەری[ئیمزاکەی ناخوێندرێتەوە]
- مۆری کەڵانتەریی شارەوانیی کوردستان- ١٣٢٤

تێبینی حەسەنی قازی : - لە بەر ئەوە بەرگی ئیختارییە هەر ئی زەمانی حکوومەتی سەلتەنەتی بووە و بەفارسی بووە بە تێکەڵاوێک لە فارسی و کوردی پڕکراوەتەوە.
- وا دەردەکەوێ ئیدارەی شارەوانیی لە نێو شاردا چەند کانگای کەڵانتەری هەبووە

بەڵگەی ١٠



[بەڵگەی ١٠]

٢٥/٧/٥
ژمارە: ٢٤٤٤/٨٩
پەروەندە: ٢٥/٧
بەرگی ئیختارییەی وەزاڕەتی دادگوستەری بە نیشانی "شێروخورشید"ەوە
نام اخطار شوندە: آقای اسماعیل
نام خانوادە: فتوحی
شغل: عضو چاپخانە
محل اقامت: مهاباد
وقت حضور: یەک ڕۆژ لە پاش ڕۆئیەت بوون
محل حضور: لە دایرەی بازپرسی حازر بی
- تاریخ تبلیغ: ١٤/٧/١٣٢٥– رویت شد- محل امضا: اسماعیل فتوحی – ئیمزای مونشی بازپرسی عەدلییەی کوردستان[ناخوێندرێتەوە]
- محل گواهی مامور: ئیمزای ئاغای اسماعیل فتوحی تەسدیق دەکەم- مەئمووری ئیجڕایی عەدلییەی کوردستان: خالید خەیاتی- ١٤/٧/٢٥- ئیمزای خەیاتی

بەڵگەی ١١



[بەڵگەی ١١]

٢٥/٦/١٨
ژمارە: ٢٤٤٤/٨٩/ [٦/٢٥]
بەرگی ئیختارییەی وەزاڕەتی دادگوستەری بە نیشانی "شێروخورشید"ەوە
بازپرسی مهاباد
نام اخطار شوندە: آقای اسماعیل
نام خانوادە : فتوحی
محل اقامت: مهاباد
محل حضور: دایرە بازپرسی مهاباد

- لە پاش ٢٤ سەعات ڕۆئیەت حازر بە وەئیللا تیبقی قانوون جەلب دەکرێی.
- ئیمزا: بازپرسی مهاباد: ئیبڕاهیم قازی
- ڕۆئیەت بوو، چونکە بە مناسبەتی برینی لاقم قادر بە ڕۆیشتن نیم، بەو موناسبەتەی نەمتوانی حازر بم و حازربوونم مەوکوولە بە چاک بوونەوە. – ئیمزای ئیسماعیل فتووحی
- محل گواهی مامور: ئیمزای ئاغای فتووحی تەسدیق دەکەم- پاسەبانی ژمارە ١٢٨: محێدینی عەڕەبزادە

تێبینی حەسەنی قازی: وا دیارە قۆڵ سوورەکان (پاسەبانەکان)ی ئیدارەی شارەوانیی کوردستان ژمارەیان هەبووە.

بەڵگەی ١٢



[بەڵگەی ١٢]
٢٥/٦/١٦
ئەمن میرزا داود، کوڕی میرزا بابا تەعەهود دەکەم هەر وەخت ئەلیاسی ئەلیاسییان لە منیان ویست بۆو حازر بکەم.
- ئیمزا: داودزادە

تێبێنی حەسەنی قازی:

- میرزا داودی داودزادە کە بە نامەیەک بۆ ئەلیاس ئەلیاسی بووە بە زامن لە مەزنانی جوولەکەکانی سابڵاغێ بووە. لە ژمارەی ٧٥ی ڕۆژنامەی کوردستان (٢٠ی گەلاوێژی ١٣٢٥) ئاگادارییەک لە لایەن داود زادە وە وەکوو سەرپەرست و مودیری مەدرەسەی عیبری بڵاو کراوەتەوە. دیارە ئەو زمانەی جووڵەکەکان لە کوردستان قسەیان پێکردووە عیبری نەبووە، بەڵکوو سریانی بووە،

بەڵگەی ١٣




[بەڵگەی ١٣]
نامەی مودیری دەفتەری دادگای شارستانی مەهاباد، بە ئیمزای حەسەنی داودی. ئەم نامەیە بە فارسییە. وەک خۆی خراوەتە بەر چاو

بەڵگەی ١٤




[بەڵگەی ١٤]

ئەمن ئەلیاسی ئەلیاسی موتەعەهید دە بم هەتا ڕۆژێکی کە سمایلی فتووحی بۆخۆی دەڕوا بۆ معالیجە، حەقی حەماڵ و ئیزافە دەرمانی کە بۆی دەکڕدرێ بیدەم. زیمنەن هەر سەدەمەیەک بە لاقی سمایلی فتووحی وارید بێ موتەعەهید و مولزەمم کە لە عۆهدەی بیمە دەرێ. - ئیمزا: ئەلیاسی

- ئیزهارات و ئیمزای ئاغای ئەلیاسی ئەلیاسی گەواهی دەکەم. – ئیمزا: مودیری چاپخانە و ڕۆژنامە سەید محەممەدی حەمیدی- ٢٠/٦/٢٥
- ئاغای ئەلیاسی مورتەکیبی سووتانی ئیساعیل موتەعەهید بوو کە تەواوی مەخاریج و حەقی حەماڵی و دەوا بدا، وە لە عۆهدەی سەدەمەی بێتە دەرێ. – ئیمزای ئاغای ئەلیاسی تەسدیق دەکرێ. – مودیردی مەدرەسەی کوردستان: خوسرەوی
- ئیمزای ئاغای مودیری مەدرەسەی کوردستان تەسدیق ئەکرێ- کاکاغازادە
- ئیمزا و ئیقراری ئەلیاسی ئەلیاسی تەدسیق دەکەم- عەبدولڕەحمان
- لە ڕووی تەسدیقی ئاغایان کاکاغازادە و چەند نەفەری دیکە ئیمزای ئاغای ئەلیاسی ئەلیاسی تەسدیق وبە مەزموونی موتەلیع و ئاگادار بووم.[ئیمزاکە ناخوێندرێتەوە]-١٥/٧/٢٥
- ئیمزا و ئیقراری ئەلیاسی ئەلیاسی تەدسیق دەکەم[ئیمزاکە ناخوێندرێتەوە].



پەراوێزی "هێدی":
- ئەو بەڵگانەم لە "سوارەی فتووحی"، کوڕی کاک "سمایلی فتووحی"، وەرگرتوون. بە وتەی کاک سمایلی فتووحی ئەودەم هەم بۆخۆی و هەم ئەلیاسی ڕەفیقی تەمەنیان سێزدە یان چاردە ساڵ بووە. کاک سمایل ئێستا ماوە و چەند جاری ئەو ڕووداوە بۆ گێڕاومەوە. کوتی: "ئەو ئەلیاسە جوولەکە بوو، ڕەفیقی نیزیکم بوو، سیغاری دەکێشا، هۆشی نەبوو قونچکەکەی فڕێ دا، دەوروبەرمان هەموو بێنزین بوو، چونکە دوای کاری چاپخانە دەستمان بە بێنزینی دەشوتەوە. ئەمنیش کە لە پەنای ڕاوەستابووم، بە فڕێدانی قونچکە سیغارەکە لاقم ئاوری گرت. زۆرم ئەملاوئەولا پێکرا، لاقم هەر چاک نەدەبۆوە. ڕۆژێکی بابم مەڵحەمێکی بۆ گرتمەوە و لێیدا، هێندەی پێنەچوو لاقم چاک چاک بۆوە". بەداخەوە کاک سمایل ڕووداوەکەی بە وردی لە بیر نەماوە؛ ناوبراو دە وتەکانیدا ئاماژەی بە هێندێک شت دەکرد کە دە بەڵگەکاندا وەبەر چاو نایەن.

تێبینی حەسەنی قازی : ئەو بەڵگانەی لەمەڕ ڕووداوێکی نەخوازراو لە چاپخانەی کوردستان دا هەتا بڵێی گرینگن و شێوەی کاری ئیدارەی شارەوانیی و چلۆنایەتی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی چەند کارگێڕیی کۆماری کوردستان تا ڕادەیەک ڕوون دەکەنەوە.

۱۳۸۹ فروردین ۳۱, سه‌شنبه

شێرە ژن



شارەکەمان، شارە بچووک و تووک لێکراوەکەمان سەقز یەکێکە لەو شارە کاولانەی کوردستان کە لە مێژووی تاریک و پڕ کارەساتی خوێناوی خۆیدا گەلێک جار تووشی پەلاماری دڕندانەی دوژمن و تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و هەڵات هەڵات و سووتمان ،خاپوور کران و چۆل بوون بووە. ڕووی خۆشی کەمتر بە خۆیەوە دیوە دەتوانم بڵێم هەر نەیدیوە.بەڵی شەقز شارێکی تووک لێکراوە. تەنانەت پاش تێکچوونی حکوومەتی ڕەزاخان پاش فەوتانی ئەو قازاخە چەکمەڕەقە و ئەو دیکتاتۆرە خوێنمژە کە خەڵکی ئێران پشوویەکی هاتەوە بەر و ئاهێکی خۆشی لە دڵی گەڕا دیسان سەقز شوومترین و ڕەشترین ڕۆژانی تاریخی ڕابوارد.
ئەڕتەشی شاهەنشاهی پەهلەوی کە دەیانگوت ئاسمانی بە سەرنێزەوە ڕادەگرێ و زەوی لە بەر پێیدا دەلەرزێ لە ڕاست سپای هاوپەیماناندا بەری فوویەکی نەگرت.دەستی بۆ چەک نەچوو،تاوێکی بەربەرەکانی نەکرد،وەک تۆوی هەرزن بڵاو بوو، وەک بڵقی سەرئاو پووچاوە. چەک فڕێدان. بەجلی ژنانەوە ڕاکردن و خۆ لە تەویلەی ئاغا و دەرەبەگان ئاوێتن، تاکتیکی ئەو فەرماندە لووت بەرزانە بوو کە خەڵکیان بە دیل و کۆیلەی خۆیان دەزانی و لە سەردەمی دەسەڵاتی بیست ساڵەی ڕەزاخاندا کاریان زگ دڕین و گیرفان بڕین و هەژار چەوساندنەوە و دارا ڕووتاندنەوە بوو. بەلام ئەو قارەمانانەی کە لە لێقەومانەکەی شەهریوەر دا دەمانچە و شمشیرەکانیان بە چارشێوێکی ژنان دەدا و چەکمە بریقەدارەکانیان بە کەڵاشێکی کرچ و کۆن دەگۆڕییەوە و باقیشیان دەداوە و خۆیان دەشاردەوە و لە بەر دەستی خەڵک، خەڵکی تووڕە و داخ لە دڵ هەڵدەهاتن،نازانم چۆن بوو پاش ماوەیەکی کەم سەروسەکوتیان لە سەقز پەیدا بۆوە؟ نە حەیا و نە شەرم، وەک نە بایان پێدا هاتبێ نە بۆران، بە بەرگی بە زەرق و بەرقەوە، بە سەردووشی مەنگوڵەدارەوە، بە چەکمەی ڕەش و خرینگە خرینگی مامزانەوە وەک ڕۆمێل لە خەیابانەکانی سەقز دا بە گەڕان و خۆ بادان و قەمچی هەڵسووڕاندن و پۆز لێدان.
بێجگەلە ڕۆمێلەکانی خۆ وڵاتی و خۆماڵی قیافەی نامۆ و سەیر سەیریش وەبەرچاو دەهاتن. ئەفسەری سوورە زرتە و قەڵەو و درێژ و زەلام، سەربازی ڕەشی،لاوازی مردەلۆخە، وا دیار بوو بێگانەن، هێندێکیان لەو بەری دەریاوە بۆ پاراستنی خۆیان هاتوونە ئێرە ئەوانی دیکەش لەئاسیای دوورەوە ڕست کراون و بە زۆری زۆردار هێنراونە ئەم وڵاتە کە لە پێناوی سوودی "ساحێب" دا ببنە قۆچی قوربان.
من ئەو دەمی نا کە مێرمنداڵێکی چاو نەکراوە بووم، بەڵکە ئێستاش کە هەزار پەند و گۆڵمەزم بە سەر هاتووە و زۆرم چەرمەسەری و کوێرەوەری و دەربەدەری دیوە هیچ سەرم لە زاراوەی لەشکری دەر ناچێ. بەڵام لە بیرمە ئەو کەسانەی لەو سەردەمە دا سەریان لە سیاسەت دەخورا و دەمیان لە شتی وا وەردەدا دەیانگوت:
وەزعی ستراتێژیکی سەقز ئەوە هەڵدەگرێ. دەیانگوت هۆی گرینگی چارەڕەشی ئێمە هەڵکەوتنی جوغڕافیایی ئەم شارەیە. دەیانگوت سەقز دەروازەی کرماشان و قەسری شیرین و تەنانەت ئەو دیوی سنووری ئێرانە کە کانگا نەوتەکانی دەربەست لەدەستی ساحێب دان. دەیانگوت شەپۆلی تووڕەیی و بیری دژی ئیمپریالیستی خەڵکی ئێران و جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئەم وڵاتە نەترەی ئیمپریالیسمی بردووە و مەترسی گەورەی بۆ ئیستیعمار پەیدا کردووە. زۆر شتی دیکەیان دەگوت کە من سەرم لێ دەرنەدەچوو و تێی نەدەگەیشتم.دەیانگوت هەر بۆیەش ئیستیعمار ناچار بووە ئەم ئەڕتەشەی بە دەستی خۆی تەفر و تونای کردبوو سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و گەورەکانی بکاتە نۆکەری خۆی و لە سەقز مۆڵیان بداتەوە. چونکە مردووی خۆیەتی و بە دەستی خۆی ناشتوویەتی و دەزانێ چییە و تێی ڕانابینێ دەس بکاتەوە،ئەم سوورفلانەی هێناوە نەخشەی بۆ بکێشن و ئەم دیلانەی هێناوە پشتی بگرن و خەریکە بە هەموو هێزی خۆی ئەم دەروانە،بپارێزێ.
لەو سەروبەندانە دا کە ئێمەی خەڵکی لێقەوماوی هەژاری سەقز لە ژێر جەزرەبە و ئەشکەنجەی ئەڕتەشی شاهەنشاهی و ئاغاکانیدا لە ئاویلکەی گیان کێشاندا بووین، جووڵانەوەی ئازادیخوازی لە سەرانسەری ئێراندا برەوی ئەستاندبوو بەتایبەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ڕۆژ بە ڕۆژ زنجیری کۆیلەتی لە دەس و پێی گەلەکەی دەپساند و بەن کەڵەوەی نیری دیلی هەڵدەبڕی و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئاڵاهەڵگری خەباتی گەلەکەمان،بە ڕابەری ڕۆڵەی بڵیمەت و هەڵکەوتی کورد پێشەوای خۆشەویست قازیی موحەمەدی نەمر، تەنگی بە ئیستیعمار هەڵچنیبوو و ڕەگوڕیشەی لە هەموو لایەک دا کوتا بوو و، لک و پۆپی بۆ هەموو مەڵبەندێکی کوردستان هاویشتبوو.
ڕێکخراوی حیزبی شارەکەی ئێمەش سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی لە پێشدا بوو،لە ژێر چاوەدێری توندی شا و ئیستیعمار دا ئازایانە خەباتی دەکرد و ژیرانە چالاکی دەنواند و پەیوەندی نهێنی و بەردەوامی دەگەڵ مەرکەزی حیزب لە مەهاباد نەدەپچڕا و پەیکەکانی حیزب بە شەو و نیوەشەو هەر لە هاتوچۆ دا بوون، بەیاننامە و ڕۆژنامەکانی حیزب بە نێو خەڵکدا بڵاو دەکرانەوە.
پاش ئەوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە یەکجاری سەرکەوت و کاربەدەستانی تارانی لە موکریان و ئەولاتریش دەرپەڕاند و جمهووری کوردستان دامەزرا،هێزی گەل و پێشمەرگە گەمارۆی سەقزی دا ئیتر حکوومەتی تاران بە جارێکی زراوی تۆقی و حەزیای برینداری ئیستیعمار بە تەواوی ئاوڕووژا و گەزارەی دەرکێشا و ژەهری پیسی خۆی بە سەر ئێمە دا ڕژاند.ڕۆژ نەبوو پۆلێک لاو نەگیرێن،نەخرێنە بەندیخانەوە یا بەڕێ نەکرێن بۆ پشتی جەبهە.شەو نەبوو دەستەیەکی دیکە خۆ ڕزگار نەکەن و پەنا نەبەن بۆ کوردستانی ڕزگارکراو کە ئامێزی بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەموو ئازادیخوازێکی جیهان ئاواڵا بوو،لەو لاشەوە ئەو دەرەبەگ و خاین و خۆفرۆشانەی کە حیزب دەرتانی خەیانەت و خراپەی لێ گرتبوون و ماوەی نەدەدان خوێنی مسکین و هەژاران چیدی بمژن و ئێسکیان بکڕووسنەوە بە پەلە پڕووزە خۆیان لە ئامێزی شاهەنشا دەهاویشت. ئەم حەمەڕەزایەی ئەمڕۆ بێ شەرمانە دەڵێ من شای پێخواسانم و بەردی دڵسۆزی بۆ جووتیار و کرێکارلە سینگ دەدا.ئێستاش ئەو دەرەبەگانەی ئەو سەردەمی خەیانەتیان بە گەل و نیشتمانی خۆیان کرد بە زەبری نووکی نێزە دەکاتە نوێنەر و سەناتۆر.
بە کورتی سەقز بوو بە کەشتی نووح و لە هەموو تۆ و تەرەمەیەکی تێ خزا.چونکە تەویلەش نەمابوو جاشی تێ بکرێ ئاغاوەتەکانیان وەک گا و گۆل بە سەر خەڵکدا بڕی و بەزۆری لە ماڵان دایان مەزراندن. خاوەن ماڵ ناچار بوو لەو قات و قڕ و گرانییە بەسامەی کە لە کاتی شەڕ لە هەموو جێگایەک بە تایبەتی لە سەقز دا هەبوو لە زاری ژن و منداڵی خۆی بگرێتەوە و گا و گۆلی شا دابەستێ. ئەگەر ئاغا بەرچایی ڕۆنی کەرە و هێلکە و هەنگوین و مرەبا و نیوەڕۆژی چڵاوکەباب و شێوی شەوانەی گۆشت و فڕووج و قەلەموون نەبوایە و شەو چەلەشی لێ بڕابا خاوەن ماڵ پێشمەرگە یا بە قەولی ئەوان " موتەجاسیر" بوو. دەسبەجێ ڕاپۆرتی لێ دەدرا و دەیانبردە دیژبان و تێر و تەسەل دەیان کوتا و سەر و گوێلاکیان دەشکاند و زۆر جاریش بێ سەروشوێن دەچوو.
لەو سەردەمیدا کە لە سایەی خەباتی حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و زانایی و دڵسۆزیی پێشەوا و ڕابەرێکی بڵیمەت بەشێکی کوردستان هەر لە بەستێنی ئاراسەوە تا نیزیکترین گوندی سەقز ئازاد ببوو و گەلەکەمان لەو پەڕی خۆشی و ئازادی و سەربەرزیدا دەژیا و وەک دەڵێن " گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە" حاڵی خەڵکی شارەکەی ئێمە لە حاڵی کۆیلەکان گەلێک ناخۆشتر بوو.بۆیە من سەقزم نێو ناوە شاری تووک لێکراو.ڕۆژ نەبوو دیژبان،کاسب لە دووکان نەهێنێتە خوارێ وەبەر شەپانی نەدا یا گزیری ئاغا کەشیدە لە ئەستۆی چەند حاجی نەکا و ئاتەگی چەند مەلا نەبڕێ.خۆ ئەوەی ڕاوێژکاران و کارناسانی بێگانە دەیانکرد ئەگەر لە ڕووم هاتبا بیگێڕمەوە مچوڕک بە لەشی هەموو ئینسانێکی خاوەن شەرەف و بە نامووس دا دەهات.
ئیستیعمار هەمیشە لە شارەکەی ئێمەوە نەخشەی ڕووخاندنی جەمهووری دێمۆکڕاتیکی کوردستانی دەکێشا.چەند جار ئەڕتەشی شاهەنشاهی شنگڵی لە خۆی دا و هێرشی بردە سەر سەنگەری ئازادی و، بەرەنگاری پێشمەرگەی کورد بوو.بەڵام دیتمان چۆن بە شڕ و وڕی گەڕایەوە وڕقی خۆی بە ئێمەی بێ چەک و بێ دەرەتان ڕشت.
داخی بە جەرگەم گەندەڵ فێڵی ئیمپریالیزم کاری خۆی کرد و شای خایین کوتوپڕ هێرشی هێنا سەر حکوومەتی ئازەربایجان وپاش ساڵێک تەورێزی قارەمان داگیر کراوە و سێڵاوی خوێنی تێدا جاری بوو.مەهاباد قیبلەی ئاواتی نەتەوەی کورد، لە هەر چوارلاوە ئابڵۆقە درا و بێ پشتیوان ماوە.جا ئەمجار ئەڕتەشی شاهەنشاهی لە سەقزەوە بەرەو مەهاباد کەوتە ڕێ.ئەوەی نەدەبوو ببێ،بوو. کۆمارە خۆشەویستەکەمان ڕووخا،پێشەوا مەزنەکەمان بە خۆی و هاوڕێیەکانیەوە گیران.پێتان سەیر نەبێ ئەودەمیش یەکەم زەربەتی جەرگبڕ وەشارەکەمان کەوت و هەوڵ ڕیزی سێدارە لە سەقزی بێ فەڕ چەقی.
بەیانییەکی ساردی زستانی سەقز بوو،کاتێ خەڵک لە ماڵ وەدەرکەوتن چ ببینن؟! کافر نەبینێ،یازدە سێدارە چەقیبوو،یازدە ڕۆڵەی نەبەز، یازدە قارەمانی کۆڵنەدەر،یازدە پیاوی تێکۆشەری کوردیان پێوە هەڵاوەسرا بوون.بەشی زۆری ئەم شەهیدانە لە عەشیرەتی پێشکەوتوو و نیشتمانپەروەری بەگزادەی فەیزوڵابەگی بوون کە مێژوو شاهیدە ئەم عەشیرەتە لە پێکهێنانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا چ نەخشێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە.لە نێو ئەم شەهیدانە دا ئەحمەدخانی فاروقی مەزنی بەگزادان و دوو برا نۆجوانەکەی دەبینران کە هێندە لە مێژ نەبوو بە فێڵ گیرابوون و بە تاوانی کوردایەتی بێ موحاکەمە و لێپرسینەوە حوکمی ئێعدامیان درابوو.
ئەفسەرێک کە ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیاندوون لە زۆر جێیان و بۆ زۆر کەسی گێڕاوەتەوە:
نیوەشەو بۆ خۆم و چەند گرووبان لەو ژوورەی ئەو سێ برایانەیان تێدا بەند کرد بوو وەژوور کەوتم،چرایان دایسا تەماشام کرد ئەحمەدخان ئانیشکی داوەتەوە و سیغار دەکێشێ و براکانی لە خوارەوە بە ئەدەب لە سەر چۆک دانیشتوون.سام گرتمی،بە مینگە مینگ حوکمەکەم پێ ڕاگەیاندن.پێم سەیر بوو هیچیان نەبزڕکان،هیچیان ڕەنگیان نەگۆڕا و، ڕانەچەنین. ئەحمەد خان بە شێنەیی سیغارەکەی کووژاندەوە و گوتی:
"من بیرم لەوە کردبووەوە،ئەم ڕۆژەم لە پێش چاو بوو و دەمزانی لەسەر ئەم بیروڕایەی هەمە تووشی شتی وا دێم.بەڵێ، من کوردم،دێمۆکڕاتم،ئازادیخوازم، من دژی ڕێژیمی بۆگەنی پاشایەتیم و دژی دەسەڵات شوومی بێگانەم و چارەنووسی پیاوێکی وەک من لە ئێرانی ئێستا دا هەر ئەوەیە.هیچ چاوەنۆڕی بەزەییم لەو ڕێژیمە نەکردووە و ناکەم.بەڵام شایەکەی ئێوە کە لافی کۆمەڵناسی لێ دەدا،دەبوو ئەوەندەی زانیبایە ئێمە عەشیرەتین و لە نێو عەشیرەتاندا تاوان هەر ئی مەزن و برا گەورەیە چونکە برای بچووک بە پێی ڕێوشوێنی عەشیرەتی ناچارە وەدوای براگەورە بکەوێ و لە قسەی نەچێتە دەر،لە بەر ئەوە نەدەبوو حوکمی وا زۆردارانە و بێ ڕەحمانە و ناپیاوانە لە سەر براکانم بدا."
هێشتا ئەحمەد خان قسەی مابوو بیکا کە عەوڵاخان وەجواب هات و گوتی:
" کاکە گیان! کاکی بەڕێز و بەرزم! مایەی سەربەرزی بنەماڵەکەمان!زۆر جێی داخە کە لە ئاخری ژیانمدا قسە لە قسەی برا گەورەی خۆمدا بکەم و ئەم ڕاستییە بدرکێنم کە ئێمە زۆر لەپێش جەنابتدا ئەم بیرو بڕاوەیەمان پەسند کردبوو وچووبووینە نێو رێزی حیزبەوە. ئەگەر خودای نەکردە تۆش نەچووبایەی نێو ڕیزی حیزبەوە و ئەم بیروبڕوایەت قبووڵ نەکردبایە و ڕێبازی شەڕەف و کوردایەتی و ئازادیخوازیت نەگرتبایە و بۆ پاراستنی موڵک و ماڵ و شتی وا پشتت لە نەتەوەکەت کردبایە ئێمە لە ڕەسمی عەشیرەتیمان هەڵدەدا و قەت شوێنت نەدەکەوتین.بەڵکوو پێم وایە یەکەم لوولەی تفەنگ، تفەنگی پێشمەرگەی کوردستان کە بەرەو سینگی تۆ ڕادێرابایە لوولەی تفەنگی براکانت دەبوو."
حەمە خان کە تائێستا بێدەنگ بوو گوتی:
" ئەرێ ئەم کەند و کۆژەی بۆ چییە؟ هەستن هەر سێکمان بڕۆین، بەرەو شەڕەف،بەرەو شانازی،بەرەو مەرگی پیاوانە،یان باشتر بڵێم بەرەو ژیانی ئەبەدی".
ئەحمەدخان هەستا لاچاوی براکانی ڕامووسی و ئەوانیش دەستی ئەویان ماچ کرد و کەوتنە ڕێ.
تا ئێرە لە زمانی ئەو ئەفسەرە بیستراوە کە خۆشی کورد بووە.بەڵام لە بن دار دا زۆر کەس ئاگای لە ئازایەتی و پیاوەتی و نەترسیی ئەوان بووە و شیعاری کوردانە و ئازادیخوازانەی ئەم سێ برا قارەمانانەی بیستووە.
کاتێک ئەم هەواڵەدڵتەزێن و جەرگبڕە بۆ " زێڕوەشان" خانمی دایکی شەهیدەکان کە لە سەر بەرماڵ خەریکی نوێژ و دۆعا بوو دەبەن،لە پێشدا عاتیفەی دایکەتی تینی دەدا و بە نینۆک هەر دوو لا ڕوومەتە قەڵەوەکانی وا دەڕنێ کە خوێن لووزەو دەبەستێ. بەڵام زوو دێتەوە سەرخۆ و کوڵی دەنیشێتەوە و زۆر بە ویقار و ئارامی بەرەو مەیدانی ئێعدام دەکەوێتە ڕێ. لەو ئاپۆرە نیزیک دەبێتەوە کە بە خەم و پەژارە و گریانەوە کۆ بوونەوە.خەڵکەکە بە دیتنی ئەم خانمە بەڕێزە و ئەم دایکە دڵسووتاوە کە بە دەستی شا قەت کەسی نەماوە و وەجاغی کوێڕبۆتەوە لە گابۆڕ دەدەن.بەڵام ئەو ناگری،نێوچاوانی گرژ دەکاو لێوی دەکرۆژێ و سەربەستانە دەچێتە پێش. ڕێی بۆ دەکەنەوە تا دەگاتە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی کە لە دەورەی سێدارەکان کێشک دەکێشن. ئەوانیش بێ ئیختییار دڕ دەدەن.دەگاتە بن داری کوڕەکانی کەمێک لەژێڵڵا تێیان دەفکرێ و دەڵێ:

" دەک ڕۆڵە ڕووتان سپی بێ وەک ڕووی دایکی خۆتان سپی کردووە. من بۆتان ناگریم، قوڕتان بۆ ناپێوم، شینتان بۆ ناگێڕم. چونکە ئێوە پیاوانە ژیان و پیاوانە چوونە سەر سێدارە. ئێوە لە سەر دزی و پیاوکوژی و خەیانەت و جاشەتی نەکووژراون.ئێوە لە ڕێگای ئازادی مە دا، لە سەر کوردایەتی، لە سەر ئابڕوو و شەڕەف و لە پێناوی ڕزگاری ئەم گەلە زۆرلێکراوە شەهید کراون و هەرگیز بە مردووتان نازانم."

لەو حاڵەتە دا فەرماندە مچ و مۆڕەکەی سەقزیش تەریق دەبێتەوە ولێی دەچێتە پێش و سەرەخۆشی لێ دەکا،شێرە ژن بێ ئەوەی سپاسی بکا پێ دەکەنێ و دەڵێ:

" داخوا ئەم شۆڕە سوارانە دانابەزن؟"

گۆیا ئەمری شاهەنشا وا بوو سێ ڕۆژ تەرمی شەهیدەکان بە هەڵاوەسراوی بمێنێتەوە بەڵام فەرماندە وا لە بەرامبەر ئەم غیرەتەی شێرەژن دا شەرمەزار دەبێتەوە دەستوور دەدا تەرمەکان داگرن. " زێڕوەشان خانم" کوڕەکانی ماچ دەکا و لەو خوێنەی بە ڕوومەتیدا دێتە خوار لە کوڵمەیان هەڵدەسوێ،مەلایەک لەوێندەرێ دەبێ و دەڵێ: " خانم بۆ وا دەکەی؟" جوابی دەداتەوە: " مامۆستا! کوڕێکی لە من بووبێ و شیری منی خواردبێ و لە کۆشی من دا پەروەردە بووبێ دەزانم لە مردن ناترسێ... بەڵام خۆت دەزانی پیاوی بێ گیان ڕەنگی دەپەڕێ. بۆیە کوڵمەیان سوور دەکەم تا دوژمنان بیرنەکەنەوە کوڕی زێڕوەشان لە مردن ترساون!".

_____

١- ساڵی ١٣٥٠/ ١٩٧١ بە بۆنەی ٢٥ ساڵەی کوشتارەکەی سەقز ئەم داستانە لە کۆڕی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغدا خوێندراوەتەوە و لە ژمارە ٢ی گۆڤاری "نووسەری کورد" دا چاپ کراوە.

٢- خەلیل خانی باوکی ئەم شەهیدانە سۆفیێکی بە ناوبانگ بووە، ڕەنگە داستانی حوسێنی حەلاجی بۆ خێزانەکەی گێڕابێتەوە،خوێن تێ هەڵسوونی ڕوومەتی شەهیدەکان لە داستانی حوسێن دەچێ.

هێمن

۱۳۸۹ فروردین ۱۴, شنبه


ڕێکەوتی شەهادەتی

شەهیدانی کۆماری کوردستان ( ٦- ١٣٢٥ / ٧- ١٩٤٦)


ئەنوەر سوڵتانی
٣٠ – ٣ – ٢٠١٠


بۆ نووسینی سەرەتایەک بۆ کتێبی بیرەوەیی خەباتکارێکی شۆڕشگێڕی کورد(١) دەبوایە ئاماژە بە ڕۆژی شەهید بوونی ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان عەلی بەگی یەکشەوە (شێرزاد) بکەم. دەمویست دەست نیشانی ڕێکەوتی ئەو کارەساتە مەزنە بکەم و بۆ ئەم کارە سەردانی هەندێک سەرچاوەی بەردەستی خۆمم کرد بەسەر سووڕمانەوە تێگەیشتم زۆربەی سەرچاوەکان بە سەر مەسەلەکە دا تێپەڕیون و خۆیان لە قەرە نەداوە (٢)، لەویش خراپتر، شەهید بوونی ١١ قارەمانی نەتەوەیی لە سەقزلە پڕوپێست دا ماوەتەوە و ڕێکەوتی ڕوونی بۆ دیاری نەکراوە.

بۆ تیشک خستنە سەر بابەتەکە، پەیوەندیم بە ڕێزدار حەسەنی قازییەوە گرت کە ماڵپەڕێک بە ناوی "وێنەی کۆماری کوردستان" بەڕێوەدەبات و بە نووسین و وەرگێڕان لە سەر مەسەلەی کۆماری کوردستان کاری زۆری کردووە. کاک حەسەن دەڵێ لە ژێر فۆتۆکۆپی وێنەیەکی شەهید ئەحمەدی فاڕووقی بە قەڵەم نووسیویەتی: "تاریخی شەهادەتی شەهیدانی سەقز (٤ی فێورییەی ١٩٤٧)" و، کاتی خۆی ئەو زانیارییەی لە بابەتێکی درێژسەبارەت بە محاکەمەی ئەوان له‌ ڕۆژنامەی 'ئیتیلاعات' چاپی تارانه‌وە ڕاگوێستووە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئێستا ئەسڵی ئەو ڕۆژنامەیەی بەدەستەوە نییە، لەوە دڵنیا نییە ئەو ڕێکەوتە دروست بێت. بە چەندین ئیمەیل گۆڕینەوە له‌گه‌ڵ کاک حه‌سه‌ن و وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر لێی، بۆم دەرکەوت کە مێژوونووسانی کورد و کەسایەتی و حزبە سیاسییە کوردەکانیش هێشتا لە سەر هەندێک ڕێکەوت ساخ نەبوونەتەوە و دەبێ بابەتەکە بخرێتە بەر وتو وێژێکی بەربڵاوی پسپۆڕ و شارەزایان بۆ ئەوەی ڕۆژی ڕەشی ئیعدامی ئەو شەهیدانە دەست نیشان بکرێت و هەموو ساڵێک بیرەوەرییان زیندوو بکرێتەوە و ڕێزیان لێ بگیرێت.

ئەوەندەی بۆم دەرکەوتووە و لە نووسینەکانی کاک حەسەنی قازی و سەرچاوەکانی دیکەش – بۆ نموونە کتێبی "دەوڵەتی جمهوری کوردستان" ی نەمر مەحمود مەلا عززەت و کتێبی " بنەماڵەی عەبدولڕەحمان بەگی موکری" کاک ئیرەجی ناهید و نووسینەکانی کاک نەوشیروان ئەمینیش دا دەبینرێت، زنجیرەی ئێعدامەکان لە بۆکانەوە دەست پێدەکات و دەگاتە سەقز و پاشان مەهاباد، بەڵام لەو بەینە دا یەک شت ڕوون نییە: گەلۆ ئێعدامەکانی سەقز هاوکات بوون لە گەڵ شەهیدکرانی عەلی بەگ لە بۆکان یاخۆ ماوەیەک دوای ئەو بوون و ئەوەش پرسیاری سەرەکی من و گرێی سەرەکی ئەم باسەیە.

ئەوەندەی بۆ من دەرکەوتبێت ئەوەیە و لە بیرەوەرییەکانی هەر ئەو خەباتکارە شۆڕشگێڕەشدا کە پێشتر ئاماژەم پێدا و نامەوێت تا بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی، ناوبردەی بکەم، وا دەردەکەوێت کە شەهیدەکانی سەقز- واتە ئەحمەدخانی فاڕوقی و دوو برای و هەشت کەسەکەیتر هەموو، یا بەشی زۆریان هاوڕێ لەگەڵ عەلی بەگی شێرزاد، لە بۆکان لە ماڵی "ڕەشیدە سوور" زیندانی کراون. ماڵی ڕەشیدە سوور لە ڕاستیدا کاروانسەرایەکی گەورە بوو ڕووبەڕووی دوخانیاتی کۆن لە سەرشەقامی سەقز. دوخانیات لە ماوەی کۆماری کوردستاندا " کانگای حزبی دێمۆکڕاتی کوردستان" واتە ناوەندی لکی بۆکانی حزبەکە بوو و ئاڵای کوردستانی لە سەر دەشەکایەوە.

ماڵی ڕەشیدە سوور لەوساڵانە و ساڵانێکی گەلێک دواتریشدا، کاروانسەرایەک بوو گوندنشینان بە تایبەت ئاغاواتی دەوروبەری بۆکان کاتێ دەهاتنە ناو شار، لەوێ مەنزڵیان دەخست و شوێنێکی گەورە و بەرفراوان بوو، وا دیارە ئەڕتەشی ئێران دوای وەربوونەوەی دووباره‌یان بەناو کوردستان و سەپاندنەوەی دەسەڵاتی نگریسیان بە سەر خاکەکەماندا، لەو شوێنە دامەزراون و وەک زیندان و هەر وەها سەربازخانە کەلکیان لێ وەرگرتووە، قارەمانەکانی ئێمەشیان هەر لەوێ ڕاگرتووە،پاشان عەلی بەگیان لە بۆکان هێشتووەتەوە و ئەوانیتریان ناردۆتە سەقز ولەوێ شەهیدیان کردوون. نووسەری بیرەوەرییەکان باسی ئەو ڕۆژانە دەکات کە لەوێ سەردانی کردوون و لە گەڵ خواردن و کەرەسەی پێویست، هەواڵی دەرەوەشی بۆ بردوون،پەیامی ئەوانیشی گەیاندووەتە دەرەوە.

گەرچی نووسەری بیرەوەرییەکان ڕۆژ و ڕێکەوتی ئیعدامەکان دیاری ناکات،بەڵام وەک گوتم، بەکەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەی جۆربەجۆر، ڕێکەوتی سێ ده‌سته‌ ئێعدام لە مەهاباد و بۆکان ڕوون دەبێتەوە و ئەوەی بمێنێت ئێعدامەکانی سەقزە، کە هیوادارم لە وڵامی ئەم داواکارییە دا خەڵکانی شارەزا، بەڵگەو بۆچوونی خۆیان ڕابگەیێنن و بە نووسین بڵاوی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو خاڵە تاریکە بکەوێتە بەر ڕووناکایی. بە کورتی ئێعدامەکان بەم شێوەیەی خوارەو بەڕێوەبراون:

ئا) لەبۆکان

١. شەهید عەلی بەگی شێرزاد ٢٥/١١/١٣٢٥ (١٤-٢-١٩٤٧)

عەلی بەگ یەک لە خاوەن مڵکانی گوندی یەکشەوە بوو لە ڕۆژهەڵاتی بۆکان و فەرماندەی هێزی چڵی ٥ی ناوەندی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان واته‌ لکی به‌گزاده‌ی فه‌یزوڵڵابه‌گی بوو و به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ڕۆژنامه‌ی کوردستان چاپی مه‌هاباد (ژماره‌ ٢٤)، ڕۆژی ١٩ ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٢٤ (٨-٢-١٩٤٦) (٣)، ڕێ و ڕەسمێکی بەشان و شکۆی بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە گوندی یەکشەوە بەڕێوە برد بوو. عەجەم زۆری لێ داخ لە دڵ بوون و دوای هه‌ره‌سی کۆمار و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی داگیرکه‌ر بۆ کوردستان، له‌ ڕۆژی ٢٥/١١/١٣٢٥ (١٤-٢-١٩٤٧) دا له‌ سه‌ر حه‌وزه‌ گه‌وره‌ی بۆکان (له‌ قوژبنی سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌کی شار و ئه‌و شه‌قامه‌‌ی وا له‌م ساڵانه‌دا به‌ره‌و لێژی قه‌ڵا لێدراوه)، له‌ داری بێدادیان دا‌.

ب) شەهیدانی سەقز

وەک گوترا، ڕۆژی ئێعدامەکانی سەقز تەواو ڕوون نییە و سەرچاوەکان لەوبارەیەوە یەکدەنگ نین. هەندێک کەس لایان وایە ئێعدامەکانی سەقز و بۆکان هاوکات بوون و بەم پێیە دەبێ لە ڕۆژی٢٥-١١-١٣٢٥ بەڕێوەبرابێتن. بەڵام هەندێکی تر لە جیاتی مانگی ڕێبەندان، مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵی بۆ دیاری دەکەن و تەنانەت دەڵێن لە ٢٥-١٢-١٣٢٥( ١٤- ٣- ١٩٤٧) دابووە کە دەکاتە مانگێک دوای ئێعدامی عەلی بەگ لە بۆکان. من کاتێ سەرنجی ئەو ڕێکەوتە دەدەم،زیاتر دەچمە سەر باوەڕی ئەوەی مانگی ١٢ هەڵە بێت و لە هەمان مانگی ١١ دا زنجیرەی ئێعدامەکانی بۆکان و سەقز پێکەوە بەڕێوەبرابێتن. بەڵام وەک گوتم، چاوەڕوانی بۆچوون و ڕاگەیاندنی شارەزایان دەمێنمەوە.

شەهیدەکانی سەقز ١١ کەس بوون، کە من لەم لیستەیەی ئێرە دا لەگەڵ شەهیدانی بۆکان و مەهاباد پێکەویان دەهێنمەوە و دوای شەهید عەلی بەگ لە بۆکان، لە ژمارە ٢ەوە دەست پێدەکەم:

٢. شه‌هید ئەحمەدخانی فاڕوقی (سالار سەدر)، موعاوینی هێزی بۆکان و مەنتەقە. شەهید ئەحمەدی فاروقی، کە بە "ئەحمەدخانی خەلیل خان" یان بە ناوی گوندەکەیەوە بە "ئەحمەد خانی قیلەسوون" دەناسرا و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٣. شه‌هید محەمەد خانی دانیشوەر،خاوەن مڵکی گوندی "ئاڵکەلوو"ی سەقز و برای ئەحمەد خانی فاروقی، لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٤. شه‌هید عەبدوڵا خانی مەتین، خاون مڵکی گوندی"داشاڵووجە"ی سەقز و برای ئەحمەدخانی فاروقی و محەمەد خانی دانیشوەر و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٥. شه‌هید عەلی خانی فاتیح، خاوەن مڵکی گوندی "قەلەندەر"ی سەقز لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٦. شه‌هید مەحەمەد خانی فەیزوڵا بەگی (حەمەخانی باباخان بەگ) خاون مڵکی گوندی "قارەوا چکۆڵە"ی سەقز و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی ؛

٧. شه‌هید ئەحمەدخانی شەجیعی، خاوەن مڵکی گوندی "کەڵتەگە"ی سەقز و لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٨ . شه‌هید حەسەنخانی فەیزوڵابەگی، خاوەن مڵکی گوندی "کانی نیاز" ی سەقز لە بنەماڵەی فەیزوڵابەگی بوو؛

٩.
شه‌هید شێخ سدیقی ئەسعەدی، خاوەن مڵکی گوندی "یازی بڵاغی" سەقز ؛

١٠. شه‌هید شێخ ئەمین ئەسعەدی، خاوەن مڵکی گوندی "کەس نەزان"ی سەقز؛

١١. شه‌هید ڕەسووڵ ئاغای مەحموودی، خاوەن مڵکی گوندی " میرەدێ" و لە هۆزی گەورکی سەقز؛

١٢. شه‌هید عەلی ئاغای جەوانمەردی، خاوەن مڵکی گوندی "تەمووتە" و لە هۆزی گەورکی سەقز؛

پ)ئێعدامەکانی مەهاباد

لە مەهاباد، بە ماوەی هەفتەیەک حەوت کەس شەهید کران. یەکەم کەسانێک کە لە چوارچرای مەهاباد شەهید کران، بریتی بوون لە پێشەوا،سەیف و سەدری قازی و دووەم تاقم، چوار کەس بوون لە ئەفسەرانی هێزی کۆماری کوردستان.

١٣. پێشەوای نەمری گەلی کورد، شەهید قازی محەمەد: دووشەممە ١٠-١-١٣٢٦(٣٠- ٣ -١٩٤٧ )

١٤. شەهید محەمەد حسێن خانی سەیفی قازی- وەزی هێزی جمهووریەتی کوردستان و ئامۆزای پێشەوا، دووشەممە١٠-١-١٣٢٦(٣٠-٣- ١٩٤٧)

١٥. شەهید ئەبولقاسمی سەدری قازی – نوێنەری خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری لە پارڵمانی ئێران، نوێنەری حکوومەتی کوردستان لە تاران و برای پێشەوا. دووشەممە ١٠-١-١٣٢٦(٣٠ – ٣ – ١٩٤٧ )

وەک گوترا، هەفتەیەک دوای شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێکانی، سەرلە نوێ داری بێداد لە شاری مەهاباد هەڵکرا و چوار خەباتکاری ڕاستەقینەی گەل و نیشتمان هەڵاوەسران. چوار شەهیدەکە، بریتی بوون لە:

١٦. شەهید حامید مازووچی، سەربەرز، فەرماندەی دیژبانیی ناوەندی مەهاباد، شەوی ١٧-١-١٣٢٦(٧- ٤ – ١٩٤٧)

١٧.شەهید ڕەسووڵ نەغەدەیی، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، شەوی ١٧-١-١٣٢٦(٧-٤-١٩٤٧)

١٨. شەهید عەبدوڵا ڕەوشەن فیکر، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان،شەوی ١٧-١-١٣٢٦(٧-٤-١٩٤٧)

١٩. شەهید محەمەد نازمی، ناودار، ئەفسەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، شەوی ١٧-١-١٣٢٦(٧- ٤- ١٩٤٧)


بۆ ئێعدامەکانی مەهاباد بەڵگەی ڕەسمی بە دەستەوەن و لە وانە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی ئێرانن و بەم پێیە تەنگژیەک سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێکەوتی ئەو جینایەتانەی ڕژێمی شا نایه‌ته‌ پێشێ. ئەوەی جێگەی باس بمێنێتەوە،ڕێکەوتی ئیعدامی شەهیدانی سەقزە و گەلێک هیوادارم ئەویش بە هیمەتی شارەزایان ڕوون بکرێتەوە.

________________________________________
(١)هیوادارم کتێبەکە لە ماوەی ئەمساڵ دا بکەوێتە کتێبخانەی کوردییەوە.

(٢) بۆ نموونە، کاک نەوشیروان ئەمین لە کتێبی "حکومەتی کوردستان – کورد لە گەمەی سۆڤێتی(ل.٢٦٨)" دا،دوای ئەوەی ڕێکەوتی ئێعدامی پێشەوا و هاوڕێیانی،هەر وەها چوارشەهیدەکەی دیکەی مەهاباد دەست نیشان دەکات،لە باسی عەلی بەگ و ١١ شەهیدەکەی سەقز دا دەنووسێت: "هەر لەو ماویەدا...لە سەر حەوزی بۆکان...و لە سەقز هەڵواسران." و ڕوونی ناکاته‌وه‌ "هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا" چییه‌ و که‌نگێیه‌.

(3) به‌گوێره‌ی زانیاری هه‌موو لایه‌ک و به‌ ده‌ربڕینی ڕاشکاوی ژماره‌ 10 ی گۆڤاری کوردستان چاپی مه‌هاباد، هه‌ڵکرانی ئاڵا له‌ مه‌هاباد ڕۆژی 26 ی سه‌رماوه‌ز (ئازه‌ر) ی 1324 بووه‌ که‌ ده‌کاته‌ 17/12/1945 ی زایێنی(نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، پێشوو، لاپه‌ڕه‌ 190.)

هه‌روه‌ها به‌ پێی هه‌واڵی گۆڤاری کوردستان چاپی مه‌هاباد (ژماره‌ 2)، ئاڵای کوردستان له‌ ڕۆژی 28/9/1324 ( (19/12/1945‎) له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ هه‌ڵکراوه‌ (هه‌مان، ل 91).

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ژماره‌ 1 ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان چاپی مه‌هاباد، ئاڵای کوردستان له‌ ڕۆژی هه‌ینی 7/10/1324 له‌ سه‌ر قه‌ڵای بۆکان هه‌ڵکراوه‌ که‌ ده‌کاته‌ 28/12/1945 واته‌ 7 ڕۆژ دوای ڕێ وڕه‌سمی هه‌ڵکرانی ئاڵا له‌ مه‌‌هاباد.

۱۳۸۹ فروردین ۸, یکشنبه

سەنەدێکی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە لە سێدارەدانی شەهیدانی ١٧ی خاکەلێوە



بەرواری ٢٤/١/٢٦
ژمارە ٤٦١/٧٥٨/ ١ وەزاڕتی کاروباری ناوخۆ
ئیدارەی پۆلیسی گشتیی وڵات

دایرەی پۆلیس
وەزاڕەتی کار و باری ناوخۆ

بە ئاگاداریتان دەگەیێنین. ئیداری پۆلیسی مەهاباد ڕادەگەیێنێ.

١- حامیدی مازووچی ٢- محەمەدی نازمی ٣- عەبدوڵا ڕەوشەنفکر ٤- ڕەسووڵی نەغەدەیی لە ئەفسەرانی دێمۆكڕاتەکانی مەهاباد و لە هاوکارانی محەمەدی قازی کە لە جەبهەی سەردەشت و شوێنی دیکە بە دژی هێزی دەوڵەت ڕاپەڕینی چەکدارانەیان کردبوو و لە دادگەی زەمانی شەر دا بە ئیعدام حوکم درابوون و لە تەورێز زیندانی بوون شەوی١٧/١/٢٦ هێنرانە مەهاباد و سەعات ٢٤ [ 12ی شه‌و] دوای بە جێگەیاندنی ڕێوڕەسمی مەزەبی و قانوونی لە مەیدانی پەهلەوی کە لە خیابان هەڵکەوتووە لە دار دران و بۆ بەیانی سەعات هەشت تەرمەکان هێنرانە خوارێ و دوای بە جێگەیاندنی ڕێوڕەسمی ئیسلامی نێژراون و هێمنی و نەزمیش بەرقەرار بووە.

لەلایەن سەرۆکی پۆلیسی گشتیی وڵات – سەرهەنگ حیسام وەزیری
جێی ئیمزا
ڕابگەیێندرێ ٢٧/١/
٢٦



سه‌رچاوه‌: " اسرار محاکمه‌ قاضی محمد و یارانش ..." چاپ دوم، گردآوری و ترجمه‌: محمد رضا سیف قاضی. 1380ی هه‌تاوی

سنوورەکانی کۆماری کوردستان

سنوورەکانی کۆماری کوردستان




سەرچاوە:
The Kurdish Republic of 1946
William Eagleton JR
Oxford University Press, 1963

پەیکەری پاکی شەهیدانی ١٧ی خاکەلێوە لە سەر داری بێدادی

شەهید ناودار عەبدوڵای ڕەوشەنفکر


شەهید ناودار عەبدوڵای ڕەوشنفکر ( عەبدوڵای خدر حەیرانێ) لە ١٧ی خالێوەی ١٣٢٦ ( ٧ی ئاوریلی ١٩٤٧) لە گەڵ ٣ ئەفسەری دیکەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە سێدارە درا

شەهید ناودار ڕەسووڵی نەغەدەیی



شەهید ناودار ڕەسووڵی نەغەدەیی لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی ( ٧ی ئاوریلی ١٩٤٧) لە گەڵ ٣ ئەفسەری دیکەی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە سێدارە درا.

شەهید ناودار محەمەدی نازمی


شەهید ناودار محەمەدی نازمی لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان ڕۆژی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ لە گەڵ سێ هاوڕێی دیکەی لە مەهاباد لە سێدارە درا

شەهید کاپیتان حامیدی مازووچی سەرۆکی دیژبانیی ناوەندی مەهاباد


شەهید حامیدی مازووچی و ٣ کەسی دیکە لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان لە ١٧ی خالێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی )٧ی ئاوریلی ١٩٤٧( لە سابڵاغ لە سێدارە دران.
ویلیام ئیگلتن سەبارەت بە ئیعدامی ئەو تێکۆشەرانە دەنووسێ : " لە سەرەتای مانگی ئاوریلی [١٩٤٧] دا کاپیتان حامیدی مازووچی، ناودار محەمەدی نازمی، ناودار ڕەسووڵی نەغەدەیی و ناودار عەبدوڵای ڕەوشەنفکر لە مەهاباد لە سێدارە دران. ئەو "تاوان"ەی وەپاڵ ئەو ئەفسەرانە درابوو کوشتنی ئەفڕادی ئەڕتەشی ئێران لە نێوخۆ و لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری کوردستان دا بوو."