۱۳۹۶ مرداد ۱, یکشنبه

دەستخەتی دوکتور ئەمیر حەسەنپوور لە کتێبی ' کوردستان لە سێبەری مێژوو" ی سوسان مەیسێلاس دا لەمەڕ مەزاری قازییەکان


نەخشە ، گۆڕی قازییەکان

' کاتێک ئێمە نەخۆش دەکەوتین ( لە تافی منداڵیم دا ) دایکم دەیبردینە  سەر قەبری قازییەکان بۆ ئەوەی چاک ببینەوە، ئەوێ نزرگەیەک بوو و دایکم پێی دەگوتین ئەوانە شەهیدن.
ڕەنگە ئەو بە نزرگە دانانە بووبێتە هۆی بڕیاردانی حکوومەتی ئێران بۆ ئەوەی گۆڕی سێ قازییەکان وەگوێزێ. هەڵبەت، ئەوان نەیان گوت دەیانەوێ گۆڕەکان ڕاگوێزن. گوتیان لەوێ دارستانێک ساز دەکەن بە فارسی ،جەنگەڵی مەسنووعی (لێڕەواری دەسکرد) لە داوێنی ئەو کێوەی گۆڕستانەکەی لێ یە. چەند میترێک  دوور لە گٶڕەکان ڕێپێڵگەیەکیان ساز کرد و کێلی زۆر لە قەبرەکانیان ڕاگوێست لەوانە ئی سێ قازییەکان  ( ئەمن تاریخی ووردی ئەوەم وەبیر نایە بەڵام دەکرێ لە ساڵی ١٩٥٩ یان ١٩٦٠ دا بووبێ) . ئەمن ئەو وێنەیەم دوای لا برانی کێلەکان هەڵگرتووە. کاتێک وێنەم هەڵدەگرتن ئیحتیاتم دەکرد وام نیشان دەدا  وێنەی دیمەن و بەرجەوەند دەگرم نەک نی قەبرەکان. ئەمن فیلمی وێنەکانیشم نەبرد بۆ ئەوەی لە عەکاساخانەیەکی خۆجێی دا بیانشۆمەوە . بردمنە تارانێ و لەوێ زاهیرم کردن. '

وێنەهەڵگر و دەستخەتی ئەمیر حەسەنپوور ، زانای کوردی دانیشتووی کانا دا، ژووەنی ١٩٩٦

سەرچاوە: Kurdistan In the Shadow of History , Susan Meiselas  چاپی دووهەم  ٢٠٠٨، لاپەڕيی ٢٠٩ 

هەڵسەنگاندنی کتێبی مەحموود مەلا عززەت لە لایەن دوکتور ئەمیر حەسەنپوورەوە

هەڵسەنگاندنی بەرگی یەکەمی شوێنەوارە بە قیمەتەکەی مەحموود مەلا عززەت: ' دەوڵەتی جمهووری کوردستان ، نامە و دۆکومێنت، ستۆکهۆڵم ١٩٩٢ لەلایەن دوکتور ئەمیر حەسەنپوور وە. ئەو بابەتە لە ' ئیرانیکا ' دا بڵاو کراوتەوە.

۱۳۹۶ اردیبهشت ۲۸, پنجشنبه

چەند کەس لە خوێندکارانی کورد لە مەدرەسەی نیزامی باکۆ


چەند کەس لە خوێندکارانی کورد لە مەدرەسەی نیزامی باکۆ لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانیان. لە ڕیزی پێشەوە دا عەزیز ئیبراهیمیان  دەناسرێتەوە. ئەوانەی لە پشتەوە ڕاوەستاون کەسی ناوەڕاست ڕەحمان گەرمیانی یە.

۱۳۹۶ اردیبهشت ۱۰, یکشنبه

وێنەیەکی دەگمەن و پێ نەزاندراوی پێشەوا قازیی محەمەد


وێنەیەکی دەگمەن و پێ نەزاندراوی پێشەوا قازیی محەمەد


١١-ی بانەمەڕی ١٢٧٩ی هەتاوی ( ١-ی مەی ١٩٠٠) ڕۆژی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەدە کە ناوی بۆ هەمیشە لە مێژووی سیاسی هەموو کوردستان دا ئاستە کراوە. بەو بۆنەوەیە ئەم وێنە نەبیندراوەی  پێشەوا و تاقە کوڕەکەی عەلیی هومام قازی (کوڕی ڕەش) بڵاو دەکەینەوە.وێنەکە لە ئاڵبۆمی شەخسی ڕەحمەتی حەسەن فەتتاحی قازی دابووە کە یەکێک لە کوڕەکانی بێژەن قازی  لە تۆڕی فەیس بووک دا بڵاوی کردووەتەوە بێ ئەوەی کەسەکانی ناو وێنەکەی ناسیبێتەوە. سپاس کاک بیژەن بۆ ئەو کارە گەورەیە.
لە ڕاستەوە: ١- میرزا قاسم مەجیدی قازی [ میرزا قاسمی بادام ] ،٢- مەلا محەمەدی دربکەی [ لاهیجانی ]، ٣ و ٤ - پێشەوا قازیی محەمەد و کوڕەکەی عەلی، ٥- مەلا محەمەد سدیقی سیدقی.

تێبینی: بڵاو کردنەوەی ئەو وێنەیە لەگەڵ شەرحەکەی بە ئاماژە بە سەرچاوە ' وێنەی کۆماری کوردستان'  ڕەوایە، ئەگەر نەکرێ ناڕەوایە.

۱۳۹۶ فروردین ۲۰, یکشنبه

پۆدپۆلکۆڤنیک مستەفا خۆشناو، فەرماندەی لکی یەکی بارزانیان ، دواتر فەرماندەی هێزی بۆکان و سەقز لە سەرا




لە شوهەدای ڕێگای نیشتمانەوە عیزەت عەبدولعزیز و مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد مەحمود – ەوە
بۆ
برایانی میللەتی کوردی خۆشەویست
لە دوای تەبلیغی حوکمی ئیعدام بە یەک سەعات نووسراوە
برایان:
لە ژیانی ژێر دەستی و ئیستعماردا لە نووسینی ئەم نامەیەوە تەنیا 14 سەعاتمان ماوە بە پەتی ئیستعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاکی شوهەدای ڕێگای نیشتمان.
برایان:
خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین کە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەکەوتین تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە کە لاوان و نیشتمانپەروەرانی کورد نیکرانی زات بکەنە نیشانە و یەکیەتی بکەنە پەیرەوی خۆیان بۆ شکاندنی تەوقی ئیستعمار و ڕزگارکردنی هەموو میللەتێکی مەزلووم بێ جیاوازی.
برایان:
دوژمنی جەهالەت بن بە هەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بکەن وە دوای جەهالەت مەکەون. ئێمە نیشانەی تێکوشینی میللی میللەتی کوردین لە ساڵی 1947 دا. برایانی ئێمە کە ماون بۆ ڕێگای شەرەف تێدەکوشن و پشت بە خودای گەورە میللەت ڕزگار دەبێ.
برایان:
هاتنمانە بەر سێدارە لە بێ دەسەڵاتیەوە و سێ و دوو کردنەوە نەبوو بۆ تێکۆشین، بەڵکو هەر وەکو سەربازێکی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمان داو و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەکیەتی وە بۆ ئازادی. بژی کورد و کوردستان.
ئیمزا
خیراللە عبدالکەریم مستەفا خۆشناو عیزەت عبدالعزیز محمد محمود

تێبینی: وێنەی پۆدپۆلکۆڤنیک مستەفا خۆشناو لە تۆڕی ئینترنێت ، نامە بە دەستخەتی خۆی بۆ حەمەڕەشید خان لە بەرگی دووەم ی ' دەوڵەتی جمهوری کوردستان' نامە و دۆکومێنت ، مەحمود مەلاعززەت ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٥، و وەسیەتنامەی شەهیدان لە ماڵپەڕی ' نەوا ' وەرگیراوە.

۱۳۹۶ فروردین ۱۴, دوشنبه

نووسینێکی مەحموودی تەفەزولی ڕۆژنامەنووسی ئێرانی سەبارەت بە پێشەوا قازیی محەمەد


تێبینی: ئەم بابەتە لە گۆواری " امید ایران " دا چاپ کراوە، بە ئەگەری زۆر دەبێ ئی ساڵی ١٩٧٩ بێ!

۱۳۹۶ فروردین ۱۳, یکشنبه

حوسێن زێرێنگەران ( فڕووهەر) لە پشت میلەی زیندانی ڕەزائییە (ورمێ)


١٣-ی خاکە لێوەی  ١٣٥٢ هەتاوی [ ٢ –ی ئاوریلی ١٩٧٣ ] ، دلی گەورەی حوسێن زێڕینگەران ( حوسێنی فڕووهەر)، ئەندامی ژمارە ١-ی کۆمەڵەی ژیانی کورد و سەرۆکی کۆمەڵە تا ساڵی ١٩٤٤، ئەندامی کۆمیتەی شاری حدک لە مەهاباد لە سەردەمی جمهووری، ئەفسەر و پشکنەری بەرزی جمهووری،لە تاران لە کوتە کەوت. ئەم وێنەی کە لە ساڵی ١٣٢٧-ی هەتاوی لە زیندانی ڕەزائییە
( ورمێ )  هەڵگیراوە بە بۆنەی  ٤٤ ساڵوەگەری  وەفاتی فڕووهەر بڵاو دەکەینەوە. 

۱۳۹۵ اسفند ۲۴, سه‌شنبه

مەجید خانی حەمەڕەشیدخان قادر خانزادە ، فەرماندەی پێشمەرگە لە قەباغلووی بۆکان لە سەردەمی جمهووری دا


تێبینی: لە شوێنەوارە سێ بەرگییەی کتێبە بەنرخەکەی نەمر مەحموود مەلا عێزەت دا : " دەوڵەتی جمهووری کوردستان، نامە و دۆکومێنت " چەندین نامەی مەجید خان هەیە کە ئەوەی سەرەوەیان لە لاپەڕەی ٥٥٥ ی بەرگی دووهەم وەرگیراوە. وێنەی مەجید خان لە ئینترنێت وەرگیراوە!

۱۳۹۵ اسفند ۱۸, چهارشنبه

میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی ڕووناکبیری دووربینی سەردەمی جمهووری


میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی  ڕووناکبیری دووربینی سەردەمی جمهووری

بەڕێز سدیق ساڵح لەو پێشەکییەی دا کە بۆ چاپکردنەوەی بەشێکی زۆر لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی ' کوردستان' ی نووسیوە میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی ئاوا ناساندووە.
' کوڕی ئەحمەد کوڕی فەقێ برایم کوڕی مەلا یووسفە.فەقێ برایمی باپیری ،کاتی خۆی لە دێی ( سوێناس) ی ناو عەشیرەتی گەورک دانیشتووە. باوکی، بە هۆی کێشەیەکی عەشایەرییەوە ناچار بووە بچێتە ناو عەشیرەتی مەنگوڕ لە دیوی کوردستانی عێڕاق ، لەدێی ( زوودان ) جێگیر بووە . هەر لەوێ " گوڵێی کچی فەقێ وەیس "ی هێناوە . لەوەوە ناسناوی مەنگوڕی بە سەر بنەماڵەکەیدا بڕاوە.
میرزا محەمەدئەمین ١٩١٠ لە قەڵادزێ لە دایک بووە. بە مناڵی لای مەلا حەمەدەمینی ماڵخۆبزنی خراوەتە بەر خوێندن، بەڵام لە بەر ئەوەی حەزی لە خوێندن نەکردووە ، دەرکراوە. کە ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی ئینگلیز، دووبارە خراوەتەوە حوجرە، لە لای مەلا مەحموود ناوێک دەرسی دینیی وەرگرتووە. کە بە هۆی بازرگانی تووتنەوە لەگەڵ باوکیدا کەوتووەتە باشووری عێڕاق ، لە ( سوارییە) پۆلەکانی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایی تەواو کردووە . دوایی دەستی داوەتە  کاسبی و سەرکەوتنی تێدا بە دەست نەهێناوە بۆیە بووە بە میرزا لە لای مامەندئاغای سەرخێڵی ئاکۆ و ناوی میرزای لەو کاتەوە لێ نراوە.
١٩٣٢ دامەزراوە بە قۆڵچیی دائیرەی ئیستهلاک، مانگێ بە ٥٥ ڕووپییە ، پاش ماوەیەک دەرکراوە. هەمان ساڵ لە ٢٣ی ئابدا خولێکی سێ مانگەی پۆلیسیی دیوە، ئەمجا خراوەتە خولێکی سێ مانگەی موخابەرەی هیلیۆگڕافی مۆرس ؛ بوە بە موخابەرەچی و نێردراوە بۆ گڵەزەردە و ماوەت. کە هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی ، لە ١٩٣٤ دا خوتبەیەکی بە شێعر لە بەر دەم ' مەلیک غازی " دا داوە خەتێکی پۆلیسیی دراوەتێ. ئەو سەر وەختە، لەگەڵ چەند پۆلیسێکی تر دا کۆمەڵێکیان بە ناوی (حیزبی خوێنرێژی) یەوە  پێک هێناوە. ١٢ پۆلیسیان بۆ هەڵسووڕاندنی کارو باری خۆیان هەڵبژاردووە بۆ بڵاو کردنەوەی بیری نیشتمانی و کوردایەتی. ئەوانە پاشتر چوونەتە ناو حیزبی برایەتی.


ئەو ماوەیە یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی ( هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن) ەوە داناوە و لە سەری دراوەتە دادگا، بە تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی زیانبەخش ، حوکمی شەش مانگ زیندان دراوە، سەرباری ساڵێک چاوەدێری و دەرکران لە وەزیفە و زەوتکرانی کتێبەکەی. ماوەیەک لە بەندیخانەی سلێمانی هێڵراوەتەوە، دواتر براوە بۆ کەرکووک. کە بەڕەڵا کراوە، دیسان تێ هەڵچووەتەوە، لە ناو ' برایەتی ' دا کەوتووەتە کار. بەڵام سەر لە نوێ گیراوەتەوە و لە زیندان توند کراوە چونکە هیچ بەڵگەیەکی لە سەر نەبووە، بەر دراوە.
وەزیفەکەی گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی چوارتا. لەوێ لە بەر کێشەیەک گیراوە و براوەتە بەندیخانە، حوکمەکەی تەواو کردووە . دوا ڕۆژەکانی ١٩٤٥ ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ٤ / ١ / ١٩٤٦گەیشتووەتە دێی' تورکومان کەندی '. ٥ / ٣ / ١٩٤٦ نێردراوەتە سەرا و سەرچاوەی ناوچەی سەقز کراوەتە میرزا ( کاتب ) لە لای حەمە ڕەشید خانی بانە و سەرۆکی لکی سەقز و بۆکانی یەکەتیی جەوانانی دێمۆکڕاتی کوردستان. کە حەمە ڕەشید خان لە ٣/ ٨ / ١٩٤٦ [ ئەو تاریخە هەڵەیە ، بە پێی نووسینی مەنگوڕی  ٢٤ / ٨ / ١٩٤٦ دروستە . ڕوونکدنەوەی ح.ق ] گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی عێڕاق، ئەم گیراوە و خراوەتە زیندان، کە هیچی لە سەر ساغ نەبووەتەوە، بەڕەڵا کراوە. بە خۆ وەشێری  لەو دیو [ ڕۆژهەڵات ] لای ' حەماغای عەلی ئاغای جەوانمەردی ' ی سەرخێڵی گەورکی سەقز ماوەتەوە.
تشرینی دووەمی ١٩٤٨ بە ماڵەوە گەیشتووەتەوە سلێمانی، هەژاری پەرێشانی کردووە. لە دائیرەی ئاو و کارەبای سلێمانی دامەزرێنراوە، بە ڕۆژانە ٥٠٠ فلس. ١٩٥٠ " بەهێی محێدین شەریف " ی هاوسەری کە لە ١٩٣٣ دا هێنابووی ، مردووە. پاشان حەلاوە خانی کچی زێوەری شاعیری هێناوە . لەبەر ئەوەی مووچەکەی کەم کراوەتەوە دەستی لە وەزیفە هەڵگرتووە چووەتە ڕانیە لەوێ سێیەم ژنی هێناوە. دامەزراوەتەوە بە کاتبی لێژنەی ئاو و کارەبای ڕانیە بە مانگانەی ٢٠ دینار.
سەرەتای سەردەمی کۆماری [ لە عێڕاق] ، چالاکیی ئەدەبیی زیاتر و بە شێعر و چیرۆک بەشداری کۆڕ و ئاهەنگەکان بووە. ١٩٦١ بووە بە ئەندامی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان. مایسی ١٩٧١ لە سەر کتێبی ( گەشتی ئەستێرەی مەریخ ) لە بەر گوایە بێ دینی و کافر بوون، دوچاری کێشە بووە لە ڕانیە و قەستی کوشتنی کراوە. لە سەر ئەوە وەک ژمێریار و سنووقدار گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانیی تەوێڵە. دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. ٢٧ / ٣ / ١٩٧٥ چووەتەوە سەر وەزیفەی ژمێریاری لە شارەوانیی تەوێڵە. ١ / ١ / ١٩٧٦  خۆی خانە نشین کردووە. ١٩٨١ چاوی داویەتە کزی. سەعاتی یەکونیوی شەوی ١٣ / ١ / ١٩٨٨ کۆچی دوایی کردووە.  ١٩ / ٦ / ١٩٩٢ لە سەر وەسێتی خۆی، تەرمەکەی بەڕێوڕەسمێکی جەماوەری براوەتە سەر چیای کێوەڕەش و لە ( گۆڕ مریەم )  بە خاک سپێردراوەتەوە. ئەم بەرهەمانەی میرزا مەنگوڕی لە چاپ دراوە:
١-هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن ، چاپخانەی بەلەدیە – سلێمانی، ١٩٣٨
٢-چیرۆکی ماهراکۆ، چاپخانەی ڕاپەڕین – سلێمانی ، ١٩٧١
٣- چیرۆکی زێرینا ئامێدی ، چاپخانەی الغری – نەجەف ، ١٩٧١
٤-بووکێکی ناکام، چاپخانەی النعمان – نەجەف ، ١٩٧١
٥-گەشتی ئەستێرەی مەریخ ، چاپخانەی العنان – نەجەف ، ١٩٧١
٦-فەیرووز خانی پشکۆ ، چاپخانەی القضاء – نەجەف، ١٩٧١
٧-کورد و ئەرمەن ، ١٩٩٧
٨-کورد و ئاسووری، ١٩٩٧
٩-بەسەرهاتی سیاسی کورد ، بەشی یەکەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سوێد ، ١٩٩٩
١٠-بەسەرهاتی سیاسی کورد ، بەشی دووەم ( ١٩١٤ – ١٩٥٨ ) ، سلێمانی ، ٢٠٠١
١١-کۆنگرێسی دوڕندە و ئاژەڵ ،١٩٩٣
١٢-بەسەرهاتی مەنگوڕی ، ( بە دە ئەلقە لە ڕۆژنامەی ' کوردستانی نوێ ' دا بڵاو کراوەتەوە،  ١٩٩٥
١٣-دیوانی بەهەشتی دڵداری ، ٢٠٠٦
١٤-حەقایقی بەسەرهاتی شێخ مەحموود لە پەنای ئیستیقلالی کورد دا ، ٢٠٠٣  '





نەمر مەحموود مەلا عێزەت لە ساڵی ١٩٩٩ بەشی یەکەمی ' بەسەرهاتی سیاسی کورد' ی لە سوێد چاپ کرد و ئەمن شانازی ئەوەم پێ بڕا یارمەتی بکەم بۆ چاپی کتێبەکە . بەرگی دووەمی 'بەسەرهاتی سیاسی کورد ؛ کە هەمووی تەرخان کراوە بۆ باسی شکانی جمهووری کوردستان و محاکەمەی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی جمهووری لە ساڵی ٢٠٠١ لە سلێمانی چاپ کراوە و نەمر مەحموود مەلا عێزەت سەرەتایەکی بە نرخی بۆ ئەو بەشە نووسیوە و لەوانە دەنووسێ:
" بایەخی بەرهەمەکە هەر لەوە دا نییە کە چەند لاپەڕەیەکی شاردراوەی مێژووی سەردەمێکی زێڕین لە ژیانی سیاسیی کورد و دەسەڵاتی خۆماڵیی جەمهوورییەتی کوردستانە کە میرزا مەنگوڕی تۆماری کرد و نەیهێشت وەک زۆری تر لەو بیرەوەریی و زانیارییانە بکەونە ناو بازنەی لە بیر چوونەوە ، بەڵکوو گرنگتر لەوانە ئەوەیە کە وا میرزا هەر وا بە ڕاگوزاریی ڕووداوەکانی تۆمار نەکردووە، هەر وا ڕوخساری کۆمەڵگەکە و گۆڕانە ڕووکەشەکانی نەبینیوە، بەڵکوو باسە گرنگەکانی ناو هەناوی گۆڕان و ناکۆکییەکانی کۆمەڵی کوردەواریی و دەزگاکانی کۆمار و ڕەفتاری نائاسایی هەندێ ناوەندی دەسەڵاتی بە سەر کردۆتەوە، ئەو لایەنانەی خستۆتە بەر ڕووناکیی کە مەگەر هەر لێکۆڵەر بایەخەکانیان بزانێت، چونکە دەتوانرێت باس و توێژینەوەی هەمە لایەنەی چین و بەشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەی لێهەڵبهێنجێت تا ئەو ئاستەی کە ببێتە سەرچاوەیەکی تری مێژووی ڕاستەقینەی جەمهووریەتی کوردستان ... سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ مێژووی سەردەمەکە کە دەرس و پەندی باشیشیان لێوەربگیرێت. ....
یەکێک لە کارەساتەکان کە سەرەنجامی ڕووخانی جەمهووییەتی کوردستان بوو لە سێدارە دانی پێشەوا قازیی محەمەد و هاوڕێکانی بوو، دیسان ڕووداوەکانی هاوپێوەند بە لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی هاوبەش لە خەباتی پیرۆزی کوردایەتی و جەمهوورییەتی کوردستاندا باسدەکات و لەگەڵ زۆر لە باسوخواسیی تری گرنگدا.
ئەوانە چەند نموونەیەکی گرنگی ناوبیرەوەرییەکانی ئەم بەرگی دووهەمەی " بەسەرهاتی سیاسیی کورد " ە ، کە بایەخی مێژوویی بەرهەمەکە و ڕۆڵی باشی میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی دەردەخات، چ وەک هاوکار و نووسەر لە فەرماندەییەکەی جەنەڕاڵ حەمەڕيشید خان و دارێژەری نووسین و نامەکانی خان، و چ وەک نووسەر و بەسەرکردنەوەی ڕووداوەکان لە ناو بیرەوەریی و یادداشتەکانیدا.. ئەم بەرگی دووهەمە وەک تەواو کردنی بەرگی یەکەم جێگەی خۆی لە ناو سەرچاوەکانی کۆمار ناسیدا ئەگرێت و کەلێنێکی بۆشاییەکانی ناو کتێبخانەی کوردی پڕ دەکاتەوە.




گڵکۆی پیرۆزی میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی لە سەر چیای " کێوەڕەش " لە گٶر مریەم کە دەڕوانێتە شاری ڕانیە

تێبینی
 وێنەی میرزا حەمەدەمین مەنگوڕی بە جلوبەرگی کوردی و وێنەی گڵکۆکەی بە سپاسەوە لە لاپەڕەی کاک ' موحیب مەهابادی ' لە فەیس بووک وەرگیراوە. ئەو وێنەیەی میرزا محەمەد ئەمین پێشتر لە پێشەکی کۆکراوەی  ڕۆژنامەی کوردستان، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح، سدیق ساڵح، ساڵی ٢٠٠٧ دا چاپ کراوە. وێنەکەی بە جلوبەرگی فەڕەنگییەوە لە ئینترنێت وەرگیراوە و دەستخەتیشی لە بەرگی سێیەمی کتێبی ' دەوڵەتی جمهوری کوردستان'  نامە و دوکومێنت، کۆ کردنەوە و ڕێک خستنی مەحمود مەلا عززەت ، ستۆکهۆڵم ١٩٩٧ وەرگیراوە. دیارە زۆربەی هەرە زۆری نامەکانی ژەنەڕاڵ حەمەڕەشیدخان خانزادە ئەو سەردەمەی کە فەرماندەی ' هێزی بۆکان و مەنتەقە 'بووە لە ' سەرا ' بە دەستخەتی میرزا محەمەدئەمین مەنگوڕی نووسراون و هەر ئەویش ئاڕشیوی نامەکانی بۆ حەمەڕەشیدخان پاراستووە .
بە پێی نووسینی ووردی مەنگوڕی، حەمە ڕەشیدخان لە ١ / ٥ / ١٣٢٥-ی هەتاوی ( ٢٣ -ی ژووییەی ١٩٤٦ ) نامەی دەست لەکاركێشانەوەی بۆ وەزاڕەتی هێزی میللی کوردستان ناردووە و ژەنەڕاڵ سەیف قازی دوو ڕۆژ دواتر واتە لە٣ / ٥ / ١٣٢٥ ( ٢٥ / ٧/ ١٩٤٦) ئەو ئیستیعفایەی لێ قەبووڵ کردووە و خان لە ٢ / ٦ / ١٣٢٥ ( ٢٤/ ٨ / ١٩٤٦) گەڕاوەتەوە کوردستانی عێڕاق و نامەکانی لەگەڵ خۆی بردووە! ٢٧ ساڵ دواتر واتە لە سەرەتای مانگی مارسی ساڵی ١٩٧٣ ئەو نامە و بەڵگانەی داوە بەمەحموود مەلا عێزەت و بەو پێیە بەشێکی گەورە لە مێژووی جمهووری کوردستان لە فەوتان ڕزگاری بووە.

۱۳۹۵ اسفند ۱۵, یکشنبه

هێندێک لە کاربەدەستانی جمهووری لە زیندانی ورمێ



ریزی پێشەوە لە ڕاستەوە :  سەید محەمەد تەها زادە ( ئەیووبیان)، ئەحمەد ئیلاهی ، محەمەد سەعید زادە.
ریزی ناوەڕاست لە ڕاستەوە : غەنی خوسرەوی ، مەناف کەریمی
ریزی پشتەوە لە ڕاستەوە:  حوسێن فەتاحی قازی ، سەید پیرە نیزامی ، حەمەدەمین شەڕەفی


تێبینی : ئەم وێنەیە لە دووچاپی کتێبی ' تاریخ مهاباد ' ی نووسینی بەڕێز سەید محەمەد سەمەدی دا بڵاو کراوەتەوە و ئەو شەرحەی ژێر وێنەکەش هەر لەوێدا هاتووە. هەر لەگەڵ ئەو وێنەیە وێنەیەکی دیکەش هەڵگیراوە کە پێشتر لە ' وێنەی کۆماری کوردستان ' دا بڵاو مان کردەوە. بەرواری وێنە هەڵگرتنەکە بە ساڵنامەی زایینی دەبێ بە 20- ی ئووتی  1948

۱۳۹۵ اسفند ۱۳, جمعه

چەند ساڵ بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری، نامەی فەرمانداری مەهاباد بۆ سەدری قازی



شمارە ٢٧١٠                                                                                                 بتاریخ ٢٦ / ٩  / ١٣٢١
ضمیمە -               
 وزارت کشور
استان چهارم
فرمانداری مهاباد
جناب آقای صدر قاضی
از قرار اطلاعاتی کە میرسد بین پیران و منگور گفتگوی ملکی منجر بجنگ گردید، طرفین در لاهیجان سوار جمع  کردەاند کە زدوخورد نمایند. اولا در اینموقع کە این آتش گرفتە اگر این جنگ واقع شود حوزە مهاباد آرامشی را کە مرهون مراقبت ‌آقایان روسای عشایر است  از دست خواهد داد بعلاوە مرتکبین در پیشگاە دولت مورد بازخواست  خواهند بود خاصە در موقعی کە آقایان حاجی قرنی آقا امیر العشایر و حاجی حمزە آقا قادری در لاهیجان ‌حضور دارند بهیچوجە انتظار نمیرود چنین جنگی بین طایفە منگور و پیران واقع شود علیهذا جنابعالی را زحمت میدهم فورا بە لاهیجان تشریف بردە آقایان روسای مامش را ملاقات و بعدا با آقایان روسای منگور و پیران مذاکرە و آنها را نصیحت  فرمودە در هر صورت از وقوع جنگ جلوگیری فرمائید موضوع گفتگوی ملکی بهیچوجە مستلزم جنگ نیست بعداز آنکە آقایان سوارهای خود را متفرق کردند و جنگ موقوف شد در مورد گفتگوی ملکی بهر وسیلە کە صلاح بدانند بررسی و اصلاح خواهد شد -  فرماندار شهرستان مهاباد

سریع القلم

وەرگێڕانی کوردی
ژمارە ٢٧١٠
بەروار: ٢٦ / ٩ /  ١٣٢١    [١٧ / ١٢ /١٩٤٢ ]
پەیوەست –
وەزاڕەتی ناوخۆ
ئەستانی چوارەم
فەرمانداریی مەهاباد
جەنابی ئاغای سەدری قازی
بە پێی ئەو زانیارییانەی هاتوون لە سەر کێشەی موڵکی لە نێوان پیران و مەنگوڕ دا شەڕ قەوماوە. هەر دووک لا لە ' لاجان'  سوارەیان کۆ کردووەتەوە کە تێک هەڵچن. یەکەم کە ئێستا ئەو ئاورە کەوتووەتەوە ئەگەر ئەو شەڕە بقەومێ مەڵبەندی مەهاباد ئەو ئارامییەی کە لە بەر چاوەدێری ئاغایانی سەرۆک عەشیرەتەکان وەدەستی هێناوە  لە دەست دەدا و لەوەش زیاتر بکەران دەبێ لای دەوڵەت ووڵامی کردەوەکانیان بدەنەوە بەتایبەتی ئێستا کە ئاغایانی حاجی قەرەنی ئاغای ئەمیرولعەشاییر و حاجی هەمزاغای قادری تەشریفیان لە لاجانە  بەهیچجۆر چاوەڕوان ناکرێ شەڕێکی ئاوا لە نێوان تایفەی مەنگوڕ و پیران رووبدا، لەگەڵ ئەوەشدا زەحمەت دەدەم بە جەنابی بەرزتان دەستبەجێ تەشریف بەرن بۆ لاجان چاوتان بە ئاغایانی مامەش بکەوێ و دوایە لەگەڵ سەرۆکانی مەنگوڕ و پیران قسە بکەن و نەسیحەتیان بفەرموون هەرچۆنێک بێ پێش بە قەومانی شەڕ بگرن کێشە لە سەر موڵک بە هیچجۆر نابێ ببێتە هۆی  شەڕ دوای ئەوەی ئاغایان بڵاوەیان کرد بە سوارەکانی خۆیان لەوێندەرێ و شەڕ ڕاگیرا سەبارەت بە گفتگۆ لە سەر کێشەی موڵکی هەر چۆنێکی بە سەڵاحی بزانن لێی دەکۆڵدرێتەوە و چاک دەکرێ –
فەرمانداری شارستێنی مەهاباد
سەریعولقەلەم

ئورکوارت کۆنسوولی بریتانیا ئاوا باسی سەریعولقەلەم دەکا


کۆنسوولی بریتانیا لە تەورێز لە 'یادداشتی دیدارێک لە مەهاباد ' کەلە ١٣ – ی مانگی ئۆکتۆبری ١٩٤٢  چووەتە ئەوێ و دوو ڕۆژ لەوێ ماوەتەوە بە دوورو درێژی باسی فەرماندار ' سەریعولقەلەم'  و بێ دەسەڵات بوونی دەکا " ... هەر کە گەیشتمە مەهاباد دەستبەجێ چاوم بە فەرماندار ،سەریعولقەلەم ، کەوت کە نێوبانگی ئەوەی هەبوو  خێراترین نووسەر بێ لە ئێران، بەڵام ئیشتیای لە تریاک بوو. .... فەرماندار گوتی  بارو دۆخ لە مەهاباد زۆر تاریکە،حکوومەت چ دەستەڵاتێکی نییە و ، عەشیرەتەکان بە بیانووی پاراستنی هێمنی بە هەموو شێوەیەک بە ڕووتاندنەوە و جاڕز کردنی خەڵکەوە خەریکن، یەک لەوانە زیندوو کردنەوەی داوای کۆن و تازە کردنەوەی مامڵە و حیسابی کۆنە. مامەشەکان سندووس دەدۆدۆشن، مەنگوڕەکان مەهاباد، دێبۆکرییەکان بۆکان ، پژدەرییەکان سەردەشت و، ئێستا بە پێشنیازی ئوستاندار لە تەورێز ، سوارەیەکی تێکەڵاو لە مەنگوڕ، گەورک و مامەش چوونەتە ' میاندواو ' بۆ ئەوەی " هێمنی " ئەوێ " بپارێزن"  فەرماندار زۆر بە توندی دژی ئەو کارەیە و ، پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی کێشە ساز بوون لەگەڵ دێبۆکرییەکان .... [ وەرگێرانی ئەو یادداشتە هەمووی لە لایەن ئەم قەڵەمەوە لە پێشدا لە گۆواری گزینگ و دواتر لە کتێبی  ' ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزاڕەتی دەرەوەی بریتانیا دا، ئەنوەر سوڵتانی، بنکەی ژین، ٢٠٠٥'  بڵاو بووەتەوە 
تێبینی : ئەم نا
ەیە لە ئارشیوی بنەماڵە دا  بووە، ڕاگوێستنی بە شەرتی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە

۱۳۹۵ اسفند ۱۱, چهارشنبه

کاپیتان حەمەدی ڕاتبی (حەمەدی مەولوودە چرچی)



کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ( حەمەدی مەولوودە چرچی)


کاپیتان حەمەدی ڕاتبی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا.
دوای ڕووخانی جمهووری کاک حەمەد و هێندێک پێشمەرگەی دیکەی ڕۆژهەڵات خۆیان بە دەستەوە نەدا و تا ئەو جێی توانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوە. کاپیتان ڕاتبی دواتر پەنای بردە لای شێخ لەتیفی حەفید کە ماڵەکەی داڵدەی هەموو ئەو غەوارانە بوو کە لە سنووری دەستکرد پەڕیبوونەوە.
حەمەدی مەولوودی دواتر لە ساڵی 1951-2 لە کوردستانی عێڕاقەوە چووە ئازەربایجانی شووڕەوی و ماوەیەک لە زیندان دا بوو لە زەمانی خۆڕۆشچۆف دا بەر درا و لە دەور و بەری باکۆ خەریکی باغەوانی بوو. پێوەندیی بەو تێکۆشەرە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە باشوور دەژیان پاراستبوو و زۆر جار لەگەڵ ڕەحمەتی ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی) نامەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كاک حەمەد  لەجەنگەی خەباتی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دا نەخۆش کەوت و بەداخەوە لە ٢٨-ی ژووەنی ساڵی ١٩٧٨  لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە تاراوگەی ئازەربایجان چاوی وێک نا.
کاک حەمەد لە مەهاباد چوار منداڵی بە جێهێشتبوو کە وەک زۆر منداڵی دیکەی کورد بێ باب گەورە بوون و بە ئاواتەوە بوون چاویان بە بابیان بکەوێتەوە ، ئامینی ڕاتبی ( مامڵێ) یەک لەو منداڵانەیە. هاوسەری ڕەحمەتی خورشید ڕەهبەر لە نەبوونی کاک حەمەد دا منداڵەکانی گەورە کرد و هەتا مرد هەر بە هیوای دیتنەوەی بوو . حەمەد لە تاراوگەی ئازەربایجانیش بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە نا و کچێکی هەیە کە وەک لەم وێنەی سەرەوە دا دەبینین ئەو کێلەی بۆ گۆڕی پیرۆزی بابی دروست کردووە. لە سەر کارنامەی ژیانی کاپیتان حەمەدی ڕاتبی دەبێ زۆر لەوە درێژتر بنووسرێ. هەژار لە ' چێشتی مچیور ' دا باسی هێندێک بیرەوەری خۆی لەگەڵ وی دەگێڕێتەوە.
سەبارەت بە سەردەمی چالاکی وی لە کۆمەڵەی ژیانی کورد و جمهووری دا  دەنووسێ: " لە دامەزرانی  " ژ- ک " دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی زۆر بە بڕشت و موخلیس بوو . " ژ – ک " کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بەکارەکان بوو ، لە شەڕی  ' مەکڵاوێ ' ی دەوری سەردەشت ، و لە ئەتڕافی سەقز ناوی دەر کرد . پڵنگێک بوو لە بەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست "

تێبینی : ئەو وێنەیە کە وێدەچێ یەک لە دوایین وێنەکانی کاک حەمەد بێ و وێنەی مەزارەکەی بە سپاسەوە بەڕێز ووریا مامڵێ نەوەی کاپیتان ڕاتبی بۆ ' وێنەی کۆماری کوردستان ' ناردووە. لە سەر کێلەکە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە: " کورد محەمەدی کوڕی مەولوود ، لە دایکبووی 
1908 ، کۆچکردوو لە  1978.06.28 ، بیرەوەرییەک لەلایەن كچەکەیەوە.
دیسان بڵاو کردنەوەی وێنەکان و شەڕحەکەیان بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!

۱۳۹۵ اسفند ۵, پنجشنبه

حوسێنی زێڕینگەران ( فڕووهەر) لە پشت میلەی زیندانی ڕەزائییە ( ورمێ)


حوسێنی زێڕینگەران(فڕووهەر)لە پشت میلەی زیندانی ڕەزائییە(ورمێ)

ڕەحمان گەرمیانی لە باکۆ


ڕەحمان گەرمیانی، لەو خوێندکارە کوردانەی کە بۆ پەروەردەی نیزامی لە سەردەمی  جمهووری دا ناردرا بۆ باکۆ، دوای ڕوخانی حکوومەتی کوردی نەهاتەوە ووڵات و لە شووڕەوی خوێندنی پزشکی تەواو کرد.

جەعفەر کەریمی و هاوڕێیانی لە زیندانی ورمێ


جوان دەردەکەوێ ئەم وێنەیەش لەگەڵ وێنەکەی پێشوو هەڵگیراوە. کەسی یەکەم کە سەری تەواو دیار نییە سەید محەمەد تەها زادە یە. بەو تاریخە را [ 14 . 07 . 1326] / 6. 10. 1948 را تاریخی هەڵگیرانی وێنەکەی پێشووش ڕوون دەبێتەوە.

تێبینی: وێنەی سەرەوە لە ئینترنێت وەرگیراوە

۱۳۹۵ اسفند ۴, چهارشنبه

وێنەیەکی دیکەی زیندانییە کوردەکان دوای ڕووخانی جمهووری


زیندانی ورمێ لە ڕاستەوە : مستەفا سوڵتانیان ، سەید محەمەد سەییدی ، محەمەد سەعید زادە، عەزیز سەدیقی ، جەعفەر کەریمی و سەید محەمەد تەهازادە

بە سپاسەوە ئەم وێنەش لە کتێبی : ' کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ زایینی ، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە خەباتی سەربەخۆیی کوردستان و گرینگی مێژوییەکەی ، نوسەر سوڵیمان سولتانیان ، ناساندن و چاودێری : هیتوشی سوزوکی    1392 تۆکیو ' وەرگیراوە 

وێنەیەکی دیکەی مەناف کەریمی لە زیندانی ورمێ


لەبن وێنەکە نووسراوە: دوای بیست مانگ زیندانی کێشان لە زیندانی مەهاباد و تەورێز و ساڵێکیش لە کرماشان لە بەرواری ٢٩/ ٥/ ١٣٢٧ - ی
هەتاوی
( 20 08 1948 ) ئەم وێنەیەمان بۆ بیرەوەری لەگەڵ برای خۆشەویستم ئاغای میرزا مەناف کەریمی هەڵگرت.

تێبینی : ئەو وێنەیە لە کتێبی  ' دەوڵەتی جمهوری کوردستان ، نامە و دۆکومێنت ' بەرگی سێیەم ، ستۆکهۆڵم - ١٩٧٧ ، کە نەمر مەحمود مەلاعززەت کۆی کردووەتەوە و ڕێکی خستووە ' بڵاو کراوەتەوە . دەستخەتی ژێر وێنەکە دەبێ ئی غەنی خوسرەوی بێ. بە داخەوە لە کتێبی نەمر مەحموود مەلا عێزەت دا لە جیات ناوی میرزا غەنی خوسرەوی نوسراوە عەلی خوسرەوی!
ڕاگۆێستنی وێنە و شەڕحەکەی بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!

مەناف کەریمی، سەید محەمەد تەهازادە و برایم نادری لە زیندانی ورمێ


لە ڕاستەوە : برایم نادری ، مەناف کەریمی و سەید محەمەد تەها زادە لە زیندانی ڕەزائییە ( ورمێ)

مەناف کەرێمی لە وتوووێژێک لە گۆواری دووحەوتووانەی ڕوانگە  ژمارەی ١١، ڕەزبەری  ١٣٨١ هەتاوی/ ئۆکتۆبری ٢٠٠٢ –ی زایینی  سەبارەت بە گرتن و زیندانی کرانی هەیئەتی وەزیرانی جمهووری کوردستان دەلێ:


ڕوانگه‌: دوای ڕووخانی کۆمار هه‌یئه‌تی وه‌زیران چییان به‌ سه‌ر هات و له‌ لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ چۆن ڕه‌فتاریان له‌ گه‌ڵ کرا، بۆ وێنه‌ له‌ گه‌ڵ جه‌نابتان ؟
که‌ریمی:
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌ڕته‌ش بۆ مه‌هاباد ئێمه‌ هه‌موو گیراین.42 که‌س له‌ زیندانی شەهرەبانی ئێستا دا بوون و 10 که‌س که‌ ئه‌منیش له‌ گه‌ڵ وان بووم له‌ زیندانی سه‌ربازخانه‌ دا بووین. تاوانی ئێمه‌ قورستر بوو و به‌ ئیعدامی ده‌ژمێردراین.دوای یه‌ک مانگ و نیو دادگایی کران 6 ساڵ زیندانیان بۆ بڕیمەوە .به‌ڵام دادستان ناڕه‌زایه‌تی له‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ ده‌ربڕی و بۆ دادگایی کردنی دووباره‌ ناردیانینه‌ ته‌ورێز. له‌وێ هه‌موومان له‌ زیندانی ئه‌و شاره‌ دا بووین. پاش دادگایی کردنه‌وه‌، حوکمی من بوو به‌ 6 ساڵ زیندانی هاوڕێ له‌ گه‌ڵ بێگاری ( اعمال شاقه‌) له‌ شاری دێزفوول. دوای ئەوەی که‌ داوای ئیستینافم کرد، بردیانمه‌ زیندانی ورمێ. پاش ماوه‌یه‌ک لێبوردنی گشتی ڕاگه‌یه‌ندرا و هه‌موومان ئازاد بووین. ئه‌من سه‌رجه‌م 19 مانگ له‌ زیندان دا بووم.پیاو حه‌ق بڵێ نه‌ ده‌ستیان به‌ستین و نه‌ ئه‌شکه‌نجه‌یان کردین.دیداریشمان له‌ گه‌ڵ
بنه‌ماڵه‌کانمان هه‌بوو.


مەناف کەریمی لە بیرەوەرییەکانی دا کە لە پەراوێزی بیرەوەرییەکانی سەعیدی هومایون دا " پیشوای بیداری" خاطرات سعید همایون، کە موسسە چاپ و نشر آراس، هولر، ٢٠٠٤  بە زمانی فارسی بڵاوی کردووەتەوە، لە مەڕ برایم نادری دەنووسێ: چوار مانگ له‌ حکوومه‌تی کوردستان تێپه‌ڕیبوو و له‌و ماوه‌یه‌دا که‌موکورتی و کێشه‌ی کاروباری په‌روه‌رده‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌لادا خرا،
به‌ڵام ئیداره‌ کردنی مه‌دره‌سه‌کان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو حه‌وله‌ش که‌ درابوو پێداویستی به‌ جیدییه‌تێکی زیاتر بوو، بۆ پێشگرتن له‌وه‌ی کاره‌کان نه‌که‌ونه‌وه‌ سه‌ریه‌ک و کاری فه‌رهه‌نگی چه‌تی تێنه‌که‌وێ ئاغای برایمی نادری م کرده‌ جێگری [وه‌زاره‌ت] ی فه‌رهه‌نگی کوردستان ناوبراو یه‌کێک له‌ لاوانی خوێنده‌واری کرماشانی و لیسانسی ئه‌ده‌بییات بوو، به‌ڕێزی لاوێکی زۆر هه‌ڵسووڕاو و له‌ جێبه‌جێکردنی کاره‌کان دا جیدی بوو ، شه‌و و ڕۆژ بۆ ده‌مێکیش چییه‌ له‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ پێداویستییه‌کانی مەدرەسەکان ته‌نه‌خی نه‌ ده‌کرد و ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ باشترین شیوه‌ پێک ده‌هێنا و من به‌ فکری ئاسووده‌وه‌ به‌ کاره‌کان دیکه‌ی حیزبییه‌وه‌ خه‌ریک بووم.
 تێبینی : ئەو وێنەیە لە تۆڕی ئینترنێت وەرگیراوە ، دیسان بڵاو کردنەوەی ئەم وێنەیە و بە تایبەتی شەڕحەکانی ژێری بە ئاماژە کردن بۆ سەرچاوە ڕەوایە!

۱۳۹۵ اسفند ۲, دوشنبه

هێندێک لە کاربەدەستانی جمهووری کوردستان لە زیندانی شارەبانی ورمێ


این عکس دستە جمعی خود را کە در زندان شهربانی رضائیە – روزگار روزهای گرفتاری برداشتە  بە یادگار بە حضور یگانە دوست محترم خودمان حضرت آقای میرز مضطفی سڵطانیان (....  .. ....) تقدیم کە در سخت ترین مواقع زندگی ، بندگان را در زمرەء فراموش شدگان محسوب  نفرمایند
ازطرف عموم جعفر کەریمئ
امضاء
٢٦ / ١١ / ٢٦   (  ١٦ – ٢ – ١٩٤٨ )

===
وەرگێڕانی کوردی

ئەم وێنە بەکۆمەڵەی خۆمان کە لە زیندانی شارەبانی [ پۆلیس ] لە ڕۆکانی گرفتاری دا بۆ یادگار گرتوومانە  پێشکێش دەکەین بە حزووری تاقە دۆستی بەڕێزی خۆمان حەزرەتی ئاغای میرزا مستەفا سوڵتانیان(چەند ووشە ناخووێندرێتەوە )  کە لە دژوارترین کات و ساتی ژیان دا ئێمەمان لە گوێن لە بیرکراوان وەحیساب نەهێنن .
لەلایەن هەموانەوە  جەعفەر کەریمی
٢٦ – ی ڕێبەندانی ١٣٢٦    ( ١٦-ی فێڤرییەی   ١٩٤٨)

هێندێک لە کاربەدەستانی جمهووری کوردستان لە زیندانی شارەبانی ورمێ

شوێن : حەوشەی زیندانی شارەبانی ڕەزائییە ( ورمێ)
بەروار:  ڕێبەندانی ١٣٢٦  / فێڤرییەی ١٩٤٨
لە ڕاستەوە: ١- سەید مستەفای سەییدی، ٢-  ؟ . ٣- جەعفەر کەریمی ، ٤ – حوسێن فتاحی قازی ، ٥- محەمەد سەعید زادە ، ٦ – کەریم ئەحمەدەین ، ٧ محەمەد داوودی  ٨ – سەید محەمەد ئیسحاقی ،٩ – سەید محەمەد تەها زادە (ئەیووبیان ) ،  ١٠ -  ؟  دانیشتوو : سەید کامیل ئیمامی

وەک  لە شەرحی وێنەکە را دەردەکەوێ ئەوە پێشکێش بە میرزا مستەفا سوڵتانیان کراوە کە دەبێ ڕاگوێزرابێ بۆ زیندانێکی دیکە. چونکە لە هەمان ئەم سەرچاوەی خوارەوە دا وێنەیەکی دی چاپ کراوە کە میرزا مستەفا شی تیدایە. میرزا مستەفا کادری دیپڵۆماسی جمهووری بوو و لە وتووێژەکانی نێوان پێشەوا قازیی محەمەد و قەواموسەلتەنە لە تاران لە پووشپەڕی ١٣٢٥- هەتاوی / ژووەن – ژووییەی ١٩٤٦ دا بەشدار بوو.


بە سپاسەوە ئەم وێنە و شەرحەکەی لە کتێبی : ' کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ زایینی ، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە خەباتی سەربەخۆیی کوردستان و گرینگی مێژوییەکەی ، نوسەر ڵ سولیەمان سولتانیان،ناساندن و چاودێری : هیتوشی سوزوکی ١٣٩٢ تۆکیو ' وەرگیراوە
تێبینی: دیسان بڵاو کردنەوەی ئەو وێنە و شەرحەکانی بە ناوهێنانی سەرچاوە ڕەوایە!

بەشێک لە کاربەدەستانی جمهووری کوردستان لە زیندانی ورمێ


بە پێی شەرحێک کە نەمر حوسێن زێڕینگەران (فڕووهەر) لە پشت وێنەیەکی سی کەسی نووسیوە [ بڕوانە پۆستی پێشوو]
دەردەکەوێ ئەم وێنەیەی سەرەوەش هەر ئەم ڕۆژە واتە لە  ١٧ / ٢ - ١٣٢٧  واتە  لە ٧ / ٥ - ١٩٤٨  لە زیندانی ورمێ هەڵگیراوە. هەر بە پێی نووسینی فڕووهەر ئەوان دادگەی یەکەم و دووەمیان تێپەڕاندووە و چاوەڕوانی دادگەی سێیەم بوون.
ئەو کاربەدەستانەی جمهووری کە گیرابوون هەموویان تا ساڵی ١٣٣٠ [ 1951 ]  وەبەر لێخۆشبوون کەوتن و لە زیندان هاتنە دەرێ بێجگەلە حوسێن فڕووهەر ( زێڕینگەران) نەبێ کە یەک دو ساڵێک ئازاد کرا و دیسان گرتیانەوە.

شوێن حەوشەی زیندانی ڕەزائییە ( ورمێ)
بەروار : ١٧ / ٢ - ١٣٢٧  /  ٧ - ٥ - ١٩٤٨
ڕێزی پێشەوە لە ڕاستەوە سەید محەمەد ئیسحاقی، دانێشتوو ئەحمەد ئیلاهی، مینە شەڕەفی ، برایم نادری ،  سەید محەمەد تەهازادە ، ڕاوەستاو: کەریم ئەحمەدەین . ڕێزی پشتەوە لە ڕاستەوە: سەید پیرە نیزامی، عەزیزخان کرمانج ، حوسێن فڕووهەر ( زێڕینگەران)، مەناف کەریمی. نوسخەی ئەم وێنەیە یەکەم جار لە کتێبی ویلیام ئیگلتن ی کوڕ دا بڵاو بووەتەوە ، بەڵام لە بەرواری هەڵگرتنی وێنەکە دا نووسیویە بەهاری ١٩٤٧ کە دیارە ئەوە دروست نییە و وەک فڕووهەر بە ڕوونی دیاری کردووە  ٧-ی مانگی مەی ساڵی ١٩٤٨ ە!


تێبینی: گواستنەوەی ئەم وێنە و شەرحە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە

حوسێن فرووهەر و دۆستانی لە زیندان، دوای ڕووخانی جمهووری



در دادگاە بدوی  زمان جنگ مهاباد روز ١٦ /١١ / ٢٥  این ٣ نفر باعدام محکوم نمودند . روز ٣ / ٢٦ در دادگاە تجدید نظر زمان جنگ  --  بحبس دائیم با کار تبدیل و تقلیل گردید . در تاریخ  روز ١٧ / ٢ / ٢٧ در زندان رضائیە بدون تعیین تکلیف و محکومیت بانتظار
 تشکیل دادگاە ثالث محض یادبود در حیات [ط] جلو درب زندان بیاد بود مدت گذشتە این عکس برداشتە شد.
از راست بچپ آقای عزیز خان کرمانج
و – حسین فروهر
وچپ نهایت ‌آقای احمد الهی

وەرگێڕانی کوردی

لە دادگەی سەرەتایی زەمانی شەڕ لە مەهاباد لە ڕۆژی ١٦ / ١١ / ١٣٢٥ [هەتاوی] /  ٥ / ٢ /  ١٩٤٧  ئەم سێ کەسەیان بە ئێعدام مەحکووم کرد. لە ڕۆژی ٣ / ٢٦  [!]  ئەو حوکمە لە دادگەی پێڕاگەیشتنەوەی زەمانی شەڕ – داشکا و کرا بە زیندانیی هەتایی لەگەڵ کار. لە بەرواری ڕۆژی ١٧ / ٢ /  ١٣٢٧ [  ٧ /  ٥ / ١٩٤٨ ]   لە زیندانی ڕەزائییە (ورمێ) بێ ڕوون بوونەوەی وەزع و حوکم درانەکە  لە چاوەڕوانی بۆ پێک هاتنی دادگەی  سێیەم دا  بۆ بیرەوەی لە حەوشەی پێش دەرگای زیندان بۆ بیرەوەری کاتی ڕابردوو ئەم وێنەیە هەڵگیرا.
لە ڕاستەوە بۆ چەپ ئاغای عەزیز خان کرمانج
و / حوسێن فرووهەر
و دواجار لای چەپ ئاغای ئەحمەد ئیلاهی

فرووهەر و  دۆستانی لە زیندان دوای ڕووخانی جمهووری
ئەو شەرحەی حوسێن فڕووهەر ( زێڕینگەران) لە پشت وێنەکەی نووسیوە تیشک دەخانە سەر مێژووی گیران و محاکەمەی کاربەدەستانی جمهووری کوردستان. وا دەردەکەوێ دوای دادگەی یەکەم  لە مەهابادەوە ڕاگوێزرابن بۆ ورمێ. وێنەکی دیکەی بەکۆمەڵی زیندانییە کوردەکان هەیە کە ئەو سێ کەسەشی تێدایە و بەجلوبەرگی ئەو سێ کەسە  ڕا دەردەکەوێ لە هەمان تاریخ دا هەڵگیراوە واتە لە ١٧ / ٢ – ١٣٢٧  [ ٧ – ٥– ١٩٤٨ ]
زۆربەی سەرچاوەکان  سەبارەت بە مێژووی جمهووری کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ گیرانی ئیدارەی پۆلیسی مەهاباد لە ٢٦ –ی ڕێبەندانی ١٣٢٣ – ی هەتاوی  [ ١٥ – ی فێڤرییەی – ١٩٤٥] ناوی عەزیز خانی کرمانج و حوسێن زێڕینگەران [ فڕووهەر]  بەیەکەوە دەهێنن. وا دیارە ئەوان لە زیندانیش دا درێژەیان داوە بە دۆستایەتی یەکتر.


 تێبینی : مافی ڕاگواستنی ئەم وێنە و شەرحەکەی بە شەرتی ناوهێنانی سەرچاوە ڕەوایە   

وێنەی حوسێن فڕووهەر لە زیندان کاتی سەردانی دایکی





وێنەی حوسێن زێڕینگەران ( فرووهەر) لە زیندان کاتی سەردانی دایکی 

 لەوانەیە مەبەست لەو کچەچکۆڵەیەی کە لە وێنەکە دەیبینین خانمی ڕەعنا ئەحمەدەین کچی گەورەی کەریم ئەحمەدەین بێ کە ئەویش ئەوکاتی هەر لەو زیندانە دا بووە!

روز چهارشنبە مورخە اول اردیبهشت ماە ١٣٢٧ موفق بملاقات مادرم در زندان شهربانی رضائیە شدم.
بمحض یادبود این عکس را در جلو درب زندان کە در راست بانو رعنا و دختر آقای احمدین ایستادە برداشتە شدە
حسین فروهر
امضاء
٢ / ١/  ٢٧
٢ [١] / ١ [٢] / ٢٧
وەرگێڕانی کوردی
ڕۆژی چوارشەمە ڤەرواری یەکەمی بانەمەڕی ١٣٢٧ –ی هەتاوی [ ٢١ -  ٤ – ١٩٤٨ ] توانیم لە زیندانی پۆلیسی ڕەزائییە ( ورمی ) دایکم ببین. بۆ بیرەوەری ئەم وێنەیە لە پێش دەرگای زیندان هەڵگیراوە کە لە لای ڕاست یای ڕەعنا و کچی ئاغای ئەحمەدەین ڕاوەستاون.
حوسێن فرووهەر
ئیمزا
١-٢- ١٣٢٧   [ ٢١ – ٤ – ١٩٤٨]   


تێبینی: مافی وێنەکە و شەرحەکەی بۆ ' وێنەی کۆماری کوردستان ' پارێزراوە. خواستنەوەی بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!

۱۳۹۵ اسفند ۱, یکشنبه

نامەی سەرلەشکری ئامانوڵا جەهانبانی بۆ پێشەوا ٦ مانگ بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری


نامەی سەرلەشکر [ دواتر سپەهبود] ئەمانوڵا جەهانبانی یەک لە ئەفسەرانی سەردەمی ڕەزای شای پەهلەوی بوو . ئەو سەڕای فەرماندەیی شەڕی عەشیرەتان بۆ ماوەیەک لە بەر چاو کەوت و تەنانەت ڕەزا شا لە زیندانیشی کرد. لە دوای لە سەر تەخت لاچوونی ڕەزا شا، سەرلەشکر جەهانبانی جارێکی دیکە هاتەوە ناو ئەڕتەش و لە دوو کابینەی سەردەمی  سوهەیلی و فرووغی دا پۆستی وەزاڕەتی وەرگرت. ئەو نامەیەی نزیکەی ٦ مانگ بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان بۆ پێشەوا نووسیوە. دواتر جێهانبانی بۆ ٥ خول بوو بە سەناتۆر و دواجار لە ساڵی ١٣٥٣ [ ١٩٧٤] لە تەمەنی ٨٣ ساڵی دا چاوی لە دنیا وێک نا!
خەلیلی فەتاحی قازی لە کتێبی 'کورتە مێژووی بنەماڵەی قازی لە ویلایەتی موکری' سەبارەت بە هاتنی جەهانبانی بۆ مەهاباد کە ڕەنگە لە دوای ئەو نامەیەی سەرەوە، یان سەفەرێکی پێشتووتر بووبێ دەنوسێ: ' سپەهبود جەهانبانی لەگەڵ ژمارەیەکی بیست کەسی (ژاندارم) بە ماشێن لە ورمێ وە هاتە مهاباد و میوانی خودالێخۆشبوو قازی محەمەد بوو. بۆ بەیانی ئەو ڕۆژەی سپەهبود جەهانبانی هات بۆ مهاباد ، ئەو ژاندارمانەی لە گەڵی بوون بۆ کڕینی ئەو شتانەی پێویستییان پێی بوو، دەبوو بچنە بازاڕی، بەڵام نەیاندەوێر بچن. ....( ل ١٢٠)... بە لەبەرچاو گرتنی ئەو پێشینەیە بوو ژمارەیەکی بیست کەسی لە ئەمنییەکان نەیاندەتوانی بە ڕۆژی ڕووناک لە ماڵی خودالێخۆشبوو قازی محەمەدەوە تا بازاڕی مهاباف  کە مەودایەکی ئەوەندە زۆریان نییە، بچن بۆیە دوونەفەر لە چەکدارانی خۆجێیی ژاندارمەکانیان بە دوو ڕیز دابەش کرد و لەگەڵ خۆیان بردیانن بۆ بازاڕ، و دوای کڕینی پێداویستییەکانیان ، زەق و زیندوو گەڕاندیاننەوە ماڵی قازی محەمەد ... ( ل ١٢٢)

=====
دوشنبە ١٥ / مرداد ماە / ٢٤
جناب آقای قاضی محمد
بسمت بازرس ناحیە شمال و شمال غرب اینجانب مجددا کردستان آمدم. و خیلی میل داشتم از سردشت بە مهاباد آمدە وضعیت آن حدود را نیز مشاهدە نمودە وجنابعالی را ملاقات کنم متاسفانە بواسطەء کمی وقت و بدی راە میسر نگردید امیدوارم چندی دیگر از راە تبریز رضائیە موفق باین امر بشوم بدیهی است تا موقعیکە پادەگان بآن حدود نیامدە نظم و ترتیب صحیح برقرار نگردیدە شما تاحدی مسئولیت آرامش و حفظ منافع دولت را عهدە دار هستید و با روح خدمت گذاری و میهن دوستی کە در شما سراق [غ!] دارم یقین دارم کە بخوبی از عهدەء انجام  وظیفە مقدس و مشکل برخواهد آمد
سرلشکر جهانبانی
 امضاء
وەرگێڕانی کوردی
دووشەمە ١٥ –ی گەلاوێژی ١٣٢٤ هەتاوی  [ ٦ – ی ئووتی ١٩٤٥ ]

جەنابی ئاغای قازیی محەمەد
بە سیفەتی پشکنێری نیزامی ناوچەی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا دیسان هاتم بۆ کوردستان. و زۆرم پێ خۆش بوو لە سەردەشتەوە بێمە مەهاباد و چلۆنایەتی ئەو سنوورەش ببینم و چاوم بە جەنابی بەرزتان بکەوێ بە داخەوە لە بەر کەمی کات و بەدیی ڕێگا هەڵنەسووڕا هیوادارم ماوەیەکی دیکە لە ڕێگای تەورێز- ڕەزائییەوە بتوانم بێم. ئاشکرایە تا ئەو کاتەی سەربازخانە نەهاتووەتەوە ئەو سنوورە، نەزم وڕێکی دروست بەرقەرار نەکراوە ئێوە تا ڕادەیەک بەرپرسیارەتی ئارامی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دوڵەتتان بە ئەستۆوەیە و بەو ڕوحی خزمەت کردن و نیشتمان دۆستییەی کە لە ئێوەی دا بەدی دەکەم دڵنیام بە باشی ئەو ئەرکە پیروۆز و دژوارە ڕادەپەڕێنن .
سەرلەشکر جێهانبانی
ئیمزا


تێبینی: کۆپی نامەی جێهانبانی و وێنەکەی لە تۆڕی ئینترنێت و زانیاری لە مەر وی لە ماڵپەڕی ویکی پێدیا وەرگیراوە 

وێنەیەکی دیکەی شەهید ژەنەڕاڵ مایور محەمەد حوسێن سەیف قازی لە شاری کیسڵۆڤۆدسک



محەمەد حوسین خان سەیف قازی لە مانگی سێپتامبری ١٩٤٦ بۆ موداوای پزشکی چووە سۆڤییەت لە پێشدا بۆ باکو و لەوێوە چووە شاری کیسلۆڤۆدسک کە بە هەبوونی ئاوی شۆری کانزا لە جیهان دا بەناوبانگە. ئەو شارە لە باکووری قەفقاسی ڕووسییە و لە نێوان دەریای ڕەش و دەریای خەزەر هەڵکەوتووە. لە بیرەوەرییەکانی ڕەحمەتی دوکتور ڕەحمان حەلەوی دا باسی ئەو سەفەرەی سەیف قازی بۆ کیسلۆڤۆدسک کراوە. لە سەر وێنەکە بە خەت و زمانی ڕووسی نووسراوە : کیسلۆڤۆدسک ، کانی شووشە ١٩٤٦ - ٩ - ٨ 


تێبینی : ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە ئاڕشیوی کاک محەمەد ڕەزا سەیف قازی وەرگیراوە. وێنەی ئێستای کانی شووشە یانی هەر ئەو شوێنەی کە سەیف قازی و هاوڕییەکەی لەوێ وێنەیان گرتووە لە گووگل وەرگیراوە. دیسان بڵاو کرنەوەی ئەو وێنە و شەرحەکەی بە شەرتی ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!

۱۳۹۵ بهمن ۲۳, شنبه

جەنابی قازیش ڕۆییشت, کاتێک کە باران باریوە ، هیچ چارەیەک نییە جگە لە خواردنەوەی ئاوی باران نەبێ


ڕۆژنامەی ' ایران ما '
 ژمارەی ٥٧٧ ، ساڵی چوارەم  دووشەمە ٢ – ی پووشپەڕی ١٣٢٥ [ هەتاوی ] / ٢٣ –ی ژووەنی ١٩٤٦
خاوەن ئیمتیاز : جەهانگیر تەفەزولی

جەنابی قازیش  ڕۆییشت
کاتێک کە باران باریوە ، هیچ چارەیەک نییە جگە لە خواردنەوەی ئاوی باران نەبێ

کاتێک کە جەنابی قازیی محەمەد  بۆ وتووێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیر و دەوڵەتی ناوەندی هاتبووە تاران، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە تاران و چەند دیدار لە سەرۆکوەزیر و کاربەدستانی دی گەڕایەوە کوردستان
کاتێک کە جەنابی قازی هاتە تاران ئێمە بەو بۆنەیەوە چەند بابەتێکمان  لە " ایران ما  " دا بڵاو کردەوە و حەولمان دا تا ئەو جێگایەی کە لێی ئاگادار بووین چاوەڕوانییەکانیان لە دەوڵەت لێرە دا بڵاو بکەینەوە.
تا ڕادەیەک بارو دۆخی کوردستانمان لەگەڵ ئازەربایجان بەراورد کرد و وبیرمان هێنایەوە کە  نێهزەتی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ژێڕ ڕێبەرایەتی قازیی محەمەد دا بەو پەڕی لێوەشاوەییەوە هەڵدەسووڕێ و بە قەدەر نێهزەتی دێمۆکڕاتیکی ئازەربایجان بۆ پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاسی واقعی گرینگی هەیە .
ئەو کاتەی کە جەنابی قازی تازە هاتبووە تارانێ و هێشتا دەستی نەکردبوو بە وتووێژ لە گەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی خۆشبەختانە چاو پێکەوتنی بەڕێزیان وەک چاوپێکەوتنی نوێنەرانی ئازەربایجان کە هەر کەسانی تایبەتی بۆیان هەبوو بیان بینن ، قەدەغە نەکرا  بۆیە چەند کەس لە نووسەرانی ' ایران ما' دیداریان کرد لە جەنابی قازیی محەمەد.
لەو دیدارە خۆمانەیە دا کە ژمارەیەک  لە دۆستانی قازی و ڕۆژنامە نووسانی دیکەش ئامادە بوون یەک لە ئامادەبووان سەبارەت بە داوخوازەکانی کوردەکان هێندێک پرسیاری لە جەنابی قازیی کرد کە ئێمە ئەمڕۆ بەجێی نازانین بەشێک لەوان بڵاو بکەینەوە.
لە ووڵامی ئەو پرسیارە دا کە کوردەکان چیان دەوێ، قازیی لەو پەڕی ڕووخۆشی دا ووڵامی دایەوە  کە ئێمە تەنێ دێمۆکڕاسی و بەڕێوەچوونی ڕاستەقینەی ئەومان دەوێ، ئێمە تەنێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیمان دەوێ لە پێناو پێشکەوتن و پێشوەچوونی ئاشتیانە بۆ تەواوی میلەتی ئێران. ئەمڕۆ بمانەوێ و نەمانەوێ بار و دۆخی دنیا گۆڕاوە  و خەڵکی دنیا لەگەڵ شێوە و بیروڕای تازە ناسیاوییان پەیدا کردووە و داوخوازی تازەیان هەیە  کە دەبێ بە قسەیان بکرێ.
لێرە دا قازی تەمسیلێکی ناسک و شیرینی بۆ ئامادە بووان گێڕاوە،
قازی ئاوای گوت:  " سەردەمایەک لە ووڵاتێک پادشایەک لەگەڵ وەزیرەکەی حوکمیان دەکرد.جارێک وەزیری پادشا لە بەر زانستی ڕەهای خۆی زانی کە بە زوویی بارانێک دەبارێ کە هەر کەس لە ئاوی ئەو بارانە بخواتەوە فکری دەگۆڕێ و شێت دەبێ.
لە بەر ئەوە پادشا فەرمانی دا بە وەزیرەکەی کە چاوی بە سەر خەڵکەوە بێ بۆ ئەوەی هیچکام لە ڕعییەتە گوێڕایەڵەکانی لە ئاوی ئەو بارانە نەخۆنەوە. بەڵام باران باری و ئامادەکارییەکانی وەزیر کەلکی نەبوو و بەکار نەهات و خەڵک بەرە بەرە دەستیان کرد بە خواردنەوەی ئاوی بارانەکە و فکریان گۆڕا و لە ڕوانگەی پادشا و وەزیرەکەیەوە شێت بوون و دەستیان کرد بە نافەرمانی و سەرپێچی. ئەو جار کاتێک کە زۆربەی خەڵک لە بەر خواردنەوەی ئاوی باران شێت ببوون، هەموویان  پادشا و وەزیریان کە لەگەڵ ئەوان نە دەسازن و هاوڕایان نەبوون بە شێت دەزانی و پێکێشیان دەکرد پادشا و وەزیرێکی عاقڵ بۆ خۆیان هەڵبژێرن کە بکرێ لەگەڵیان بسازێن .
پادشا لە دووی وەزیری نارد ڕاوێژ و تەگبیری پێ کرد و پرسی  چ بکەین. وەزیر گوتی ئەی پادشا ئێستا خەڵک شێت بوون . نەکرا پێشی بارانەکە و خواردنەوەی لەلایەن خەڵکەوە بگرین، بەڵام ئەمن  بۆ ئیحتیات جامە ئاوێکم  پاشەکەوت کردووە و ئەگەر دەتەوێ درێژە بدەین بە حوکم کردن بە سەر ئەو خەڵکە دا دەبێ لەو ئاوە بخۆینەوە و لەگەڵیان هاوڕا بین و وەک پادشا و وەزیریان بمێنینەوە ..."
قازی ئەو تەمسیلەی خۆی لە بیدەنگییەکی قووڵ و پڕ هەیەجان دا کە ڕوحی ئامادە بووانی داگرتبوو تەواو کرد و بۆ خۆی نەیەویست ئاکامی بەسەرهاتەکەش بڵێ .
بەڵام هەر کەس کە ئەو چیرۆکە ببیسێ  دەزانێ تێ دەگا کە ئەمڕۆ لە ڕاستیدا بارانێک کە بیروڕایان دەگۆڕێ  لە ووڵاتی ئێمەش دا باریوە و هەیئەتی فەرمانڕەوای ئێمەش بۆ ئەوەی دیسان بتوانێ لەگەڵ خەڵک بسازێ و حکوومەتیان بە سەر دا بکا  ناچار دەبێ لەو بارانی دێمۆکراسییە بخواتەوە و دڵپاکانە لەگەڵ خەڵک هاوڕا بێ.
قازی بەو تەمسیلە دەیەویست پێداویستییەکانی زەمان و مەکان و پێویستیی بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاسی واقعی کە داوای وی و هەموو ئازادیخوازنی ئێرانە جەخت بکاتەوە.
لە ووڵامی پرسیارێکی دی سەبارەت محەمەد ڕەشید ( حەمە ڕەشید ) و مەلا مستەفای بارزانی کە لێی کرا قازی گوتی : " محەمەد ڕەشید  کەسێکی کوردە ، بنەماڵەکەی و باب و باپیران و خۆی بە سەدەیان و بە ساڵان لە بانە نیشتەجێ بوون و خزمەتیان بەو مەملەکەتە کردووە و لە زەمانی حکوومەتی ڕەزا شا دا لە بەر گوشارە تاقەت پرووکێنەکانی وی پەنایان برد بۆ کوردەکانی عێراق و لە دوای خەرمانانی ١٣٢٠ گەڕاوە ئێران . بەڵام مەلا مستەفاش لە ئازادیخوازانی بەنێوبانگی کوردە لە عێڕاق کە بە ساڵانی درێژ بە دژی کۆلۆنیالیزم و بۆ یارمەتی بە میلەتی عێراق  خەباتی کردووە و ئەمڕۆ لە بەڕ گوشاری ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە بە سەر عێڕاق دا زاڵن پەنایان هێناوە بۆ خاکی ئێران  و ئێستا ئەرکی دەوڵەتی ئێرانە وەک ئازادیخوازێکی بەناوبانگ پشتیوانی لێ بکا و بیحاوێنێتەوە:
ئێران نەک تەنیا دەبێ لانکی ئازادی بێ بەڵکوو دەبێ یەک لە پەناگەکانی تێکۆشەران و ئازادیخوازنی هەموو دنیا بێ.
یەک لە ئامادەبووان گوتی کە چاپەمەنی ڕاست ئاژۆ و سەر بە دەوڵەت  ئەو ئۆپێڕاسیۆنە نیزامیانەی کە لە کوردستان دەکرێن وا نیشان دەدەن بە دژی مەلا مستەفا و محەمەد ڕەشید بن کە لە ڕوانگەی ئەواندا بێگانەن و ئەو هێرشانە بە دژی کوردە دێمۆکڕاتەکان نین.
قازی گوتی ئێمە پێمان وا نییە یانی لە ڕوانگەی ئێمەوە کوردەکان لە هەر کوێی دنیا دەبن با ببن ئێرانی بوون و دەبن و ئەگەر کەسانی ئاوا هەن کە کوردەکان بە نا ئێرانی و بێگانە دەزانن و پێیان وایە کە دەکرێ کورد نائێرانی بێ لە ڕاستی دا خیانەت بە ئێران و کۆمەڵی ئێران دەکەن.
ئەگەر دەوڵەتەکانی ڕابردوو بە درێژایی مێژوو لە بەڕ بێ لیاقەتی خۆیان ژمارەیەک لە باشترین تاکوتەرای میلەتی ئێرانیان خستووەتە پشت سنوورە دەسکردەکانی خۆیان، ئەوە میلییەتی ئەوان نائەستێنێتەوە و لە ڕاستیدا ئەوان میلییەتیان ناگۆڕن و نابێ ئەوان بە غەیری ئێرانی بزاندرێن ."
ئەوانە هێندێک نموونەن لە بیروڕای قازیی محەمەد ڕێبەری دێمۆکڕاتەکانی کوردستان. هەرچۆنێک بێ قازیی محەمەد بە ئیدەئاڵی زۆر ڕوون و ئاشکرا لە پێناو دێمۆکڕاسی ئێران و خۆشبەختی هەموو میلەتی ئێران هاتبووە تاران.
ئێستا کە بەڕێزیان گەڕاونەتەوە کوردستان ئاگاداری ڕەسمی سەبارەت بە وتووێژەکانی تاران و ئەو ئاکامانەی بوویەتی لە بەر دەست دا نین.
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە ئەمڕۆ بە ڕواڵەت  وەزع لە ناوەندی ئێران بە تەواوی گۆڕاوە و سەرۆکوەزیری ئێران ئاغای قەواموسەلتەنە حەول دەدا  پێوەرە دێمۆکڕاتیکەکان لە سەرتاسەری ئێران پەرە پێ بدا و جێ بە جێیان کا و هەر بۆیە بە بۆچوونی ئێمە ڕێکەوتنی نێوان بەڕێزیان و ئاغای قازیی محەمەد بە هاسانی  دەکرێ.
ئێمە پێمانوایە گەڕانەوە و چوونەوەی ئاغای قازیی محەمەد  بە دوای وتووێژی دۆستانەی کە هەر دووک لا لە سەریان پێک هاتوون بووە و دەبێ چاوەڕوان بین ئاکامی ئەو پێک هاتنە خۆی دەر بخا.

ئەو جۆرەی کە دەگوترێ ئێستا ڕێکەوتنێکی ئاوا  کراوە کە دەوڵەت ئەو هێزە نیزامیانەی ناردراون بۆ کوردستان بکشێنێتەوە، حکوومەتی نیزامی هەڵوەشێنێ و بارو دۆخ بگەڕێنێتەوە سەر وەزعێک لە پێش مانگی خەرمانانی  ١٣٢٠ دا هەبوو و دێمۆکڕاتەکانیش بڵاوە بکەن بە هێزە چەکدارەکانی خۆیان.
ئەوەی کە دەبێ لەبەر چاو بگیرێ ئەوەیە کە لە ڕاستیدا بۆ جێ بە جێ کردنی هەموو گیروگرفتەکانی ئێران دەبێ بەو پەڕی نییەت باشی بە جیدی و بە ووردی دێمۆکڕاسی بەڕێوە ببردرێ.
لە ڕاستیدا دەبێ هەیئەتی فەرمانڕەوای ئێمەش جامی ئاوی باران فڕ کا و لەگەڵ ئازادیخوازانی ووشیاری ئێران دڵپاکانە هاوڕا و هاو ئاهەنگ بێ تەنیا بەو شێوەیەیە کە هەموو کێشەیەک بە هاسانی چارە دەکا.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی