۱۳۹۵ اسفند ۱۱, چهارشنبه

کاپیتان حەمەدی ڕاتبی (حەمەدی مەولوودە چرچی)



کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ( حەمەدی مەولوودە چرچی)


کاپیتان حەمەدی ڕاتبی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا.
دوای ڕووخانی جمهووری کاک حەمەد و هێندێک پێشمەرگەی دیکەی ڕۆژهەڵات خۆیان بە دەستەوە نەدا و تا ئەو جێی توانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوە. کاپیتان ڕاتبی دواتر پەنای بردە لای شێخ لەتیفی حەفید کە ماڵەکەی داڵدەی هەموو ئەو غەوارانە بوو کە لە سنووری دەستکرد پەڕیبوونەوە.
حەمەدی مەولوودی دواتر لە ساڵی 1951-2 لە کوردستانی عێڕاقەوە چووە ئازەربایجانی شووڕەوی و ماوەیەک لە زیندان دا بوو لە زەمانی خۆڕۆشچۆف دا بەر درا و لە دەور و بەری باکۆ خەریکی باغەوانی بوو. پێوەندیی بەو تێکۆشەرە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە باشوور دەژیان پاراستبوو و زۆر جار لەگەڵ ڕەحمەتی ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی) نامەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كاک حەمەد  لەجەنگەی خەباتی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دا نەخۆش کەوت و بەداخەوە لە ٢٨-ی ژووەنی ساڵی ١٩٧٨  لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە تاراوگەی ئازەربایجان چاوی وێک نا.
کاک حەمەد لە مەهاباد چوار منداڵی بە جێهێشتبوو کە وەک زۆر منداڵی دیکەی کورد بێ باب گەورە بوون و بە ئاواتەوە بوون چاویان بە بابیان بکەوێتەوە ، ئامینی ڕاتبی ( مامڵێ) یەک لەو منداڵانەیە. هاوسەری ڕەحمەتی خورشید ڕەهبەر لە نەبوونی کاک حەمەد دا منداڵەکانی گەورە کرد و هەتا مرد هەر بە هیوای دیتنەوەی بوو . حەمەد لە تاراوگەی ئازەربایجانیش بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە نا و کچێکی هەیە کە وەک لەم وێنەی سەرەوە دا دەبینین ئەو کێلەی بۆ گۆڕی پیرۆزی بابی دروست کردووە. لە سەر کارنامەی ژیانی کاپیتان حەمەدی ڕاتبی دەبێ زۆر لەوە درێژتر بنووسرێ. هەژار لە ' چێشتی مچیور ' دا باسی هێندێک بیرەوەری خۆی لەگەڵ وی دەگێڕێتەوە.
سەبارەت بە سەردەمی چالاکی وی لە کۆمەڵەی ژیانی کورد و جمهووری دا  دەنووسێ: " لە دامەزرانی  " ژ- ک " دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی زۆر بە بڕشت و موخلیس بوو . " ژ – ک " کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بەکارەکان بوو ، لە شەڕی  ' مەکڵاوێ ' ی دەوری سەردەشت ، و لە ئەتڕافی سەقز ناوی دەر کرد . پڵنگێک بوو لە بەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست "

تێبینی : ئەو وێنەیە کە وێدەچێ یەک لە دوایین وێنەکانی کاک حەمەد بێ و وێنەی مەزارەکەی بە سپاسەوە بەڕێز ووریا مامڵێ نەوەی کاپیتان ڕاتبی بۆ ' وێنەی کۆماری کوردستان ' ناردووە. لە سەر کێلەکە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە: " کورد محەمەدی کوڕی مەولوود ، لە دایکبووی 
1908 ، کۆچکردوو لە  1978.06.28 ، بیرەوەرییەک لەلایەن كچەکەیەوە.
دیسان بڵاو کردنەوەی وێنەکان و شەڕحەکەیان بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە!

۱ نظر:

ناشناس گفت...

ڕوحی شاد و یادی هەرمان ، یادی قارەمانی گەورەی کۆمار لەیادی هیچ کوردێک ناچێ🫡