۱۳۹۲ خرداد ۲۶, یکشنبه

سەید محەمەدی تەهازادە معاونی ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و شاعیر سەید کامیلی ئیمامی لە دوای ڕووخانی کۆمار لە زیندانی ورمێ


تێبینی : ئەم وێنەیە ئی ئاڕشیڤی نەمر سەید محمەدی تەهازادە (ئەییووبیان) یەکێک لە جێگرەکانی پێشەوا لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەرگیراوە. لە پشت وێنەکە چەند بەیت شێعری نووسیوە و بەزمانی فارسی ئاوا باسی شوێن و تەئریخی گرتنی وێنەکە دەکا: " ٢٦/١١/٢١ ڕۆژی چوارشەمە هاوتای ٣٠ ع١ ١٣٦٧  سەعاتی ١ی دوای نیوەڕۆ لە حەوشەی زیندانی ڕەزائییە (ورمێ) بۆ یادگاری لە خزمەت ئاغای سەید محەمەد کامیلی ئیمامی ئەلحوسێنی گیرا".

ووتارێکی هەواڵدەریی " ئاسۆشییەتد پڕێس" لە مەڕ دامەزرانی جمهووری کوردستان، جووڵانی ئەڕتەشی سوور و قسەی ئەمیر ئەحمەدی

                             هێزەکانی شووڕەوی دەچنە ناو بۆکان

 سەربازانی سۆڤییەت دەچنە ناو بۆکان
کوردستانی سەربەخۆ دوایین ئامانجی ئاڵوگۆڕ لە ئێران
 تاران، ١٥-ی مارس  [ ١٩٤٦ ] ! – ئاسۆشییەتد پڕس
-ستوونێکی ڕووسی کە بەر و باشوور دەجووڵێ لە دەور و بەری دەریاچەی ورمێ لە نزیک سنووری تورکیا و عێڕاقەوە ، ئەمڕۆ دەگوترێ یەکە پێشەنگەکانی گەیشتوونە بۆکان کە لە باکووری ئوستانی کوردستان هەڵکەوتووە و لە ٦٠ مایلی باشووری ڕۆژهەڵاتی سابڵاغە کە پێتەختی شێخ نشینی نیوە ئۆتۆنۆمی سەرۆکی کورد قازیی محەمەد ە.
 ئەو جووڵانە بە ڕواڵەت لە دووی ئەو تیورییە دەدا کە لە ناو زۆر لە ئێرانییەکان و کاربەدەستانی حکوومەتانی بێگانە باوە کە ڕووسەکان پێیان خۆشە  کوردستانێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکانی ئێران ، عێڕاق و تورکیا دامەزرێنن.
 ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دواییانە  ڕۆژی پێنجشەمە ڕاگەیاندنێکی وەزیری شەڕی ئێرانی بە دوو داهات  کە سەربازانی دیکەی سۆڤییەت لە کەرەج دامەزراون  کە لە ٢٠ مایلی باکووری ڕۆژئاوای تاران هەڵکەوتووە. و ئەوە بە " هەڕەشەیەکی جیدی" دەزاندرێ بۆ سەر پێتەخت تاران  و ئەوەی کە ئەڕتەشی ئێران ئامادەیە  تا "دووایین نەفەری خۆی شەڕبکا" ئەگەر ڕووسەکان بێنە ناو تارانەوە.
 وەزیرەکە ژەنەڕاڵ سپەهبود ئەمیر ئەحمەدی ڕایگەیاند  سەربازانی شووڕەوی و چەک وچۆڵی شووڕەوی بە باری ترێن گەیشتوونەتە کەرەج و هەموو جوورە هەنگاوی پێویست هەڵگیراوەتەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو " هەڕەشە " یە.
 دەستەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی بریتانیایی دوێنێ لە کەرەج گەڕاونەتەوە و لە زمان دانیشتووانی ئەوێوە دەڵێن سەربازخانەی ڕووسی لە وێندەرێ بە چوار واگونی ترێنی پڕی سەرباز و پێداویستییەکان  لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوو دا ڕاهێزێندراوە.
  هیچ ڕاپۆرتی دیکە نەهاتووە سەبارەت بە دوو ستوونی دیکەی ڕووسی کە چەندین ڕۆژ لەمەو بەر لە تەورێزەوە جووڵاون. دوایین ڕاپۆرت ئەوەیە کە یەک لەو ستوونانە بەرەو ڕۆژئاوای مەرەند و خوێ چووە لە سنووری تورکیا ، لە باکووری دەریاچەی ورمێ . ستوونەکەی   دیکە چووەتە ناو میانە و ئێستگەی ئاسن و تێرمیناڵی ڕێگاوبان لە باکووری زەنگان.
 لەوەتی هێزە هاوپەیمانەکان لە ساڵی ١٩٤١ چوونە ناو ئێران ، قازیی محەمەد حکوومەتی نیوەئۆتۆنۆمی خۆی لە ناوچە عەشیرەتییەکانی دەورو بەری ساوجبولاغ دامەزراندووە.
 لە مانگی نۆڤامبری ١٩٤٥، کاتێک پارتیزانە دێمۆکڕاتەکان لە ئوستانی ئازەربایجان دەستیان کرد بە سەرهەڵدانی خۆیان کە زۆربەی ئوستانەکەی لە پاشماوەی ئێران دابڕی ، ڕۆژنامە ئێرانییەکان  ڕاپۆرتیان دا  قازیی محەمەد " سەربەخۆیی هەموو کوردستان " ی ڕاگەیاندووە.
 ئەمیرئەحمەدی ڕاگەیاندنەکەی خۆی دوای دیدارێکی کورت لەگەڵ شا دەربڕی ، کە فەرمانەی هەرە بەرزی ئەڕتەشە.
 ئەو گوتی:  " ئێران بە جیهانی نیشان داوە "  " نەتەوەیەکی ئاشتیخوازە ، بەڵام ئەگەر ڕووسیا کردەوەیەکی ئاشکرا بکا نەک هەر هەموو سەربازان بەڵکوو هەموو کوڕ و کچێک لە سەر شەقامان شەڕ دەکەن و پێتەختەکەیان دەپارێزن" .



تێبینی: ئەم بڕاوەی ڕۆژنامەیە لە "فەیس بووک" وەرگیراوە