۱۳۹۵ بهمن ۱۲, سه‌شنبه

٣ خوێندکاری کورد کە لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا لەباکۆ دەیانخوێند سەری نیشتمان دەدەنەوە


 ڕەحمان حەلەوی لەکاتی خوێندن لە دانشکەدەی پزشکی باکۆ 


 خوسرەو زولفەقاری لەکاتی خوێندنی لە دانشکەدەی پزشکی باکۆ 

 مستەفا شەڵماشی 

سەرلێدانەوەی ٣ خوێندکاری کورد لە نیشتمان لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا
سێ لەو خوێندکارە کوردانەی لە سەر دەمی بەر لە ڕاگەیاندنی جمهووری دا بە وەرگرتنی بوورسی خوێندن چوون بۆ باکۆ و لەوێ لە مەدرەسەی تیبی دا دەستیان بە خوێندن کرد بریتی بوون لە ڕەحمان حەلەوی،خوسرەو زولفەقاری و مستەفا شەڵماشی. پێشەوا قازیی محەمەد لە دوو شوێن دا ئاماژە دەکا بە هاتنەوەی ئەو خوێندکارانە بۆ مەهاباد و لە نوتقێک دا کە بەبۆنەی گەڕانەوە لە سەفەر بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردوویە ( بڕوانە خوارتر) گازندەی کاربەدەستانی جمهووری دەکا کە ئەو جۆرەی شایان بووە پێشوازی لەو خوێندکارانە نەکراوە. لە نامەیەکیش دا کە بۆ  میر جەعفەر باقرۆف ی نووسیوە و بەو خوێندکارانە دا ناردوویەتی ڕوون دەبێتەوە کە لە سەردەمی حوکماتی جمهووری دا سەردانی مەهابادیان کردووەتەوە. پێشەوا لە نوتقەکەی دا داوا لەو خوێندکارانە دەکا بۆ ئاگاداری کۆمەڵانی خەڵک دیتراوەکانی خۆیان بنووسن و یەک لەو خوێندکارانە، ڕەحمان حەلەوی ئەو ویستەی پێشەوای پێک هێناوە و ووتارێکی کورتی لە مەر ' جوغرافیای باکۆ ' نووسیوە کە لە ژمارەی  ٧٩ –ی کوردستان [ سێ شەمۆ ٢٩-ی گەلاوێژی ١٣٢٥ / ٢٠ ئووتی ١٩٤٦ ] دا بڵاو کراوەتەوە.
بە ساڵانێکی زۆر دواتر نەمر ڕەحمان حەلەوی لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا کە تاکوو ئێستا بەزنجیرە ٥٦  بەشی لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا بڵاو کراوەتەوە بەدوور و درێژی باسی سەردانەوەی مەهاباد و دیداری خۆیانی لەگەڵ پێشەوا نووسیوە . بە پێی نووسراوەکەی حەلەوی کە لە فارسییەوە کردوومانەتە کوردی ئەو و دوو هاوڕێیەکانی لە ٣-ی خەرمانانی ١٣٢٥  [ ٢٥ ئووت ١٩٤٦] مەهابادیان بە جێ  هێشتووە و گەڕاونەتەوە باکۆ، وا دیارە هەر ئەو دەمەی کە حەلەوی و هاوڕێیانی لە مەهاباد بوون  نووسراوەکەی لە ' کوردستان ' دا بڵاو بووەتەوە.
وێنەکانی حەلەوی و زولفەقاری ئی سەرەتای خوێندیانە لە باکۆ، و وێنەی مستەفای شەڵماشی ئی ساڵانی دواترە.
حەسەن قازی
١-ی فێڤرییەی ٢٠١٧

ڕۆژنامەی کوردستان ژمارەی  ٧٦  سێ شەمۆ ٢٢ –ی گەلاوێژی ، ١٣٢٥
نوتقی حەزرەتی پێشەوای کوردستان
..... و لە خوێ و ورمێ ئاغای پیشەوەری سەدری فرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانم مولاقات کرد ئاغای پیشەوەری ڕاجیع بە برایەتی  کورد – ئازەربایجان زۆر دەستووراتی فەرموو  و ووتی حازرین هەر چی لێمان بخوازن  کۆمەک بە کوردان بکەین  و ئازەربایجانی ئامادەن خوێنی خۆیان لە سەر کوردان بڕێژن فەقەت پیشەوەری گلەیی لە هێندێ کوردەکانی ئەتڕافی ورمێ کرد منیش جوابم داوە کە کوردانیش حازرن بە گیان و ماڵیان لە ئازەربایجان دیفاع بکەن و فەرقێک لە بەینی کورد و ئازەربایجان دا دانانێن چەند مانگە ئێمە قشوونمان لە ئەتڕافی سەقز و بانە و سەردەشت ڕاگرتبوو ئەو لەشکرە تەنیا بۆ پاسەوانی کوردستان نەبوو بەڵکوو بۆ پاراستنی سنووری کوردستان و ئازەربایجان بوو و ئەلئانیش حدووداتی خاریجی کوردستان و ئازەربایجان ئەوڕۆ لە تەڕەف کوردانەوە پاس دەکرێ. دیسان فەرمووی قەتعەن ئێمەش بۆ هەموو خزمەتێکی پێویست بە کوردان ئامادەین و لە بابەت گلەییەکانیەوە جوابی لازمم داوە.

و ئەمن لەو سەفەرە دا [ سەفەری سەلماس، خوێ و ماکۆ ] هێندێ کارم مابوو کە جێ بە جێیان بکەم بەڵام چونکوو بیستم  کە ٣ نەفەر لە موحەسیلینی ئێمە کە لە باکۆ دەخوێنن  بۆ سەردانی ووڵات هاتوونەوە تاڵووکەم کرد کە چاوم پێیان بکەوێت و ئینتیزاریم هەبوو کە لە وەختی هاتنەوەی ئەواندا پێشوازێکی زۆر چاکیان لێ بکرێ چونکوو ئەوانە هەوەڵ موحەسیلێکن کە لە کوردان چوون بۆ خاریجە میلەت دەبێ زۆریان قەدردانی لێ بکا. بەڵام داخەکەم لەم  خسووسەوە وەک پێویستە تەوەجوهی لازم و پێشوازی شایانیان لێ نەکراوە. ئومێدەوارم کە هەموو ساڵێک مەوەفەق بین  ژمارەیەکی زۆر لە موحەسیلین  بنێرین بۆ خاریجە کە کە بە حەول و قووەتی خودا موەفەق بین بە هۆی عیلم و زانست کەشتی کوردستان بگەیێنینە ساحیل و خواهیش لەو دانشجووە خۆشەویستانەی خۆمان دەکەین کە لە ماوەی ئیقامەتی خۆیان لە مەهاباد موشاهەداتی خۆیان لەوێ بە نووسین و گوتن بە خەڵکی بڵێن و بنووسن کە میلەت ئاشنا بێت کە میلەتانی دیکە چلۆن  بە قووەتی عیلم و زانست ئەرز و ئاسمان، سەر دەریا و ژێر دەریایان موسەخەر کردووە. لەوە زیاتر زەحمەتوو نادەم و لە زەحەماتی ئێوە تەشەکور دەکەم و لە خوا دەخوازم هەر پێشکەون و هەر پیرۆز بن.

ڕۆژنامەی کوردستان  ژمارەی ٧٩ سێ شەمۆ ٢٩ – ی گەلاوێژی ١٣٢٥

ڕەحمان حەلەوی دانیشجووی کورد لە مەدرەسەی تیبی بادکووبە

بڕێک لە جوغرافیای شاری باکۆ
گەشت و گەڕان لە مەملەکەتاندا  و تەماشا کردنی تەرزی ژیان و گوزەرانی خەڵکی و زانینی بیر و ئەفکاری میلەتان و وورد بوونەوە لە هۆی پێشکەوتن و شارستانییەکی تودەیان و پاش کەوتنی میلەتێکی دی وەک چرایەکی لە تاریکاییە دا هەڵ بێ چاوی پیاوی دەکاتەوە و پێش چاوی ئینسان ڕووناک دەکا و ئینسان زۆر بە هاسانی دەتوانێ ڕێگای ڕاست لە ڕێی خوار جوێ کاتەوە.
لە سەر ئەو کەسانەی کە شاران و مەملەکەتانی گەورە دەبینن پێویستە کە بۆ ووشیار کردنەوە و ڕووناک کردنی بیری خەڵکی لە سەنعەتی [!] ئەو جێگایانە بگێڕنەوە و بنووسن.
یەکێک لەو مەملەکەتانەی کە  ئەوڕۆ دەستە دەستە خەڵک بۆ دیتنی چلۆنەتی فەرهەنگ و شارستانییەتی و پێشکەوتنیان دەچن و لە مەمالیکی زۆر موتەمەدینەوە بۆ وێ دەچن نیشتمانی ئیتیحادی جەماهیری شووڕەوی یە. بێ گفتوگۆ دەوڵەتی شووڕەوی ئەوڕۆ  بۆ ئەو میلەتانەی کە داخڵی ڕێی ئازادیێ بوون و بۆ تەڕەقی و سەعادەتی نەوعی بەشەر کۆشش دەکەن و مەینەت دەکێشن و ئەیانەوێ پەردەی ئەوهام و خەیاڵات لە بەر چاوی میلەتی خۆیان هەڵگرن و عەداڵەت و بەرابەری و دێمۆکڕاتی دەنێو خۆیان دا بەرقەرار کەن نموونە و سەرمەشقێکی یەجگار چاکە.
ئەمن  دەگەڵ وەی کە ماوەیەکی زۆر کەم لە خاکی شووڕەوی دا بووم  و ئەو مودەتە بۆ ئاشنا بوون بە تەمەدون و فەرهەنگی وان یەجگار کەمە دیسان بە غەنیمەت دەزانم کە چەند دێڕێک لە دەفتەری خاتراتی خۆم  بۆ ووشیاری هاووڵاتییانی خۆم بنووسم  هەتا کەمێک بە وەزعییەتی ئەو جێگایەی کە دەنگی تەڕەقی وی دنیای داگرتووە ئاشنا و ئاگادار بن بەڵام لە پێش وەی کە دەست بە نووسینی دیتراوانی خۆم بکەم  پێویست دەزانم کەمێک لە جوغڕافیای شاری باکۆ بدوێم، وەزعییەتی ئەم شارە بۆ خوێندەوارانی ڕۆژنامەی کوردستان دیاری بکەم :
باکۆ پایتەخت و گەورەترین شاری جمهووری ئازەربایجانی شووڕەوی یە و یەکێک لە بەندەرانی گەورە و زۆر موهیمی دەریای خەزەرە. جەمعییەتی ئەو شارە یەک میلیۆن و شتێکە. لە شاری باکۆ دا لە هەموو میلەتەکانی جمهوورییەکانی ئیتیحادی جەماهیری شووڕەوی تێدایە. شار لە درێژایی کەناری دەریایە دا هەڵکەوتووە و شار و دەریا بە وەسیلەی بوڵوارێکی زۆر جوان لە یەک جوێ بوونەتەوە. هەر سێ لای شاری نیسبەت بەو بەشەی کە لە کەناری دەریایە هەڵکەوتووە بلیندترە. باکۆ لە بەر وەی کە سەد میتر لە سەتحی دەریایە قووڵترە فشاری هەوای زۆرە. هەوای دە هاویندا گەرم و دە زستانێدا ساردە وە چونکوو لە کەنار دەریایە هەمیشە بایەکی بەقەوەتی دێ و گۆڕانی هەوایە بە ئەندازەیەکە کە مۆمکینە دە ڕۆژێک دا پێنج شەش جوور هەوا بگۆڕێ.
باکۆ شارێکی کەون و مێژوویەکی کەونی هەیە دەگەڵ وەی کە پتر خانووی ئەوێ تازە و بە مۆدی نوێ دروس کراون دیسان عیماڕاتی کەون و بە  عەزەمەت لەو شارە دا زۆرە. بە تەوری کولی باکۆ شارێکی جوان و بە شەوکەتە و لە مێژووی ئینقیلابی ڕووسییە دا نێوێکی گەورەی هەیە. یەکێک لە عیماڕاتی قەدیمی و  گەورەی باکۆیە عیماڕەتی ئاکادێمی یە کە زۆر جوان و نموونەیەک لە زەوق و سەلیقەی دەورەی سابیقی ڕووسییەیە.یەکێک لەو جێگایانەی کە زۆرقابیلی تاریفە ئۆپێڕا(تەماشاخانە) یە، بەڵام نە ئەو تەماشاخانانەی کە ئێمە دیومانە. لەو تەماشاخانە دا چەند هەزار کەس جێگایان دەبێتەوە و دەتوانم بڵێم دەتەواوی مەمالیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا جێگای وا جوان نییە.، سینەمای چاک بە تایەبەتی پارکی بڵیند کە یەکێ لە وەساییلی تەفریح و دڵخۆشی خەڵکی باکۆیە. زۆر شەوانە وەختەکی خەڵک لە کار تەواو دەبن و وەختی ئیستراحەتیان دێت هیچ یەک لەو سینەمایانە چۆل و تەماشاخانە بەتاڵ نابن. چەند کارخانەی زۆر گەورە کە هەزاران کارگەر دەواندا کار دەکەن باکۆی بە شارەکی سەنعەتی گۆڕیوەتەوە. وەختەکی کە ئێمە بە فڕۆکە بە سەر باکۆیە دا دەهاتین بەشێکی زۆر لە شاری لە بەر دووکەڵی کارخانان دیار نەبوو.
*******
 
نامەی سێیەمی پێشەوا بۆ باقرۆڤ
[ نامەکەمان  لە زمانی تورکی ئازەربایجانییەوە وەرگێڕاوە]

ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی ئازه‌ربایجان باوک و سه‌رمامۆستامان حه‌زره‌تی میرجه‌عفه‌ر باقرۆف

ئێستا که‌ کاروانی پچووکی شارستانییه‌تی ئێمه‌ پشووی خۆیان ته‌واو کردووه‌ و دیسان بۆ وه‌رگرتنی زانست و که‌ماڵ و ڕوون داگێڕانی وڵاتی خۆیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌م کاته‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم سلاوی دڵپاکانه‌ی خۆمتان پێشکێش بکه‌م و ده‌مه‌وێ داوا بکه‌م که‌ ده‌ستووری پته‌و بده‌ن‌ گه‌وره‌یی و ڕوحمی ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ کورده‌کان به‌ جێ بهێندرێ و لوتفی خێرخوازانه‌ی جه‌نابتان به‌ شێوه‌یه‌کی جیدیتر شوێنگێڕی بکرێ
محه‌مه‌دی قازی

*********************************************************
 ' گەڕانەوە بۆ ئێران'21
نووسینی: ڕەحمان حەلەوی
[ لە فارسییەوە وەرگێردراوە ]
ئەو خەبەرە هەموو خوێندکارانی زۆر خۆشحاڵ کرد. خوێندن لە ووڵاتی یەکێتیی جەماهیری شووڕەوی و ئاشنا بوون لەگەڵ موحیتی کۆمەڵایەتی ئەوێ، ووڵاتێک کە چوونە ناو خاکەکەی بۆ ژمارەیەکی کەم نەبێ کە باوەڕیان پێ دەکرا  لە محاڵات بوو. ئەوە شتێکی زۆر چاوڕاکێش بوو و هاتنە دەریش لەو ووڵاتە ئەوەندەی دیکە جێی سەرنجتر بوو. هەرچۆنێک بێ گەڕانەوە بۆ نیشتمان و دیتنی بارودۆخی ناوچەی پڕ لە ئاڵۆزی و ئامادەی ڕووداوان و چاوپێکەوتنەوەی دۆستان و خزمان غەنیمەتێکی گەورە بوو.
ئاشکرایە ئیزنی گەڕانەوەیان بۆیە بە ئێمە دابوو چونکە هەموو خوێندکارەکان یان لە کوردستانەوە هاتبوون یان ئازەربایجانی بوون و لە هەر دوو ناوچەش دا پارتییە سیاسییەکان و ئەو حکوومەتە جێییانەی کە هەبوون دەستنێژ  و جێی باوەڕی ئەوان بوون. هەڵبەت بەو مووچە کەمەی کە مانگانە دەدرا بە ئێمە دەرفەتی کڕینی دیاریمان بۆ خزم و دۆستان نەبوو بەڵام  لەو ماوەیە دا ئەمن دووربینێکی عەکاسیم کرێبوو وام دانابوو دوای گەڕانەوە بۆ تەورێز بیفرۆشم و بە پارەکەی هێندێک دیاری بۆ خوشکم و منداڵەکانی بکڕم. بە قەتار لە باکۆ وە هاتین بۆ جوڵفا. سەفەری بە کۆمەڵ بەڕاستیش بە چێژ و خۆشە. واگونێک تەرخان کرا بوو بۆ ئێمە، گۆرانی کوتن و هەرا و هوریا، شۆخی و گاڵتە و گەپ تا شاری سنووریی جوڵفای تێپەڕاندین. دوای کورتەیەک لە ڕێوشووێنی سەر سنوور ئێمە هاتینە ناو جوڵفای ئێران . هەڵبەت جوڵفایەک کە لە بەر دەست فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دا بوو. لە جوڵفاوە دیسان بە ترێن بەرەو تەورێز وەڕێ کەوتین هەر وەک ئەوە وابوو لە دنیایەکەوە هاتبینە دینیایەکی دیکە . لەو دنیا دا هەمووشت لە بەر دەست و دە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دا بوو  لە ئینسانەوە بگرە تا کەلوپەل بەڵام لەم دنیایە دا بە پێچەوانە وەک ئەوە وا بوو دەوڵەتێک نەبێ هەموو شت ڕزگار و ئازادە. لە وێستگەی تەورێز هەر کە لە ترێن دابەزین  لەگەڵ پێشوازیی ژمارەیەک لە مەئموورانی حکوومەتی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ڕووبەڕوو بووین.
ئێمە سێ کەس کورد من و خوسرەو [ زولفەقاری ] و ئاغای شەڵماشی و چوار کەس لە خەڵکی ڕەزائییە [ ورمێ ] یان بردە گڕاند هۆتێلی تەورێز ئەوانیدی هەموویان دانیشتووی تەورێز بوون. ئێمە سێ ڕۆژ لە تەورێز ماینەوە و هەموو ڕۆژێ بەرنامەیەکمان هەبوو، شەوی سێیەم گشت خوێندکارەکانیان بانگهێشتنی شێوی شەوێ کرد لە مەجلیسی نەتەوەیی ئازەربایجان لەوێ لەگەڵ سەرانی فیرقە ئاشنا بووین، سەید جەعفەری پیشەوەری و ئاغایانی شەبوستەری سەرۆکی مەجلیس و غوڵام یەحیا و محەمەد بی ڕیا وەزیری فەرهەنگ و چەند کەسی دیکە لەوێ بوون. لە پێشدا ئاغای پیشەوەری و دوایە ئاغای شەبوستەری بە زمانی ئازەری هێندێک قسەیان بۆ کردین.  دوایە چووینە پای مێزی خواردن سفرە و خوانێکی زۆر ڕەنگین بوو بە چێشتی جۆر بە جۆر و دێسێری زۆر و زەوەند، لە سەر
مێزەکەش هێندێک دروشم بە سڵامەتی فیرقەی دێمۆکڕات دەردەبڕدرا لەپڕ یەکێک لە خوێندکارە ئازەرییەکانی هاوڕێی ئێمە بە دەنگی بەرز و بە زمانی فارسی هاواری کرد : بژی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی شاهەنشای ئێران، دوو لە لاوەکانی دیکەش چەپلەیان بۆ لێ دا هەڵبەت مەبەستی ئەو خوێندکارە و ئەو دوو کەسەی کە پشتیوانییان لێ کرد و لەگەڵی کەوتن  ئەوە بوو وەفاداری خۆیان لە ئاست حکوومەتی ناوەندی و خەمساری خۆیان بە نیسبەت  فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دەرببڕن.
بە دڵنیاییەوە ئەوە پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو بوو . ئەو شەخسە و دوو کەسەکەی دی پێشتر خۆیان ئامادە کرد بوو بۆ دەربڕینی ئەو دروشمە . ئەو سێ کەسە گورج لە ساڵۆنەکەوە چوونە دەرێ ، کەسیش پێشی پێ نەگرتن. ئەگەر هەڵە نەبم ئەو سێ کەسە بریتی بوون لە جەلالی و مەجید فرووغ و مەسعوود بێهجەت، هەموو واقیان وڕمابوو کەس چاوەڕوانی ئەوەی نە دەکرد دروشمێکی ئاوا لەو مەجلیسە دا بەرز بکرێتەوە، کەم کەم هەموان لە مێزی نانخواردن کشانەوە و مەجلیسەکەمان تێک چوو. ئێمە گەڕاینەوە گڕاند هۆتێل و هەتا درەنگانێک سەبارەت بەو ڕووداوە قسەمان کرد . بۆ بەیانی ڕا من دووربینە عەکاسییەکەم فرۆشت و هێندێک دیاریم کڕی و لەگەڵ ئاغایانی زولفەقاری و شەڵماشی بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین . گۆیا سێ کەسەکەش بەیانی زوو لە تەورێز وەدەرکەوتبوون و خۆیان گەیاندبووە تارانێ. ئەو کارە چ بە پێی فەرمانێک ئەنجام درا بێ  یان ئەوەی لە فکر وخەیالی خۆیانەوە هەڵقوڵابێ ، بووە هۆی ئەوەی هەر سێکیان بێ هیچ تەشریفاتێک درێژە بدەن بە خوێندنی خۆیان لە دانشکەدەی پزشکی تاران. سیاسەت وەک کایە کردن بە ئاور وایە ، جاری وایە لەوانەیە ئینسان پێی گەرم بێتەوە و لەگەرماییەکەی چێژ وەربگرێ و جاری واش هەیە لەوانەیە پێی بسووتێ و ببێتە خۆڵەمێش. بەڵام شتێک کە بۆ من سەیر بوو ئەوە بوو بۆچی فیرقە هیچ کاردانەوەیەکی لە ئاست ئەو سێ کەسە نیشان نەدا.
لە میاندواو بە دواوە دیمەنی ناوچە بە دیتنی پێشمەرگەی کورد بە تەواوی گۆڕا. لێرە دا دەتگوت بە ڕاستی تاکو تەرا ئامادەن بۆ هەستانەوەیەکی بە بڕیار و بێ باک شتێک کە لە ئازەربایجان دا نەمدیت. بە دڵنیاییەوە مەسەلە دەمارگرژی و سۆز نییە ئەمن ئەوەی دیتم دەنووسم. لە گشت ماوەی بوونی کاتیم لە مەهاباد تەنانەت چ بە ڕواڵەت و چ بە نهێنی هێج دژایەتییەکم نەدی.
ژەنەڕاڵ بارزانی بە هەموو دەستە و لایەنگرە چەکدارەکانی خۆیەوە لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کەوتبوو. پەیوەست بوون بە مەکۆی ناوەندی خەباتی میلەتی کورد دژی ڕێژیمی شاهەنشاهی لە هەڵکەوتێکی ئاوا دا گەورەترین لێ بوردەیی و فیداکاری بوو و بریتی بوو لە دوورڕوانییەکی قووڵ. ئەمن سڵاو دەنێرم بۆ ڕوحی ئەو پیاوە مەزنە  کە لەو هەڵکەوت و دەرفەتە بەقیمەتەی کە ساز ببوو پیاوانە شوێنی لە دایکبوونی خۆی بەجێ هێشت و هەموو خێڵ و کەسوکار و توانای شەڕیی خۆی لە بەر دەست حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران نا. عاقڵ ئیشاڕەیەکی بەسە .
ئەو ئیمان و یەکگرتووییەی کە من لە مەهاباد دیتم لە ئازەربایجان چاوم پێی نەکەوت. حکوومەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان تەواو لە بەر دەست حکوومەتی ئازەربایجانی شووڕەوی دابوو لە کاتێکدا لە کوردستان ئاوا نەبوو.
سێ ڕۆژ دوای گەڕانەوە بۆ مەهاباد جەنابی قازیی محەمەد پێشەوا و ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان فەرمانی  دا کۆبوونەوەیەک لە دەفتەری حیزب شوێنی شارداری ئێستا ڕێک بخرێ ئەمنیش لەو کۆبوونەوەیە دا بەشدار بووم. قازیی محەمەد بۆخۆی و سەرانی حیزب و ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی لە هەیوانی خانووبەرەکە ڕووبەڕووی مەیدانی چوار چرا ( کە پاشان قازی لەوێ لە دار درا ) دانیشتبوون . من و دوو کەس لە هاوسەفەرەکانیشم لەوێ ئامادە بووین.
لە پێشدا قازیی محەمەد چووە پشت تریبوون و بە لەحنێکی ئارام و لەسەرەخۆ هێندێک قسەی کرد و دوایە  بانگی من کرا تا هێندێک قسە بکەم ئەمنیش دوای باسی دۆخی خوێندن لە شووڕەوی و چلۆنایەتی هەڵسوکەوتی بەرپرسان و مامۆستایانی زانکۆ لەگەڵ ئێمە، ئارەزووم کرد  هەرچی زووتر بتوانین بگەڕێینەوە نیشتمان و خزمەت بە هاونیشتمانانی کوردی خۆمان بکەین و هەر وەها پێشنیازم کرد بەجێیە لەو دەرفەتە کەلک وەربگیرێ و ژمارەیەک لە جەوانانی کورد بۆ درێژەدان بە خوێندن  بنێرن بۆ شووڕەوی. لە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە جەنابی قازیی محەمەد  مێهرەوانی لەگەڵ نواندین و بە ژەنەڕاڵ بارزانی ناساندین.
 شتێک کە لەو کۆبوونەوەیە دا بۆ من ڕوون بووەوە ئەوە بوو کە تاکوتەرای هەموو کۆمەڵگە بەشەرییەکان بیانەوێ و نەیانەوێ دەکەونە بەر کوورانی مەسەلە سیاسییەکان و خۆ دزینەوە لەوە نە دەلوێ و نە شیاوی ژیانی ئینسانی یە بەڵام بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە گشت کۆمەڵگەکان ویست و ئاواتەکانی یەکتری بە بێ دەمارگرژی و دوژمنایەتی  لێک دەنەوە و لێی تێبگەن و دژایەتییەکان بە بێ زۆر و زۆڵم جێ بەجێ بکەن.
کاروباری شار لە لایەن مامە غەنی خوسرەوی شارەدار و سەید پیرەی نیزامی بەرپرسی شارەبانی بەڕێوە دەچوو و لە مەدرەسەکان دا بە زمانی کوردی دەرسیان دەخوێند.
هەڵبەت لە تەشکیلات و ڕێکخستنی حیزب دا کەموکووڕی زۆر هەبوو بەڵام چ دەکرا بکرێ؟ بە نەبوونی کادری پسپۆڕ و خوێندوو ئەویش لە سەرەتای هەنگاوێکی گەورە دا نەدەکرا لەوە زیاتر تەوەقوع بکرێ بەڵام ئەمن لە سەر ئەو باوەڕە بووم ئێستا کە بانگ بۆ دۆزێک دراوە و کارێک دەست پێکراوە باشتر وایە بە ئیحتیات و تەگبیر هەنگاو هەڵبگیرێ و بیر لە ئاکامی کارەکەش بکرێتەوە بە بێ گومان ئەڕتەشی شووڕەوی بۆ هەمیشە لە خاکی ئێران دا نابێ. شەڕی جیهانی تەواو بووە، ئەڵمانی نازی تێک شکاوە درەنگ یان زوو هێزە بێگانەکان دەبێ خاکی ئێران بە جێ بێڵن. ئەگەر بێتوو ئێرانیش هێزی وەدەر نانی ئەوانی نەبێ هێزەکانی ئینگلیس و ئەمریکا و دۆستەکانیان ئەو کارەیان دەکرد ئەوان بە هیچجۆر ڕازی نەدەبوون ئەڕتەشی شووڕەوی لە ئێران دا بمێنێتەوە کە وابوو دەبوو حیسابی ئەو ڕۆژەش کرا با. ئەو کەسانەی کە کایەی شەترەنج دەزانن دەزانن کایەکار دەبێ چەند جووڵەی دواتری خۆی و چەند جووڵەی دواتری هەمبەرەکەی پێش بینی بکا بۆ ئەوەی مات نەبێ. دۆڕاندن لە شانۆی شەترەنج دا زۆر گرینگ نییە بەڵام دۆڕاندن لە شانۆی سیاسەت دا  خەساری گیانی و ماڵی زۆر لەگەڵ خۆی دێنێ.
بەداخەوە ئەوەی کە بە گرد بڕی بیری لێ نەکرا بووەوە ئەوە بوو و کەمترین هەنگاوێک کە نیشانەی بیرکردنەوە لە پاشەڕۆژ بێ بۆ ئەوەی خەباتەکە نەدۆڕێنن لەلایەن حیزبی ذێمۆکڕاتەوە نەدەکرا. ئێستا بۆ ئەوەی زنجیرەی بیرەوەرییەکانم نەپسێ پاشماوی ئەو بابەتە ڕادەگرم بۆ دەرفەتێکی لەباری دیکە.
دواجار لە ڕۆژی سێیەمی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٥ [ی هەتاوی] دوای ماڵاوایی خواستن لە جەنابی قازی و سەرۆکەکانی دیکەی حیزب و دۆستان و خزمەکانمان ئێمە سێ کەس چووینە تەورێزێ و لە پێشدا ڕوومان لە کۆنسوولخانەی شووڕەوی نا لەوێ، پێیان ڕاگەیاندین هەتا ئەوەی کە خوێندکارانی دیکەش ئامادە دەبن بچینە گڕاند هۆتێل و لەوێ چاوەڕوان بین . ئەو جارەیان میوانی کۆنسوولخانەی شووڕەوی بووین لە گڕاند هۆتێل دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە تەورێز و کڕینی بڕێک دیاری بە قەتار چووینە جوڵفا چوار کەس لە ژمارەی خوێندکاران کەم ببۆوە، ئەو سێ خوێندکاری کە لە مەجلیسی میلی [ ئازەربایجان ] دا بە قازانجی شا دروشمیان دا و ئەویدیش خانمی مونیرە بوو.  بەڵام لە جیاتیان خانمێک لە کۆمەڵی ئێمە زیادی کرد بوو . ئەو خانمە زیبەندەی سەدرییە خوشکی محەمەد حوسێن سەدرییە و دەستگیرانی ئاغای ئەمین هاوسەفەری ئێمە بوو. من زیبەندە خانمم پێشتر لە مەهاباد دیتبوو . ئەو خوشکی هاوسەری ئاغای سەریعولقەلەم بوو کە لە مەهاباد  لە ئیدارە [ ؟ ] کاری دەکرد.
لە تەورێز جگە لە دیاری بۆ دۆستان چەمەدانێکی پریشم خەنە پێ بوو چونکە لە بادکووبە خەنە دەست نەدەکەوت و شتێکی بە قیمەت بوو. لە جوڵفای شووڕەوی بێ پشکنین و ڕەچاوکرانی تەشریفاتی گوومرگی سواری ترێن بووین و ڕۆژی دەیەمی خەرمانان گەیشتینە بادکووبە و یەکسەر چووینە شوێنی حاوانەوەی پێشوومان ، هیچ شتێک نەگۆڕابوو ، ئاغایانی نوورییێڤ و محەمەدۆئۆف و کرێکارەکان هەموو مابوون. کیسەیەکم خەنە پێشکێشی ئەو خانمە کرد کە سەرپەرشتی ئاشپەزخانە و بەڕاستی مێهرەوان و دڵسۆز بوو  بۆ ئەوەی مووی سەری پێ ڕەنگ کا و بۆ ئەوانیدیکەش  هەر کامەیان شتێکم ئامادە کردبوو.
دوای هاتنەوە دەرکەوت سێ کەس لە کۆی ئێمە زیاد بوون، یەکیان جەوانێکی قەڵەو خریلەی خەڵکی تاران و ئەویدیکەیان پیاوێکی نزیک ٣٥ ساڵان خەڵکی ئازەربایجان بوو بەڵام لەهجەی قسەکردنی تەواو وەک خەڵکی بادکووبە وا بوو ، ئەوەی سێهەمیشیان نەوجەوانێکی زۆر جوان و وێچوو بوو.
ئەمن هیچ جەوانێکم بە وێچوویی وی بە قیافەی ڕۆژهەڵاتی و ئوڕووپاییەوە نەدیتبوو. ئەو کوڕی سەرلەشکر جەهانبانی بوو و لەبەر ئەوەی زمانی ڕوسی چاک دەزانی گۆیا دایکی ڕووس بوو بڕیار وا بوو لە مەدرەسەی نەوت بخوێنێ  و هەر کاتێکیش لەگەڵ ئێمە هاتبا کۆبوونەوە و مەخلیسێک ، هەموو کچان وەک پەپوولە بە دەوری دا دەگەڕان و دەیانەویست لەگەڵی ئاشنا بن . سەعدی خودالێخۆشبوو سەبارەت بە جوانی ئاوای فەرمووە: کەمێک جوانی زۆر لە ماڵی زۆر باشترە و ڕووی جوان مەڵحمەمی دڵی نەخۆش و کلیکی دەرگای داخراوە.

تێبینی: سێیەم نامەی پێشەوا بۆ باقرۆڤ لە کتێبی لاهروودی وەرگیراوە و پێشتر لە ' وێنەی کۆماری کوردستان ' دا بڵاو کراوەتەوە . وێنە ڕەحمان حەلەوی و بەشێک لە بیرەوەرییەکانی لە تۆری کۆمەڵی فەیس بووک  و وێنەی خوسرەو زولفەقاری کە بە داخەوە  ئاگادارییەکی ئەوتۆم لە سەر ژیانی نییە ئەوەندە نەبێ لە شووڕەوییەوە هاتەوە نێشتمان و دواتر چوو بۆ ئەمریکا لە لاپەڕەی " وێنە مێژووییەکانی کورد و کوردستان : وەرگیراوە. وێنەی  مستەفا شەڵماشی کە لە شووڕەوی بە مستەفا سەڵماسی دەناسرا چەند ساڵ لەمەو بەر کاک سالار شەڵماشی برازای بۆی ناردم.

۱۳۹۵ بهمن ۹, شنبه

هاتنی محەمەد حوسێن خانی سەیف قازی بۆ بادکووبە، بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ڕەحمان حەلەوی



   بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ڕەحمان حەلەوی

 ٢٢ – " هاتنی محەمەد حوسێن خانی سەیف قازی بۆ بادکووبە "

کاتێک ئێمەی خوێندکار گەڕاینەوە شوێنی حەسانەوەی خۆمان وەک ئەوە وابوو هاتبینەوە ماڵی خۆمان. هێشتا چەند ڕۆژێکی هاوین ما بوو ، مەجال هەبوو بۆ چوونی سینەما و تیاتر چونکە بە دەستپێکردنی دەرسەکان ئیتر دەرفەت بۆ ئەو جۆرە کارانە هێندە نەدەبوو.
 هەرچۆنێک بێ هاوین تەواو بوو و ساڵی خوێندن  دەستی پێ کرد . ئەو بێدەنگی و ئارامییەی کە باڵی بە سەر خانووەکانی دانیشکەدە دا کشاندبوو تێک شکا. لە ساڵی دوویەمی دانیشکەدەی پزشکی بووم بڕیارم دابوو ئەوساڵە بە جیدیتر لە ساڵی ڕابردوو دەرس بخوێنم شانس و دەرفەت تەنێ جارێک ڕوو لە ئینسان دەکا دەبێ لەو دەرفەتە کەلک وەربگرم. بەڵام کەس نازانێ کایەی چارەنووس چییە.
کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەر [ ١٣٢٥ ] بوو ڕۆژێک لە دانیشکەدەوە دەگەڕامەوە پانسیۆن. لە بەر دەرگا پێشخزمەتی پانسیۆن کە پیرەپیاوێکی چاویلکەداری ڕووس بوو گوتی ئاغای نووریێڤ کاری پێتە بەر لەوەی بچمە وەتاغی خۆم چوومە ئافیسەکەی وی، دەستبەجێ گوتی باش بوو هاتی  نانی نیوەڕۆت خواردووە؟ گوتم نا ، گوتی کە وا بوو زوو بچۆ نانەکەت بخۆ و بە ئۆتۆمۆبیلەکەی من بچۆ بۆ هۆتێلی ئینتوریست . پرسیم لەوێ چ باسە ؟ گوتی یەک لە مەزنانی کورد هاتووە و لەوێ دابەزیوە و بە تەلەفون خەبەریان داوە کە ئێوە بچنە لای.

 بە پەلە نانی نیوەڕۆم خوارد و بە ماشینی هاوڕێ نوورییێڤ چوومە هۆتێلی ئینتوریست  ڕەوانەیان کردم بۆ وەتاغی ژمارە   ١٢٠ و ئیزنم وەرگرت بچمە ژوورێ. ژەنەڕاڵ محەمەد حوسێن خانی سەیف قازی م دیت سڵاوم لێ کرد و ئەو هەستا و بە هەیکەلی درشت و بە سیمایەکی بە بزە و شادییەوە باوەشی لێ وەرێنام بەخێر هاتنم کرد و لێم پرسی کەنگێ تەشریفتان هێناوە؟ فەرمووی ئەمڕۆ سەر لەبەیانی گەیشتوومە جێ. زەنگی لێ دا پێشخزمەت هات ، داوای لێکردم بە پێشخزمەتەکە بڵێم چای بێنێ. هۆتێلی ئینتووریست دەیڕوانییە سەر دەریای خەزەر و دیمەنێکی زۆر  دڵڕفێنی هەبوو ئەو هۆتێلە زیاتر بۆ ڕێبوارانی بێگانە و کاربەدەستانی پایە بەرز تەرخان کرا بوو و تاقە هۆتێلی شاری باکۆ بوو. لێم پرسی بۆچی زووتر تەشریفتان نەهێنا تا لە مەلە کردن لە ئاوی دەریا دا زیاتر کەلک وەربگرن؟  فەرمووی دەرفەت نەبوو، ئێستاش بۆ موداوا هاتووم کێشی بەدەنم زۆر زیادی کردووە  و دەڵێن نەخۆشی ئارتروز [ نەخۆشی جومگە]م هەیە. بە تایبەتی پێم زۆر دێشێن . لە تەورێز چوومە نەخۆشخانەی شووڕەوی بۆ موداوا منیان ناردووەتە ئێرە بڕیارە بمنێرنە کیسلۆڤۆدسک شوێنی ئاوی سوێر و ئێستا چەند ڕۆژێک لە باکۆ دەبم. گوتم قوربان هاوڕێیانیش لە دیتنی جەنابتان خۆشحاڵ دەبن ،گوتی نا جارێ خۆت لەگەڵم بە پاشان ئەوان دەبینین. دوو ڕۆژی تەواو نەچوومەوە پانسیۆن و نەچوومە زانکۆ، شەو و ڕۆژ لەگەڵی بووم هەموو شوێنە دیدەنییەکانی شارم لە ئۆپێڕا و تیاتر و سیرک و تەنانەت پارکەکانی ناو شار و مووزخانە و زانکۆ بە بەڕێزیان نیشان دا. نانی نیوەڕۆ و شێومان لەگەڵ یەکتر لە ڕێستوڕانی ڕاقی و جوانی هۆتێل دا دەخوارد کە چێشتی زۆر خۆشی هەبوو بەتایبەتی ' تاوە کەبابی'. شەوانەش ئۆرکێسترێکی پچووک لە ڕێستوڕانی هۆتێل  دەیژەنی . ڕۆژی سێیەم لە خزمەتیان دا چوومە فڕۆکەخانە و بەڕێزیان بە فڕۆکە  بەرەو کیسلۆڤۆدسک هەڵفڕی و ئەوە دوایین دیداری ئێمە بوو. ئەو بۆ هەمیشە ماڵاوایی کرد و ئەمن ئیتر بەڕێزیانم نەدیتەوە.  خودا عەفووی کا ئینسانێکی زۆر دلنزم و دڵپاک بوو. ...... "

  ێبینی: بیرەوەرییەکانی ڕەحمان حەلەوی دوای کۆچی دوایی وی بە زنجیرە لە فەیس بووک دا بە زمانی فارسی بڵاو بووەتەوە و ئەو بەشە لەوێ وەرگیراوە و کراوەتە کوردی.خودا لێخۆشبوو ڕەحمان حەلەوی لە ئەندامە بەراییەکانی کۆمەڵەی ژیانی کورد بووە.لە سەر وبەندی جمهووری کوردستان دا لە زانکۆی پزشکی باکۆ خوێندوویە و بە بێ خواستی خۆی ناردراوەتەوە ووڵات، دیسان چووەتەوە شووڕەوی ، لەوێ گیراوە. دواتر لە زانکۆی تاران لە بواری حقووق دا خوێندوویە و بووە بە پارێزەر. ڕەحمان حەلەوی لە ٢٣ی ئووتی ١٩٢١ لە سابڵاغ لە دایک بووە و لە ٢- ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠  لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا لەو شارە ماڵاوایی لە ژیان کردووە. وێنەکانی کاتی بوونی لە شووڕەوی لە لاپەڕەی ' رحمان حلوی ' لەفەیس بووک وەرگیراوە. دەکرێ بیرەوەرییەکانی بە زمانی فارسی لەو لینکە دا بخووێننەوە:
https://www.facebook.com/rahman.halavi
ئەو وێنەیەی محەمەد حوسێن سەیف قازی لە کیسلۆڤۆدسک شوێنی ئاوی کانزا هەڵگیراوە کە حەلەوی لەم دێڕانەی سەرەوە دا باسی لێوە دەکا! کیسلۆڤۆدسک شارێکە لە باکووری قەفقاسی ڕووسییە و لە نێوان دەریای ڕەش و دەریای خەزەر هەڵکەوتووە. لە خوارەوەی وێنەکە نووسراوە ٧-ی مانگی ٩ی ساڵی ١٩٤٦