۱۳۹۸ دی ۵, پنجشنبه

حوکمی دەبەرکارنانی مووسا زادە وەک سەرۆکی ئیدارەی سەبتی ئەسنادی مەهاباد


بەڵگەیەکی سەردەمی موزاکەری کۆمار
دوای سەرنەگرتنی موزاکەری حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ دوو حکوومەتی نیشتمانی کوردستان و ئازەربایجان لە مانگی بانەمەڕی ١٣٢٥ [ ئاوریلی ١٩٤٦] . لە  ٢١ی جۆ زەردانی ١٣٢٥ [ ١١ ی ژووەنی ١٩٤٦] لە تاران ، شاندێکی حکوومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی موزەفەری فیرووز جێگری سیاسی سەرۆکوەزیری ئێران قەواموسەلتەنە هاتە تەورزیز و دوای موزاکەرەیەکی دوو  ڕۆژە کە پێشەوا قازیی محەمەدیش تێیدا بەشدار بوو، پیشەوەری و فیرووز لە سەر ١٥ مادە ڕێک کەوتن و ئەو رێکەوتن نامەیە لە ٢٣ی جۆزەردانی٢٥ [ ١٣ی ژووەن ١٩٤٦] ئیمزا کرا.  بە دوای ئەو رێکەوتنە دا بڕیار درا ئیدی ئازەربایجان ناوی وەزیر دەکار نەکا و پیشەوەری لە سەرۆکایەت وەزیران وەلابچێ و وەک ڕێبەری فیرقە بناسرێ و چارەنووسی هێزی فیدایی و پێشمەرگە دواتر یەکلا بکرێتەوە. بە دوای ئەوە دا دەوڵەتی ناوەندی حوکمی ئوستانداری بۆ  دوکتور سەلاموڵا جاوید وەزیری ناوخۆی ئازەربایجان دەر کرد و وەزاڕەتی ناوخۆ ژەنەڕال سەیف قازی شی وەک فەرمانداری مەهاباد ناساند.
دیارە دوو حەوتوو دواتر لە ٥-ی پووشپەڕی ١٣٢٥  [ ٢٦ی ژووەن ١٩٤٦ ]  پێشەوا قازیی محەمەد لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بە ڕەسمی بانگ کرا بۆ تاران و لەگەڵ سەدرقازی و مستەفا سوڵتانیان چەندین جار چاویان بە سەرۆکوەزیر و کاربەدەستانی دیکە کەوت، بەڵام لەبەر گۆیا نەخۆش کەوتنی قەواموسەلتەنە هیچ  داخویانییەکی ڕەسمی لەو بارەیەوە دەرنەچوو.    

ژمارە ٧٨٥
بەروار   ١٢  /  ٦ / ١٣٢٥   [  ٣-ی سێپتامبری  ١٩٤٦]
ئاغای مووسا زادە
بە هۆی ئەو حوکمە ئەتۆ بە سەرۆکی ئیداری سەبتی ئەسنادی مەهاباد ئینتیخاب  دەکرێی  پێویستە ئیدارەی  بە هەموو شتێکەوە تەحویل وەربگری  بۆ ئیسلاح و تەکمیلی کار  چاوەدێرێکی زۆر لە ئیقداماتی تۆ دەکرێ. حوقووقی تۆش  مانگ بە مانگ لە  دارائی قابیلی پەرداختە .
فەرمانداری مەهاباد -  ژەنەڕاڵ سەیف قازی 
                              ئیمزا

تێبینی : ئەو بەڵگە و وێنەیە  بەڕێز فەرەیدوون حەکیم زادە لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا بڵاوی کردووە و بە سپاسەوە لە لاپەڕيی فەیس بووکی بەڕێزیان وەرگیراوە

۱۳۹۸ آذر ۲۰, چهارشنبه

میرزا مستەفا سوڵتانیان لە زیندانی ورمێ

میرزا مستەفا سوڵتانیان یەکێک لە کاربەدەستانی جمهووری کوردستان لە زیندانی ورمێ. مێرزا مستەفا سوڵتانیان  لەکانی موزاکەراتی قازیی محەمەد لەگەڵ قەواموسەلتەنە لە تاران لە 5ی پووشپه‌ڕی 1325 [ 27ی ژووه‌نی 1946] ی هه‌تاوی لە تاران لەگەڵی بوو. ئەوە نیشان دەدا جێی باوەڕی قازیی محەمەد بووە. ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٣٢٦ / ١٩٤٧  لەگەڵ داریووشی سوڵتانیان یەکێک لە کوڕەکانی گیراوە کە بۆ سەردانی چووەتە زیندانی ورمێ.

تێبینی: بە سپاسەوە ئەم وێنەیە لە فەیس بووکی بەڕێز سولەیمان سوڵتانیان وەرگیراوە 

۱۳۹۸ مرداد ۴, جمعه

خەبەری کووژرانی سەرپۆلی ٢ محەمەد نانەوازادە جێگری وەزیری هێزی جمهووری کوردستان لە ڕۆژنامەی ئیتیلاعات دا سێشەمە ١-ی گەلاوێژی ١٣٢٥


خەبەری کووژرانی سەرپۆلی ٢ محەمەد نانەوازادە جێگری وەزیری هێزی جمهووری کوردستان
 لە ڕۆژنامەی ئیتیلاعات دا

ئیتیلاعات  سێشەمە   ١-ی گەلاوێژی  ١٣٢٥ ی هەتاوی  [ ٢٣ی ژووییەی ١٩٤٦ی زایینی ]
دەنگوباسی ووڵات
دوو فڕۆکەی مەشقی ئەڕتەش بەر بوونەوە
یەکێک لە فڕۆکەکان سووتاوە  بەڵام ئەو سەدەمەیەی وە فڕۆکەکەی دیکە کەوتووە چاک دەکرێتەوە
لە فڕۆکەوانان و ئەفسەرانی هێزی هەوایی کەس تەلەف نەبووە
هەواڵنێری ئەم ئیدارەیە لە کوردستان ، بە دوای خەبەرێک کە سەبارەت بە بەربوونەوەی فڕۆکە لە کوردستان و وەفاتی یەکیك لە کوردە دێمۆکڕاتەکان بە ناوی نانەوا زادە ڕایگەیاندبوو و لە ژمارەی ڕابردوو دا چاپ کرا زانیاری تازەی پێ داوین.
بە پێی لێکۆڵینەوەی کە هەواڵنێری ئەم ئیدارەیە لە کوردستان کردوویە سەبارەت بە ڕووداوە هەواییەکان کە حەوتووی ڕابردوو لە کوردستان ڕوویان داوە . لە حەوتووی ڕابردوو دا دوو فڕۆکەی مەشقی ئەڕتەش لە بەر باهۆز و خراپی زەوی فڕۆکەخانە بە شێوەی خوارەوە بەر بوونەتەوە.
" ڕۆژی یەکشەمە ٢٣ی پووشپەڕ [ی ١٣٢٥] فڕۆکەیەکی مەشقی ئەڕتەش سەعات ١٦ لە فڕۆکەخانەی سەردەشت  لە بەر ناهەموار بوونی تەڕکی فڕۆکەخانە و ئەو لەمپەرانەی لە سەر زەوی بوون ، کاتی هەڵنیشتنەوە وە زەوی کەوتووە و سەدەکەیەکی زۆری پێ گەیشتووە . ئەو فڕۆکەیە دا سەرگوردی بەیتار یەسروبی و سیتوان یەکەم ئیرەوانی تێدا بووە کە هەر دووکیان سڵامەتن و لە ناوچەی ناوبرا خەریکی خزمەتی سەربازین.
تێلگرافی هەواڵنێری ئەم ئیدارەیە سەبارەت بە مەرگی نانەوازادە ئاوایە:
" سەعات ١٢-ی ڕۆژی سێشەمە ٢٥-ی پووشپەڕی ( ١٣٢٥) /  ١٦-ی ژووییەی ١٩٤٦ فڕۆکەی مەشقیی ئەڕتەش کە لە بانەوە بەرەو سەقز هەڵفڕیوە . لە بەر باهۆزی توندی هەوا، لە ڕێبازی خۆی هەتەڵە دەبێ و بە توندی لە کەل وە زەوی دەکەوێ و دەستبەجێ ئاور دەگرێ.
لەو فڕۆکەیە دا کە فڕۆکەوانەکەی سەروان کەیهانی بووە ، نانەوازادە کە لە ئەفسەرانی کوردی دێمۆکڕاتە و لە لایەن ئەوانەوە بە سەرهەنف ٢ دەناسرا ، سەرنشینی فڕۆکەکە بووە ، و هەر دوو تووشی ئاور دێن.
نانەوا زادە کە ئەفسەری پێوەندیکار بووە لە نێوان کوردە دێمۆکڕاتەکان و ئەڕتەش دا و لە فڕۆکەکە دا لە پێشەوە  دەبێ ، دەسووتێ و دەستبەجێ وەفات دەکا بەڵام ئاغای سەروان کەیهانی کە لە بەشی پشتەوەی فڕۆکەکە دا بووە ، تەنیا دەموچاوی لە بەر ئاوەر کەوتنەوە بریندار بووە.
بەو جۆرەی کە لە ئیدارەی فڕۆکەوانییەوە ڕادەگەیێنن ، سەروان کەیهانی بە فڕۆکە هاتە ناوەند و بۆ موداوا لە نەخۆشخانەی نجمیە کەوتووە و لە فڕۆکەوانان و سەرنشینەکانی ئەو دوو فڕۆکەیە دا کەس نەکەەژراوە.
هەواڵنێری ڕۆژنامە لە تێلگرافەکەی دا لێی زیاد دەکا کە کوردە دێمۆکڕاتەکان فڕۆکەیان نییە.    

۱۳۹۸ مرداد ۳, پنجشنبه

حکوومەتی خودموختاری کوردستان , نەوت و ئازادی


حکوومەتی خودموختاری  کوردستان
نەوت و ئازادی
تێبینی: ڕۆژنامەی ' ئیتیلاعات '  لە سەردەمی جمهووری کوردستان لە ژمارەی  ٥٧٨ی خۆیدا ، دووشەمە ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٢٥ی هەتاوی ( ١٠-ی ژووەنی ١٩٤٦ ( ئەم بابەتەی خوارەوەی کە ڕۆژنامە نووسێکی فەڕانسەیی نووسیویە بڵاو کردووەتەوە. ئیتیلاعات ناوی ئەو ڕۆژنامە نووسە باس ناکا. بەڵام لە سەر دەمی کۆماری کوردستان  ناپلیۆن ژاکێل (Napoleon Jakel )  کە نووچەگەیانی ئاژانسی فڕانس پرێس بووە سەری تەورێز  و مەهابادی داوە. ڕۆژنامەی ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان باسی هاتنی ناپلیۆن ژاکێل بۆ تەورێز دەکا . بەڵام لە چاپەمەنی سەردەمی کۆمار دا باسی ئەو دیدار نییە.
ئارچیباڵد ڕوزوێڵت کە بۆ خۆی سەردانی مەهابادی کردووە و چاوی بە پێشەوا قازیی محەمەد و کاربەدەستانی کۆمار کەوتووە لە کتێبەکەی دا ' شۆقی زانین ' ئاماژەی کردووە بە هاتنی ژاکێل بۆ مەهاباد و دەنووسێ: " ... ئێمە دواتر زانیمان  کە ناپلیۆن ژاکێل نووچەگەیانی ئاژانسی فڕانس پرێس لەو دواییانە دا سەری مەهابادی دابوو و بە دوای ئەوە دا لە چاپەمەنی فەڕانسە دا ووتار بە لایەنگری لە کورد بڵاو بووەوە. "
زۆر وێدەچێ ئەم ووتارەی خوارەوە ئی ناپلیۆن ژاکێل بێ و یەک لەو ووتارانە بێ کە روزوڵت بە "لایەنگری" لە کوردی لە قەڵەم داوە،
حەسەن قازی
٢٦ی ژووییەی ٢٠١٩
وەرگێڕان لە فارسییەوە
ئیتیلاعات ، ساڵی بیستەم، ژمارە ٥٧٨ ، دووشەمە بیستەمی جۆزەردانی ١٣٢٥ [ ١٠ی ژووەنی ١٩٤٦]
" ئێران و ڕووداوەکانی، لەماوەیەک بەملایەوە سەرنجی چاپەمەنی دنیای بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە، بە شێوەیەکی ئاوا کە کەمتر هەڵدەکەوێ ڕۆژنامە گرینگەکانی دنیا، لە ماوەی حەوتوو دا، ووتارێک سەبارەت بە ئێران و بارودۆخی هەنووکەی بڵاو نەکەنەوە. هەر چەند هێندێک لەو ووتارانە  هەڵەشیان تێدایە و بەشێک لە وان نیشانەی ئاگادار نەبوونی نووسەرەکانیانە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو نووسینانە لە ڕوانگەی خوێنەوەرانی ئێمە  بابەتی جێی سرنجن ، لەمەو دوا حەول دەدەین  هەر حەوتوویەی چەند جار، بەشێک لەو ووتارانە بخەینە بەر دەستی خوێنەرەوانی ڕۆژنامەکەمان. "
حکوومەتی خودموختاری کوردستان
نەوت و ئازادی
" هەڵکەوتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ئەڕتەشی دێمۆکڕاتی کورد – سوارەکانی مەلامستەفا و حەمە ڕەشید – سەرهەنگ محەمەد تۆفیق کوردی عێڕاقی و .... " بریتین لەو بابەتە سەرنجڕاکێش و جۆر بەجۆرانەی کە نووچەگەیان و نووسەرێکی فەڕانسەیی  بە ووردە ڕیشاڵ لەم ووتارە دا بۆتان بەیان دەکا.
بابەتێکی کە ماوەیەک لەوە پێش تۆفیق ئەلسوێدی سەرۆکی دەوڵەتی پێشووی عێڕاق ڕایگەیاند بوو، ئەڕشەد عومەری سەرۆکوەزیری هەنووکەی عێڕاقیش  دووپاتەی دەکاتەوە و دەڵێ : " لە ووڵات و خاکی عێڕاق دا مەسەلەیەک بە ناوی  " قەزییەی کورد " بوونی نییە " بەڵام ئەڕشەد عومەری بە دوای ئەوە دا لە قسەکانی خۆی زیاد کرد و گوتی سەبارەت بە کوردستانی ئێران حەقیقەت ئەوەیە ئێمە زانیاری دروستمان نییە و نازانین لەو ناوچانە چ ڕووداوگەلێک دەقەومن.
لەوێ باس لە حکوومەتی جمهووری خودموختاری کوردستان و ئەڕتەشی نەتەوەیی کورد دەکرێ و هێندێک لە سەرچاوەکانی دەنگوباس  لە دووی ئەو خەبەرانە دەدەن و هێندێکانیش وەدرۆیان دەخەنەوە. هەرچۆنێک بێ  دەبێ چاوی لێ بکرێ بۆ ئەوەی بزاندرێ حەقیقەت چییە.
پێ خۆشبوونی سەربەخۆیی
حەقیقەت ئەوەیە کاتێک ئێوە دەچنە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و لەو ناوچاوانە ڕووبەرووی خەڵک دەبن  بێ ئەوەی بتانەوێ دەبینن گشت کەمایەتییەکان لە مەسیحی و جوولەکە و ئەرمەنی  وکورد هەموویان باسی سەربەخۆیی دەکەن و ئەوە بە ئێمە نێشان دەدا هەر وەک لە ئازەربایجان داوای خودموختاری دەکرێ ، دوور نییە لە کوردستانیش ئەو دەنگە بکەوێتە بەر گوێیان.
لە سەردەمانی زۆر کۆن دا ، کێوی بەرز و دوندی بەرز و پڕ لە بەفر کە بە دەوری کوردستان دا کێشرابوو پێشگێڕەوەیەکی  گەورە و گرینگ بوو کە نەیدەهێشت  داوخوازی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ببیسترێ بەڵام ئەو وەزعە بۆ هەمیشە درێژەی نەکێشا، کوردەکانیش تا ئەو جێیەی کە دەیانتوانی لە شارستانی مۆدێڕن بەهرەیان وەرگرت و هاتنە ناو قافڵەی کۆمەڵایەتی ئەم ڕۆژگارەوە.
ڕوودانی خەرمانانی [ ١٣٢٠ی هەتاوی] و لاوازی و لەرزەی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ، کوردەکانی وە کڕوکاش و جووڵە خست و کار گەیشتە ئەوەی کە لە ڕۆژی  ١٣-ی ژانوییەی ١٩٤٦ ، قازیی محەمەد، پێشەوای بە ناوبانگی کوردەکان لە مەهاباد ، شارێک کە دەستبەجێ لە دوای ڕووداوەکانی خەرمانان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی  دەرکەوتبوو ووتارێکی دا و لە کاتێکدا ئاڵای تایبەتی کوردەکانی هەڵدەکرد  -  ئەو ئاڵایە لە سێ ڕەنگی سوور و سپی و کەسک پێک هاتووە و وێنەی شێڕێکی لە سەرە – بە ئامادەیی چەندین هەزار نەفەر کورد گوتی:
" ئەی ئاڵای پیرۆز، سوێند دەخۆین هەمیشە بە یەکەوە بین. ئەتۆ نوێنەری دەسەڵات و ئابڕووی نەتەوەی کوردی. ئەمڕۆ ئەتۆ لە سەر ئەم ناوچە پچووکە دەشەکێیەوە بەڵام بە زوویی ڕٶژێک دێ کە هەموو کوردەکان و نیشتمانی گەورەی ئەوان لە ژێر سێبەرت دا بن . بژی کوردستانی گەورە."
کوردستان کە ئەمڕۆ خودموختاری خۆی ڕاگەیاندووە ، ناوچەیەک دەگرێتەوە کە لە باشووری دەریاچەی ورمێ وە دەست پێ دەکا و بە لای ڕۆژهەڵاتی مەهابادەوە تێ دەپەڕێ و سنووری رۆژئاوای ئەو لە سنووری ئێران و تورکیا و سنووری ئێران و عێڕاق پێک هاتووە.
سنووری باشووری ئەو نوختەیە لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکا کە سنووری تورکیا و عێڕاق دەگەنەوە یەکتری و ئێستا ئەو سنوورە لە دەست هێزەکانی دەوڵەتی ئێران دایە.
ئەگەر ئێوە ئەو شتانەی کە من دەیاننووسم بهێننە سەر نەخشە و هەڵکەوتی ئەوێ  لە بەرچاو بگرن ، بە جوانی  بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو ناوچەیە چ گرینگییەکی سەروماڵی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆن دەتوانێ شوێنەکانی دەوروبەری بخاتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە.
جگە لە شارەکانی خوێ ، ماکۆ ، ڕەزائییە ( ورمێ) ، میاندواو . مەهاباد ، سەردەشت ، بانە ، سەقز، سنە کە بە هەزاران کورد لەو شوێنانە دا دەژین ، لە شارێک دا کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی باشووریی کوردستان شارێکی گەورەی دیکە کە گرینگی لە هەموو شارە کوردنشینەکان زیاترە هەڵکەوتووە کە ناوی کرماشان ە.
ئەو شارە دانیشتوویەکی زۆری هەیە و لە ڕووی تەجاڕەتی و سیاسییەوە گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و کاربەدەستانی حکوومەتی خودموختاری کوردستان لەو باوەڕە دان کە هەموو خەڵکی ئەو شارانە ، ئاواتەخوازی یەکگرتنی کوردەکانن.
بەڕێوە بردنی ئەڕتەشی کورد
ئەمڕۆ حکوومەتێک لە مەهاباد و دەورو بەری پێک هاتووە کە لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران جیایە و بە ناوی مەشڕووتە یان خودموختار بە ناوبانگە بەڵام شتێکی وەک ئەو حکوومەتە لە لەندەن و  پاریس نابیندرێ. ڕۆژێک کوردستان و ناوەندەکەی لە ژێر نفووز و دەسەڵاتی تاران دا بوو بەڵام ئەمڕۆ حکوومەتی تاران لێرە هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ئەوە کوردەکانن کە بە سەر ئەو نیشتمانە دا حوکم دەکەن و لە حەقیقەت دا حکوومەتی ناوەندیی تاران زۆر لە مێژە بەرەو هەڵەوشان و نەمان چووە.
ئەو جمهوورییەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان پێک هاتووە بە حکوومەتی خودموختاری کورد بە ناوبانگە و جۆرێکە لەو حکوومەتە جمهوورییانەی کە لەسۆڤییەت دەبیندرێن .
فەرماندەی ئەڕتەشی کورد
هێزە نیزامییەکانی کورد لە دوو بەش پێک دێن ، ژمارەیەک کوردی چەکدار و پارتیزان کە لە ژێر فەرماندەیی حەمە ڕەشید  و مەلا مستەفای بارزانی دان و ژمارەیەک جەوانی کورد کە هێزی مونەزەمی حکوومەتی خودموختاری کوردستان پێک دەهێنن.
ئەو ئەڕتەشە لە ژێر فەرمانی سەرهەنگ محەمەد تۆفیق دایە، ئەگەرچی فەرماندەکەی عێڕاقی یە بەڵام پێشمەرگەکانی لە کوردەکانی ئێران پێک هاتووە . لێرە بە شێوەی ڕەسمی و بە ئاشکرا چ نیشانەیەک  نابیندرێ کە ئەو ئەرتەش یان ئەو حکوومەتە لەلایەن  سۆڤییەتییەکانەوە ئیدارە بکرێ.
مەلا مستەفا سەرهەڵداوی بەناوبانگی کورد خەڵکی عێڕاقە کە هەتا ئێستا چەندین جار لە لایەن دادگە عەسکەرییەکانی عێڕاق بە ئامادەیی خۆی و پاشملە مەحکووم بە ئێعدام کراوە و هەبووونی ئەمڕۆی لەو تەشکیلاتە دا وەک ئەوە وایە بۆ ئەمڕۆ پاشەکەوت کرا بێ هەرچەند تۆفیق ئەلسوێدی و ئەڕشەد عومەری هیچ باسی  سەربەخۆیی خوازی کوردەکانی عێڕاق ناکەن و دەڵێن لە عێڕاق مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کوردستان بوونی نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ بزاندرێ کە هێزی کوردەکان  کە بە پێی قسەی هێندێکان ژمارەی دەگاتە ٤٠ هەزار کەس ئارامی خەیاڵی کاربەدەستانی عێڕاقی لە ناو بردووە.
ئەمڕۆ کوردە سەربەخۆیی خواز یان خودموختاری خوازەکانی ئێران قسەی ئاوا دەکار دەکەن و هەنگاوی ئەوتۆ دەنێنەوە کە زۆر وە هەڵسووڕانی ئازەربایجانییەکان دەچن و زۆریان لێ نزیکن.
خۆیان بەو هەنگاوانە خۆیان دەڵێن ئازادی و شۆڕش بەڵام هێندێکان ئەو هەنگاوانە بە سەرهەڵدان و خیانەت دەزانن.
هەرچۆنێک بێ ئەوەی ئاشکرایە بابەت کوردستانی گەورەیە کە ئامانجی قازیی محەمەد و مەلا مستەفایە و دیار نییە گەلۆ ڕۆژێک ئەو ئارەزووخوازانە بە ئارەزووی خۆیان دەگەن یان نا.
جەوانان و پیرەکان
تاکوتەرای کوردستانی ئێران ، لە نیزامی و نا نیزامی ئەمڕۆ بە دوو دەستەی جیاواز  دابەش کراون.
جەوانەکان و پیرەکان
جەوانەکان ئەو کەسانەن کە لەگەڵ نفووزی سۆڤییەتییەکان لەو ناوچەیە دا هاو دڵی و هاوکارییان هەیە و پێیان خۆشە نیشتمانی کوردستان  خودموختاری هەبێ بەڵام  لە ژێر نفووزی سۆڤییەتییەکان.
بە پێچەوانەی جەوانەکان، پیرەکان چینێکی دیکە پێک دەهێنن کە شێوەی بیر کردنەویان دژی چینی یەکەمە و بەهیچجۆر ناچنە ژێر باری نفووزی سۆڤییەت  ئاواتیان ئەوەیە وەک ڕابردوو  لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران کار بکەن ، و لە پێکهاتنی حکوومەتێکی خودموختار لە ژێر سولتەی سۆڤییەتییەکان و جوێ لە ووڵاتی ئێران بێزارن.
ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئێران و سۆڤییەت بە ژوور سەری ئەو چینە پیر و جەوانە دا دەگەڕێ و هەر چەند چالاکییەکان جەوانەکان بەڕێوەی دەبەن بەڵام دەبێ بزاندرێ بەڕێوە بردنی ئەو بزووتنەوانە بە فکری پیرەکان جێ بە جێ دەکرێن.
بە باوەڕی سوڤییەتییەکان و ئینگلیسییەکان و ئەمریکاییەکان ، وەزعی ئێستای کوردستانی ئێران بە جۆڕێکە کە ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەلەرزە دەخا و دەیشێوێنێ و هەر کام لەو دوو لایەنە تێگەیشتنیان لە  ووشەی ئەمنییەت جیاوازە  و بۆچوونی تایبەتی لە مەڕ خۆیان هەیە.
بەر لەوەی درەنگ بێ
سۆڤییەتییەکان ئێستا لە فکری سازکردنی حکوومەتێکی خودموختاری گەورەن لە کوردستان. ئەو حکوومەتە خودموختارە ئەگەر ساز بێ کوردەکانی ئێرانی ، و عێڕاقی و تورکیش وەبەر دەگرێ و ئەگەر نەخشەیەکی ئاوا ساز بێ ، دەکرێ بگوترێ کە سۆڤییەتییەکان گەمەکەیان بردووەتەوە  و ئێستا ئەوە ئەرکی دەوڵەتەکانی ئێران و عێڕاق و تورکیایە کە بەر لەوەی تووشی کاری کراو بێن بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدەن.
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە هەرچییەک کە دەبێ بکرێ پێویستە زووتر بکرێ. هەرچۆنێک بێ ئەگەر ئەو سێ دەوڵەتە پچووکە نەتوانن لە ئاست فشارەکانی دەوڵەتێکی گەورە خۆڕاگری بکەن کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردەکان یەک دەگرێتەوە ، یان ئەوەی کە نەتوانن و نەیانەوێ لە سەر ئەو مەسەلەیە لە لای شووڕای ئەمنییەت شکایەت بکەن ، ئاشکرایە ئینگلیستان و فەڕانسە جارێکی دیکە بابەتی کوردستانی ئێران وەکوو دەمەترسی کەوتنی ئاشتیی گشتی لە شووڕای ئەمنییەت دا دەهێننە گۆڕێ.

۱۳۹۸ اردیبهشت ۲۰, جمعه

نامەیەکی وەزیری شەڕی ئێران بۆ سەرۆکوەزیر سەبارەت بە ئەگەری ناردنی چەک و موهیمات بۆ مەهاباد لە لایەن ڕووسەکانەوە. سێشەمە ٨ی ئۆکتۆبری ١٩٤٥

٢٧١١٥
٢٤/٧/١٥
 وەزاڕەتی شەڕ                                                                   زۆر نهێنی و ڕاستەوخۆ
 ستادی ئەڕتەش
جەنابی ئاغای سەرۆکوەزیر
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی گەیشتووە ئەو جۆرەی دەنگۆ هەیە چەندین بەستە کاغەزی ڕۆژنامە  و دەستگایەک  ماشینی چاپ  لە
لایەن کاربەدستانی عەلاقەدار درا بە کوردەکانی مەهاباد ، و هەر وەها چەند دەستگا کامیۆنی ڕووسەکان لە ئێوارەی
٦/٧/ ٢٤  بە ڕێگای میاندواوە تێ پەڕیوە و بارەکەی لە بەر ئەوەی  بەتەواوی داپۆشرابوو دەرنەکەوت  چ شتێکن  و لە ڕیزی پێشەوەی کامیۆنەکە ئەفسەرێکی  لەگەڵ شۆفێرەکە بووە  و ماشینەکان  هاتوونە ناو مەهاباد  نەماز عەلی ئۆف  فەرماندەی پادگانی شووڕەوی  کە پێشتر چوو بووە مەهاباد هەر کە کامیۆنەکان هاتوونە ناو شار فەرمانی داوە هات و چوو لە ناو شار دا قەدەغە بکرێ  و چراکان بە دەست مەئموورەکانی حیزبی کۆمەڵە کووژانەوە  و لە تاریکایی شەو دا باری  ماشینەکان لە ماڵی قازیی محەمەد دا دەگرن و بەو جۆرەی لە سەر بابەتەکە کۆڵدراوەتەوە وا وێدەچێ باری کامیونەکان چەک و وموهیمات بوو بێ و لەوانە بۆ یارمەتی شێخی بارزان و یان بە مەبەستی دیکە نار درابێ  هەر چۆنێک بێ  کاربەدەستانی عەلاقەداری شووڕەوی ئەم ڕۆژانە چالاکیی زۆر  لە ناو گشت کوردەکاندا دەکەن  و ئەوە بۆ ئاگاداری خاتری بەرزتان  و هەموو جۆرە هەنگاو هەڵێنانەوەی پێویست  دەنێرێ
 
 وەزیری  شەڕ
ئێمزا

ئاغای ....
٣٣١٨
١٦ /  ٧  /  ١٣٢٤     [  سێشەمە ٨ی ئۆکتۆبری  ١٩٤٥]
تێبینی: بە پێی بەرواری نامەکە لەو کاتە دا موحسین سەدرولئەشڕاف سەرۆکوەزیر و سەرلەشکرئیبڕاهیم زەند  وەزیری شەڕ بووە. سپاس بۆ مامۆستا ئەنوەر سوڵتانی بۆ ئەو سەرنجە.

۱۳۹۸ فروردین ۱, پنجشنبه

نامەیەکی پێشەوا قازیی محەمەد بۆ بەڕێز میر جەعفەر پیشەوەری

ژمارە ٣٩٠١
بەروار ٢٥/٨/٨

ئێمبلەم

حزب دموکراتی کوردستان

جناب آقای پیشەوری رهبر معظم آذربایجان

محترما زحمت میدهد، آقای سید عبدالکریم موسوی اهل دە صفاخانەء افشار  کە یکی از سادات محترم و خوانوادە میباشند جهت پارەء عرایض شرفیاب حضور شد . خواهشمندم نسبت بە عرایض مشارالیە توجە مخصوص مبذول فرمائید. -

رهبر حزب دموکرات کوردستان                                  محمد قاضی
                                                                            امضاء

حرمتلی استاندارە عایدور
آقای  فرمان جاوید 

...... ایسدوب  ،،،،،،
اقدام اولدی                            ١/ ٨ / ٢٥
ضبط

=====

وەرگێڕانی کوردی
ژمارە ٣٩٠١
بەروار  ٨ /  ٨ / ١٣٢٥

ئارمی حیزب
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
جەنابی ئاغای پێشەوەری  ڕێبەری گەورەی ئازەربایجان
بە حورمەتەوە زەحمەتتان دەدەم ، ئاغای سەید عەبدولکەریم مووسەوت خەڵکی دێی سەفاخانەی هەوشار کە یەکێک لە ساداتی بەڕێز و خانەدانە بۆ ئەوەی هیندێک شتتان عەرز بکا دێتە خزمەتتان . تکا دەکەم سەرنجی تایبەتی بدەنە سەر ئەو شتانەی عەرزتان دەکا .
ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان    محەمەد قازی
                                                    ئیمزا

لەمەڕ ئوستاندەری بە حورمەتە
ئاغای فەرمان [ سەلاموڵا ]  جاوید

 چەندین ووشە ناخوێندرێتەوە
 کاری لە سەر کرا
 قەید 


۱۳۹۷ بهمن ۱۵, دوشنبه

شێعرێک بۆ کۆماری کوردستان ، مەلا عەبدوڵا گەڵاڵە


دامەزراندنی کۆماری مەهاباد 
مێزەر سپیەکەی تەنیشت پێشەوا قازی مەحەمەد باپیرمە،کە
مامۆستا مەلا عەبدوڵای گەڵاڵەیە 

شیعرێکی بۆ کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی مەحەمەد نوسیوە نزیکەی حەفتاو یەک ساڵ پێش ئێستا:

کۆماری کوردستان.

لە مەهابادا،لەنێو چوار چــرا
ئەو دەمەی ئاڵای کوردان هەڵکرا
هەموو بەیەک دەنگ وەک خوشک وبرا
سوێند و پەیمانی ڕاستیمان درا.
دەرگای خیانەت و دوشمن داخرا
ئەی ڕەقیب بە گوێی کوردانە چڕا
داری ئازادی کوردان ،ئاو درا
وڵات ڕۆشن بوو،هاوشێوەی چــرا.
سەدان مەخابن پێشەوای کوردان
زوو لە دار درا.
نەعلەتی خودا لە ئیستیعمار بێ
شوعلەی ئەم مۆمە زوو خامۆش کرا.

بەڵان هەتا کورد نەوەی وای هەبێ
گڕی ئەم شەمعە هەر ڕۆشن ئەبێ.
ئەو ڕۆژە دادێ،کوردیش ئازاد بــێ
شادومان بێت و وڵاتی شاد بێ.

مامۆستا مەلا عەبدوڵای گەڵاڵە
۱۹٤۸ز ـ سلێمانی

تابلۆ سەربەست عەبدولڕەحمان.

۱۳۹۷ دی ۱۷, دوشنبه

سەربەرگی جزمی یەکەمی دیوانی قانع، چاپی سەردەمی جمهووری کوردستان


سەربەرگی جزمی یەکەم  لە دیوانی قانع کە لە سەردەمی جمهووری لە بۆکان چاپکراوە.

تێبینی : وا دیارە ئەو سەربەرگە لە ئاڕشیڤی نەمر سەید عوبەیدیلا ئەیووبیان دا بووە بۆیە  لە لای سەرەوەی  لاپەڕەکە مۆری خۆی پێوە ناوە 

۱۳۹۷ دی ۱۳, پنجشنبه

بەڵگەیەکی نوێی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە سەردەمی جمهووری


ژمارە ١٢٤
بەروار  ١٦/ ١٢ /٢٤  [ ٧/٣/١٩٤٦]
ئێمبلێم
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
کۆمیتەی مەحەلی
لکی شنۆ
فەرمایشی برای خۆشەویست ئاغای حوسێن فرووهەر –
بە وەسیلەی سیمی نەغەدە – جەنابی قازی سەدری کۆمیتەی شنۆ – لە سەر ئەمری ( ڕیاسەتی جمهووری کوردستان) بە تەواوی  ئەو ئاغایانەی کە ماڵی بارزانیانیان لە کنە  خەبەر بدە کە نیسبەت بەو ماڵانە لە حەیسی
سووختەنی، تفاق، نان ، موساعەدە و کومەکیان پێ بکەن وە نەیەڵن ئەو چەند ڕۆژانەی کە لە کن مە ماون  زەیقەت بینین و هەر ئاغایەکی خودداری کرد بە مەرکەزی بناسێنن
حوسێن فرووهەر
١٦/١٢/٢٤  / ٨١٧    عەینی فەرمایشی برای خۆشەویست ئاغای حوسێن فرووهەر بە تەواوی ئاغایانی دێهاتی شنۆیێ ئیبلاغ دەکرێ . پێویستە ئەمری موبارەکی حەزرەتی پێشەوای موعەزەم بە کەماڵی ڕووخۆشی ئەنجام بدرێ.
سەدری کۆمیتەی مەحەلیی شنۆ  قازیی خزری
مۆری لکی شنۆی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان
ئیمزا  لە سەر مۆرەکە

تێبینی : ئەو بەڵگەیە بەڕێز ئازاد ئێلخانی زادە لە لاپەڕەی فەیس بووکەکەیدا ئەمڕۆ ٣-ی ژانڤییەی ٢٠١٩ بڵاوی کردووەتەوە. حوسێنی فرووهەر ( زێڕینگەران) ئەندامی ژمارە یەکی ژێکاف و تا ئۆکتۆبری ١٩٤٤ سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە بووە . لە سەردەمی جمهووری دا ئەندامی کۆمیتەی شاریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بووە و دەورێکی سەرەکی گێڕاوە لە ڕێوڕەسمەکانی هەڵکردنی ئاڵا لە بۆکان، نەغەدە ، شنو و هەر وەها لە کۆ کردنەوە و دەبەرخوێندن نانی منداڵانی بێ دایکوباب، دوای ڕووخانی جمهووری بە ساڵان لە زیندانەکانی پەهلەوی دووەم دا بووە وتا ئاخر ڕۆژی ژیانی لە پێناو بیروباوەری دا قەت کۆڵی نەداوە.  قازیی خزری سەدری کۆمیتەی محەلی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە شنۆ یەکێک لە ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتی جمهووری کوردستان بووە بۆ ئیمزای پەیمانی دۆستایەتی کوردستان و ئازەربایجان لە تەورێز.