۱۳۹۳ مرداد ۱۱, شنبه

دوکتور سەمەدۆف ڕەئیسی نەخۆشخانەی شووڕەوی لە تەورێز


کوردستان ، ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، ژمارەی ٧٦، سێشەمۆ ٢٢ گەلاوێژ ١٣٢٥ / ١٣ی ئووت ١٩٤٦
بیمارستانی شووڕەوی یا شەفاخانەی کوردان، دوکتور سەمەدۆف و خانمەکەی یا دایک و بابی بێماران
بە قەڵەمی جەنابی ژەنەڕاڵ سەیف قازی
دانیشتووانی نیشتمانی شووڕەوی هەموو چت و گشت هێزێکیان بۆ بەرز کردنەوە و نەجات دانی ئەفڕاد و کۆمەڵانی  لێقەوماو  لە نەخۆشی و دیلی و ئاشنا کردنی ئەوان بە شارستانییەت و سەرخستنی پایەی ژیانی میلەتە هەژارەکان بەخت دەکەن.
بۆ دانیشتووانی نیشتمانی شوورەوی هیچ شتێک بەرزتر و بەنرختر لە پەرەپێدان و سەرخستنی ژیان و لەشساغی نەوعی بەشەر نییە. بە کورتی ڕێژیمی شووڕەویش یەکە یەکە و کۆمەڵانی خەڵکی شووڕەویش کە لێنینی مەزن بەردی بناغەی دانا و ستالینی گەورە پەرەی پێدا بە بەرزکردنەوەی میلەل و نەتەوەی وەداکەوتوو و دەست گرتنی ئەو میلەتانە تێدەکۆشن کە لە قوڕاوی بەدبەختی و نەخۆشی و هەژاری دا دیل و لە تاوی چارەڕەشی دا تا ئەستۆ پێوە ببوون.
هەر لە بەر ئەم حوسنی نییەت و بە شەردۆستی یەیە کە بیمارستانی شووڕەوی لە ماوەی ٣ ساڵ و هەندێکدا خزمەتێکی پڕ نرخی بە نەخٶشان و هەژاران کردووە و تا ئەوڕۆ هەزاران ئەشخاسی نەخۆشی لە گیان بوردوویان لە مەرگ نەجات داوە و لە نێو شوعەباتی بیمارستانی شووڕەوی لە ئێران دا بیمارستانی شووڕەوی تەورێز بۆ موعالەجەی بێماران و نەجات دانی نەخۆشان لە مردن دەرەجەی هەوەڵی وەرگرتووە.
بیمارستانی شووڕەوی لە تەورێز لە بەر ئەوەی هاتوچۆی کوردستانی بە سەر دا هەیە، کوردستانیش چونکوو لە حەیسی بیهداری زۆر لە پاشە ناچارن بۆ موداوا و موعالەجە بە تەورێز موڕاجەعە بکەن خزمەتێکی زۆر زلی  بە کوردان کردووە و تا ئەوڕۆ چەند سەد کوردی لە گیان بوردوو کە لە بەر سەختی مەرەز مەرگیان لە پێش چاوی خۆیان موحتەم دیوە  لە مەرگ نەجات داوە و لە وەرگرتنی حەقی موعالەجە بێ ئەندازە موڕاعاتی هەژاران دەکەن. بیمارستانی شووڕەوی لە تەورێز شەفاخانەی کوردانە. ئەو خزمەتەی بیمارستانی شووڕەوی لە تەورێز لە مودەیەکی کەم دا بە کوردانی کردووە بێ وێنەیە و تەواوی ئەو مووەفەقییەتە لە ئەسەر زانایی و هەوڵ و تێگەیشتنی پڕ دۆست و نەوع پەروەر ئاغای دوکتور سەمەدۆف ڕەئیسی بیمارستانی نێو براوە. ئەم شەخسە بە شەو و بە ڕۆژ تەواوی وەختی خۆی سەرفی خزمەت و چاوەدێری بێماران دەکا. ئاغای سەمەدۆف شەخسی خۆی جوزئییاتی وەزعییەتی بێماران لە حەیسی خۆراک و پۆشاک، مەنزل، تەختی خواب، ڕەختی خواب ، لیباس. دەوا ،موعالەجە، نەزافەت ، ساردی و گەرمی مەنزڵ و هەر شتێک کە بۆ بێمار سوودی ببێ یا زەرەر بگەیێنێ ڕەچاوی گرتووە وچووکترین غەفڵەتێک لە بێماران ناکا .
ئەم شەخسە بۆ خزمەتی بێماران شەو و ڕۆژ نازانێ و بۆ ئەو وەختی ئیستراحەت و کار وەک یەکە، تەنیا ئەو وەختە و ئەو کارە لە بەرچاو ئەو دا ئەهەمییەتی هەیە کە بە قازانجی بێمار بێت. باوەڕم پێ بکەن پیاو خەیاڵ دەکا کە ئەساسەن ماندوو بوون لە وجوودی ئەم شەخسە فەعالە دا کار ناکا و یا وجوودی ئەو لە مادەیەک دروست کراوە کە دەگەڵ وجودی خەڵکی دیکە جیاوازە. خانمی ئاغای دوکتور سەمەدۆف لە خۆی کەمتر نییە. ئەو خانمە زانا و پڕ مێهر و محەبەتە لە تەواوی مەراحیلی پێ ڕاگەیشتن بە وەزعییەتی بێماران شان بە شانی مێردەکەی حازرە و بە ڕەفتار و کرداری پڕ مێهر و عاتیفەی خۆی نەخۆشان دەلاوێنێتەوە و بە ساغ و سڵامەتی و شەفا ئومێدەواریان دەکا.بە ڕاستی ئەم دوو زاتە باوک و دایکێکن کە خودا بۆ نەخۆشانی ناردوون . لەو بێمارستانە دا لە بەر چاو ئاغای دوکتور سەمەدۆف و خانمەکەی دا هەموو بێمارێک وەک یەک وان و هەموو بە نیهایەتی جیدییەت و بە نەزەری موساوات دەرمان دەکرێن. زۆردار و بێ زۆر، فەقیر و دەوڵەمەند لە کن وان هیچ فەرقیان نییە. ئەمن کە ئەم قسانە دەڵێم  بە هەوا نییە، بەڵکوو جگەلەوە بۆخۆم چەندین جار بە چاو دیومە شەخسەن دەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هەژارانی نەخۆشی کورد و عیدەیەک لە پێشمەرگەکانی برینداری هێزی کوردستان دەو بیمارستانە دا موعالەجە دەکران هیچ شوعبەیەک لە بیمارستان نەبوو کە چەند کەس کوردی تێدا موعالەجە نەکرێ .بەڕاستی ئەو ئەهەمییەتەی کە بە موعالەجەی موهیمتەرین شەخس دەدرا بەچووکەتریشیان ئەو ئەهەمییەتە دەدرا. ئەساسەن دەوێدا هەژار و دەوڵەمەند و گەورەو چکۆڵە مەعنایەکی نییە و ئەوانەش هەموو لە بەر و بووی بەشەر دۆستی و نەوع پەروەری ئاغای دوکتور سەمەدۆف و خانمەکەی دەزانم، لە بەر ئەوە بە هۆی ئەم چەند کەلیمەیە سوپاسی بێ پایانی خۆم لە لایەن هەموو خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە لایەن پێشمەرگەکانی کوردستانەوە بەو دوو شەخسە نەوع پەروەر و بەشەر دۆستە کە میوەی باغی تەربییەتی لێنین و ستالینی مەزنن پێشکەش دەکەم و هومێدم وایە دەوڵەت و ئەفڕادی میلەتەکانی ئیتیحادی شووڕەوی هەمیشە بە دەسەڵات و سەربەرز و دوژمن لە بەرانبەری ئەوان دا پەست و زەلیل بێت و خودا ئەو دۆست و میلەتە هەتاهەتایە پایەدار کا و بۆ خزمەت بە نەوعی بەشەر  مووەفەق و پیرووزیان کات.