۱۳۹۸ مرداد ۳, پنجشنبه

حکوومەتی خودموختاری کوردستان , نەوت و ئازادی


حکوومەتی خودموختاری  کوردستان
نەوت و ئازادی
تێبینی: ڕۆژنامەی ' ئیتیلاعات '  لە سەردەمی جمهووری کوردستان لە ژمارەی  ٥٧٨ی خۆیدا ، دووشەمە ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٢٥ی هەتاوی ( ١٠-ی ژووەنی ١٩٤٦ ( ئەم بابەتەی خوارەوەی کە ڕۆژنامە نووسێکی فەڕانسەیی نووسیویە بڵاو کردووەتەوە. ئیتیلاعات ناوی ئەو ڕۆژنامە نووسە باس ناکا. بەڵام لە سەر دەمی کۆماری کوردستان  ناپلیۆن ژاکێل (Napoleon Jakel )  کە نووچەگەیانی ئاژانسی فڕانس پرێس بووە سەری تەورێز  و مەهابادی داوە. ڕۆژنامەی ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان باسی هاتنی ناپلیۆن ژاکێل بۆ تەورێز دەکا . بەڵام لە چاپەمەنی سەردەمی کۆمار دا باسی ئەو دیدار نییە.
ئارچیباڵد ڕوزوێڵت کە بۆ خۆی سەردانی مەهابادی کردووە و چاوی بە پێشەوا قازیی محەمەد و کاربەدەستانی کۆمار کەوتووە لە کتێبەکەی دا ' شۆقی زانین ' ئاماژەی کردووە بە هاتنی ژاکێل بۆ مەهاباد و دەنووسێ: " ... ئێمە دواتر زانیمان  کە ناپلیۆن ژاکێل نووچەگەیانی ئاژانسی فڕانس پرێس لەو دواییانە دا سەری مەهابادی دابوو و بە دوای ئەوە دا لە چاپەمەنی فەڕانسە دا ووتار بە لایەنگری لە کورد بڵاو بووەوە. "
زۆر وێدەچێ ئەم ووتارەی خوارەوە ئی ناپلیۆن ژاکێل بێ و یەک لەو ووتارانە بێ کە روزوڵت بە "لایەنگری" لە کوردی لە قەڵەم داوە،
حەسەن قازی
٢٦ی ژووییەی ٢٠١٩
وەرگێڕان لە فارسییەوە
ئیتیلاعات ، ساڵی بیستەم، ژمارە ٥٧٨ ، دووشەمە بیستەمی جۆزەردانی ١٣٢٥ [ ١٠ی ژووەنی ١٩٤٦]
" ئێران و ڕووداوەکانی، لەماوەیەک بەملایەوە سەرنجی چاپەمەنی دنیای بەرەولای خۆی ڕاکێشاوە، بە شێوەیەکی ئاوا کە کەمتر هەڵدەکەوێ ڕۆژنامە گرینگەکانی دنیا، لە ماوەی حەوتوو دا، ووتارێک سەبارەت بە ئێران و بارودۆخی هەنووکەی بڵاو نەکەنەوە. هەر چەند هێندێک لەو ووتارانە  هەڵەشیان تێدایە و بەشێک لە وان نیشانەی ئاگادار نەبوونی نووسەرەکانیانە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەو نووسینانە لە ڕوانگەی خوێنەوەرانی ئێمە  بابەتی جێی سرنجن ، لەمەو دوا حەول دەدەین  هەر حەوتوویەی چەند جار، بەشێک لەو ووتارانە بخەینە بەر دەستی خوێنەرەوانی ڕۆژنامەکەمان. "
حکوومەتی خودموختاری کوردستان
نەوت و ئازادی
" هەڵکەوتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ئەڕتەشی دێمۆکڕاتی کورد – سوارەکانی مەلامستەفا و حەمە ڕەشید – سەرهەنگ محەمەد تۆفیق کوردی عێڕاقی و .... " بریتین لەو بابەتە سەرنجڕاکێش و جۆر بەجۆرانەی کە نووچەگەیان و نووسەرێکی فەڕانسەیی  بە ووردە ڕیشاڵ لەم ووتارە دا بۆتان بەیان دەکا.
بابەتێکی کە ماوەیەک لەوە پێش تۆفیق ئەلسوێدی سەرۆکی دەوڵەتی پێشووی عێڕاق ڕایگەیاند بوو، ئەڕشەد عومەری سەرۆکوەزیری هەنووکەی عێڕاقیش  دووپاتەی دەکاتەوە و دەڵێ : " لە ووڵات و خاکی عێڕاق دا مەسەلەیەک بە ناوی  " قەزییەی کورد " بوونی نییە " بەڵام ئەڕشەد عومەری بە دوای ئەوە دا لە قسەکانی خۆی زیاد کرد و گوتی سەبارەت بە کوردستانی ئێران حەقیقەت ئەوەیە ئێمە زانیاری دروستمان نییە و نازانین لەو ناوچانە چ ڕووداوگەلێک دەقەومن.
لەوێ باس لە حکوومەتی جمهووری خودموختاری کوردستان و ئەڕتەشی نەتەوەیی کورد دەکرێ و هێندێک لە سەرچاوەکانی دەنگوباس  لە دووی ئەو خەبەرانە دەدەن و هێندێکانیش وەدرۆیان دەخەنەوە. هەرچۆنێک بێ  دەبێ چاوی لێ بکرێ بۆ ئەوەی بزاندرێ حەقیقەت چییە.
پێ خۆشبوونی سەربەخۆیی
حەقیقەت ئەوەیە کاتێک ئێوە دەچنە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و لەو ناوچاوانە ڕووبەرووی خەڵک دەبن  بێ ئەوەی بتانەوێ دەبینن گشت کەمایەتییەکان لە مەسیحی و جوولەکە و ئەرمەنی  وکورد هەموویان باسی سەربەخۆیی دەکەن و ئەوە بە ئێمە نێشان دەدا هەر وەک لە ئازەربایجان داوای خودموختاری دەکرێ ، دوور نییە لە کوردستانیش ئەو دەنگە بکەوێتە بەر گوێیان.
لە سەردەمانی زۆر کۆن دا ، کێوی بەرز و دوندی بەرز و پڕ لە بەفر کە بە دەوری کوردستان دا کێشرابوو پێشگێڕەوەیەکی  گەورە و گرینگ بوو کە نەیدەهێشت  داوخوازی دانیشتوانی ئەو ناوچانە ببیسترێ بەڵام ئەو وەزعە بۆ هەمیشە درێژەی نەکێشا، کوردەکانیش تا ئەو جێیەی کە دەیانتوانی لە شارستانی مۆدێڕن بەهرەیان وەرگرت و هاتنە ناو قافڵەی کۆمەڵایەتی ئەم ڕۆژگارەوە.
ڕوودانی خەرمانانی [ ١٣٢٠ی هەتاوی] و لاوازی و لەرزەی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ، کوردەکانی وە کڕوکاش و جووڵە خست و کار گەیشتە ئەوەی کە لە ڕۆژی  ١٣-ی ژانوییەی ١٩٤٦ ، قازیی محەمەد، پێشەوای بە ناوبانگی کوردەکان لە مەهاباد ، شارێک کە دەستبەجێ لە دوای ڕووداوەکانی خەرمانان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی  دەرکەوتبوو ووتارێکی دا و لە کاتێکدا ئاڵای تایبەتی کوردەکانی هەڵدەکرد  -  ئەو ئاڵایە لە سێ ڕەنگی سوور و سپی و کەسک پێک هاتووە و وێنەی شێڕێکی لە سەرە – بە ئامادەیی چەندین هەزار نەفەر کورد گوتی:
" ئەی ئاڵای پیرۆز، سوێند دەخۆین هەمیشە بە یەکەوە بین. ئەتۆ نوێنەری دەسەڵات و ئابڕووی نەتەوەی کوردی. ئەمڕۆ ئەتۆ لە سەر ئەم ناوچە پچووکە دەشەکێیەوە بەڵام بە زوویی ڕٶژێک دێ کە هەموو کوردەکان و نیشتمانی گەورەی ئەوان لە ژێر سێبەرت دا بن . بژی کوردستانی گەورە."
کوردستان کە ئەمڕۆ خودموختاری خۆی ڕاگەیاندووە ، ناوچەیەک دەگرێتەوە کە لە باشووری دەریاچەی ورمێ وە دەست پێ دەکا و بە لای ڕۆژهەڵاتی مەهابادەوە تێ دەپەڕێ و سنووری رۆژئاوای ئەو لە سنووری ئێران و تورکیا و سنووری ئێران و عێڕاق پێک هاتووە.
سنووری باشووری ئەو نوختەیە لە شوێنێکەوە دەست پێ دەکا کە سنووری تورکیا و عێڕاق دەگەنەوە یەکتری و ئێستا ئەو سنوورە لە دەست هێزەکانی دەوڵەتی ئێران دایە.
ئەگەر ئێوە ئەو شتانەی کە من دەیاننووسم بهێننە سەر نەخشە و هەڵکەوتی ئەوێ  لە بەرچاو بگرن ، بە جوانی  بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو ناوچەیە چ گرینگییەکی سەروماڵی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆن دەتوانێ شوێنەکانی دەوروبەری بخاتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە.
جگە لە شارەکانی خوێ ، ماکۆ ، ڕەزائییە ( ورمێ) ، میاندواو . مەهاباد ، سەردەشت ، بانە ، سەقز، سنە کە بە هەزاران کورد لەو شوێنانە دا دەژین ، لە شارێک دا کە زۆر نزیکە لە سنوورەکانی باشووریی کوردستان شارێکی گەورەی دیکە کە گرینگی لە هەموو شارە کوردنشینەکان زیاترە هەڵکەوتووە کە ناوی کرماشان ە.
ئەو شارە دانیشتوویەکی زۆری هەیە و لە ڕووی تەجاڕەتی و سیاسییەوە گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە و کاربەدەستانی حکوومەتی خودموختاری کوردستان لەو باوەڕە دان کە هەموو خەڵکی ئەو شارانە ، ئاواتەخوازی یەکگرتنی کوردەکانن.
بەڕێوە بردنی ئەڕتەشی کورد
ئەمڕۆ حکوومەتێک لە مەهاباد و دەورو بەری پێک هاتووە کە لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران جیایە و بە ناوی مەشڕووتە یان خودموختار بە ناوبانگە بەڵام شتێکی وەک ئەو حکوومەتە لە لەندەن و  پاریس نابیندرێ. ڕۆژێک کوردستان و ناوەندەکەی لە ژێر نفووز و دەسەڵاتی تاران دا بوو بەڵام ئەمڕۆ حکوومەتی تاران لێرە هیچ دەسەڵاتێکی نییە و ئەوە کوردەکانن کە بە سەر ئەو نیشتمانە دا حوکم دەکەن و لە حەقیقەت دا حکوومەتی ناوەندیی تاران زۆر لە مێژە بەرەو هەڵەوشان و نەمان چووە.
ئەو جمهوورییەی کە ئەمڕۆ لە کوردستان پێک هاتووە بە حکوومەتی خودموختاری کورد بە ناوبانگە و جۆرێکە لەو حکوومەتە جمهوورییانەی کە لەسۆڤییەت دەبیندرێن .
فەرماندەی ئەڕتەشی کورد
هێزە نیزامییەکانی کورد لە دوو بەش پێک دێن ، ژمارەیەک کوردی چەکدار و پارتیزان کە لە ژێر فەرماندەیی حەمە ڕەشید  و مەلا مستەفای بارزانی دان و ژمارەیەک جەوانی کورد کە هێزی مونەزەمی حکوومەتی خودموختاری کوردستان پێک دەهێنن.
ئەو ئەڕتەشە لە ژێر فەرمانی سەرهەنگ محەمەد تۆفیق دایە، ئەگەرچی فەرماندەکەی عێڕاقی یە بەڵام پێشمەرگەکانی لە کوردەکانی ئێران پێک هاتووە . لێرە بە شێوەی ڕەسمی و بە ئاشکرا چ نیشانەیەک  نابیندرێ کە ئەو ئەرتەش یان ئەو حکوومەتە لەلایەن  سۆڤییەتییەکانەوە ئیدارە بکرێ.
مەلا مستەفا سەرهەڵداوی بەناوبانگی کورد خەڵکی عێڕاقە کە هەتا ئێستا چەندین جار لە لایەن دادگە عەسکەرییەکانی عێڕاق بە ئامادەیی خۆی و پاشملە مەحکووم بە ئێعدام کراوە و هەبووونی ئەمڕۆی لەو تەشکیلاتە دا وەک ئەوە وایە بۆ ئەمڕۆ پاشەکەوت کرا بێ هەرچەند تۆفیق ئەلسوێدی و ئەڕشەد عومەری هیچ باسی  سەربەخۆیی خوازی کوردەکانی عێڕاق ناکەن و دەڵێن لە عێڕاق مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کوردستان بوونی نییە ، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ بزاندرێ کە هێزی کوردەکان  کە بە پێی قسەی هێندێکان ژمارەی دەگاتە ٤٠ هەزار کەس ئارامی خەیاڵی کاربەدەستانی عێڕاقی لە ناو بردووە.
ئەمڕۆ کوردە سەربەخۆیی خواز یان خودموختاری خوازەکانی ئێران قسەی ئاوا دەکار دەکەن و هەنگاوی ئەوتۆ دەنێنەوە کە زۆر وە هەڵسووڕانی ئازەربایجانییەکان دەچن و زۆریان لێ نزیکن.
خۆیان بەو هەنگاوانە خۆیان دەڵێن ئازادی و شۆڕش بەڵام هێندێکان ئەو هەنگاوانە بە سەرهەڵدان و خیانەت دەزانن.
هەرچۆنێک بێ ئەوەی ئاشکرایە بابەت کوردستانی گەورەیە کە ئامانجی قازیی محەمەد و مەلا مستەفایە و دیار نییە گەلۆ ڕۆژێک ئەو ئارەزووخوازانە بە ئارەزووی خۆیان دەگەن یان نا.
جەوانان و پیرەکان
تاکوتەرای کوردستانی ئێران ، لە نیزامی و نا نیزامی ئەمڕۆ بە دوو دەستەی جیاواز  دابەش کراون.
جەوانەکان و پیرەکان
جەوانەکان ئەو کەسانەن کە لەگەڵ نفووزی سۆڤییەتییەکان لەو ناوچەیە دا هاو دڵی و هاوکارییان هەیە و پێیان خۆشە نیشتمانی کوردستان  خودموختاری هەبێ بەڵام  لە ژێر نفووزی سۆڤییەتییەکان.
بە پێچەوانەی جەوانەکان، پیرەکان چینێکی دیکە پێک دەهێنن کە شێوەی بیر کردنەویان دژی چینی یەکەمە و بەهیچجۆر ناچنە ژێر باری نفووزی سۆڤییەت  ئاواتیان ئەوەیە وەک ڕابردوو  لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران کار بکەن ، و لە پێکهاتنی حکوومەتێکی خودموختار لە ژێر سولتەی سۆڤییەتییەکان و جوێ لە ووڵاتی ئێران بێزارن.
ئەمڕۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئێران و سۆڤییەت بە ژوور سەری ئەو چینە پیر و جەوانە دا دەگەڕێ و هەر چەند چالاکییەکان جەوانەکان بەڕێوەی دەبەن بەڵام دەبێ بزاندرێ بەڕێوە بردنی ئەو بزووتنەوانە بە فکری پیرەکان جێ بە جێ دەکرێن.
بە باوەڕی سوڤییەتییەکان و ئینگلیسییەکان و ئەمریکاییەکان ، وەزعی ئێستای کوردستانی ئێران بە جۆڕێکە کە ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەلەرزە دەخا و دەیشێوێنێ و هەر کام لەو دوو لایەنە تێگەیشتنیان لە  ووشەی ئەمنییەت جیاوازە  و بۆچوونی تایبەتی لە مەڕ خۆیان هەیە.
بەر لەوەی درەنگ بێ
سۆڤییەتییەکان ئێستا لە فکری سازکردنی حکوومەتێکی خودموختاری گەورەن لە کوردستان. ئەو حکوومەتە خودموختارە ئەگەر ساز بێ کوردەکانی ئێرانی ، و عێڕاقی و تورکیش وەبەر دەگرێ و ئەگەر نەخشەیەکی ئاوا ساز بێ ، دەکرێ بگوترێ کە سۆڤییەتییەکان گەمەکەیان بردووەتەوە  و ئێستا ئەوە ئەرکی دەوڵەتەکانی ئێران و عێڕاق و تورکیایە کە بەر لەوەی تووشی کاری کراو بێن بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدەن.
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە هەرچییەک کە دەبێ بکرێ پێویستە زووتر بکرێ. هەرچۆنێک بێ ئەگەر ئەو سێ دەوڵەتە پچووکە نەتوانن لە ئاست فشارەکانی دەوڵەتێکی گەورە خۆڕاگری بکەن کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردەکان یەک دەگرێتەوە ، یان ئەوەی کە نەتوانن و نەیانەوێ لە سەر ئەو مەسەلەیە لە لای شووڕای ئەمنییەت شکایەت بکەن ، ئاشکرایە ئینگلیستان و فەڕانسە جارێکی دیکە بابەتی کوردستانی ئێران وەکوو دەمەترسی کەوتنی ئاشتیی گشتی لە شووڕای ئەمنییەت دا دەهێننە گۆڕێ.

هیچ نظری موجود نیست: