۱۳۹۵ بهمن ۲۳, شنبه

جەنابی قازیش ڕۆییشت, کاتێک کە باران باریوە ، هیچ چارەیەک نییە جگە لە خواردنەوەی ئاوی باران نەبێ


ڕۆژنامەی ' ایران ما '
 ژمارەی ٥٧٧ ، ساڵی چوارەم  دووشەمە ٢ – ی پووشپەڕی ١٣٢٥ [ هەتاوی ] / ٢٣ –ی ژووەنی ١٩٤٦
خاوەن ئیمتیاز : جەهانگیر تەفەزولی

جەنابی قازیش  ڕۆییشت
کاتێک کە باران باریوە ، هیچ چارەیەک نییە جگە لە خواردنەوەی ئاوی باران نەبێ

کاتێک کە جەنابی قازیی محەمەد  بۆ وتووێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیر و دەوڵەتی ناوەندی هاتبووە تاران، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە تاران و چەند دیدار لە سەرۆکوەزیر و کاربەدستانی دی گەڕایەوە کوردستان
کاتێک کە جەنابی قازی هاتە تاران ئێمە بەو بۆنەیەوە چەند بابەتێکمان  لە " ایران ما  " دا بڵاو کردەوە و حەولمان دا تا ئەو جێگایەی کە لێی ئاگادار بووین چاوەڕوانییەکانیان لە دەوڵەت لێرە دا بڵاو بکەینەوە.
تا ڕادەیەک بارو دۆخی کوردستانمان لەگەڵ ئازەربایجان بەراورد کرد و وبیرمان هێنایەوە کە  نێهزەتی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ژێڕ ڕێبەرایەتی قازیی محەمەد دا بەو پەڕی لێوەشاوەییەوە هەڵدەسووڕێ و بە قەدەر نێهزەتی دێمۆکڕاتیکی ئازەربایجان بۆ پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاسی واقعی گرینگی هەیە .
ئەو کاتەی کە جەنابی قازی تازە هاتبووە تارانێ و هێشتا دەستی نەکردبوو بە وتووێژ لە گەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی خۆشبەختانە چاو پێکەوتنی بەڕێزیان وەک چاوپێکەوتنی نوێنەرانی ئازەربایجان کە هەر کەسانی تایبەتی بۆیان هەبوو بیان بینن ، قەدەغە نەکرا  بۆیە چەند کەس لە نووسەرانی ' ایران ما' دیداریان کرد لە جەنابی قازیی محەمەد.
لەو دیدارە خۆمانەیە دا کە ژمارەیەک  لە دۆستانی قازی و ڕۆژنامە نووسانی دیکەش ئامادە بوون یەک لە ئامادەبووان سەبارەت بە داوخوازەکانی کوردەکان هێندێک پرسیاری لە جەنابی قازیی کرد کە ئێمە ئەمڕۆ بەجێی نازانین بەشێک لەوان بڵاو بکەینەوە.
لە ووڵامی ئەو پرسیارە دا کە کوردەکان چیان دەوێ، قازیی لەو پەڕی ڕووخۆشی دا ووڵامی دایەوە  کە ئێمە تەنێ دێمۆکڕاسی و بەڕێوەچوونی ڕاستەقینەی ئەومان دەوێ، ئێمە تەنێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئازادیمان دەوێ لە پێناو پێشکەوتن و پێشوەچوونی ئاشتیانە بۆ تەواوی میلەتی ئێران. ئەمڕۆ بمانەوێ و نەمانەوێ بار و دۆخی دنیا گۆڕاوە  و خەڵکی دنیا لەگەڵ شێوە و بیروڕای تازە ناسیاوییان پەیدا کردووە و داوخوازی تازەیان هەیە  کە دەبێ بە قسەیان بکرێ.
لێرە دا قازی تەمسیلێکی ناسک و شیرینی بۆ ئامادە بووان گێڕاوە،
قازی ئاوای گوت:  " سەردەمایەک لە ووڵاتێک پادشایەک لەگەڵ وەزیرەکەی حوکمیان دەکرد.جارێک وەزیری پادشا لە بەر زانستی ڕەهای خۆی زانی کە بە زوویی بارانێک دەبارێ کە هەر کەس لە ئاوی ئەو بارانە بخواتەوە فکری دەگۆڕێ و شێت دەبێ.
لە بەر ئەوە پادشا فەرمانی دا بە وەزیرەکەی کە چاوی بە سەر خەڵکەوە بێ بۆ ئەوەی هیچکام لە ڕعییەتە گوێڕایەڵەکانی لە ئاوی ئەو بارانە نەخۆنەوە. بەڵام باران باری و ئامادەکارییەکانی وەزیر کەلکی نەبوو و بەکار نەهات و خەڵک بەرە بەرە دەستیان کرد بە خواردنەوەی ئاوی بارانەکە و فکریان گۆڕا و لە ڕوانگەی پادشا و وەزیرەکەیەوە شێت بوون و دەستیان کرد بە نافەرمانی و سەرپێچی. ئەو جار کاتێک کە زۆربەی خەڵک لە بەر خواردنەوەی ئاوی باران شێت ببوون، هەموویان  پادشا و وەزیریان کە لەگەڵ ئەوان نە دەسازن و هاوڕایان نەبوون بە شێت دەزانی و پێکێشیان دەکرد پادشا و وەزیرێکی عاقڵ بۆ خۆیان هەڵبژێرن کە بکرێ لەگەڵیان بسازێن .
پادشا لە دووی وەزیری نارد ڕاوێژ و تەگبیری پێ کرد و پرسی  چ بکەین. وەزیر گوتی ئەی پادشا ئێستا خەڵک شێت بوون . نەکرا پێشی بارانەکە و خواردنەوەی لەلایەن خەڵکەوە بگرین، بەڵام ئەمن  بۆ ئیحتیات جامە ئاوێکم  پاشەکەوت کردووە و ئەگەر دەتەوێ درێژە بدەین بە حوکم کردن بە سەر ئەو خەڵکە دا دەبێ لەو ئاوە بخۆینەوە و لەگەڵیان هاوڕا بین و وەک پادشا و وەزیریان بمێنینەوە ..."
قازی ئەو تەمسیلەی خۆی لە بیدەنگییەکی قووڵ و پڕ هەیەجان دا کە ڕوحی ئامادە بووانی داگرتبوو تەواو کرد و بۆ خۆی نەیەویست ئاکامی بەسەرهاتەکەش بڵێ .
بەڵام هەر کەس کە ئەو چیرۆکە ببیسێ  دەزانێ تێ دەگا کە ئەمڕۆ لە ڕاستیدا بارانێک کە بیروڕایان دەگۆڕێ  لە ووڵاتی ئێمەش دا باریوە و هەیئەتی فەرمانڕەوای ئێمەش بۆ ئەوەی دیسان بتوانێ لەگەڵ خەڵک بسازێ و حکوومەتیان بە سەر دا بکا  ناچار دەبێ لەو بارانی دێمۆکراسییە بخواتەوە و دڵپاکانە لەگەڵ خەڵک هاوڕا بێ.
قازی بەو تەمسیلە دەیەویست پێداویستییەکانی زەمان و مەکان و پێویستیی بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاسی واقعی کە داوای وی و هەموو ئازادیخوازنی ئێرانە جەخت بکاتەوە.
لە ووڵامی پرسیارێکی دی سەبارەت محەمەد ڕەشید ( حەمە ڕەشید ) و مەلا مستەفای بارزانی کە لێی کرا قازی گوتی : " محەمەد ڕەشید  کەسێکی کوردە ، بنەماڵەکەی و باب و باپیران و خۆی بە سەدەیان و بە ساڵان لە بانە نیشتەجێ بوون و خزمەتیان بەو مەملەکەتە کردووە و لە زەمانی حکوومەتی ڕەزا شا دا لە بەر گوشارە تاقەت پرووکێنەکانی وی پەنایان برد بۆ کوردەکانی عێراق و لە دوای خەرمانانی ١٣٢٠ گەڕاوە ئێران . بەڵام مەلا مستەفاش لە ئازادیخوازانی بەنێوبانگی کوردە لە عێڕاق کە بە ساڵانی درێژ بە دژی کۆلۆنیالیزم و بۆ یارمەتی بە میلەتی عێراق  خەباتی کردووە و ئەمڕۆ لە بەڕ گوشاری ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە بە سەر عێڕاق دا زاڵن پەنایان هێناوە بۆ خاکی ئێران  و ئێستا ئەرکی دەوڵەتی ئێرانە وەک ئازادیخوازێکی بەناوبانگ پشتیوانی لێ بکا و بیحاوێنێتەوە:
ئێران نەک تەنیا دەبێ لانکی ئازادی بێ بەڵکوو دەبێ یەک لە پەناگەکانی تێکۆشەران و ئازادیخوازنی هەموو دنیا بێ.
یەک لە ئامادەبووان گوتی کە چاپەمەنی ڕاست ئاژۆ و سەر بە دەوڵەت  ئەو ئۆپێڕاسیۆنە نیزامیانەی کە لە کوردستان دەکرێن وا نیشان دەدەن بە دژی مەلا مستەفا و محەمەد ڕەشید بن کە لە ڕوانگەی ئەواندا بێگانەن و ئەو هێرشانە بە دژی کوردە دێمۆکڕاتەکان نین.
قازی گوتی ئێمە پێمان وا نییە یانی لە ڕوانگەی ئێمەوە کوردەکان لە هەر کوێی دنیا دەبن با ببن ئێرانی بوون و دەبن و ئەگەر کەسانی ئاوا هەن کە کوردەکان بە نا ئێرانی و بێگانە دەزانن و پێیان وایە کە دەکرێ کورد نائێرانی بێ لە ڕاستی دا خیانەت بە ئێران و کۆمەڵی ئێران دەکەن.
ئەگەر دەوڵەتەکانی ڕابردوو بە درێژایی مێژوو لە بەڕ بێ لیاقەتی خۆیان ژمارەیەک لە باشترین تاکوتەرای میلەتی ئێرانیان خستووەتە پشت سنوورە دەسکردەکانی خۆیان، ئەوە میلییەتی ئەوان نائەستێنێتەوە و لە ڕاستیدا ئەوان میلییەتیان ناگۆڕن و نابێ ئەوان بە غەیری ئێرانی بزاندرێن ."
ئەوانە هێندێک نموونەن لە بیروڕای قازیی محەمەد ڕێبەری دێمۆکڕاتەکانی کوردستان. هەرچۆنێک بێ قازیی محەمەد بە ئیدەئاڵی زۆر ڕوون و ئاشکرا لە پێناو دێمۆکڕاسی ئێران و خۆشبەختی هەموو میلەتی ئێران هاتبووە تاران.
ئێستا کە بەڕێزیان گەڕاونەتەوە کوردستان ئاگاداری ڕەسمی سەبارەت بە وتووێژەکانی تاران و ئەو ئاکامانەی بوویەتی لە بەر دەست دا نین.
ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە ئەمڕۆ بە ڕواڵەت  وەزع لە ناوەندی ئێران بە تەواوی گۆڕاوە و سەرۆکوەزیری ئێران ئاغای قەواموسەلتەنە حەول دەدا  پێوەرە دێمۆکڕاتیکەکان لە سەرتاسەری ئێران پەرە پێ بدا و جێ بە جێیان کا و هەر بۆیە بە بۆچوونی ئێمە ڕێکەوتنی نێوان بەڕێزیان و ئاغای قازیی محەمەد بە هاسانی  دەکرێ.
ئێمە پێمانوایە گەڕانەوە و چوونەوەی ئاغای قازیی محەمەد  بە دوای وتووێژی دۆستانەی کە هەر دووک لا لە سەریان پێک هاتوون بووە و دەبێ چاوەڕوان بین ئاکامی ئەو پێک هاتنە خۆی دەر بخا.

ئەو جۆرەی کە دەگوترێ ئێستا ڕێکەوتنێکی ئاوا  کراوە کە دەوڵەت ئەو هێزە نیزامیانەی ناردراون بۆ کوردستان بکشێنێتەوە، حکوومەتی نیزامی هەڵوەشێنێ و بارو دۆخ بگەڕێنێتەوە سەر وەزعێک لە پێش مانگی خەرمانانی  ١٣٢٠ دا هەبوو و دێمۆکڕاتەکانیش بڵاوە بکەن بە هێزە چەکدارەکانی خۆیان.
ئەوەی کە دەبێ لەبەر چاو بگیرێ ئەوەیە کە لە ڕاستیدا بۆ جێ بە جێ کردنی هەموو گیروگرفتەکانی ئێران دەبێ بەو پەڕی نییەت باشی بە جیدی و بە ووردی دێمۆکڕاسی بەڕێوە ببردرێ.
لە ڕاستیدا دەبێ هەیئەتی فەرمانڕەوای ئێمەش جامی ئاوی باران فڕ کا و لەگەڵ ئازادیخوازانی ووشیاری ئێران دڵپاکانە هاوڕا و هاو ئاهەنگ بێ تەنیا بەو شێوەیەیە کە هەموو کێشەیەک بە هاسانی چارە دەکا.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

هیچ نظری موجود نیست: