۱۳۹۵ بهمن ۲۱, پنجشنبه

بۆزۆرگ عەلەوی پەسنی پێشەوا قازیی محەمەد و میرجەعفەر پیشەوەری دەدا




بۆزۆرگ عەلەوی پەسنی پێشەوا قازیی محەمەد و میرجەعفەر پیشەوەری دەدا
' .....
 مۆئمینی : ئێوە چەند ڕۆژ لە ئازەربایجان بوون ، دوایە چوونە کوردستان ؟


عەلەوی : بەڵێ من هەر ئەو دەمی چوومە کوردستان .

مۆئمینی: بە تەنێ ؟
عەلەوی: نا ، نا، هەموو ڕۆژنامەنووسەکان لەگەڵ بوون ؟ ئەمن نازانم ، بەڵام هەموویان لەگەڵ بوون.  ئ ئەوەی چاوڕاکێش بۆ من ئەوە بوو کە پێم گوتی و ئێستا لێرە دا دووپاتەی دەکەمەوە. سەرنجڕاکێش بۆ من کەسایەتی قازیی محەمەد بوو. ئێنسانێک بوو زۆر کتێبی دەخوێندەوە. ئەمن لەوێ زۆرم کتێب دیت. ئینسانێکی زانا، لە سەرەخۆ و بە ویقار بوو. بە ئارامی قسەی دەکرد. بۆچوونی خۆی دەگوت و شتێکی هێندەش کە لایەنی سیاسی هەبێ ئێستا وەبیرم نایە بەڵام کەسایەتی وی شوێنی لە سەر من دانا و من هەستم کرد کە ئەو لەوێ پیاوێکی بەحورمەت و دەستڕۆیشتوو یە چونکە ئەو کەسانەی کە دەهاتنە ئەوێ هەموو کڕنۆشیان بۆ دەبرد لە سەر چیچکان دادەنیشتن ، بە بێ ئیجازەی وی قسەیان نە دەکرد. جار جار ڕووی لە یەکێک لە ئامادەبووان دەکرد و کابرا شتێکی دەگوت یان دەچوو یان دەهات ...
هەڵبەت لە شاریش هەمان یانە ، واتە یانەی فەرهەنگ  کە چوو بووین  پڕ بوو  لە وێنەی ستالین .

مۆئمینی: لە مەهاباد ؟

عەلەوی: لە مەهاباد ، کە ئەوە نا مەنتقی و ناعاقڵانە وەبەر چاو دەهات.
موئمینی : ئەو یانەی فەرهەنگە ئی کوردەکان خۆیان بوو یان هەمان ڕابیتەی فەرهەنگی ئێران و شووڕەوی بوو؟

عەلەوی: ئی ڕابیتەی فەرهەنگی ئێران و شووڕەوی بوو بەڵام باشە ، کوردەکان لەوێ بوون. ئەخە ئینسان دەچێتە کوردستان ، مەهاباد دەبینێ، گیشە دەبینێ، بەو ڕێگایانە دا تێ دەپەڕێ؛ دوایە لە پڕ لەوێ وێنەی ستالین و فڵان و ئەوانە بە سەر دیوارەوە دەبینێ، یان ئەو کتێبانەی کە لەوێ دەیانفرۆشت  ئەوانە هەمووی هەر ئەو دەمی ئەو شوێنەی لە سەر من دانا کە ئەوە دەستکردە ، تەبیعی نییە.

مۆئمینی : چی ؟ وێنەکان

عەلەوی: لە جێدا گشت دەوروبەرەکە. و زیاتریش لاوان لەوێ بوون، ئینسانی تێگەیشتوو و بەساڵداچووتری لێ نەبوو.  کەس ئامادە نەبووە قسەت لەگەڵ بکا.  دیارە هەڵبەت  ئەمنیش کە لە کوردی حاڵی نەدەبووم بەڵام کەسی ئاواش کە فارسی بزانێ زۆر کەم بوون . موحیتیكی ناجوور بوو.       

موئمینی : ئەتۆ ئەوەت لەگەڵ قازیی محەمەد نەهێنا گۆڕێ کە ئەم دەوروبەرە دەسکردە؟

عەلەوی: نا، نا! ئەو ئەوەندە بە ویقار و بە حورمەت لەوێ دانیشتبوو و پێغەمبەرانە قسەی دەکرد کە لە جێدا مرۆ نەی دەوێرا قسەی ئاوای لەگەڵ بکا. بۆ من هەرچۆنێک بێ ئاوا بوو ؛ ئەوانیدیکەش هەر ئاوا نەیان پرسی. 

مۆئمینی: ئەتۆ بە شەخسە وتووێژت لەگەڵ نەکرد ؟
عەلەوێ: بۆچ نا بەڵام هەر هەمان قسەی ئاسایی بوو. قسەکانم وەبیر نایە، بە کورتییەکەی کاتێک ئەمن گەڕامەوە لە ڕۆژنامەکان دا هیچم نەنووسی یان ئەگەر شتێکیشم گوتبێ قسەی ئاسایی بوو، قسەی ئەوتۆ کە روحیان پشتیوانی لە سیاسەتی دەوڵەتی شووڕەوی بوو.

مۆئمینی: ئەوانیدی کە هەڤپەیڤینیان لەگەڵ قازیی محەمەد کرد بوو چ جۆرە مەسەلەیەکیان هێنا بوە گۆڕێ؟
عەلەوی : هیچ وەبیرم نایە

مۆئمینی: بەڵام ئەمن وەبیرم دێ کە هورموز هەڤپەیڤینێکی کرد بوو کە لە ڕۆژنامەی ' رهبر / ڕەهبەر ' دا چاپ کرا بوو. هەڵبەت ناوەرۆکەکەیم وەبیر نایە بەڵام لەوێدا هێندێک باسی ئامانجەکانی حکوومەتی کوردستانی کرد بوو. ئێستا با پرسیارێکی دیکە؛  لەو دواییانە دا  لەهەموو جێیەک دەنووسن جمهووری مەهاباد، بۆ لەوێ مەسئەلەی جمهووری لە گۆڕێ دا بوو؟
     
عەلەوی: بەڵی بەڵێ ، قسە لە سەر ئەوە بوو کە جمهووری خود موختاری کوردستان .

مۆئمینی: باشە، ئەگەر ئەوانە خۆیان بە بەشێک لە ئێران دەزانی چۆن دەیانگوت جمهووری، لە حاڵێک دا کە ئەو دەمی حکوومەتی ئێران سەلتەنەتی بوو ؟
  
عەلەوی:  " حکوومەتی خود موختار " ،  لە سەر " جمهووری " ئەمن دڵنیا نیم، " حکوومەتی خودموختار" یان " دەوڵەتی خودموختاری کوردستان ' و دیارە هاوپەیمانی ئازەربایجانیش.     

مۆئمینی: ئازەربایجان خۆ جمهوری نەبوو.
عەلەوی: نا، " حکوومەتی خودموختاری ئازەربایجان " بوو.
مۆئمینی: باشە ، ئەو شتانەی کە پوور والی دوای ئەو سەفەری کوردستان لە ڕۆژنامەی ' ایران ما / ئیرانێ ما ' دا  دەینووسی  ئەتۆ دەتخوێندنەوە؟ چ کارتێکەری نەبوو ؟

عەلەوی: بێگومان دەمخوێندەوە. بەڵام ئەو کارتێکەرییەی لە سەر من هەبوو کە باشە، پشتیوانی لە دەوڵەتی شووڕەوی دروستە، یانی ئەوە تێگەیشتنی من بوو، بیروباوەرێشم بوو و لە ڕاستیش دا ئێمە ئیمانمان بەوە بوو ئیدی!  
مۆئمینی: سەبارەت بە پیشەوەری، گۆیا ئەندامی حیزبی توودە بووە کە من نەمدەزانی. دوایە ئیعتیبارنامەکەی لە کۆنگرەی یەکەمی حیزب دا بەرپەرچ دەدرێتەوە.
عەلەوی : نا، پیشەوەری قەت ئەندامی حیزب [ ی توودە ] نەبوو.
مۆئمینی: ئەی ئەوانەی کە دەڵێن ئیعتیبارنامەکەی لە کۆنگرەی حیزب دا ...
عەلەوی: ئیعتیبارنامەکەی لە مەجلیس دا بەرپەرچ درایەوە.
مۆئمینی: نا، جگە لەوە. ئەوە دواتر لە مەجلیس دا بەرپەرچ دراوە . ئەی ئەوەی کە دەگوترێ ئیعتیبارنامەکەی لە کۆنگرەی حیزب دا بەربەرچ دراوەتەوە چییە؟

عەلەوی: پیشەوەری قەت نەبوو بە ئەندامی حیزبی توودە. هەر بۆیەش هەر لە هەمان سەرەتاوە ڕۆژنامەی جیاوازی خۆی وەڕێ خست. هیچ کات ئەندامی حیزبی توودە نەبوو.
مۆئمینی: بەڵام هێندێکان نووسیویانە کە ئەندامی حیزب بووە ..
عەلەوی: کێ بۆ نموونە نووسیویە؟
مۆئمینی: بۆ نموونە خامەیی نووسیویە کە پیشەوەری ئەندامی حیزب بوو و ئیعتیبارنامەکەی وەکوو نوێنەری حیزب لە ئازەربایجان لە کۆنگرە دا لە بەر دەستەبەندییەکانی ئەردەشیر کە لەگەڵی خراپ بووە ، بەرپەرچ دەدرێتەوە و ئەویش هەر لەوێوە زیز دەبێ و لە حیزب دەچێتە دەرێ.  
عەلەوی : بە باوەڕی من ئەوە لەو درۆ شاخدارانەیە کە خامەیی لە خۆ وە سازی کردووە. بەڵگەی بۆ ئەوە چییە؟
مۆئمینی: ئەمن بەدبەختانە لە بیرم چوو لە ئیرەج بپرسم. وێدەچێ ئەویش لە جێگایەک قسەیەکی وای کرد بێ.

عەلەوی: بروانە: ئەگەر شتێکی وا بوو با من دەمزانی چونکە من لەگەڵ پیشەوەری دۆست بووم. سیلولەکەی ڕووبەڕووی سیلوولی من بوو، ئەمن زۆر دەچوومە لای ئەو و گوێم لە قسەکانی هەڵدەخست و ئەو ئەمنی زۆر تەشویق دەکرد. ئەو داستانانەی کە من لە زیندان دەمنووسین بۆ هەمووانم دەخوێندەوە بەڵام بۆ پیشەوەری بەتایبەتی بە تەنێ بۆم دەخوێندەوە و ئەو منی تەشویق دەکرد دەیگوت بەهرەت هەیە و دەبییە فڵان و فیسار و لەو قسانە؛ و ئەگەر ئەمن خەبەرم پەیدا کرد با کە ئەو لە حیزب دا بووەتە ئەندام و ئیعتیبارنامەکەی بەرپەرچ دراوەتەوە  دەمزانی. ئەندامەتی لە حیزب دا خۆ ئیعتیبارنامەی ناوی، بەشداری لە کۆنگرە دا ئیعتیبارنامەی دەوێ.
    
مۆئمینی: دیارە هەر ئەو بەشداری لە کۆنگرە دا .

عەلەوی: هەر لە جێدا شتێکی ئاوا نییە. من هیچ کات پیشەوەری م لە کۆنگرە دا نەدیت. ئەوە لەو درۆیانەی کە هەڵیان دەبەستن.

مۆئمینی : لە سەر پیشەوەری ئیدی چی دی دەزانی؟

عەلەوی: نازانم گووتوومە یان نا؟ ئێستا دووپاتەی دەکەمەوە. پیشەوەری ئینسانێک بوو شانی دابووە بەرکارێک کە دەروەستی نەدەهات. ئەو خۆی هەستی بەوە دەکرد. دەست و باڵی بەسترا بوو، ئەو هەر کاتێک ویستبای هەنگاوێک هەڵێنێتەوە  ئەو پێکوڕە پچووکانەی شووڕەوی، دەستنێژەکانی شوورەوی کارەکەیان لێ تێک دەدا. لە سەر ئەو بابەتانە جەهانشاهلوو کە بە دڵنیاییەوە زانیاری زیاترە لە خامەیی ، هێندێک شتی نووسیوە کە بە گرد بڕی مرۆ دەبێ ڕوویان تێ کا. ئەگەر خۆ ویستییەکان ، و ئەمن ئەمن کردنەکانی جەهانشاهلوو لە ناوەرۆکی کتێبەکەی دەربهاوێژین هێندێک زانیاری تێدایە کە بە باوەڕی من بەکەلکە.


مۆئمینی: ئەوەتا لێرەیە، نووسیویە: " بۆ کۆنگرەی یەکەمی حیزب ١٧٣ نەفەر نوێنەر لە شارستانەکانی ووڵاتەوە هەڵبژێردرابوون، بەڵام تەنێ ١٦٨ کەسیان بەشدارییان کرد بوو. پێنج کەسی دیکەش بە هۆی جۆر بە جۆر لە کۆنگرە دا ئامادە نەبوون و یان وەک پیشەوەری ئیعتیبارنامەکەیان بەرپەرچ درایەوە " *

عەلەوی : درۆیە،

مۆئمینی: عەرزت بکەم دەمەویست سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پیشەوەری لە ڕووی ئەخلاقییەوە قسە بکەی. چونکە ئێستا گوتت کە لە زیندان چیرۆکەکانی خۆت بۆ دەخوێندەوە و تەشویقی دەکردی و بەوە ڕا دەردەکەوێ لەو ڕووەوە ئینسانێک بووە کە بە پێی داوەری تۆ قابیلییەت و بایەخی ئەوەی هەبووە کە چیرۆکەکان و نووسینەکانتی بۆ بخوێنییەوە و ئەو قسانەی ئەو لە سەر کارەکانت دەیانکا بە جیدی بگری. مانای ئەو قسانە ئەوەیە کە ئینسانێک بووە کە سەرەدەری لە شتان کردووە ، دواتریش کە ڕۆژنامەی " آژیر/ ئاژیر " بڵاو دەکاتەوە زۆر کەسان لەو باوەڕە دابوون کە ئەو سەر ووتارانەی کە دەینووسین زۆر پوخت و پاراو بوون. هەڵبەت من ئەو دەمی جار جار چاوێکم لە ژمارەکانی دەکرد بەڵام ئێستا هیچم وەبیر نایە.هەرچۆنێک بێ ئەو جۆرەی کە دەڵێن ئینسانێک بووە کە لەسەرەخۆ بیری کردووەتەوە.        

عەلەوی: ئەوانە هەموویان ڕاستن. ئینسانێک بوو کە کەڵەک و کوڵەکی نەدەزانی، سیاسەتمەدار بوو، تا ئەو جێگایەی کە لە مەبەست و ئامانجی خۆی کە خودموختارییەکی ڕاستەقینە بۆ ئازەربایجان بوو بەولاوە نەدەچوو. ئەهلی کتێب بوو، زۆریشی دەنووسی، یادداشتی هەڵدەگرتەوە. کۆکراوەیەک لە نووسینەکانی لە ئازەربایجانی شووڕەوی بڵاو بووەتەوە کە نازانم دیتووتە یان نا؟

مۆئمینی: ئەمن توتقەکانیم دیتووە .
عەلەوی: کۆکراوەی نوتقەکانی بە تورکی ئازەربایجانی .
مۆئمینی: بەڵێ
عەلەوی: من بۆت دەنێرم
مۆئمینی : نا ،
عەلەوی: من بەرگێکیم هەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئازەربایجانی تێ ناگەم دام بە کەسێک کە ئێستا وەبیرم نایە کێ بوو. ئەگەر لە بیرت بێ زنجیرەیەک ووتاری نووسی سەبارەت بە کتێبی یەکەمی من ' ووردە کاغەزەکانی زیندان ' کە بڵاو بوونەوە، لە ڕۆژنامەی آژیر دا نووسی. پیشەوەری ئینسانێکی قانیع بوو، بە قەناعەتەوە دەژیا، عەییاش نەبوو، ئینسانێک نەبوو کە زۆر مەیلی هەبێ بۆ ئارەق و شەڕاب و خۆراک و فڵان و ئەوانە، ژنباز نەبوو، هەر لەگەڵ ئەو ژنەی کە زەواجی کرد بوو دەسازا. هیچ کات نەمبیست کاریکی سەرچلانە و هەرزە بکا. بە ڕاستی ئینسانێکی دروست بوو. بەڵام ئیدی وایە، لەپڕ کارێک کەوتە دەستی کە دیتی لە دەور و بەری ، بە پێی قسەی ئەم ڕۆژگارە، دەستەیەک مونافیق کۆ بوونەتەوە کە نایەڵن کارەکەی بکا. لەوەش دەرچێ، هەڵبەتە تواناییشی دەرەقەتی سیاسەتی دەوڵەتی شووڕەوی نەدەهات.
مۆئمینی: مانای ڕستەکەی دواییت ئەوەیە کە ئەو بۆ خۆی لە ئاست سیاسەتی دەوڵەتی شوورەوی  هێندێک بیروڕای هەبووە ؟
عەلەوی: بە گرد بڕی، بە دڵنیاییەوە وایە.
مۆئمینی: ئەمن زۆرم بیستووە کە ئەو هەمیشە خاوەنی دەنگی سەربەخۆی خۆی بووە و لە ئاست شووڕەوییەکان  ڕادەوەستا.

عەلەوی:  ئەمنیش هەر لە سەر ئەو باوەڕەم.  بەڵام  نەیدەتوانی کارێک بکا چونکە کەسانی وەک غوڵام یەحیا و خەڵکی دی لە هەموو جێیەک چاویان بەسەرییەوە بوو، بە تایبەتی غوڵام یەحیا کە لە جێدا هەر ناکرێ قسەی لێوە بکرێ. 
مۆئمینی: و تەنانەت دەنگۆ هەبوو کە ئەو تەسادوفەی کە کرا و بووە هۆی مەرگی بە هۆی پیلانێکەوە بووە.
عەلەوی : دەنگۆی وا هەبوو بەڵام من نازانم . دەڵێن بە ئانقەستە کوشتوویانە،

مۆئمینی: بۆچی ئەویان بە ئانقەستە کوشت ؟

عەلەوی: لەبەر ئەوەی لەوێش بە مەیلی ئەوان  هەڵنەدەسووڕا. بڕوانە ئەو جۆرە ئینسانانە لە جێدا جۆرە سەربەخۆییەکیان هەیە، بۆ نموونە با لەمەڕ مەلا مستەفا بارزانی بڵێم . ئەو دەیگۆت خۆ لە بەر ئەوە ئەمن نەهاتوومە ئێرە کە نان  و مەشرووبی خۆش بخۆم ؟ ئەویش بە پێی مەیلی شووڕەوییەکان هەڵنەسووڕا. دواجار بارزانی کەسێکی خێڵەکی بوو و قسەیەکی نەدەپەژراند کە پێی هەو نەبایە.


*ـ لاپەڕەی  ١١٠ ، فرصت بزرگ از دست رفته (  دەرفەتی گەورەی لە دەستچوو ، بەرگی دووەم ، بیرەوەرییەکانی دوکتور ئەنوەر خامەیی ) انتشارات هفته ، تاران ، رێبەندانی ۱۳۶۲


.....
تێبینی

ئەو هەڤپەیڤینەی باقر مۆئمینی نووسەری کرماشانی لەگەڵ بۆزۆرگ عەلەوی
 نووسەری بەناوبانگی ئێرانی لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٣٦٤ ی
هەتاوی [ مانگی ئاوریلی ١٩٨٥ ] چل ساڵ دواتر لەو کاتەی کە عەلەوی سەری تەورێز و مەهابادی داوە  لە پاریس لە ماڵی موئمینی ئەنجام دراوە. ئەو چاوپێکەوتنە لە سەر کاسێت ئاستە کراوە و دواتر دابەزێندراوە. جگە لە مۆئمینی کەسێکی دیکەش لەو هەڤپەیڤینە دا  بەشداری کردووە. پرسیارەکانی مۆئمینی لە سەر جمهووری کوردستان و حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان بووە کە لێرە دا بەشی زۆریان وەرگێڕدراون. عەلەوی دەڵێ لەو سەفەرە دا وەک ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی ' مردم 'بەشداری کردووە، لەو سەفەرە دا جەهانگیر تەفەزولی، عەباس شاهەندە، مەحموود هورموز  لەگەڵ بوون و خەبەری ئەو سەفەرە لە  ژمارەی ١- [ پێنجشەمۆ ٢٠ – ١٠ – ١٣٢٤ / ١١ ژانڤییەی ١٩٤٦  و ژمارەی ٢-ی کوردستان ، شەمۆ ٢٢ – ١٠ – ١٣٢٤ /١٣-ی ژانویەی ١٩٤٦]  لە ژێر سەردێڕی ' گفتوگوی جنابی قاضی محمد پیشوای بەرزی کوردوستان دەگەل خاوەنانی روژنامەی تاران ' بڵاو کراوەتەوە. بە پێی ئەو بەشە سکانکراوەی ڕۆژنامەی ' شهباز' ئەو ڕۆژنامە نووسە ئێرانییانە ڕۆژی ٢٥-ی سەرماوەزی ١٣٢٤ هەتاوی [ ١٦ –ی دیسامبری ١٩٤٥ ] گەیشتوونە مەهاباد. ئەو سکانە ناتەواوەی ڕۆژنامەی ' شهباز' کە وێنەی پێشەوا، بۆزۆرگ عەلەوی و جەهانگیر تەفەزولی تێدا چاپ کراوە بە سپاسەوە لە ماڵپەڕی کۆماری کوردستان لە مهاباد ( ئاسۆی روونی ڕۆژهەڵات) وەرگیراوە، هیوادارم ئەگەر ئەو نووسینە دەبینن حەول بدەن ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی ' شهباز ' بە تەواوی بڵاو بکەنەوە.
وا دیارە ئەو گفتوگۆیەی مۆئمینی لەگەڵ عەلەوی ئێستا بە شێوەی کتێب بڵاو بووەتەوە. ئەو بەشانە بە سپاسەوە لە  ' سایتی انتگراسیون ایرانیان ساکن آلمان ' وەرگیراوە کە بەناوی 'یک گفتگوی خودمانی با بزرگ عەلەوی ' [ وتووێژێکی خۆمانە لەگەڵ بۆزۆرگ عەلەوی]  بڵاو بووەتەوە. بۆزۆرگ عەلەوی لە ٩-ی فێڤرییەی ١٩٩٧ لە تەمەنی ٩٣ ساڵی دا لە شاری برلین چاوی وێک نا.  کتێبی ' چاوەکانی ' وی کە بە شاکارێکی ئەدەبی داددەندرێ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردیی سۆرانی. سەردێڕی ئەو بابەتە ئی وەرگێڕی کوردی یە.
حەسەن قازی
١٠-ی فێڤرییەی
٢٠١٧

هیچ نظری موجود نیست: