۱۳۸۹ دی ۵, یکشنبه

وتووێژی نوێنەرانی ئازەربایجان و کوردستان لە گەڵ حکوومەتی نێوەندی سەبارەت بە چارەنووسی زەنگان، تیکانتەپەی هەوشار و سەردەشت



نوێنەرانی حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان لە تاران بۆ وتووێژ لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی زەنگان بە تیکانتەپەی هەوشار و سەردەشت . دانیشتووان لە لای ڕاستەوە ئەوکەسەی دەستی چەپی بۆ زاری بردووە:١- دوکتور سەلاموڵای جاوید وەزیری نێوخۆی حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان ، ئەستانداری ئازەربایجان ٢- حاجی میرزا عەلی شەبوستەری سەرۆکی مەجلیسی نەتەوەیی ئازەربایجان، سەرۆکی مەجلیسی ئەیالەتی ، ٣- ئەبولقاسمی سەدری قازی نوێنەری کوردستان لە تاران. ٤- ئەو کەسەی لە پشت شەبوستەری ڕاوەستاوە بە ئەگەری زۆر دوکتور ڕەزای ڕادمەنێش سکرتێری گشتی حیزبی توودە ئێران و نوێنەری خولی ١٤ی مەجلیسی شوورای میللی یە.
زیائەدینی ئەلەمووتی لە کتێبی " فصولی از تارخ مبارزات سیاسی و اجتماعی ایران و جنبشهای چپ " ، شرکت انتتشارات چاپخش ١٣٧٠، تاران " لە لاپەڕەی ٥٠١ دا لە بن سەردێڕی مەسەلەی بۆکان [ تیکان تەپەی هەوشار] سەردەشت و بانە دەنووسی: " لە سەفەرێکی دیکە دا لە تەورێزەوە بۆ تاران قازی محەمەد ، سەدری قازی وەک نوێنەری کوردەکان دیاریی کرد و ئەوە بە ئاگاداریی قەوام گەیشت. سەدری قازی بە کردەوە لە کۆمیسیۆنەکاندا بەشداری دەکرد. ئەو مەسەلانەی کێشەیان لە سەر بوو، بریتی بوون لە مەسەلەی بۆکان [ تیکان تەپەی هەوشار دروستە] و بانە و سەردەشت. ڕاست لەو وەختە دا هێزەکانی دەوڵەت لە گەڵ هێزی کوردان لە سەردەشت تێکهەڵچووبوون،بۆ ئاگاداری و پێڕاگەیشتنی ئەو مەسەلەیە سەدری قازی و مورتەزەوی لە لایەن ئازەربایجانەوە و سەرتیپ عەلەوی لە لایەن دەوڵەتەوە دیاریی کران و چوونە سەردەشت. پاش ئەوەی کە سەدری قازی لەو سەفەرە گەڕاوە پێی زانی کە نوێنەرانی ئازەربایجان بە لە دەست دانی زەنگان ڕازی بوون و دەوڵەتیش بۆکان (دەبێ مەبەست تیکانتەپەی هەوشار بێ و بە هەڵە نووسەر نووسیویە بۆکان) و سەدەشت دەداتەوە دەست کوردەکان. سەدری قازی لەو بڕوایە دابوو ئەگەر دەوڵەت زەنگان وەرگرێتەوە ئیتر بانە و تیکانتەپە ناداتەوە و پێکێشی دەکرد دەبێ وتووێژ لە سەر سەردەشت و تیکانتەپە دیسان دەست پێ بکاتەوە. کاتێک وتووێژ دەستی پێکردەوە قەوام بە تووڕەیی گوتی ئەڕتەش ئامادە نییە سەردەشت لە کیس بدا. پاش وتووێژی دوورو درێژ و هێنانە گۆڕی سەنەد و بەڵگە قەوام پێمل بوو و بڕیار درا لە مەڕ سەدەشت و تیکان تەپە بە جیاواز بنووسرێ و بۆ جێ بە جێ کردنی مەسەلەی سەردەشت لە لایەن فیرقەوە حەسەنی جەودەت و لە لایەن دەوڵەتەوە سەرلەشکر ڕەزم ئارا وەک کۆمیسیۆنی ئاوارتە چوونە سەردەشت. ئەڕتەشی سەر بە دەوڵەت کوردەکان و کوردەکانیش ئەڕتەشیان بە خەتابار دەزانی، هەر چۆنێک بێ مەسەلەکە بە ڕەزایەتی هەر دووک لا جێ بە جێ کراو و نوێنەران گەڕانەوە..."
تێبینی: ئەم وێنەیە بەسپاسەوە لە کتێبی : ساوجبلاغ مکری ( مهاباد ) وەرگیراوە. بەداخەوە ئامادەکاری کتێبەکە باسی سەرچاوەی ئەم وێنەیەی نەکردووە

هیچ نظری موجود نیست: