۱۳۹۰ آبان ۲۲, یکشنبه

وێنه‌یه‌کی عه‌لی خوسره‌وی له‌ هه‌ڵسووڕاوانی کۆماری کوردستان


عەلی خوسرەوی یەکێک لە کادرە هەڵسوڕاوەکانی کۆماری کوردستان بووە و لە ئەندامانی گەنجی کۆمەڵەی ژ.ک. و دواتر لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و کۆمار دا بەرپرسیارەتی جۆر بە جۆری هەبووە. وەک سەدری یەکەتی جەوانانی دێمۆکڕاتی کوردستان، مودیری داخڵی چاپخانەی کوردستان، پشکنی فەرهەنگی کوردستان و بەرپرسی ڕادیۆی مەهاباد.ئەم وێنەیە دەبێ ئی سەردەمی چالاکی خوسرەوی لە کۆمەڵەی ژ.ك. دابێ.

کوردستان، ژمارەی ٩، شەمۆ ١٣ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ (٢ فێڤرییەی ١٩٤٦)

کورد و ئازەربایجان

تا چەند ساڵ لەوەپێش کە وێستا شەیپووری ئازادی لێ نەدرا بوو هێزی ئەهریمەنی فاشیستی دە دونیا دا موسەلەت بوون، کورد و ئازەربایجانی لە گەڵ یەک زۆر ناکۆک بوون، دەستی ئیستیعمار بۆ ئیستیفادەی خۆی شەو و ڕۆژ خەریکی ئیختیلاف لە نێو ئەو دوو نەتەوە نەجیبە دا بوو تا بە بۆنەی ئەوە بتوانێ لە مەنافعی مادی ئەو نەتەوانە بەهرەوەر بن و لە مەنافعی وان کۆشک و باڵەخانەی چەند نهوومیان ساز دەکرد و لە تێک بەردانی ئەوان بۆ خۆیان لە کۆشکەکانی تارانێ دادەنیشتن و قا قا بە ڕیشی میلەتی مەزلووم کە هەڵفریوا بوون پێ دەکەنین.
وەلی بە یارمەتی خودای بێ هاواڵ ڕۆژی ڕەشمان ڕووناک بوو زنجیری ئەسارەت لە دنیا دا پسا و ئاخەرین نەفەر لە دەست پەروەردەکانی هیتلێر یەک لە دوای یەک بە جەهەنەم موشەڕەف بوون.
چاومان هەڵێنا دیمان کە دەست و پێوەندی گۆبلێزی لەعنەتی تا وێستا لە دووبەرەکی ئێمە ئیستیفادەیان کردووە و بۆ مەنزوور و مەڕامی خۆیان کورد و ئازەربایجانیان پێک وەر کردووە.
بەڵێ وەخەبەر هاتین دیمان کە نەتەوەی ئازەربایجانی بۆ شوجاعەت و سەخاوەت و ئینسانییەت لە دنیا دا مەشهوورن و لە ڕێی ئازادی و دێمۆکڕاسی دا کووژراویان زۆر داوە و ئەوانیش هەر وەکوو ئێمە بەش خوارون.
بەڵێ بیلەخەرە بە هیممەتی برایانی بەرزی کوردی،ئازەربایجانی ئیتیحادی مەحکەم لە بەینمان بەسترا و دەستی ئیتیحادمان دا دەست یەک و سوێندمان خوارد تا نەفەرێک لە فاشیستەکان بمێنێ دانانیشین و دەبێ لە بەینی بەرین. دوژمنانی مە دەبێ بزانن ئەگەر قەدەمێک لە نیشتمانی ئێمە بێنە پێش بە زۆری باسکی کوڕانی ئازدیخواهی کوردی و ئازەربایجانی مەحو دەبنەوە.ئومێدەوارم کە ئەو ئیتیحاد و برایەتی یە لە بەینی ئەو دوو نەتەوە بەشخوراوە ڕۆژ بە ڕۆژ بە کوێرایی چاوی دوژمنانی دێمۆکڕاسی مەحکەمتر و بەردەوامتر بێ. بەرقەرار و پایەدار بێ برایەتی کورد و ئازەربایجانی.

عەلی خوسرەوەی



تێنینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە کاک سامڕەندی حیسامی نەوەی عەلی خوسرەوی بۆ 'وێنەی کۆماری کوردستان'ی ناردووە

هیچ نظری موجود نیست: