۱۳۹۲ بهمن ۲۱, دوشنبه

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نەغەدە بە سەرپەرستی حوسێنی زێڕینگەران، چوارشەمە ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاوی




کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، ژمارەی ٢٥، یەکشەمە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٤
١٧ی مارس ١٩٤٦
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە نەغەدە
شەوی سێشەمە بوو دانیشتبووم لەگەڵ لەگەڵ هاوڕییەکانمان لە ژوورەکەی خۆمان دا کە لە پڕ کاک محەمەدی قادری بە پەشۆکاوی خۆی بە ژوور دا کرد و بە چاوی پڕ لەگریانەوە کوتی: " مژدە مژدە بێ ئیمڕۆ ئاڵای کورد لە مەهاباد بەرز کرایەوە" و بە دوای ئەم قسەیە پەلاماری داین و دەستمان کردە ملی یەک و بە بێدەنگی مودەتێ خەریکی ڕشتنی فرمێسکی شادی بووین.بەڵێ هیچ کەسێک لە ئێمە نەی دەتوانی کە قسەیەک بکات. دوای ئەو مودەتە سەرم هەڵبری و کوتم: " ئاه ئەوە تۆ بڵێیت خەو بێت یا حەقیقەت بێت ئاڵای کورد لە مەهاباد بەرز کرایەوە و دەستم کرد بە پڕمەی گریان.
ئەوەندی بەسەر نەچوو یەکێک لە هاوڕێیەکانم کوتی براکانم بەسە گریان پێویستە هەموو هەڵسین شایی بکەین، لەو وەختە دا کاک محەمەدی قادری هەڵی دایە و کوتی: ڕۆژی چوارشەمەش لێرە بەرز ئەکرێتەوە. هاوڕێیەکەم دووبارە هاتەوە قسە و کوتی: " کە وا بوو ئێمە نابێت سەفەر بکەین تاکوو ئاڵای پیرۆزمان بە چاوی خۆمان نەبینین لێرە بەرز بکرێتەوە" ئێمەش هەموو موافەقەتمان کرد لە سەر قسەکەی. " کاک حوسێن فرووهەر و کاک عەلی خوسرەوی بە نمایەندە لە مەهابادەوە هاتوون و ئاڵای موقەدەسیان لە کنە و ئێستا لە مەنزڵی کاک ئەحمەد میوانن. کاک محەمەدی قادری لە بەرخۆیەوە کوتی: عێمەش بێ پەروا هەڵساینە سەر پێ و بە بێ ئەوەی ئیزن لە میوانەکەمان بخوازین هەرکەسە بۆخۆی بە ڕاکردن چوو بۆ ماڵە کاک ئەحمەد و لەوێش ئەو کارە رەهاتو گریانمان کرد وەکوو لە ژوورەکەی خۆمان کردمان. کاک ئەحمەدی قادری کە سەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانە لە نەغەدە ( مەبەست حدك ە) دەستبەجێ سەربازانی کۆ کردەوە و کاغەزی دەعوەتنامەی تەسلیم کردن کە بیبەن بۆ ئاغایان و ڕەعییەتی ئەتڕافی نەغەدە بۆ حازر بوون لە وەختی بەرز کردنەوەی ئاڵا دا.
ڕۆژی سێشەمۆ دەستە دەستە سوارانی کورد و تفەنگچیان داخڵی شار بوون منیش جێگا بە خۆم ناگرم و هەر ئەمسەر ئەو سەرم دەکرد. و کاک ئەحمەد قادری ئەمری کرد کە ڤەوانان کۆبنەوە، و هێندێک سرودی میللی یان فێر بکەن. ئێمەش زۆر کەیف خۆش بووین  لەو وەزیفەیە کە پێمان بەخشراوە. ئەو ڕۆژە هەر خەریکی فێر کردنی جەوانان بووین.
ڕۆژی چوارشەمۆ کە بیست و هەشتی مانگی سەرماوەزی بیست و چوار ئەکات لە سەعاتی ٦ دا ئەهالی نەغەدە  و بانگ کراوانی دەور و پشتی لە بەردەمی ئیدارەی دێمۆکڕات دا کۆبوونەوە. قوتابیانی ئەرمەنی و ئاسۆری بە خۆیان و بە بەیداغی سووریانەوە بەرەو ئیدارەهاتن ، جەوانانی کورد بە پیریانەوە چوون و لە چەپڵەرێزانێکی بەرز و فەڕەحناییەکی زۆرەوە قوتابییەکان گەیشتنە جێگای داندراوی خۆیان. دوای ئەوانیش بەتەرتیب قوتابیانی نەغەدە هەر وا داخڵی جێگای خۆیان بوون و بە گۆرانی حەماسی میللی و چەپڵەڕێزانێکی بێ هاوتاوە. لەو بەینە دا کاک ئەحمەدی قادری سەرۆکی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان لە مەنتیقەی نەغەدە دا دەستووری دا بە دەست پێکردنی شادی و بەرزکردنەوەی ئاڵای.
کاک حوسێنی فرووهەر و کاک عەلی خوسرەوی ئاڵایان برد بۆ ئەو سوارانەی کە لە دەری شاری وەستابوون. سواران ئاڵایان وەرگرت و بە جارێک سێسەد و پەنجا  سوارچاکی کوردی هەر یەکێک ڕۆستەمێک بوون بۆ خۆیان بە ئاڵای موقەدەسەوە کە لە پێش سوارانەوە هەڵگیرابوو بە ئینتیزامێکی زۆر جوان لە ژێر سەرکردەیی کاک سەعیدی قۆپی، کاک محەمەدی سوار، کاک ئەحمەدی ئەحمەدی  داییرە و ئیدارەی پارتی هاتن و تا گەیشتنە لای بیناکەوە بە بێ ژمارە مەڕ و مانگا لە بەر دەمی ئاڵا دا سەربڕا و دەنگی چەپڵە و هوڕا کێشان دەگەیشتە کەهکەشانی فەلەک.سوارەکان کە نیزیکی دە هەنگاویان مابوو بگەنە جێگای خۆیان بە جارێک نیزیکەی چوار هەزار کەس هێرشیان برد بۆ سەر ئاڵاکە و زیارەت کردنی و سوجدە بردن. بەڵام کاری قەرەوڵەکان ڕاست بێ کە دوای زەحمەتێکی زۆر ئاڵایان گەیاندە سەر پەیژە. ئەو جار نۆرەی ئێمە بوو کە لە سەربان بدوێین ، زیارەتی بکەین و ئەڵبەتە هەر کەس حەولی ئەوەیەتی کە زووتر و یەکەم کەس بێ کە زیارەتی بکا و ئەم یەکەمەش وەبەر کاک غوڵام ڕەزا خانی خوسرەوی کەوت کە لە هەموان بە پەرۆشتر و بەهێزتر بوو و منیش وەختێک کە سەیر دەکەم هەر تەنیا خۆم نیم کە فرمێسکی شادی دەرێژم بەڵکوو بەجارێک دەسرەیان بە چاوانەوە گرتووە،بەڵام کاک حوسێنی فرووهەر و کاک غەنی خوسرەوی دەبێ بەشی خۆیان ڕشتبێ لە سابڵاغ، و کاک حوسێنی فڕووهەر چریکاندی کە ئاگادار بن کە ئاڵای پیرۆز بڵند دەکرێتەوە و ئەمری دا : " بۆ ئاڵا سەلام کە" لەگەڵ ئەو ئەمرە تێکڕا هەموو بە جارێک کز و مات بوون و دەست بەرز کرایەوە بۆ وەرگرتنی سەلام و دەستەی جەوانان سروودی کوردستان، کوردستان نیشتمانی جوان یان لە ژێر فەرماندەی لاو چاک کاک محەمەد قادری دا خوێندەوە. تفەنگچیانی کورد کە لە ژێر فەرماندەیی کاک ئیبراهیم نووسەری دەفتەری پارت دا بوون و ژمارەیان گەیشتبووە ٢٠٠٠ کەسێک و سوارانی کورد دەستیان کرد بە تەقە کردن بە جۆرێکی وا کە ئینسان مچوڕکی پێ دا دەهات و سامی شەڕی لێ دەنیشت.
لەولایەشەوە موسەلسەل کردبووی بە ڕۆژی خۆی. دوای بەرز کردنەوەی ئاڵا کاک میرزا ئیبڕاهیم نووسەری دەفتەری کۆمیتەی محەلی نەغەدەی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستان نوتقێکی ئیراد کرد کە سەوادی عەینی نوتقی لە پێوەندی ئەم نامەیە دا تەقدیمە و لە بابەت کردنەوەی جەلەسەکەوە ئەو شێعرانە کە میرزا ساڵح جەوانمەردی رێکی خستبوو خوێندییەوە و دیسان لە بەینی چەپڵەڕێزان و هوڕا کێشان بۆ ژیانی ماڕشاڵ ستالین  سروودی میللی لە لایەن برا و خوشکە ئەرمەنی و ئاسۆری یەکانەوە گوترا، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵکی تێی نەگەیشت بەڵان زۆر دڵشادیان نیشان دا چونکی لە سروودەکەدا کوردستان و ستالین ناو ئەبرا و هەر وەها بە چەپڵەڕێزان دوایی هات. ئەنجا کاک عەلی خوسرەوی بە دەنگێکی بەرزەوە و چریکەیەکی شێرانەوە گوزارشی خۆی لە بابەت ئاڵای کوردستان و شەهیدانی کورد و حکوومەت و سەربەستی کوردستانەوە دا. بەڕاستی قسەکانی پڕ تەئسیر و جێگای فەخر بوو  و لە بەر هوڕا کێشان و چەپڵەڕێزان بۆ ئەو قسە پر مەعنایانەی نەی توانی و ماوەی نەدرایە کە  گوزاریشەکەی تەواو بکا و کوتی کە ئێمە لە سەر رێوشوێنی دێمۆکڕاسی لە خۆمان زیاتر حقووقی ئەو نەتەوانەی کە لە ناو کوردستان دا دەژین  مەحفووز دەکەین و لە بەر وەی کە لە وێستا دا بلەوەزەکان بە ناحەق حقووقی ئێمەیان پامال کرد بوو لە بەرامبەر کردەوەی بلەوەزەکان ئێمە ئینشاڵا لە وەیڕا حوقووقی نەتەوەی چووک زیاتر چاوەدێری دەکەین و هەر نەتەوەیەکی کە دەستی  یەکەتی بۆ لای ئێمە درێژ کا ئێمە تەشەکور دەکەین و ئامادەین بۆ هەمو چەشنە یارمەتییەک لەگەڵ ئەو ئەقەلییەتانە. دووبارە جەوانان سروودی میللی یان خوێندەوە: " ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زبان". دوای تەواو بوونی سروود کاک م.ا.مەحموود چەند ووتەیەکی شیرینی گوت لە بابەت ڕۆژی ڕۆژی ئاڵا و وەسفی ئاڵاکە. جێگای تەقدیر و چەپڵەلێدانێکی زۆر بوو. لە لایەن ڕاوەستاوان و قوتابیانەوە سروودی میللی ئازەربایجان خوێندرایەوە بەڕاستی سروودێکی زۆر خۆش بە جۆشەوە بوو، ئەنجا برا و خوشکە قوتابییە ئەرمەنێکان و دوای ئەوان جەوانانی کورد دەرکەوتن و سروودی خۆشی خۆشیان خوێندەوە و دوای ئەوەی کە قوتابییەکی مەدرەسەی نەغەدە کوڕی ئاغای تەقی خان جێژنە پیرۆزەی لە کوردەکان کرد، شێردڵ گوزارشێکی دا لە بابەت جێژنی ئاڵای میللی یەوە و بە بژی پێشەوای جەماهیری شووڕەوی مارشاڵ ئێستالین گوزاریشەکەت تەواو کرد و لەناو چەپڵە ڕێزانێکی بێ هاوتا کاکە عەلی خوسرەوی لاویت خوێن گەرم دوایی نومایشی هێنا هەموومان بە دڵێکی شادەوە دەم بە دوحاوە بۆ ئاڵای شیرنی کورد و کوردستان و پێشەوای جەماهیری شووڕەوی و میلەتانی ئازادی خواه بەرنامە تەواو بوو و دەستوور درا تا سێ شەو و سێ  ڕۆژ جێژن و چراخان ببێ. بەڵێ بەرنامە بە خۆشێکی زۆر و دڵێکی پڕ لە عەشقی نیشتمان و پڕ لە مێهری پێشەوای موعەزەمی کوردستان دوایی هات.
و لە ئاخری دا کوتی: بژی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، بژی پێشەوای بەرز جەنابی قازیی محەمەد، هەر بژی ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان.
برایانی عەزیز میللەتانی مەحبووبی کورد، ئەوا ئیدارەی کۆمیتەی محەلی ئەنجومەنی ویلایەتی دێمۆکڕاتی کوردستان کە تەشکیل بووە و ئاڵای موقەدەسی کوردستان هەڵدەکرێ، فەقەت ئەو ئیدارە موحتەرەمە و ئەو ئاڵای موقەدەس مەخسووسی میللەتی کوردانە و میلەتەکانی دیکە چ ئەرمەنی، چ ئاسۆڕی، چە کەلیمی ئەگەر بێتوو دەست بدەنە دەستی ئێمە حازرین بە سەداقەت و ڕاستی و بە شەرافەت  و ویجدان بۆ برایەتی وان و خزمەت پێ کردنیان حازر دەبین.
شوکری لیلەه عەسری دێمۆکڕاتییە / مەوسمی جێژن و سروور و شادییە
کورد نەجاتیان بوو لە ژێر زوڵم و ستەم/ بۆ هەموو میللەت ئیتر ئازادییە
ڕۆژی کوردستان لە شیمالا هەڵات / زوڵمەتی شەو بۆیە هیچ پەیدا نییە
غەیری نەقدی جان و دڵ قائیل نەبوو/ هیچی دی بدرێ لە ڕێی مزگێنی یا
فرسەتێکی چاکوو بۆ هەڵ کەوتووە/ هەرچی دەیکەین فورسەتە یا مەرجانییە
چاکە وایە وەک پیاوان دەست دەنێ/ بۆ بڵێن ئەو کوردە بۆ هیچ چا نییە
لێو یەقین بێ وەختێ کابرا بێتەوە/ پاکوو پیسوو  پێکەوە زیندانییە
مردنێکی باشەرەف زۆر خۆشترە/ لەو ژیانی نەنگ و بێ ویژدانییە
شوکر ئیمرۆ کە لە دایکی خۆی بووە / چونکە ئەوڕۆ ڕۆژی دێمۆکڕاتییە  "

تێبینی: حوسێن  زێڕینگەران وەک ئەندامی کۆمیتەی محەلی حدک لە شاری مەهاباد و عەلی خوسرەوی کادری حدک کە لە سەردەمی کۆمار دا ئەرکی جۆر بە جۆری هەبووە لە زۆربەی ڕێوڕەسمەکانی هەڵکردنی  ئاڵای کوردستان دا ڕێکخەربوون و بەشداری چالاکانەیان بووە. تا ئێستا وێنەی هەڵکردنی ئاڵا لە مەهاباد، بۆکان ، باڵانیش و ... بڵاو بووەتەوە. ئەم وێنانەی دەیبینن بە ئەگەری زۆر ئی ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵا لە نەغەدەن.

 لەگەڵ سپاسی زۆر بۆ بەڕێز زیوەر شەریفزادە هاوسەری نەمر برایم فرووهەر و یای فەریبا و یای فەرزانەی فڕووهەر کچانی کاک برایم و نەوەی حوسێن زێڕینگەران بۆ لە بەردەست نان و پێ ئەسپاردنی ئەم وێنانە.

۱ نظر:

Unknown گفت...
این نظر توسط نویسنده حذف شده است.