۱۳۹۲ بهمن ۲۰, یکشنبه

حوسێن زێڕینگەران ( حوسێن فرووهەر) لە تاراوگەی شیراز لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی



مهاباد
نوریچشمان  عزیزم ‌آقای ابراهیم فروهر
اینک محض یادبود عکس خود را در تاریخ ١٩ فروردین ماە سال ١٣٢٠ کە بشیراز تبعید نمودە بودند یادگاری فرزند عزیز و ارجمندم آقای ابراهیم زردشت فروهر بوسیلەء پست توسط مادرم بانو رعنای فروهر ارسال گردید و سلامتی شما را با عموم خانوادە و عموزادگان ‌‌آقایان زرگری و امامی از خداوند متعال خواستارم
امضاء حسین فروهر
٢١/١/٢٠
وەرگێڕانی کوردی
نووریچاوانی خۆشەویستم ئاغای براییمی فرووهەر
ئێستا بۆ بیرەوەری وێنەی خۆم کە لە بەرواری  ١٩ی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٠ کە دوور خرابوومەوە بۆ شیراز  وەکوو یادگاری بۆ ڕۆڵەی خۆشەویست و بەڕێزم ئاغای برایمی زەردەشت فڕووهەر بە پۆست لە ڕێگای دایکمەوە یای ڕەعنای فڕووهەر  نارد و لەشساغی ئێوە و گشت بنەماڵە و ئامۆزاکان ئاغایانی زەرگەری و ئیمامی لە خوڵای بەرز داوا دەکەم.
ئیمزا:حوسێن فرووهەر
٢١/١/٢٠
*********
سەید محەمەد سەمەدی لە کتێبی  " تاریخ مهاباد ، انتشارات رهرو مهاباد، ١٣٧٣ (شمسی) " لە لاپەڕەی ٩٥-٩٦ دا دەنووسێ : " مەسەلی ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی. لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣١٩ی هەتاوی ژمارەیەک نیزیکەی ٦٠ تا ٨٠ کەس لە خەڵکی مەهاباد و دەوروبەری لە لایەن حکوومەتی ئەو دەمی ڕا دەست بەسەر کران و دوایە دوور دەخرێنەوە بۆ شیراز. ژمارەیەک لەو پاتراوانە بریتی بوون لە: حاجی یۆسف داودی ( حاجی مام وسووی قەساب)، غەفوور ئەلیاسی، حاجی حەسەن زوبەیری، سەید خدر نیزامی (سەید پیرە)، دەروێش قەساب، سەید ساڵح سەمیمی، سەید حەسەن تووژەڵە ، سەید عەبدوڵا سەید هەمزە، سەید حەسەن زەیدان، عەزیز موشیری، حاجی ڕەحمان  عەتتاری، خدری تەلیسان ، مراد ڕەسووڵ مرادیان، عەبدولخالەق موسڵچی، براییم فەهمی، عوسێن فرووهەر (حوسێنی زێڕینگەران)، عەلی ئەنوەری ( عەلی میر مەحموودی)، مەحموود دێهستانی (مەحموودی ڕەحمان مێرێ)، پیرۆت شيهاب نییا، ئەحمەد داودی (ئەحمەد مارف داودی)،سەید قادر قۆنداغچی، عوسێن ئاغای مەعرووفی ( حوسێن ئاغای میرەدێ)، برایمە سوور، عەبڵا چەپڵە (خەڵکی زینوێ)، سەید ڕەحیم نیزامی، مرادی ئایشێ خاڵە ( خەڵکی دێ قوم قەڵا)، حەمەدەمین مەشهوور بە مینە کەڵەشاخ، سەید تۆفیق زەریفی، حاجی ڕەحمان مۆرەکی، برایمی حاجی عەدەی دانیشتووی دێی قومارییە، محەمەد مەولوودیان ( حەمەدی مەولوودی)، مامە جەلیلی سمایلاغائامۆزای حەبیبی نەهری (قاوەچی)، حاجی بارامی داودی مەشهوور بە حاجی بارامی قاوەچی و دەگوترێ نێوی حاجی تاغی ، حاجی حوسێن ئەلیاسی و سەید جامی جەعفەری ش لە لیستەکە دا بووە، بەڵام ئەوانە بە جۆرێک کاری خۆیان جێبەجێ دەکەن و دوور ناخرێنەوە. ئەو کەسانە لە شیراز خۆیان بە شارەبانی (ئیدارەی پۆلیس)  دەناسێنن و لەوێ پێیان ڕادەگەیێندرێ هەموو ڕۆژێ بچنە شارەبانی و دەفتەری حازری و ناحازری ئیمزا بکەن و هەر کامێکیان بچنە لای تاجرێکی دیاریکراو لە بازاری شیراز و هەر یەکەی ڕۆژێ پێنج ڕیاڵ بۆ خەرجی خۆیان لە تاخجرەکەی بازاڕ کە دیاریی کراوە وەربگرن. هێندێک لەو کەسانە لەوێندرێ بنەماڵە پێکەوە دەنێن، دوای تێپەڕینی  نیزیکەی ساڵێک، و قەومانی ڕووداوەکانی مانگی خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی ئەو کەسانە جارێکی دیکە دێنەوە زێدی خۆیان و سەبارەت بەوەی کە ئەوانە بٶچی دوور خراونەتەوە و هۆی سەرەکی ئەو پاتراو کردنەیان چ بووە زۆر دژوارە کە بکرێ هۆیەکی ڕوون و ببڕ ببڕ دەست کەوێ. گەلۆ ئەنگیزەی سیاسی لە گۆڕێ دابووە؟ ئایا مەسەلەی قاچاغچێتی لە ئارا دا بووە؟ یان تەنێ دەوڵەت ویستوویە خەڵکی ناوچەکە چاوترسێن بکا؟ ناکرێ بە گردبڕی ووڵامی هیچکام لەو پرسیارانە بدرێتەوە،
دەگوترێ هێندێک لەو کەسانە داییم پێوەندییان لە گەڵ عێڕاق هەبووە و لە هات و چۆ دابوون و (هەموو جۆرە کەلوپەل، شتومەک و ئاژەڵیان) بردووەتە وێندەرێ و خەریکی کاسبی بوون.
کە جەوهەر ( کە بۆ ڕەنگ کردنی بەنی مافوورە و قاڵیچە پێویست بووە)یان بە قاچاغی لە عێڕاقەوە هێناوە و دەوڵەت ئەو جەوهەرەی پێ هەو نەبووە و پێی وا بووە سەدەمەبە ناردنی فەڕش و قاڵیچەی ووڵات بۆ دەرەوە دەگەیێنێ هەر بۆیە ویستوویە پێشی هاتنی بگرێ.
قسەیەکی دیکەش ئەمەیە: ڕەشید عالی گەیلانی سەرۆکوەزیری ئەو دەمی عێڕاق سەر بە ئاڵمانییەکان بوو، دواتر لە بەڕ بارو دۆخی گرژ لە عێڕاق و دەستێوەردانی نیزامی ئینگلیسییەکان ناچار دەبێ ڕابکا بۆ ئێران و لەوێوە بچێ بۆ ئەڵمان و لە ڕادیۆی ئەڵمانەوە بێ پسانەوە دەست دەکا بە قسە و بانگەشە  و دواتریش لەوێوە دەچێتە میسر و تا کۆتایی ژیانی لەوێ دەمێنێتەوە. گۆیا بەڕێگای سنوورە ڕۆژئاواییەکانی ئێران و لە ڕێگای مەهاباد – سەردەشتەوە، لە زەمانێکیش دا کە لە عێڕاق دەستەڵاتدار بوو لەگەڵ هێنانی ماڵی قاچاغ هێندێک کاریش لە بەرژەوەوندی وی دا ئەنجام دەدرا، لە بەر ئەوە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە ئەو کەسانە لە مەهاباد و دەوروبەری یەوە دوور دەخرێنەوە، واتە ئەو کەسانە بە زانایی یان بێ ئەوەی پێی بزانن کەتوونەتە ئەو ڕێبازەوە و بەو شێوەیە سەدەمەیان وێ کەوتووە و دوور خراونەتەوە.
ئەوە گشت ئەو شتەیە کە لێر و لەوێ لە بیری خەڵک دا ماوەتەوە و دیسان دووپاتەی دەکەمەوە کە هیچ هۆ و بەڵگەیەکی ببڕ ببڕ بۆ دەربڕینی ڕوون و تایبەتی لەو بارەیەوە بە دەستەوە نییە و هەر چییەک لەو بارەیەوە بگوترێ ڕەنگە ئەمما و ئەگەر بێ. * لە دڵەوە سپاسی بەڕێزان حاجی ئەحمەد داودی، حاجی محمەد زوبەیری و ڕەحمان قازی دەکەم کە هەرکامێکیان ئەوەی سەبارەت بە پاتراوەکانی ساڵی ١٣١٩ لەبێریان مابوو بە ذڵپاکی و ئیخلاسەوە بۆیان گێڕامەوە."
*****
هەژاری موکریانی لە چێشتی مجێور ( پاریس، ١٩٩٧) لە چەندجێ دا باسی کۆمەڵەی ژێکاف و حوسێنی زێڕینەگەران ( فرووهەر) دەکا و لە شوێنێک دا دەنووسێ: " جارێک خەبەریان دا کە دەوڵەمەندی شاری، حیزبی خۆیان لە دژی ئێمە دروست دەکەن و فڵانە شەو لە مزگەوتی سەید نیزام کۆ دەبنەوە. قەرار درا لێیان تێک دەین، بەڵام نەش دەبوو بناسرێین. حوسێنی سەرۆکمان (حوسێنی زێڕینگەران) پاش کێشە و هەرای زۆر ئەو ئەرکەی خستە سەر شانی خۆی کە وا نەکا بیناسن و لێشیان تێک دا. بە جلێکی گۆڕاو، دەم هەڵپێچراو، لە مزگەوت چووبووە أوور و دەمانچەی دەرهێنابوو، کە:
-وا وا لێکراوینە! ڕوح بۆ کوێ دەبەن؟...
ئەو هەموو دەوڵەمەندە قەڵەوانە وەک جندۆکەی بیسمیلا لێکراو  هەر ئەوەندەیان بۆ کرابوو لە پەنجەرەوە باز دەن. پتر لە دوو سەت جووتە کەوشی زۆر باش لەوێ بەجێ مابوو."

*******
تێبینی: ئەم وێنەیە حوسێن فرووهەر ( حوسێن زێڕینگەران) لە تەبعیدی شیرازەوە بۆ تاقە کوڕەکەی ناردووە کە ئەو دەمێ هەر دەبێ سێ چوار ساڵی عومر بووبێ. حوسێن ی زێڕینگەران وەک ئاساییە ئەو کوڕەی خۆی زۆر خۆشویستووە، نەی ویستووە کەس لە گوڵ کاڵتری پێ بڵێ.نەمر حەمەدەمینی سیڕاجی دەگێڕاوە دەیگوت لە سەردەمی کۆمار لەگەڵ برایمی فرووهەر هاوپۆل بووین، ڕۆژێک کێشەیەکی کەممان لە نێو دا پەیدا بوو. بۆ بەیانی ڕا حوسێنی زێڕینگەران هاتە مەدرەسە و هەڕەشەی لێکردم گوتی ئەگەرجارێکی دی برایمی نارەحەت کەی تەنبێ ت دەکەم.لە پشت وێنەکە زێرێنگەران بە خەتی خۆی باسی دایکی ڕەعنای فرووهەر و دووکەسی دی نووسیوە کە بە نیشانەی خۆشەویستی و نیزیکی وەک " ئامۆزاکان" باسی کردوون. ئەوانە دەکرێ یەکیان دەدە نیسانی زەرگەری ، کە جوولەکەیەکی دانیشتووی سابڵاغ و عەبدولڕەحمان ئیمامی بن، کە ئەویش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ژ.ک. بووە.

بە سپاسی زۆرەوە ئەم وێنەیە کە ئی ئاڵبۆمی بنەماڵەیی فرووهەرە لە لایەن بەڕێز زیوەر شەریفزادە هاوسەری برایمی فرووهەر و یای فەریبا فروهەر نەوەی حوسێنی زێڕینگەران و کچی ڕەحمەتی برایمی فرووهەر بە دەستم گەیشتووە زۆر سپاسیان دەکەم بۆ یارمەتی دانیان بۆ ڕوون  کردنەوەی  مێژووی سیاسی کوردستان.

۱ نظر:

ناشناس گفت...

باشە بۆ لە وێنەی پشت بەرگی وێنەکەدا هەردوو گوێچکەی دڕاوە و لێ‌بۆتەوە بەڵام لە ڕووبەڕوودا هەر لایەکی لێ بۆتەوە؟