۱۳۸۶ اسفند ۱, چهارشنبه

عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی [بێژه‌ن] گه‌ڕێنه‌نده‌ی " نیشتمان"




بێ ئه‌ملاو و ئه‌ولا عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی [بێژه‌ن]،گه‌ڕێنه‌نده‌ی "نیششتمان" و به‌رپرسی چاپه‌مه‌نی ژ.ک [ مطبوعات مدیری]یه‌ک له‌ ڕووناکبیره‌ هه‌ره‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ساڵانی چله‌کانی زایینی کوردستان بووه‌.له‌ ته‌مه‌نێکی که‌مدا کاروباری چاپه‌مه‌نی "کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد"ی وه‌ستایانه‌ هه‌ڵسووڕاندووه‌.هه‌ژار له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی دا "چێشتی مجێور" دامه‌زرێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ ئاوا ده‌ناسێنێ: " له‌ پاش قه‌ومانی شه‌هریوه‌ر [مه‌به‌ست 21ی خه‌رمانی 1320ی هه‌تاوی و له‌ سه‌ر ته‌خت لاچوونی ڕه‌زاشای په‌هله‌وییه‌]و هاتنی ڕووس بۆ مه‌ڵبه‌ندی موکوریان، ئه‌فسه‌رێک له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵی هیوای کوردستانی به‌ر ده‌ستی عێراقه‌وه‌‌ هاتۆته‌ سابڵاغ و ده‌یه‌وێ که‌سێک په‌یدا کا که‌ گوێ له‌ ئامۆژگاری بگرێ.چه‌ند ڕۆژێک له‌و و له‌م پرسیار ده‌کا،پێی ده‌ڵێن زه‌بیحی ده‌م له‌و مه‌سه‌لانه‌ وه‌رده‌دا.زه‌بیحی حوسێنی [مه‌به‌ست حوسێنی زێڕینگه‌رانه‌] پێ ده‌ناسێنێ و چه‌ند که‌سێکیش ساز ده‌ده‌ن که‌ گوێ له‌و ئه‌فسه‌ره‌ که‌ ناوی میرحاجه‌ بگرن.یازده‌ که‌س له‌ باغی سیسه‌ی ده‌گه‌ڵ میرحاج کۆ ده‌بنه‌وه‌. له‌ سه‌ر ئامۆژگاری ئه‌و ،حیزبی "ژ.ک"داده‌مه‌زرێنن ،سوێندنامه‌که‌ی ده‌نووسنه‌وه‌،پڕۆگرامی حیزبی هیوا به‌ تۆزێک ده‌سکاریه‌وه‌ ده‌که‌نه‌ پڕۆگرامی "ژ.ک" . حوسێن فرووهه‌ر [حوسێنی زێڕینگه‌ران]، زه‌بیحی [ عه‌بدولره‌حمان]،ته‌وحیدی مه‌لا نه‌جمه‌ [ نه‌جمه‌ی ته‌وحیدی]، ئیمامی [ عه‌بدولره‌حمان]،محه‌مه‌دی نانه‌وا [زاده‌]، قادری موده‌رسی، محه‌مه‌دی یاهو، شاپه‌سه‌ندی [محه‌مه‌د]، محه‌مه‌د سه‌لیمی، قاسم قادری [قازی]، خاڵه‌ مه‌لای داودی بناغه‌ دانه‌ر بون .جا که‌ زه‌بیحی منی برده‌ سوێند دان، به‌ منه‌وه‌ بوینه‌ بیست ئه‌ندام.حوسێن ئه‌ندامی ژماره‌ یه‌ک و زه‌بیحی ژماره‌ دو بو و حوسێن سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی " ژ.ک" بو."
زه‌بیحی له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆمار له‌ مهاباد نه‌بوو.له‌گه‌ڵ قاسمی قادری قازی و دڵشادی ڕه‌سووڵی له‌ لایه‌ن مه‌ئموورانی حکوومه‌تی نێوه‌ندی له‌ نزیک ورمێ ده‌گیرێن، ڕاده‌گوێزرێن بۆ تاران.به‌ حه‌ول و تێکۆشانی قاسمی سه‌دری قازی که‌ ئه‌و سه‌روبه‌ندی له‌ تاران له‌ خولی 14ی مه‌جلیسی شوورای میللی [ پارڵمانی ئێران] نوێنه‌ری مهاباد بوو و ته‌نانه‌ت دوای ته‌واو بوونی ئه‌وخوله‌ی مه‌جلیسیش هه‌ر له‌ تاران مابووه‌وه‌ و نوێنه‌ری قازی محه‌مه‌د بوو، له‌ زیندان به‌رده‌درێن و دێنه‌وه‌ مهاباد.

ڕۆژنامه‌ی کوردوستان له‌ ژماره‌ی 13ی خۆیدا [ چوارشه‌ممۆ 24 ری به‌ندان 1324 = 13 فیوریه‌ 1946 ] خه‌به‌ری به‌ربوونی زه‌بیحی و ئاواڵانی ئاوا باس ده‌کا: " مزگینی !! وه‌لام گه‌یشتوه‌ که‌ سی [سێ] که‌سی آزادیخوای ایمه‌: عبدالرحمن ذبیحی و دلشاد و قاسم قادری که‌ هه‌شت مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ لاین کاربه‌ده‌ستانی فاشیست مابی ایرانی به‌ ناحه‌ق به‌ دیل گیران و یه‌کسه‌ر بردنیانه‌ تاران له‌ حمدی خودا ده‌گه‌ل آزادی ایمه‌ ئه‌وانیش آزاد کراون و ئه‌م روژانه‌ خزم وکه‌س و برایان به‌وان شاد ده‌بن.
زه‌بیحی له‌ دوای به‌ربوون له‌ زیندان، هه‌ر وه‌ک ڕابردوو هه‌ڵسووڕاوه‌، له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستان دا وتار و نووسراوه‌ بڵاو کردووته‌وه‌،هه‌ر وه‌ها له‌ پێوه‌ندییه‌کانی دیپڵۆماتیکی کۆمار دا وه‌ک له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌کدا که‌ دواتر بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه‌ ده‌سه‌لمێ به‌شداری کردووه‌،ئیگلتن ده‌ڵێ له‌ سه‌رده‌می کۆمار دا وه‌کوو پشکنێری حکوومه‌ت کاری کردووه‌.

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ ئارشیوی شه‌خسی عه‌لی که‌ریمی وه‌رگیراوه‌و له‌پێشه‌کی چاپکردنه‌وه‌ی 82 ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان یشداهه‌یه‌ که‌ ساڵی 2007 وه‌کوو پڕۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌ لایه‌ن بنکه‌ی ژین و چاپه‌مه‌نی ئاراس بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

هیچ نظری موجود نیست: