۱۳۸۹ فروردین ۷, شنبه

شەهیدانی کۆماری کورستان، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی سیاسی کوردستان دا.
لەوڕۆژە دا پێشەوا قازی محەمەد، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەدری قازی لە مەیدانی چوارچرالە سێدارە دران. هەر لەو سەروبەندە دا عەلی شێرزاد یەک لە فەرماندەکانی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ ( ١٥ی فێڤرییەی ١٩٤٧) لە تەنیشت حەوزی بۆکان لە سێدارە درا.ماوەیەک دواتر لە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٢٥ * لە سەقز ١١ کەس لە هەڵسووڕاوان وتێکۆشەرانی کۆماری کوردستان: ئەحمەدی فاروقی ، عەبدوڵای مەتین ، محەمەدی دانیشوەر ، محەمەدی فەیزوڵابەگی ،حەسەنی فەیزوڵابەگی، ئەحمەدی شەجیعی ، عەلی فاتیح ، ڕەسووڵی مەحموودی ، عەلی جەوانمەردی ، ئەمینی ئەسعەدی ، سەدیقی ئەسعەدی لە سێدارە دران. حەوتوویەک لە دوای لە دار درانی پێشەوا قازی محەمەد وهاوڕێیانی ئەفسەرانی کۆماری کوردستان: حامیدی مازووچی ، ڕەسووڵی نەغەدەیی ، عەبدوڵای ڕەوشەنفکر و ئەحمەدی نازمی لە ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٧ی ئاوریلی ١٩٤٧) لە مەیدانی چوار چرالە مەهاباد لە سێدارە دران. لە ٢٥-٣-١٣٢٥ خۆشەوی خەلیل مزوری لە پێشمەرگەکانی هێزی لکی بارزانیان لە شەڕێکی قارەمانانە دا لە گەڵ ئەڕتەشی ئێران لە جەبهەی سەقزلە گەڵ ١٠ پێشمەرگەی دیکە بریندار دەبێ وسەرەڕای ئەوەی دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە لە تەورێز دوای چوار ڕۆژ شەهید دەبێ. لە شەوی ٢٥-٤-٢٥ ١٣ هەتاوی سەرپۆلی٢ محەمەدی نانەوازادە موعاوینی وەزیری هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان لە کاتی وتووێژ لە گەڵ ئەفسەرانی ئەڕتەشی ئێران ئەو فڕۆکەی تێیدابوولە نێوان بانە وسەقز دەکەوێ و شەهید دەبێ.
لە ١٩-٦-١٩٤٧ چوار لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان: عێزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی و خەیروڵا عەبدولکەریم کە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان چووبوونەوە کوردستانی عێراق، لە لایەن حکوومەتی
عێڕاقەوە تیرەباران کران.

لە "وێنەی کۆماری کوردستان" دا بەشێک لە وێنەی شەهێدان وهێندێک بەڵگە کە تا ئێستا لێرە دا بڵاو نەکراونەتەوە دەبینن.

*ڕۆژی لە سێدارە درانی شەهیدانی سەقزلە سەرچاوەی چاپکراو دا جیاوازە. تکایە یارمەتی بکەن بۆ ساخکردنەوەی تاریخی وردی ئەم جینایەتە. هەر وەها لەمەرژیاننامەی ئەو شەهیدانەش لە سەرچاوەی چاپکراو دا زانیارییەکی زۆر کەم هەیە. لە جێی خۆیدایە بنەماڵە و کەسانی هۆگری مێژووی سیاسی کوردستان لەو بارەیەوە هەر زانیارییەکیان هەیە بۆ ئاگاداری وەچەی ئێستا بڵاوی بکەنەوە.

هیچ نظری موجود نیست: