۱۳۸۹ فروردین ۷, شنبه

شەهید خۆشەوی خەلیل مزوری


ڕۆژنامه‌ی کوردستان بڵاو که‌ره‌وه‌ی بیری حزبی دیموکراتی کوردستان له‌ ژماره‌ی 62 چوارشه‌مۆ 5ی پووشپه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی /27ی ژووەنی ١٩٤٦ بابەتێکی بە قەڵەمی محەمەد مەحموود لە سەر ژیانی خۆشەوی خەلیل مزووری بڵاو کردووەتەوە "
قارەمان خۆشەوی خەلیل مزووری
خۆشەوی کوڕی خەلیل خۆشەوی ڕەئیسی عەشیرەتی مزوورییە کە یەکێکە لە هەر چوار عەشیرەتی بارزان. لە ساڵی ١٩٢٨ ی میلادی دا لە کوێستانی موسەکا لە وڵاتی مزووری لە دایک و بابێکی کورد هاتووتە دنیاوە. باوکی ئەم قارەمانە کە خەلیل خۆشەوی یە ژیانی خۆی هەر لەگەڵ بەربەرەکانیی دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی عەڕەبدا بە سەر بردووە.لە ساڵی ١٩٣٠ ی میلادی دا لە قەوتێکدا کە عێلی بارزان لە نەتیجەی فشاری هێزی ئینگلیس و عەڕەب چوونە خاکی ترکیاوە و لە باش دا لە سەر وەعدی حکوومەتی عێراق گەڕانەوە . لە گەڕانەوەیان دا دەردەست کران و نوفی کران بۆ وڵاتی خوارووی عێراق. لەم قەوتە دا خەلیل خۆشەوی لە شاخ مایەوە نزیکەی شەش ساڵ لە دەوڵەتی عێڕاق عاسی بوو و لە دواییدا لە زستان دا بە هۆی هێزی تورکو عێڕاق لە سەر سنووری ترکیا و عێڕاق کووژرا. لەم وەقتە دا قارەمان خۆشەوی خەلیل ،نداڵ بوو و لە ماڵی مامی ئەسعەد خۆشەوی گەورە بوو و فێری خوێندن و نووسین بوو و لە ئاکرێ تا کلاسی چوارەمی ئیبتیدائی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٢ دا کە زەعیم مەلا مستەفای بارزانی لە سلێمانییەوە فیراری کردەوە بارزان ، ئەسعەد خۆشەوی و خۆشەوی خەلیل لە دوای داگیرکردنی پۆستی ئەمنییەی بیرە کەپرە گەیشتنە مەلا مستەفا و دەوامی شەڕی ئازادییان کرد . دیسان ئەم قارەمانە لە ساڵی١٩٤٥ لە سەڕی دووهەمی بارزان دا ئیشتراکی کردووە و لە دوایی دا لە گەڵ عێلی بارزان هاتە خاکی کوردستانی ئێرانەوە... ئەم قارەمانە لە لایەن زەعیم مەلا مستەفای بارزانییەوە بە فەرماندەی چڵی دوو لکی یەک دانرا و نێررا بۆ جەبهەی سەقز.
لە ڕۆژی ٢٥-٣-١٣٢٥ دا هیزی دیکتاتۆری فاشیستی تاران لە دەقزەوە حەملەیان هێنا بووە سەر هێزی دێمۆکڕات لە تەڕەفی جەبهەی قارەمان خۆشەوی خەلیل. ئەم قارەمانەش فەوری گوزارشی خۆی دایە فەرماندەی لک مستەفا خۆشناو ، لە جواب دا ئەمری پێ کرا کە ئەگەر هێزی فاشیزمیان گەیشتە ناو سەنگەرەکان فەرمانی حەملە بدرێت.قارەمان خۆشەوی خەلیل فەرمانی فەرماندەی لکی خۆی بە دیقەت بە جێ هێنا وە کە هێزی دیکتاتۆری نزیک بوونەوە بە ٥٠٠ کەس و دوو تانک و سێ تەییارە قەهرەمان خەلیل خۆشەوی دەستووری حەملەی دا بە پێش مەرگەکانی کە عیباڕەت لە ٤٠ نەفەر بوون بەرابەر ٥٠٠ نەفەر شەڕێکی زۆر سەخت کرا و لە نەتیجەی سێ حەملە دا ئەم هێزە پچووکەی دێمۆکڕات نیهایەتەن هێزی هێزی دیکتاتۆریان شکاندن .هەر لەو ڕۆژە دا قەهرەمان خۆشەوی خەلیل و ە ١٠ پێش مەرگەی بریندار کران و لو لایەن فەرماندەی سەراوە نێردران بۆ بۆکان و لەوێش ڕا بە دەستووری پێشەوای موعەزەمی کوردستان قەهرەمان خۆشەوی خەلیل نێردرا بۆ تەورێز. لە تەورێز لە خەستەخانەی شووڕەوی چوار ڕۆژ لە تەدای دا بوو م وەلی داخەکەم بای ئەجەل هات و لە ناکاو دەفتەری ژینی دڕی. هێشتا غونچە بوو لە باخدا بە ناحەق هەڵوەری. گیانی پاکی بە ئەندی سپارد و لەوێ لە لایەن وەزیری هێزی کوردستان جەنابی محەمەد حوسێن سەیفی قازی جەنازەی بۆ مەهاباد بەڕێ کرا. لە تەشیعی جەنازەی ئەم قەهرەمانە دا تەواوی هێزی ناوەندی کوردستان و دانیشتووانی مەهاباد و حەزرەتی پێشەوای موعەزەم و ژەنەڕال مستەفای بارزانی و هەیئەتی وەزیران ی دەوڵەت و هەئیەتی عولەما و شێخ و مەلا و هەیئەتی نووسەران و ئەفسەران هەموو حوزووریان بوو و جەنازەی ئەم قەهرەمانی نەمری کوردستانە بە غایەتی ئیحترام بۆ ماڵی ئەبەدی ڕۆیشت.
خۆشەوی خەلیل لە ڕێگای ئازادیی کوردستان دا، لە ڕێگای پارێزگاری ئاڵای موقەدەسی کوردستاند دا ، لە ڕێگای شەڕەف و نیشتمان دا لاشەی بە خاک سپارد. بەڵام ئەم قەهرەمانە ناوی ئەبەدی یە. لە زەمینی ئازادی کوردستان دا نێژرا، گیانی پاکی بە سەر ئاڵای کوردستانەوە لە سووڕانەوە دایە. قەهرەمان خۆشەوی خەلیل ئەوڕۆ گەیشتە شوهەدای ڕێگای نیشتمان. بنوو ئەی قەهرەمان! بنوو بە نوستنێکی ئەبەدی! خاکی کوردستانی ئازاد شانازی دەکا کە ئەوڕۆ جەسەدی پاکی هەوەڵین شەهید و قارەمانی ڕيگای ئازادی خۆی لە ناو دڵی خۆی دا جێ کردووەتەوە و دایناوە.. مەهاباد - محەمەد مەحموود

هیچ نظری موجود نیست: