۱۳۹۹ اردیبهشت ۴, پنجشنبه

کوبڕای ئامۆژگار ، " ئەهلی مەهابادێ " لە بیرت ناکەن


کوبڕای ئامۆژگار ، " ئەهلی مەهابادێ " لە بیرت ناکەن !

حەسەن قازی
       لە ساڵی ١٩٩٤ بوو، هاوڕێی نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە سوێد بوو و دەیەویست لە سەر دەوری ژنان لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا زیاتر بزانێ. ئەودەمی نەمر سەید قادر ئیفتخاری و هاوژینی کوبرا خانمی عەزیمی ماوەیەک بوو دوای ئێعدام کردنی کوڕێکیان بە دەست جمهووری ئیسلامی هاتبوونە لای کچ و کوریان کە لە هەندەران دەژیان. ئەو سەروبەندی بە حەولی بەتایبەتی نەمر حەسەنپوور و نەمر نەوشیروان مستەفا ئەمین بەشێک لە ژمارەکانی "کوردستان" ی سەردەمی جمهووری لە کتێبخاخانەکانی ئورووپا ، کانادا و ئەمریکا شوێنگێری و کۆپی کرابوون . لە ستۆکهۆڵم لەگەڵ مامۆستا ئەمیر بڕیارمان دا بچینە سەردانی حاجی کۆبڕاخانم . هێندێک لەو ووتارانەی ویمان کۆپی کرد کە لە ژمارەکانی بەر دەستی کوردستان دا هەبوون و بە هاوڕێیەتی کاک زاگرۆس خوسرەوی لە ١٤-ی فێڤرییەی ١٩٩٤ چووینە ماڵیان لە ستۆکهۆڵم . کاک ئەمیر دەستگای ڕێکۆدری هەبوو بە شینەیی تایبەتی خۆی پرسیاری دەکرد و کۆبرا خانمیش ووڵامی دەداوە و بە تایبەتی باسی ئەوەی کرد کە شەهید حەمەحوسێن سەیفی قازی پێی گوتووە باشە ئەتۆ خانمێکی ئاوا پێشکەوتووی ئەو چارشێوە چییە بۆ فڕێی نادەی و ئەویش پێی گوتووە هەر کاتێک شازدە خانمنی هاوژینت چارشیوی فڕێ دا منیش ئەوە  دەکەم. لە گشت ماوەی وتوێژەکەدا ڕەحمەتی سەید قادرئیفتیخاری لە گۆشەیەکی مۆبلەکە دانیشتبوو بێ ئەوەی هیچ بڵێ هەر ترووسکەی چاوی دەهات. دیار بوو بەوە زۆر شاد بوو هاوسەرەکەی باسی ئەزموونی مامۆستایەتی خۆی و تێکۆشان لە ' حیزبی یایان '  دەکا لە سەردەمی جمهووری دا. ڕەحمەتی سەید قادر دواجار بێدەنگی شکاند و ڕووی دە من کرد و گوتێ: " ئای قازی ، دەر زیمن ئێمەش ئەو دەمی پێشمەرگە بووین ها!! "
       هاوڕێ ئەمیر دوایە کۆپییەکی ئەو کاسێتە دەنگییەی بۆ ناردم کە لە دەرفەتێکدا بە یادی هەردووکیان دای دەبەزێنم و بڵاوی دەکەمەوە. تاوێک لەمەو بەر [ سێشەمە  ٢١-ی ئاوریل ] لە سەر دیواری بەڕێز ئەحمەد ئەسکەندەری خوێندمەوە حاجی کوبڕا خانمی عەزیمی ، ئامۆژگاری مەدرەسەی کچان لە سەر دەمی کۆمار و هەڵسووڕاوی " حیزبی یایان" ئەمڕۆ لە ستۆکهۆڵم سوێد کۆچی دوایی کردەوە. بیستنی ئەو خەبەرەم لە حەسری خانەگی دا پێ ناخۆش بوو و لێرەوە سەرەخۆشی دەکەم لە یای سیمین ئیفتیخاری و کاک سەلاح ئیفتیخاری منداڵەکانی و خوشکی بەڕێزی عیشڕەت خانمی عەزیمی و هەموو خوارزاکانی نەمر کوبرا عەزیمی


کوردستان، بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان

ژمارەی ٢٧ ، دووشەمۆ ٥-ی خاکەلێوەی ١٣٢٥ / ٢٥-ی مارسی ١٩٤٦

جێژنی سەربەخۆئی و ناساندنی پێشەوای کوردستان لە لایەن ئامۆژگارانی

مەدرەسەی کچان

 خیتابەی یای کوبڕای عەزیمی
خوشکانی خۆشەویست هەر وەکوو خانمی مودیرەی ئەو جێژنە بە هەمووتانی عەرز کرد  ئەمنیش بە نۆبەی خۆم عەرز دەکەم هەر چەندە کە ئێوە لەو ڕۆژ و سەعاتە دا شادو خۆشحاڵن ئەمن سەد ئەوەندە چونکە لە تەڕەف خانم مودیرەی مەدرەسەی کچان ئیجازە دراوم بە قەد چارگێک زەحمەتوو بدەم .
ئێستا کە جێژن و شیرینی خواردنی شادی دانانی حەزرەتی پێشەوایە لە لایەن هەموو ئامۆژگارانی مەدرەسەی کچان  سوپاسوو لێ دەکەم کە خوشکانی عەزیز زەحمەتیان کێشاوە و تەشریفیان هێناوەتە ئێرە و بوون بە مایەی وەپێش کەوتنی  منداڵانی خۆیان . هەموو دەی زانین کە بەشی موهیمی عومری ئینسان وەختی جەوانییە چونکە ئینسانی جەوان شایستەی هەموو کارێکە و فکری وی حازرە بۆ فێر بوونی عەقڵ و ئەدەب و دانیش و هەر ساڵ و مانگ و ڕۆژ و سەعاتێکی کە دەڕوا  ئینسان قەدەم لە مەیدانی فرەوانتر دا دەنێ و ئەگەر فکری لێ بکەن چونکە ئێمە زۆر لە پاشین کارمان گرانتر و کۆڵمان قورستر دەبێ . ئەمما دەبێ بزانین کە ئەو بار و کۆڵە گرانە چلۆن لە سەر پشتی کۆڵی ئێمە لادەچێ. ئەڵبەتە ئەو بارە سەنگینە بە قووەی عەقڵ و عیلم لا دەچێ ئەمما داخەکەم ئەهلی مەهاباد وا نازانن. مەسەلەن ئەو کچە نەوجەوانانەی خۆیان بەدبەخت و بێسەواد دەکەن دەڵێن ڕۆڵە جووتێ گۆرەوی بچنە یا کڵاوی بدروو یا خێر دەڵێن ئەمن کچی خۆم بۆ مەدرەسە نابەم بێ ئەدەب دەبێ . ئایا خانمانی عەزیز دەبێ بێ ئەدەبی ئێمە چ بێ . ئەو کاتی کە ئەو فکرەیان کردووە زۆر لە ڕێگای ڕاستی دوور کەوتوونەوە و لێتان حاڵی نەبووە . مەسەلەن ئەمن شەخسی خۆم زۆر لە مەجلیسان گوێم لێ بووە هەر وەخت کە ئێمە دەبینن دەڵێن ئەوانە معەلیمەکانن وە بەچاوێکی زۆر کەم تەماشای ئێمە دەکەن .
 ئەگەر ئەمە چاو لە نامان و کتێبانی خاریجییان بکەین زۆر غەمگین دەبین و دەڵێین خودایە ئێمەش وەکوو وانە عەبدەین بۆ دەبێ ئەلئان لە شارێکی وەکوو مەهاباد دا لە قسمەتی ژنان دا نە جەڕاحی ، نە حەکیم و نە ددانسازی یان مامانێکی ڕەسمی نەبێ. ئەو ژنانەی کە حەکیمن وەکوو مە دوو دەست و  دوو چاو  و دوو لاقیان هەیە فەقەت عەقڵ و هۆش و ئیستعدادی وان لە مە زیاترە. ئێمە دەڵێین زێر و لیباس و پووڵمان زۆر بێ ، پشتێن زۆر ببەستین ئیدی ناڵێین با ئێمەش  دوکتوری یا ددانسازی یا مامانی یا جەراحێکمان لە نێو پەیدا بێ.
ئومێد وایە ئەم عادەتە لەوە پاش تەرک بکرێ. ئەلئان ئەو خوشکە ئازیزانەی کە لە خزمەت ئێوە ڕاوەستاون هەموویان لە هەر کارێ کەمێ ماهیرن مەخسووسەن لە قسمەتی خانەداری و منداڵ داری و خەیاتی و ئاشپەزی و هەر یەک دەتوانن یەک خانەوادەی گەورە ڕابگرن. ئەڵبەت دەزانن کە هیچکەس نە کار و نەعەقڵ لە زگی دایکی دەر نەهێناوە فەقەت منداڵ هەتا حەوت ساڵی دەبێ لە ژێر تەعلیم و تەربیەتی دایکی دابێ لە پاش وەی وەکوو ئینسانێکی بی بەی بۆ لای حەکیمێکی زانا و دانا ( ئامۆژگار) هەتا ئەو حەکیمە دانایە نەخۆشی وی عیلاج بکا و ئەگەر ئەو حەکیمە نوسخەی دایە دەبێ موتابقی ئەو دەستوورە کە لە نوسخە دا نووسراوە ڕەفتار بکا هەتا چاک دەبێتەوە و لیباسی ساخی لە بەر بکا. چونکە ئامۆژگاران و شاگردەکان نوتقیان هەیە لەوە زیاتر زەحمەتوو نادەم.  

وێنەی یەکەم : کاكشار ئورەمار

هیچ نظری موجود نیست: