وێنه‌ی ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی (سه‌درولئیسلام ) نوێنه‌ری مهاباد له خولی 14یه‌می مه‌جلیسی شوورای میللی ئێران و نوێنه‌ری قازی محه‌مه‌د و حکوومه‌تی کوردستان له تاران. سه‌دری قازی له 18ی بانه‌مه‌ڕی 1281ی هه‌تاوی له سابڵا‌غ له دایک بوو.
ئه‌و برای پچووکتری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و دووساڵ له‌وی گه‌نجتر بوو .
سه‌دری قازی له خولی چارده‌یه‌می مه‌جلیسی شووڕای میللی له گه‌ڵ فراکسیۆنی پێشکه‌وتووی مه‌جلیس هاو ده‌نگ بوو و له وتاره‌کانیدا له مه‌جلیس زۆر جار زوڵم و زۆر و کرده‌وه‌کانی حکوومه‌تی نێوه‌ندی له کوردستان و به تایبه‌تی ئه‌ڕته‌ش و نیزامییه‌کانی
له‌قاو دا.
خولی 14ی مه‌جلیسی ئێران له 6ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1322ی هه‌تاوی تا 21ی ڕه‌شه‌مه‌ی 1324ی خایاند واته 25ی فێورییه‌ی 1944 تا 12ی مارسی 1946. یه‌ک له فریوکارییه‌کانی سه‌ره‌کی حکوومه‌تی نێوه‌ندی ئێران بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی ئازه‌ربایجان و کوردستان به بیانووی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی خولی 15یه‌مدا بوو که حکوومه‌تی قهواموسولتهنه له گه‌ڵ حکوومه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان له سه‌ری ڕێک که‌وتبوو.
هه‌ژار له بیره‌وه‌رییه‌کانی ،چێشتی مجێو‌ر دا له مه‌ڕ سه‌دری قازی ده‌نووسی:" له ده‌سگیرۆیی داماوان و تکا بۆ زیندانیانی بێجاره دا زۆری کۆشش کردووه و به پیاوی چاک ناسراوه و له زه‌مانی کۆمه‌ڵه دا بۆته نایب له تاران".
زیائه‌دینی ئه‌له‌مووتی له کتێبی "فصولی از تاریخ مبارزات سیاسی و اجتماعی ایران، جنبشهای چپ" شرکت چاپخش، 1370 ی هه‌تاوی تاران" ئاماژه به هێندێک چالاکی سه‌دری قازی ده‌کا له وتووێژه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی کورد و ترکی ئازه‌ربایجانی له لایه‌ک و حکوومه‌تی نێوه‌ندی له لایه‌کی دیکه‌وه: " مه‌سه‌له‌ی بۆکان ، سه‌رده‌شت و بانه . بۆ سه‌فه‌ری دیکه له ته‌ورێزه‌وه بۆ تاران ، قازی محه‌مه‌د، سه‌دری قازی وه‌کوو نوێنه‌ری کورده‌کان دیاریی کرد و له‌وه قهواموسولتهنه ئاگادار کرا.سه‌دری قازی به کرده‌وه له کۆمیسیۆنه‌کاندا به‌شداری ده‌کرد و ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی کێشه‌یان له سه‌ر بوو بریتی بوون له مه‌سه‌له‌ی بۆکان ، بانه و سه‌رده‌شت. ڕاست له‌و وه‌خته دا هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت له گه‌ڵ هێزی کوردان له سه‌رده‌شت تێکههڵچووبوون، بۆ ئاگاداربوون و پێڕاگه‌یشتن به‌و مه‌سه‌له‌یه سه‌دری قازی له لایه‌ن کوردستان ، مورته‌زه‌وی له‌لایه‌ن ئازه‌ربایجان و سه‌رتیپ عه‌له‌وی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه چوونه سه‌رده‌شت. دوای ئه‌وه‌ی که سه‌دری قازی له‌و سه‌فه‌ره‌وه گه‌ڕاوه تاران پێی زانی که نوێنه‌رانی ئازه‌ربایجان به له ده‌ست دانی زه‌نگان ڕازی بوون و ده‌وڵه‌تیش بۆکان و سه‌رده‌شت [ به ڕه‌سمی ] ده‌داته‌وه ده‌ست کورده‌کان. سه‌دری قازی گوتی بێتوو ده‌وڵه‌ت زه‌نگان وه‌رگرێته‌وه ئیتر بانه و بۆکان ناده‌نه‌وه و پێکێشی ده‌کرد، جارێکی دیکه له سه‌ر سه‌رده‌شت و بۆکان وتووێژ بکرێته‌وه.کاتێک وتووێژ ده‌ست پێکراوه، قه‌واموسه‌لته‌نه به تووڕه‌یی گوتی ئه‌ڕته‌ش ئاماده نییه سه‌رده‌شت له ده‌ست بدا. دوای وتووێژێکی درێژ و هێنانه گۆڕی سه‌نه‌د و به‌ڵگه قه‌وام پێمل بوو و وابڕیار درا مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت و بۆکان به جیاواز بنووسرێ و بۆ جێبه‌جێکردنی مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شت له لایه‌ن فیرقه‌ی دێمۆکڕاتی ئازه‌ربایجانه‌وه حوسێنی جه‌وده‌ت و له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌رله‌شکر ڕه‌زم ئاراء به نێوی کۆمیسیۆنی ئاوارته چوونه سه‌رده‌شت. ئه‌ڕته‌ش کورده‌کان و کورده‌کانیش ئه‌ڕته‌شیان به خه‌تابار ده‌زانی، هه‌ر چۆنێک بێ کێشه‌که به ڕه‌زایه‌تی هه‌ردووک لا جێ به جێ کرا و نوێنه‌ران گه‌ڕانه‌وه...."
تێبێنی: زانیاری له مه‌ڕ ڕێکه‌وتی خولی چارده‌یه‌می پارلمانی ئێران به سپاسه‌وه له کتێبی سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌مه‌دی:" نگاهی به تاریخ مهاباد" وه‌رگیراوه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر