دڵشادی ڕه‌سوولی له ئه‌ندامه به‌راییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد [کوردستان] و یه‌ک له کادره هه‌ره هه‌ڵسووڕاوه‌کانی حیزبی بووه له سه‌رده‌می کۆماری کوردستان دا.
له کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆمار ئه‌و و هاواڵانی عه‌بدولره‌حمانی زه‌بیحی و قاسمی قازی له مهاباد نه بوون. ئه‌وان که بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکێکی سیاسی کۆمه‌ڵه چووبوونه ناوچه‌ی ورمێ له 24ی گه‌لاوێژی 1324 ی هه‌تاوی [ 14ی ئووتی 1945] له لایه‌ن ژاندارمه‌کانی ئێرانه‌وه قۆڵبه‌ست ده‌کرێن و ده‌بردرێن بۆ تاران. نزیکه‌ی 7 مانگ له تاران له به‌ندیخانه‌دا ده‌یانهێڵنه‌وه و ئه‌بولقاسمی سه‌دری قازی نوێنه‌ری مهاباد له پارڵمانی ئێران زۆر تێده‌کۆشێ بۆ به‌ردانیان و دواجار له کۆتاییه‌کانی مانگی ڕێبه‌ندان دا ده‌گه‌نه‌وه مهاباد و ده‌ست به چالاکی ده‌که‌ن، هه‌م زه‌بیحی و هه‌م دڵشاد له ڕۆژنامه‌ی کوردستان دا که بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و حکوومه‌تی کوردستان بووه نووسینیان زۆره، زه‌بیحی جگه له چالاکی ڕووناک‌بیری، پشکنێری حکوومه‌تی کوردستان ،نووسه‌ری [ سێکرێتێری ]" ئه‌نجومه‌نی ره‌وابطی فه‌رهه‌نگی ایران و شووره‌وی شعبه‌ی کوردستان"وکادرێکی حکوومه‌ت بووه بۆ پێوه‌ندی دیپڵۆماتیک.دیاره ئه‌وه‌نده جێی بڕوای قازی محه‌مه‌د بووه که ڕۆژێک دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی به مهاباد " مه‌ئموورییه‌ت" ی پێ ئه‌سپێردراوه.
دڵشادی ڕه‌سووڵی له‌به‌ر توانای ڕووناکبیرانه‌ی که له نووسینه‌کانی را ده‌رده‌که‌وێ ، گه‌رچی زیاتر نێوه‌رۆکی ئه‌خلاقیانه و چاکه خوازییان هه‌یه ده‌کرێ وه‌کوو تێئۆریسیه‌نێکی ئه‌و سه‌رده‌مه چاولێبکرێ. دڵشادی ڕه‌سووڵی له گه‌ڵ درێژه‌دان به نووسین و چالاکی ته‌شکیلاتی بوو به "معاونی ڕه‌ئیسی [وه‌زیر] ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی کوردستان". جێی سه‌رنجه که له ژماره‌ی 61ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان [ 1ی پووشپه‌ڕی 1325ی هه‌تاوی/23ی ژوه‌نی 1946ی زایینی] دا دڵشاد وه‌کوو "مدیری مسئول و خاوه‌ن امتیازی گوواری زانست" ئاگادارییه‌کی بڵاو کردووه‌ته‌وه. به داخه‌وه تائێستا لێمان ڕوون نییه گه‌لۆ ئه‌و گۆڤاره قه‌ت چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه یان نا؟تا ئێستا هیچکام له‌و سه‌رچاوه نووسراوانه‌ی ئه‌من دیتوومن له‌و باره‌یه‌وه چ زانیارییه‌کیان تێدا نییه.
له‌و سێیه‌وانه، ئێمه له چاپه‌مه‌نییه‌کانی سه‌رده‌می کۆمار دا باسێک له چالاکی قاسمی قادری قازی ناخوێنینه‌وه. ته‌نێ کوردستان له خه‌به‌ری له مه‌ڕ به‌ربوونیان هێمای پێکردووه له‌به‌ر نه‌خۆشی له گه‌ڵ زه‌بیحی و دڵشاد نه‌هاتووه‌ته‌وه مهاباد و ماوه‌یه‌ک له ته‌ورێز ده‌مێنێته‌وه. هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له سه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد [کوردستان] یان نووسیوه ئه‌و به یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌رانی ژ.ک ناو ده‌به‌ن.ته‌نانه‌ت له چه‌ند جێشدا باس کراوه یه‌کێک له نوێنه‌رانی کوردی ئێران بووه بۆ ئیمزا کردنی " په‌یمانی سێ سنوور". هه‌ڵبه‌ت هه‌بوون و نه‌بوونی "په‌یمان" ێکی ئه‌وتۆ هێشتا یه‌ک لا نه‌بووته‌وه و ڕه‌نگه هه‌ر وه‌ک پنکتێکی ناڕوون بمێنێته‌وه له ئاوڕدانه‌وه بۆ سه‌ر مێژووی سیاسی کوردستان دا. هێندێک نووسه‌ر له‌وانه هه‌ژار به لێبڕاوانه ده‌ڵێن چاوپێکه‌وتنێکی ئه‌وتۆ کراوه و په‌یمانیش مۆر کراوه، و هێندێکی دیکه وه‌کوو فرانسوا حه‌ریری له جێ‌دا بوونی چاوپێکه‌وتن و په‌یمانێکی ئه‌وتۆ به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه.قاسمی قادری قازی له ساڵی 1341 یان 1342 هه‌تاوی دا سه‌ری ناوته‌وه و تا ئه‌و ده‌می له فێرگه‌کانی مهاباد مامۆستا یان به ئه‌ده‌ببیاتی سه‌رده‌می کۆمار "آمۆژگار" بووه.
تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه به سپاسه‌وه له چاپکراوه‌وه‌ی "ڕۆژنامه‌ی کوردستان" که لێره‌دا زۆر جار ئاماژه‌ی پێکراوه وه‌رگیراوه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر