۱۳۸۶ اسفند ۱۶, پنجشنبه

میرزامحه‌مه‌د ئه‌مینی مه‌نگوڕی ڕووناکبیر و دووربین



میرزا محه‌مه‌دئه‌مینی مه‌نگوڕی،ڕووناکبیر و دووربین!

میرزا محه‌مه‌ده‌مینی مه‌نگوڕی وه‌کوو هاوکارێکی ژه‌نه‌ڕال حه‌مه‌ڕه‌شید خانی قادر خانزاده‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا که‌ خان فه‌رمانده‌ی هێزی بۆکان و مه‌نته‌قه‌ له‌ سه‌را بووه‌، ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێڕاوه‌ له‌ نووسینی نامه‌ و وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌ ڕه‌شید خان کراون.مه‌حموود مه‌لا عززه‌ت له‌ سه‌ره‌تای به‌رگی سێیه‌می"ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان،نامه‌ و دۆکومێنت" دا به‌ دوورودرێژی باسی چاوپێکه‌وتنی خۆی له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌ ڕه‌شیدخان و به‌ ده‌ست خستنی به‌ڵگه‌کانی ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی که‌ خان له‌ سه‌را بووه‌ ده‌کا و ده‌وری میرزا محه‌مه‌دئه‌مینی مه‌نگوڕی له‌و پێوه‌ندییه‌ دا جه‌خت ده‌کاته‌وه‌.
به‌ خۆشییه‌وه‌ مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت له‌ ساڵی 1999 له‌ سوێد توانی به‌شی یه‌که‌می ده‌ستخه‌تی میرزا محه‌مه‌دئه‌مینی مه‌نگوڕی "به‌سه‌رهاتی سیاسی کورد له‌ 1914 هه‌تا 1958" بڵاو بکاته‌وه‌. له‌و کتێبه‌ دا مه‌نگوڕی زانیاری ئه‌وتۆ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونی کۆماری کوردستان باس ده‌کا که‌ تا ئه‌وده‌می نه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌گشتی، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت هێزه‌ سیاسییه‌کانیش پێیان نه‌ ده‌زانی.
ئه‌من پێم وایه‌ دووربینی حه‌مه‌ ڕه‌شید خان و میرزا محه‌مه‌دئه‌مینی مه‌نگوڕی بۆ پاراستنی به‌شێک له‌ به‌ڵگه‌کانی کۆماری کوردستان له‌ هه‌لومه‌رجی ناله‌بار و نائاساییدا و حه‌ول و تێکۆشانه‌کانی مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت بۆ ساخکردنه‌وه‌،ڕێکپێدان، له‌ سه‌ر نووسین و بڵاو کردنه‌وه‌وی ئه‌وبه‌ڵگانه‌ خزمه‌تێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ وه‌جی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و داهاتووی کورد بۆ هه‌میشه‌ ده‌بێ له‌ چاوی دابێ و له‌ بیری نه‌کا.

تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ کتێبی " ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان، مه‌حمود مه‌لا عززه‌ت،به‌رگی سێیه‌م، ستۆکهۆڵم 1977" وه‌رگیراوه‌

هیچ نظری موجود نیست: