۱۳۸۶ اسفند ۱۸, شنبه

خاڵه‌ مه‌لای داودی و خوێندنی کوردی





خاڵه‌ مه‌لا وخوێندنی کوردی

ڕۆژنامه‌ی کوردوستان له‌ ژماره‌ی 1ی خۆێدا [ پێنجشه‌مۆ 20-10-1324 =11ی ژانویه‌ی 1946] دووهه‌واڵی گرینگی سه‌باره‌ت به‌ خوێندن و سرنجدان به‌ باری په‌روه‌رده‌ی منداڵانی بێ دای و باب بڵاو کردووه‌ته‌وه‌:
"کوبونه‌وه‌ی هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی کوردوستان ژماره‌ 32
ڕۆژی چوارشه‌ممویه‌ 12-10-24 جلسه‌ی هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی کوردوستان ساتی دو پیش نیوه‌رو گیرا له‌ بابه‌ت مه‌کته‌ب و دانانی دو نه‌فه‌ر پشکنیر بو مه‌کته‌به‌کان گفتگوی لازم کرا آغایانی علی خسروی ورحیم لشکری بو پشکنیری هه‌لبژیردران و حکمیان صادر کرا. و قه‌رار درا ئه‌و مندالانه‌ی که‌ بی که‌سن و به‌ سوال مشغولن کو بکرینه‌وه‌ له‌ ناو میلله‌ت دا به‌ش بکرین وه‌ روژانه‌ له‌ مه‌کته‌بی گه‌لاویژ بخوینن و بو خرکردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ژاره‌ بی که‌سانه‌ به‌ شاره‌وانی ئه‌مر درا که‌ خریان کاته‌وه‌ و بیان داته‌ دست آغایانی فروهر و منافی که‌ریمی و ئه‌وانیش به‌ نیو میلله‌ت دا بشیان که‌ن.
2-به‌ اکثریتی آراء په‌سند کرا آغایانی فروهر و کریمی خلکی بیسواد حاضرکه‌ن که‌ شه‌وانه‌ له‌ مه‌کته‌بدا به‌ زمانی کوردی بخوینن.
3-په‌سند کرا هه‌مو نیشانه‌ی (تابلو) اداران و مه‌کته‌ب و تجارتخانان و عمارتان بگورن و به‌ کوردی بنوسری.
4- په‌سند کرا که‌ ئه‌و مندالانه‌ی کو ده‌کرینه‌وه‌ ته‌مه‌نیان له‌ شه‌ش تا چارده‌ سالان زیاتر نه‌بی.
5- له‌ آخری جه‌له‌سه‌ دا په‌سند کرا که‌ جه‌له‌سه‌ی دیکه‌ جوری لباسی شاگرد مه‌کته‌به‌کان معلوم کری "
"آگاداری به‌ ته‌واوی ئه‌هالی خوشه‌ویستی (سابلاغ) راده‌گه‌یندریت - له‌ سه‌ر ئه‌مری پیشوای معظم وقه‌راری (حزبی دیموکراتی) کوردوستان له‌وه‌ی به‌ولاوه‌ پیویسته‌ بوپه‌ره‌پیدانورواجی زمانی کوردی. کوردی خویندن له‌ مه‌دره‌سه‌کاندا به‌ کوردییه‌ له‌و(تاریخه‌وه‌) تا ده‌ 10 - روژی دیکه‌ هه‌ر که‌سیک کور و کچی هه‌بی که‌ عومری اقتضای خویندن بکا ده‌بی بی نیریته‌ مه‌دره‌سه‌ ئه‌لبه‌ته‌ هه‌ر که‌س له‌و ئه‌مره‌ی رو وه‌رگیری به‌ توندترین مجازات ته‌نبی ده‌کری. کومیته‌ی مه‌رکه‌زی (حزبی دیموکراتی کوردوستان - معاون حزب طه‌زاده
‌ [ سه‌ید محه‌مه‌دی ته‌هازاده‌ [ ئه‌یووبیان])"
به‌ر له‌ ڕاگه‌یاندنی کۆمار و ‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ساڵی 1324 [ 1945]‌ چالاکی و بووژانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی و حه‌ولدان بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کوردی گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌ خۆیه‌وه‌ دیوه‌ و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ دا
" دایکی نیشتمان" له‌ مهاباد و چه‌ند شاری دیکه‌ پێشکێش کراوه‌ . خاڵه‌ مه‌لا یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی ژیانی کورد [ کوردستان] له‌ چ سه‌رده‌می پێش دامه‌زرانی کۆمار و چ له‌‌ کاتی حکوومه‌تی کوردستان دا ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕاوه‌ له‌ په‌ره‌پێدانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن به‌ زمانی کوردی و له‌ ژماره‌ به‌راییه‌کانی کوردستان دا باسی چالاکییه‌کانی "ده‌رسخانه‌ی گه‌لاوێژ"ی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.
‌له‌ ماوه‌ی یه‌کساڵه‌ی کۆمار و له‌ قۆناخی جیاواز دا پله‌ی به‌رپرسیاره‌تی زۆر جار ئاڵو گۆڕی به‌ سه‌ر هاتووه‌.
و له‌ مه‌ڕ وه‌زاڕه‌ت [ئیداره‌] ی فه‌رهه‌نگیش هه‌ر وابووه‌. عه‌لی خوسره‌وی ،ڕه‌شیدی عه‌زیزی ، سیدقی ، دڵشادی ڕه‌سووڵیی ، مه‌نافی که‌ریمی و ئیبراهیمی نادری ئه‌و ناوانه‌ن که‌ له‌ کوردستاندا وه‌کوو "پشکنێر" "سه‌رۆک " ، "موعاون " ، " وه‌زیر" و " ڕه‌ئیس " ی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ باسیان لێوه‌ کراوه‌.
ئه‌مه‌ش ئاگادارییه‌کی کورتی مه‌لای داودی له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستان دا " قوربانی. ئه‌من چه‌ند ساڵ له‌وه‌ی پێش عه‌هدم کرد له‌ کاتێکدا کورد سه‌ربه‌خۆ بن ، خۆم و دوو کوڕم خۆمان بکه‌ین به‌ قوربانی. ئێستاش ئاواتم به‌ جێ هاتووه‌. ئاماده‌ین ده‌گه‌ڵ 50 نه‌فه‌ر شاگردی داوته‌ڵه‌ب به‌ ئیزنی باوک و دایکیان ڕۆژی 26 – 11 – 1324 له‌ پێش عیماڕه‌تی دوکتور یوناتان وه‌فا به‌ عه‌هد بکه‌ین.

مه‌لای داودی

کوردستان: برایانی خوێن گه‌رم و پێشمه‌رگه‌، حوسنی نه‌زه‌ری موباره‌کی پێشه‌وا ڕه‌ئیس جمهووری به‌رزی کوردستان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌نگۆ شاگرده‌کانتان به‌ جووری که‌ پێویسته‌ ته‌ربییه‌ت و ئاماده‌ بکه‌ن که‌ به‌ پێی ئه‌مری پێشه‌وای خۆتان له‌ ڕۆژی پێداویست دا قه‌سسابی له‌ دوژمنی کوردستان بکه‌ن و له‌ مه‌یدانی کارزار دا ببن به‌ قوربانی." [ کوردستان، ژماره‌ی 11، چوارشه‌مۆ 17ی ڕێبه‌ندانی 1324/ 6ی فێورییه‌ی 1946]

تێبینی : ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌ ڕووی وێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵ (پێشتر لێره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌)سازدراوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ سپاسه‌وه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی "که‌ونه‌نیشتمان" ی گۆڤاری مهاباد، ژماره‌ 81 که‌ لایه‌ن فه‌ره‌یدوونی حه‌کیم زاده‌وه‌ ئاماده‌ ده‌کرێ، وه‌رگیراوه‌

هیچ نظری موجود نیست: