۱۳۸۶ اسفند ۲۳, پنجشنبه

قانوونی موجازات دیوانی حه‌ڕبی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان


" کوردستان ژماره 40، شه‌مۆ 7ی بانه‌مه‌ڕی 1325 هه‌تاوی/ 27ی ئاوریلی1946‌ ته‌سویبی قانوونی موجازات به‌رابه‌ر به‌ ئه‌مرییه‌ی ژماره‌ 1607 – 1.2. 25 ی کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی [حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان] دیوانی حه‌ڕبی هێزی دێمۆکڕاتی ته‌شکیل و قانوونی موجازاتیش وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ نووسراوه‌ ته‌سویب بوو:

قانوون

ماده‌ی 1- جاسووسی که‌ به‌ یه‌قین گه‌یشت جه‌زای ئه‌و ئێعدامه‌، ئه‌مما ئه‌گه‌ر ده‌لیلی ته‌خفیف له‌ کار دا ببن ته‌واوی دارایی ئه‌و که‌سه‌ ده‌بێته‌ هی ده‌وڵه‌ت. یان زیندانی به‌ کار له‌ شه‌ش مانگه‌وه‌ تا مردن.

ماده‌ی 2- مه‌ستی و هه‌رزه‌یی له‌ ده‌ڕۆژه‌وه‌ تا یه‌ک مانگ زیندانی له‌ گه‌ڵ کار و له‌ په‌نجا تا دوو سه‌د قه‌مچی هه‌ر نۆبه‌ی له‌ په‌نجا قه‌مچی زیاتر نه‌بێ.

ماده‌ی 3- دزین یان له‌ نێوبردنی ماڵی ده‌وڵه‌ت له‌ چاو ئه‌و گوناحه‌ که‌ کردوویه‌ ئێعدام یان هه‌ڵگرتنی دارایی ئه‌و که‌سه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت و یان زیندانی به‌ کار له‌ دوومانگه‌وه‌ تا مردن و له‌ هه‌موو حاڵدا ده‌رکردن له‌ سه‌ر خدمه‌ت. که‌سانێک که‌ به‌ تفه‌نگ و یان ئه‌سله‌حه‌یه‌کی شه‌ڕه‌ جه‌رده‌یی و ڕێگری و یان دزی بکه‌ن ئه‌وانیش جه‌زایان هه‌ر وایه‌.

ماده‌ی 4- زۆرهێنان بۆ هاوسه‌ر یان بۆ که‌سانی دی یه‌کساڵ زیندانی به‌ کار و لێ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ندوویه‌.

ماده‌ی 5- تریاک کێشان [...] بێ به‌ش بوون له‌ ته‌واوی حوقوقی مه‌ده‌نی. ئه‌وانه‌ش که‌ له‌ سه‌ر خذمه‌تن، ئه‌گه‌ر له‌ دوایه‌ دا فێری تریاک بن له‌ دوای یه‌ک ساڵ زیندانی به‌ کار له‌ سه‌ر خدمه‌ت ده‌ر ده‌کرێن.

ماده‌ی 6 – هه‌ڵاتن له‌ شه‌ڕ دا و ئه‌سله‌حه‌ به‌ دوژمن دان جه‌زای ئێعدامه‌.

ماده‌ی 7 – خه‌یانه‌ت به‌ میلله‌ت یان ده‌وڵه‌ت یان نیشتمان ئێعدامه‌، ئه‌مما ئه‌گه‌ر ده‌لیلی ته‌خفیف له‌ به‌ین دا بێ ، وه‌ک له‌ ماده‌ی 1 نووسراوه‌ ڕه‌فتار ده‌کرێ.

ماده‌ی 8- ده‌س درێژی به‌ نامووسی خه‌ڵک جه‌زای هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ که‌ له‌ هه‌یئه‌تی ڕه‌ئیسه‌ی میللی دا گوزه‌راوه‌.

ماده‌ی 9- به‌رتیل وه‌رگرتنیش هه‌ر وه‌ها.

تێبینی 1. ته‌واوی گرتووان ( دوکتور، لیسانس،دیپڵۆمه‌ و ناقس نه‌بێ) له‌ ڕۆژی گیرانه‌وه‌ به‌ ئه‌مری ئه‌و مه‌ قامانه‌ی که‌ سه‌ڵاحییه‌تیان هه‌یه‌ مومکینه‌ کاریان پێ بکرێ، ئه‌مما ڕۆژی له‌ 6 سه‌عات زیاتر نا و ڕۆژانی ته‌عتیلیش هه‌ر نا.

تێبینی2- ئه‌فسه‌ران و نه‌فه‌راتی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان و جاسووسانی خارج ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و گوناحانه‌یان لێ ڕووبدا هه‌ر له‌ دیوانی حه‌ڕه‌ب پێ ڕاده‌گه‌ن. خه‌ڵکی خارج له‌و هێزه‌وه‌ش به‌ پێی فه‌رمانی ڕیاسه‌تی موعه‌زه‌می جمهوور، ئه‌م دیوانه‌ حوکمیان ده‌کات.
ئه‌وا بۆ ئاگاداری ته‌واوی دێمۆکڕاتی کوردستان ئه‌م قانوونه‌ چوار جار له‌ دووی یه‌ک له‌ ڕۆژنامه‌ دا چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه‌ خودا بکات هیچ که‌س یه‌کێ له‌و گوناحانه‌ی لێ ڕوو نه‌دات، ده‌نا حه‌تمه‌ن به‌و موجازاته‌ی که‌ نووسراوه‌ گرفتار ده‌بێ.

سه‌رۆکی دیوانی حه‌ڕبی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان : ئیبراهیم سه‌لاح
آ – 2 "

ئه‌وقانوونه‌ی دیوانی حه‌ڕبی وه‌زاڕه‌تی هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان هه‌روه‌ک ڕاگه‌یێندراوه‌ له‌ چوار ژماره‌ی به‌ دووی یه‌کدای کوردستان [ ژماره‌ 40، 41، 42، 43 ] بڵاو کراوه‌ته‌وه‌

هیچ نظری موجود نیست: